مەڕۆ! نیشتیمان دەهێنێت تا دوا دڵۆپی خوێن بۆی بجەنگیت

Sunday, 13/09/2015, 12:50

3088 بینراوە


نیشتیمان بۆ ئەوە نییە مرۆڤ تیایدا سەرگەردان بێت
ئەم دایکە بدۆڕینیت لە هیچ شوێنێک نایدۆزیتەوە
پشتی تێ بکەیت کەس نرخت پێ نادات
چاره‌سه‌ر لای تۆیه‌ نه‌ک لای ئه‌وه‌ی خراپی کردووه‌
-------------------------------------------
دەستەڵاتی پیسخۆر نەزانیی و بێموراڵیی کۆمەڵگاکەی لە سەرەوە کۆکردەوه‌. بۆ ئەوەی لە خوارەوە تواناو جوامێریی میللەتەکەیان پێ بکوژێت. ژەهری لەناوبردنی زانیاریی نەزانیی و، هی جوامێریی نامەردیی بوو. ئەمە باشترین گەرەنتی بوو بۆ مانەوەی سەرگردەکان. ئێستا چی ماوە شۆڕشێکی پێ بکرێت؟
مرۆڤ تا دێت بەتاڵ ده‌بێته‌وه‌ له‌ به‌هاکان و دەبێت بە کۆیلە. هیچی پێ نامێنێت پێی ئازاد ببێت. مرۆڤ مایەپوت دەبێت و تیا دەچێت. هەر چاوەڕێیە ئەو دەستەڵاتدارانەی ره‌وشی وڵاتیان خراپ کردووە هه‌ر ئه‌وان چاکیشی بکەن. مرۆڤی بێ موچە، بێ گوزەران دەیەوێت دز چاکسازیی بۆ بکات. مرۆڤی بەتاڵ دەستاو دەست شوان دەگۆڕێت. خەبەری نەبۆتەوە کە کێشەکە خۆیەتی. گٶشتی، جگەری و کەوڵەکەشی دەفرۆشرێت. بۆ خۆی دانەناوە کە چارەسەر لای ئەوە:
نەبێت بە سەگی بەردەرگا.
بۆ گیرفانی کەس خۆی بە کوشت نەدات.
قبوڵی نەکات دەستپاک و وڵاتپارێز نەبێت بەرپرسی بێت.
رێز لە شەهیدی بگرێت پیسخۆر درۆی لەسەر نەکات.
نەچێت بۆ دەنگدان رەواییان پێ بداتەوە.
تەماشای میدیاکانیان نەکات.
رۆژنامەکانیان نەخوێنێتەوە.
کتێبی هۆنەرو دۆلاربیرەکانیان بخاته‌ ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه‌.
لە هەموو شوێنێکدا هەڵوێستیان لێ بگرێت.
قسەی راست لە خەڵکی هەڵە و میدیای ده‌سیسه‌ وەرنەگرێت.
دەست بە ئەقڵییەوە بگرێت یاری پێ نەکەن.
کەسێک پارەو موڵکی حەرامی لابوو متمانه‌ی نه‌مێنێت که‌س گوێی لێ نه‌گرێت.
به‌شدار بێت له‌ هه‌موو هه‌ڵێکی پاکدا به‌ گوێره‌ی توانا.
مرۆڤی بەتاڵ له‌ پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی وادا نییه‌ خۆی دەستی بە سەر ژیانی خۆیدا بڕوات. ئەوانەی ئێستا نیشتیمان بەجێ ده‌هێڵن بە بەتاڵیی سەر ئاو دەکەوون. شتێکیان پێ بمایە پێی دەمانەوە. مرۆڤ لە خاکدا رەگ دادەکوتێت و رادەوەستێت. مرۆڤ کە لە وڵات بترازێت دەکەوێت. ئێمە لەو شوێنەی دەڕوێین هەڵدەکەنرێین. دەمانەوێت لەو شوێنە هەستینەوە کە مرۆڤ لێی دەکەوێت.
ئێمە خاکمان شەرمەزار کرد. نیشتیمان بۆ ئەوە نییە مرۆڤ تیایدا سەرگەردان بێت. نیشتیمان بۆ ئەوە نییە مرۆڤ تیایدا سوک و رسوا ببێت. نیشتیمان دایکە دەبێت تۆ تیادا ئارام بیت و سەربەرزیی تۆی بوێت. ئەم دایکە بدۆڕینیت لە هیچ شوێنێک نایدۆزیتەوە. پشتی تێ بکەیت کەس نرخت پێ نادات. ئەگەر ئەم نیشتیمانە کەوتۆتە گۆمەوە ئەرکی تۆیە دەریبهێنیتەوە. مەڕۆ! نیشتیمان دەهێنێت تا دوا دڵۆپی خوێن بۆی بجەنگیت.
لە فەلسەفەی کۆنتراکتدا جێگای نابێتەوە دەستەڵاتێکی ناڕەوا ئامۆژگاریی بکرێت چی بکات؟ سیاسه‌تی کۆنتراکت بزوتنەوەی مرۆڤەکانە چی بکەن نەک دەستەڵات؟ نیووه‌ی ئه‌وه‌ی روو ده‌دات لایه‌نی دووه‌م میلله‌ت لێی به‌رپرسیاره‌. ئه‌وه‌ی خۆت نه‌یکه‌ت بۆ تۆ نابێت. به‌ مه‌ڕبوون رزگارت نابێت.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: چۆن ئەو بەتاڵییە پڕ دەکرێتەوە؟
وەڵام: کۆنتراکت
٢٠١٥/٠٩/٠٨، سۆڵەنتونا
ئێمە لەبەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە