وەزیر با فانۆسەکان ھەڵکەین!

Thursday, 31/12/2015, 19:13

2204 بینراوە


درێژە کێشانی قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان زۆرینەی ھاوڵاتیانی ئەو ھەرێمەی بێ ئومێد کردووە, بەجۆرێک ئەو بێ ئومێدیە بەشێک لە ھاوڵاتیانی تووشی قەلەقی و بیر ئاڵۆزی و دەربەدەری کردووە. نەبوونی کارەبای پێویست وەک پێویستیەکی سەرەکی و بەسەربردنی ھەموو ئەو ناخۆشیانەش لە تاریکی و جەھلی قیاداتی کورد رۆژ دوای رۆژ بەرەو داروخانمان دەبات.
خراپی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان تەمەنێکی دوورودرێژی ھەیە, زۆرێک لەبەرپرسانی ھەرێم بەڵێنی زق و گەورەیان لەسەر ئەو قەیرانە لێبۆتە درۆی شاخدار, بگرە ئێستاکە لەبەر بێ غەمی و مایەپووچی ئیدارە و دارایی ئەو حکومەتە دەبێت بە ناچاری بۆ فانۆس بگەڕێینەوە.
ئەو قەیرانەو دەیانی تر تا کاتێک زۆرینەی  داھات و بریاری ئیداری ھەرێم لەدەستی کەسانێک بێت کە ھەم و غەمیان خۆ زەبەلاح کردن و دەوڵەمەنکردنی خۆیان بێت لەسەر حیسابی خەڵکی چەوساوە بەردەوام دەبن و ئاسایشی نیشتیمانی و پێگەی ھەرێمی کوردستانیش رۆژ دوای رۆژ  لاواز تر دەبێت. نەبوونی سەروەری یاسا و گوێنەدان بە دەنگی خەڵک و حقوقی گشتیش ھیچ مانایەکی بۆ دامەزراوە نیشتیمانیەکان نەھێشتۆتەوە, تا ئەوەی فەرماندەیەک رێگە بە وەزیری پێشمەرگە نادات بچێتە سەر کارەکەی, سەرۆکی گەورەترین دامەزراوەی شەرعی و نیشتیمانی لە لایەن کەسی دەمامکدار و چەکدار ڕێیان لێدەگیرێت, ھەموو ئەو ڕووداوانە سەرەتایەکی مەترسیداریان ھەیە ئەویش بەمیلیشیا حکوم بوونی ھەرێمە, ئەوەی کە ئیدارەی ھەرێم دەکات و خۆی لا سوپەر ئیکۆیە ھێزی چەکداری و دەمامکدار و نەوت خۆر و دزەکانن.
لێرەوە جێی خۆیەتی بەڕێز وەزیری کارەبا کە ئاگاداری ھەموو ئەو حەقیقەتانەیە کە ئەوەی ئیدارەی ھەرێم دەکات و دەستیان بەسەر ماڵ و سامانی ئەو میللەتەدا گرتووە, ھیچ دڵسۆزیەک و پەرۆشیەکیان بۆ ئەو میللەتە نیە, ئەوان لایان ئاسایە بەپێکێکی سور نیشتیمان بەبا بکەن. رۆیشتنی بەردەوامی نەوت و غاز بۆ تورکیا نەبوونی ئەو سامانە میللیە بۆ وەزارەتەکە بەسە کە ئیدی وەزیر بڵی ئەی میللەت بەسە چاوەڕێیی گەر ھەموومان فانۆس ھەڵکەین باشترە لەوەی تا ھەتا ھەتای دزی و نۆکەری قبوڵ بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە