دیوە شاراوەکانى کوژرانى کچە پارێزەرکە

Monday, 11/01/2016, 20:32

2548 بینراوە


تاوان چەندین جۆرى هەیە ترسناک ترینیشیان تاوانە بۆ سەر گیانى مرۆڤ،ئەم وڵاتەش واى لێ هاتووە کە بڵێن وڵاتى  کوشتارگە،چونکە ڕۆژانە مەرگى مرۆڤەکانى تیادا ئەبیستین.بەم دوایەش گوێبستى تاوانى ڕفاندن و کوشتنى  کچە پارێزەرێکى شارى هەولێر بووین،کە بەشێوەیەکى دڕاندانە و بە کوژراوى لەشەقامێکى گشتیدا لەنێو ئوتومبێلەکەی دۆزاریەوە،ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە تازە بوو یادى ڕۆژى جیهانى  پارێزەران دەکرایەوە.ئەوەى کە جێگاى تێڕامان و مشتوومڕ و پرسیارکردنیشە ئەو گرتە ڤیدۆیەیە کە پۆلیسى هەولێر دواى چەند کاتژمێرێک لە دۆزینەوەى تەرمى ئەو کچە پارێزەرە خستیەڕوو بەوەى کە گوایە کچەکە لەنێو ئوتومبێلەکەى خۆیدا خۆى سووتاندووە و هەر زوو رڕووداوەکەى بە ئینتیحار ناساند،کەچى من لام سەیرە کە پۆلیسى هەولێر بەو زەبەلاعیەى خۆى هێندە ساویلکە بێت ،بەبێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەى سەرەتایى بۆ  چۆنیەتى تاوانەکە هێندە بەزوویى بڕیارى کۆتایى  لەسەر تاوانێکى واگەورە بدات،لەکاتێکدا خودى گرتەکە چەندین پرسیار لەخۆیدا هەڵدەگرێت بەوى کە،بۆچى تەواوى گرتە ڤیدۆیەکە کاتژمێرى لەسەر نیە؟.بۆچى تەواوى ڤیدۆیەکە پەخشن نەکراوە و پچڕانى تیایە؟.بۆچى کچەکە ویستوویەتى لەشەقامێکى گشتى گڕ لەخۆی بەر بدات و بۆ نەچۆتە شوێنکى دوور لەئاوەدانى؟ئەى بۆچى  لە گرتە ڤیدۆیەکە جگە لەدوکەڵێکى کەم هیچ بڵێسەیەکى ئاگر تیایدا بەدى ناکرێت؟ئەى بۆ هیچ جووڵەیەکى کچە بەدى ناکرێت لەکاتى سووتانیدا؟؟لەکاتێکدا سروشتى مرۆڤ وایە لەکاتى بەرکەوتنى بچووکترین ئازار بەر جەستەى دەست دەکات بە ناڵە و هات و هاوار و خۆ ڕزگار کردن لەو ئازارەدا؟یانیش بۆچى هیچ کەسێ لەو شەقامە گشتیە هەست بە سووتانى ئەو کچە ناکات خۆ هەروەک لە گرتەکەدا دەردەکەوێت ئەو کاتە خەڵک بەدەرەوە بووە و ئوتومبێلى تر بەلاى ئوتومبێلى ئەو کچەدا ڕەت بوونە؟.
ئەمانە هەموویان پرسیارن و دەبوو پۆلیسى هەولێر بەر لە بڵاوکردنەوەى ڤیۆیەکە ڕاستى وەڵامى ئەو پرسیارانەى بۆ دەرکەوتبایەلەنێو گرتە ڤیدۆیەکەدا،وەلێ هەروەک کوردەوارى خۆمان دەڵێن (ئەو ماستە مووێکى تیادایە) دەنا بۆچى  وا بەزوویى پۆلیسى هەولێر دەیەوێ قەزیەکە  بگۆڕێت و بەرەوکۆتایى بەرێت بەوەى کەوا نیشان بدات کچە خۆى ئینتیحار کردووە لەکاتێکدا ئەمە ڕاستیەکى حاشا هەڵنەگرە و شاردنەوەى ڕاستى مەسەلەکەیە دەنا بۆ گەر جگە لەم تاوانە تاوانێکى  تر بوایە دژ بە بەرژەوەندى  پۆلیسى یان سیاسى  قەزیەکەیان زل دەکرد و چەندین کەسیان بەو تۆمەتە دەخستە زیندانەوە.
هەڵبەتە تاوانى دەست درێژى کردنیش بۆ سەر پارێزەران یەکێکە لەو تاوانانەى کە کە لەچوارچێوەى یاساى پارێزەرانى کوردستاندا بەتاوان دانراوە و کەسى سەرپێچى کار  ڕووبەرووى سزاى  یاسایى دەکرێتەوە..هەڵبتە تاوانى دەست درێژکردن بۆ سەر پارێزەران ئەمە یەکەم جارى نیە بەڵکو ماوەیەک بەر لەئێستاش لەشارى ئامەد (تاهیر ئاڵچى) کە یەکێک بوو لە پارێزەرە کوردە ناوادارەکانى ئەو شارە بە گوللەى ناحەزان کرایە ئامانج و شەهید کرا..هەر بۆیە ئێمە وەکو یاساناس و پارێزەرانى کوردستان بەتووندى ئیدانەى ئەو تاوانە دەکەین و  ئومێدەوارین پۆلیسى هەولێر بەدواى ڕاستى ڕووداوەکاندا بگەڕێت  و لەنزیکترین کاتدا تاوان باران بدۆزێتەوە و بیانخاتە بەردەم ڕێکارى یاسایى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە