ڕێگەی ڕزگاری پەروەردەی كۆمەڵگەیە نەك فەرتەنەی گەلێكی بێ پەروەردە

Thursday, 21/01/2016, 23:02

2051 بینراوە


‎ئەو دەمەی دەسەڵات دەكەوێت
دەست فیئەیەكی چاوچنۆكەوە،سەرلەبەری كایەكانی ژیان دەكەونە بەر هەڵپەی پاوانە جۆربەجۆرەكانەوە،ژیان دەكرێت بە شانۆیەكی ڕەش كە تیایدا ڕۆڵ بۆ هەر تاكێك دیاری دەكرێت بە ویستی كۆمەڵێك سیناریستی هەژمونخواز كە دەیانەوێ ڕۆڵیان هەبێت لە تەواوی جوڵەی ژیانی تاكەكانداو بییانكەن بەو ئەكتەرە گوێڕایەڵەی كە ناتوانێ لە تێكستی سیناریۆكە بە مو لا بدات،لە دۆخێكی لەم شێوەیەدا  كۆمەڵگە دەبێتە پاوانی كەمینەیەكی چاوچنۆك كە شەرعیەت لە  درۆی شۆڕشگێڕی و خەباتی نەتەوەیی و چاكسازی كۆمەڵایەتی وپاراستنی بەهای باڵاو شەریعەتی خودا وەردەگرن،ئەو بابەتانە دەكەن بە بیانویەك بۆ گەوجاندنی كۆمەڵگەو سەر پێ دانەواندنیان،هەندێك جار لە پێناوی درێژكردنەوە و مسۆگەركردنی دەسڵاتە پاوانخوازەكانیاندا دوژمنی وەهمی دادەتاشن و گەورەی دەكەن و لە گەلی دەكەن بە دێوەزمە تا لە ڕێی بیانوی مەترسی دوژمنەوە ڕێگە بگرن لە پێش ناڕەزایی ناوخۆیی و بەربەستی ئازادییەكان بكەن و دەموچاوی جەلادە تاڵانچییە  چڵكنەكانیان بگۆڕن بە دەموچاوی فەرماندەكانی پارێزگاریكەرو ئێشكگری نیشتیمان،هەندێك جار ئاسایی و سانایە لە لایان كە بەشێك لە میللەت لە سیناریۆیەكی نەگریسدا بە گورگانخوارد بدەن بییانكەن بە نێچیری ئەو دڕندە ڕوكەشییەی لە ڕۆژدا دوژمنی سەرسەختەو لە تاریكی شەودا هاوبەش و بەشداری بەرژەوەندی ئابوری و هاوپشكی كارە،بۆیە زۆر ئاسایی و پێشبینیكراوە ئەم جۆرە دەسڵاتە فیئەوییە چاوچنۆكە خۆسەپێنە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا دەست بۆ هەمو گەمەیەكی سیاسی شەیتانی ببەن و جۆرەها قەیرانی سیاسی ،ئابوری،كۆمەڵایەتی،سەربازی بئەفرێنن بۆ خۆڵكردنە چاوی میللەت و شاردنەوەی مەبەست و مەرامە گڵاوەكانیان كە ئەویش ڕوتانەوەی زیاترو بەردەوامی میللەت وبە ئەبەدی كردنی دەسڵاتی مافیایی خۆیانە،بۆ مەیسەر كردنی ئەم نیازانەش دێن  سود دەبینن لە چەپەڵترین  تاكەكانی كۆمەڵگەو دەیانكەن بە فەرمانڕەوای باڵای هەرێمەكان و داو و دەزگا بێ سیستم و میدیا درۆزنەكانیان و لە ڕێگەیانەوە مۆراڵ و ئیتیك و بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی ئەخلاقی و ئاینی و ڕەسەنایەتی لێكدانی سفر دەكەن و بێ ڕێزی و بێ هەڵوێستی و بێ ئیرادەیی و بێدەربەستی دەكەن بە كلتورو خوی كۆمەڵگە پاوانكراوەكەو ئەوكات بە ئارەزوی خۆیان لوت دەژەننە داهات و سامانی گەل و چۆنیان بوێت وایی تەفروتونای دەكەن بە بێ ئەوەی كەسێك ،تاقمێك ،گروپێك بوێری ڕاوەستانی هەبێت لە ئاست ئەم بێدادی و بێ دادگەریی و بێ مۆراڵییەیاندا،بۆیە ڕوبەڕوبونەوەی  فیئەی چاوچنۆكی پاوانخواز ناكرێت بە گرتنەبەری شێوازەكانی یاخی بونی شارستانی لە چەشنی مانگرتن و بایكۆت و خۆنیشاندان  بەڕێوەببرێ ،بەڵكو پێویستی بە بیرێكی سیاسی و فەلسەفەیەكی سیاسی و فەیلەسوفێكی كاریگەرو بوێر هەیە كە ڕەخنەی كۆمەڵگەی پاوانكراو بكات و پەروەردەی تاكەكانی بكات هەتا ئامادەو تەیاریان بكات بە مەعریفەو ماف و ئەرك و بەرپرسیارێتییان نیشان بدات ئەوكاتە كۆمەڵگە لە خەوی غەفڵەت بەئاگا دێتەوەو دەتوانێ لە ناو بیست وچوار دەمژمێردا كۆشكی ستەمكاران تەفروتونا بكەن و وڵاتیان لێ خاوێن بكەنەوە ،بۆیە ناكرێت ئومێدت بە جوڵان و ڕابونی گەلێك بێت كە لە دروست بونییەوە تا ئێستا پەروەردەیەكی  سیاسی نەكرابێت و سیاسەت و حزبایەتی كردبێتیان بە نێچیری تایبەتی خۆیان و یەكێتی و یەكڕیزییان گۆڕیبێ بە ڕق و حقد و كەراهییەت،بۆیە پێش بیركردنەوە لە پاراسایدی بەرپرسانی چاوچنۆكی جیهانی دواكەوتو دەبێت مشور بخورێت لە فەیلەسوف و فەلسەفەیەك بۆ پەروەردەكردنی تاك و كۆمەڵگە ،كە كۆمەڵگە دروست بو وەخەمڵی یان وەئاگا هات ئەو دەم چاوچنۆكەكانی پاوانخواز لە پوشی بەردەم گێژەڵوكە ئاسانتر بە هەوادا دەچن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە