قەیران و ریفراندۆم ؟!

Saturday, 06/02/2016, 22:11

1719 بینراوە


هەر ماوەیەک نابات و بارزانی بە شێوەیەک دەردەچێتەوە  و باس لە ریفراندۆم دەکات، وەک ئەوەی: هەموو شتێک لە کوردستان وەک ماستی مەیو بێت و، جگە لە هەنگاوی خێرا بەرەو سەربەخۆیی لە هیچ شتێکمان کەم نەبێت و، سەرجەم پێداویستیەکانی بریاردانی مافی چارەنوس مەیسەر کرابێت و ، زەمینەی پتەویی بۆ رەخسابێت و بناغەیەکی وای بۆ دانرابێت کە بەهەزار پیلانگێر نەتوانن زەفەری پێ بەرن و، تەنها کارە گرنگ و ئامانجە چارەنوسسازەکە لەسەر ریفراندۆمەکە وەستابێت . زۆرێکیش خۆشباوەرن بەمە و، ئەوەی راوبۆچونێکی زانستیانەی هەبێت بۆ ئەم مەسەلەیە، بە دژە دەوڵەتی کوردی  لەقەڵەمی دەدەن، جا چ لەبەر حزبایەتی بێت و کوێرانە قسەی ئەم سەرکردانە بخوێننەوە یان لە کاڵفامیەوە بێت لە سیاسەت و نەزانینی پێداویستیەکانی سەربەخۆیی ولاتێکی وەک کوردستان، بەم ئاڵۆزیەوە کە لە هیچ شوێنێکی تردا نیە.
دەشێت هۆکاری ئەم بۆچون یان هەڵچونەی بارزانی هەر ماوەیەک و لە پرێکدا بۆ کۆمەڵێک هۆکار بگەرێنینەوە، بەڵام ئەوەی وەزعی ناوخۆیی کوردستان بخوێنێتەوە و پێشهاتەکان لەبەرچاو بگرێت پاڵنەری پشت پەردەی ئەم بۆچونەی بارزانی لەم کارەیدا دەزانێت .
جارێک با ئەوە بخەینە بەرچاو کە هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەقەد ئەمرۆ لە قەیرانێکی قوڵی ئابووری ئاوها و بێ ئاسۆی چارەسەر خۆی نەبینیوە و، بە تۆزێک تێرامان: بە هەموو شێوەیەک ئەوە دەسەلمێنیت کە ئەم دەسەڵاتە چەند شکستیخواردووە و، هیچ ئەگەرێکی چارەسەریی بۆ قەیرانەکانی و نزیکبونەوەی لە خنکان، لە مەودایەکی نزیکدا نیە، بۆیە وادەزانێت کە ئاسانترین رێگە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک بە شتێکەوە هەرچەند کاتییش بێت، بۆ بەرێکردنی رۆژ، کە بەقازانجی خۆی دەکەوێتەوە ، بەلارێدابردنی خەڵک بە چەواشەکاری ریفراندۆمەوە بەئاسانترین رێگە دادەنێت .
ئەم دەسەڵاتە، ئەوەی هەمیشە بیری لێدەکردەوە کە مێژوویەک بۆ خۆی بنوسێتەوە، بەڵام بەم  وەزعە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیەی ئێستای بێ ئومێدی کرد، نیازی وایە بە سەرکێشیەک تێیپەرێنێت و بێ ئەوەی دەرئەنجامەکەی بخوێنێتەوە و بە شێوەیەکی زانستی دیاری بکات، دەیەوێت هەنگاوێکی لەم بارە بنێت و تەنها لەبەر ئەوەی هەندێک دەستکەوتی شەخسی و حزبی مسۆگەر بکات . بۆیە دەیەوێت بەم بۆچونەی بە بەردێک لە کۆمەڵێک چۆلەکە بدات: خۆی رزگار بکات و شکستەکەی لەبیر خەڵک بباتەوە ، مەجدێک بۆ خۆی و حزبەکەی تۆمار بکات هەرچەند دەرئەنجامەکەی روون نەبێت و، بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی ئەو هیچ کێشەیەکی لەوبارەوە نیە ، نارەزایەتیەکانی خەڵک خەفە بکات بەم هەنگاوە عاتفیە و، خۆی لەم قەیرانە دەرباز بکات کە تا بیناقاقای گرتۆتەوە . ئەگینا تۆ لەم وەزعە نالەبارەدا بیت و گەلەکەت لە ناخۆشترین بارودۆخدا بێت و هیچ بنەمایەک نەبێت و زەمینە سازیەکت نەکردبێت و تا ئێستا لە هەموو بوارێکدا پشت بە دەرەوە ببەستێت و ،پشتگیری هیچ وڵاتێکت مسۆگەر نەکردبێت، بەڵکو زۆرێک لە ولاتان بە ئاشکرا نارەزایەتی خۆیان لەو بارەوە دەربرن، وا بێت تۆ لە کوێیت و ریفراندۆم بۆ راوەرگرتنی گەل بۆ سەربەخۆی لەکوێ یە، ئەگینا ئەگەر بارودۆخ بە هەموو شێوەیەک گونجاو بوو ، کێ هەیە نەزانێت خەڵک هەموو سەربەخۆیی دەوێت، کە لە یەک مانگدا دەتوانرێت ئەو کارە بکرێت .
ئەوەی گومانی لێدەکرێت: بەم کارە و لەم کاتەدا کە خەڵک تورەیە، بریاری لەم شێوەیە ناواقعیە بۆ ئەوەی بێت و،  وا پیشانی بدات کە خەڵک بەخۆی سەربەخۆیی ناوێت و، ئەو هاوارەی لە پێناو شتی لاوەکی بەناوی سەربەخۆییەوە بە خەڵکیان دەفرۆشتەوە، ئەمرۆ بە کردەوەیەک خەڵک لە رازینەبون لەوبارەوە تۆمەتبار بکەن و بەرپرسیارێتی شکستی گەورە لە ملی خۆیان بەدوور خەن و بیخەینە سەر خەڵک بە گشتی .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە