دۆخی ئێستا كردارو بڕیاری بوێرانه‌ی ده‌وێت

Wednesday, 17/02/2016, 21:24

992 بینراوە


قه‌یرانی ئابوری له‌ كوردستان پێویستی به‌ قسه‌كردن نیه‌ چونكه‌ قسه‌ زۆر كراوه‌ پیویستی به‌ كردارو بریاری بوێرانه‌و ڕاشكاوانه‌یه‌ ، هه‌ڵه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ سۆزو عاتیفه‌وه‌ سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداری كردووه‌ ، له‌كاتێكدا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێویسته‌ خاوه‌نی بڕیارو ستراتیژ  بیت .
گرنگه‌ بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی ئالۆزو پشێوییه‌كان هه‌نگاوی سه‌رتایمان چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ بێت له‌ سیكته‌ری ئابوری دا ، چونكه‌ قه‌یرانه‌كان هێنده‌ گه‌وره‌ن برینی قوڵیان داوه‌ له‌ قووتی هاوڵاتیان و برسێتیان چووه‌ته‌ سه‌ر ئیسك ، چه‌رچڵ ده‌لێت : ئه‌توانم له‌گه‌ڵ هه‌موو دنیا بجه‌نگم ، به‌ڵام شه‌ڕی برسییه‌كانم پئ ناكرێت .
جگه‌ له‌ قه‌یرانی ئابوری قه‌یرانی سیاسییش له‌ نێوان هیزه‌ سیاسییه‌كاندا هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ قه‌یرانی ئابوری و ناكرێت نادیده‌ بیگرین ، چونكه‌ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی ( 23 حوزه‌یران و 19 ئاب و 12 ئوكتۆبه‌ر ساڵی 2015 )  هاونیشتیمانی له‌م هه‌رێمه‌دا بئ هیواو بئ ئومێد بوون .
له‌دوای هه‌نگاونان بۆ چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ له‌ كه‌رتی ئابوریدا پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی و ژینگه‌یه‌كی له‌ بار بۆ گفتوگۆو دانوستانی نێوان لایه‌نه‌كان بره‌خسێت ، كه‌ ئه‌وه‌ش هه‌نگاوی حه‌كیمانه‌و كوردانه‌ و بوێرانه‌ی پێویسته‌ ، یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد پێویستی به‌ دیدو تیڕوانینی نه‌ته‌وه‌یی و له‌ خۆبووردوووییه‌ ، بۆ هیچ  لایه‌نێك نه‌نگی نیه‌ له‌ گفتوگۆو ڕێكه‌وتنه‌كاندا ته‌فاهومیان هه‌بێت ، چونكه‌ له‌ پرۆسه‌ی ڕێكه‌وتندا نه‌كه‌س براوه‌یه‌ نه‌كه‌سیش دۆڕاو ، به‌ڵكو هه‌مووان براوه‌ن له‌ پێناوسه‌رخستنی نیشتیماندا  ، خۆ ئه‌گه‌ریش خوێندنه‌وه‌یه‌كی وورد و دوربینانه‌ بۆ گۆرانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین ، ئه‌وكات تیده‌گه‌ین كه‌ ئێمه‌ له‌ ناو سه‌نته‌ری گۆرانكارییه‌كانداین و كێشه‌ی گه‌وره‌تر له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان به‌رۆكی گرتووین .
له‌دوای ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ گفتوگۆو دانوستانی لایه‌نه‌كان كورد پێویستی به‌ ته‌فاهوم و ڕێكه‌وتنه‌ ، چونكه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی هیواو ئومێد و متمانه‌ بۆ هاونیشتیمانیان ، پێویستی ره‌قه‌م یه‌كمان به‌ ته‌فاهوم و ڕێكه‌وتنه‌ ، جگه‌ له‌ ته‌فاهوم و ڕێكه‌وتن هیچ بژارده‌و به‌ دیلێكی تر نیه‌ كه‌ نیوماڵی كورد یه‌كبخاته‌وه‌ .
 دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه‌ ڕیكۆدی جیهانی شكاندووه‌ و بووته‌ كاڵایه‌كی هه‌رزان له‌ جیهاندا ،  هاتنی نزیكه‌ی ( 2,000,000 ملیۆن ) ئاواره‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌ و ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ كه‌م نه‌بوو ، له‌ كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان له‌ ژێر ئابلوقه‌ی ئابوریدایه‌ ، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیاره‌تیه‌وه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌و پاراستنی ئاواره‌كانیشی گرته‌ ئه‌ستۆی خۆی ، شه‌ڕی  ئیرهاب و داعش كه‌ ده‌رگای به‌ كورد گرتووه‌و به‌ دریژای ( 1500 كم) بۆ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ ئێمه‌  له‌ شه‌ڕێكی قورسداین و به‌سه‌دان شه‌هیدو هه‌زاران بریندارمان داوه‌ ، هه‌موو دنیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ شه‌ڕی داعش له‌سه‌روی ئیمكانیاتی كورده‌وه‌یه‌ .
 با له‌ موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕێین  كه‌ ئه‌وانیش وه‌كو هه‌موو فه‌رمانبه‌رو موچه‌خۆرانی تر پێنج مانگه‌ دیناریكیان وه‌رنه‌گرتووه‌ ، له‌ كاتێكدا به‌سه‌رمای زستان و به‌ گه‌رمای هاویین له‌ پێناو پاراستنی ئێمه‌دا له‌ سه‌نگه‌ردان دژ به‌ ئیرهاب  ، به‌ڵام خۆ دابینكردنی خۆراك و كه‌لوپه‌ل و لێدانی سه‌نگه‌ر و ڕاكێشانی ڕێگاوبان خه‌رجی پێویسته‌ ، بڕینی بودجه‌ وموچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ساڵی ( 2014 ) له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌  ، یه‌كێك بوو له‌و سیناریۆ سیاسی و حیله‌ تاكتیكیانه‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غداد په‌نایان بۆ برد ، پرسی برینی بودجه‌ و موچه‌ی هیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌م ره‌هه‌ندی ئابوری هه‌بوو هه‌میش ڕه‌هه‌ندی سیاسی ، ڕه‌هه‌ندی سیاسی له‌ پێشه‌وه‌یه‌ چونكه‌ ته‌فسیری حكومه‌تی ناوه‌ندی و كاره‌به‌ده‌ستانی به‌غداد بۆ ئه‌و مافه‌ ده‌ستوریانه‌ی كه‌ له‌ ماده‌كانی (111 و 112 ) ده‌ستوری عیراق دا هاتووه‌ ، مل ناده‌ن و ئاماده‌نین و كوردیان وه‌كو شه‌ریكێكی ڕاسته‌قینه‌ قبوڵ نیه‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌رهایشته‌ نه‌رینیه‌ی ئیستای لئ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رۆكی هه‌مو و تاكێكی گرتووه‌ته‌وه‌ به‌ موچه‌خۆرو كاسپكاره‌وه‌ به‌ بئ لایه‌ن و لایه‌نداره‌وه‌ به‌ حیزب و حكومه‌ته‌وه‌ ، چینێك نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه‌دا بێت .
ئێستا  سئ بژارده‌ له‌به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كاربه‌ده‌ستان و هیزه‌ سیاسییه‌كاندایه‌ كه‌ ئه‌وانیش :
بژارده‌ی یه‌كه‌م /  ئازادكردن وپاراستن و دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی تیرۆره‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كوردییه‌كان ، كه‌ ئه‌مه‌ خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌ به‌ ته‌واوی دیدو تێڕوانین و جیهانبینیانه‌وه‌ .
بژارده‌ی دووه‌م / ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی و یه‌كخستنه‌وه‌ی نیوماڵی كورد  و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئابوری و هه‌نگاوی كرداری یه‌ بۆ چاكسازی و ریشه‌كیشكردنی گه‌نده‌ڵكاران ، یه‌كێكی تره‌ له‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی كورد به‌ هه‌موو پێكهاته‌و چین و توێژه‌كانه‌وه‌.
بژارده‌ی سێیه‌م / هه‌نگاونانه‌ بۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی كوردستان
چونكه‌ ڕیفراندۆم مافێكی ڕه‌وایه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌گه‌ر به‌ شۆرش ، ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری به‌رپا كردبێت ، ڕاپه‌ڕینیش له‌ پرۆسیسدا خه‌ڵكی ئاماده‌ كردبێت بۆ هه‌ڵبژاردن و پێكهینانی حكومه‌ت  ، ئه‌وا دواقوناغَی ئه‌م مه‌نزڵه‌ ڕیفراندۆمه‌و گه‌لی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته‌ لوتكه‌و كه‌ناری ئارامی و سه‌ربه‌خۆی سیاسی ، چونكه‌ ڕیفراندۆم ڕێگا دوورو درێژه‌كان كورت ده‌كاته‌وه‌ و به‌ربه‌سته‌كان هه‌لده‌ته‌كێنێت ، له‌ ڕیفراندۆمدا هه‌موو گه‌ڵ به‌ ته‌واوی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ به‌ زمانی خواستی نه‌ته‌وه‌یانه‌ده‌په‌یڤن و ته‌عبیر له‌ یه‌ك شوناس و یه‌ك ماف و داخوازی نه‌ته‌وه‌ی ده‌كه‌ن ، كه‌ ئه‌ویش خواستی نه‌ته‌وه‌یی و ڕێكه‌وتنی میلله‌ته‌ بۆ دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ ، هیچ یاسایه‌كی جیهانی نیه‌ ببێته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ڕیفراندۆم دا ، له‌ ئیستادا بۆ دۆزی كورد ڕیفراندۆم باشترین شێوازی خه‌بات و ڕێبازه‌ .
كه‌م هێزی سیاسی هه‌یه‌ له‌ كوردستان وای نیشان نه‌ده‌ن كه‌ خه‌ون و ئامانجیان له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا نه‌بێت ، وه‌ خۆیان به‌  ڕێزگرو گه‌شه‌پێده‌ری ئامانجه‌ نیشتیمانیه‌كان نه‌شوبهێنن ، ئێستا پرسی ڕیفراندۆم جوڵه‌یه‌كی تێكه‌وتووه‌ ، له‌ ناوه‌نده‌ ستراتیژو ئه‌كادیمیه‌كاندا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت هه‌رێمی دیراسه‌و توێژینه‌وه‌ی له‌ باره‌وه‌ كراوه‌ ، بهڵام له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆی پێویستیمان به‌ كۆده‌نگی هیزه‌ سیاسییه‌كان و كۆده‌نگی نیشتیمانی هه‌یه‌ ، كه‌ خۆش به‌ختانه‌ ئه‌وه‌ش له‌ پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم دا هاونیشتیمانیان به‌ بیرورای جیاوازه‌وه‌ بڕیاری خۆیان  له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌ ده‌ده‌ن .
ِ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە