هەموو پلەو پایەکان بۆ خۆتان و هەرێمی کوردسان بۆ ئێمە

Thursday, 25/02/2016, 13:33

1452 بینراوە


کوردستانیان کردە قوربانی پلە و پایەیەکی دەسەڵات و، بە چەواشەکاری و بێخزمەتکردنی راستەقینەی گەل، وەک هەمووان دەیبینین، گەیشتین بەو حاڵەی کە چۆن هەموو دەستکەوتە بچوکەکانیشیان بە فیرۆ دا .  دیارە ئەم قەیرانانە و ئەوەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە دەرئەنجامی  ململانێ و شەرکردنە لەسەر کورسیەکەی پاشا، هەر ئەو عەقڵیەت و چاوچنۆکیە بوو کە هەرێمی کوردستانی بەم دەردە برد.
بالەوە گەرێین، پێش هەموو شتێک، ئەوەی بۆ خەڵکە دڵسۆز و ساکار و قوربانی دەرەکە گرنگە و ئەولەویاتە بۆیان :
یەکەم :  بە فیرۆنەدانی یەکجارەکی و بە تەواوەتی ئەوەی بە خوێنی شەهیدان و رەنجدەران و هەژاران تا ئێستا هاتۆتە دی، هەرچەند ئەم دەسەڵاتە پاشەکشەی بەوەش کردووە  .
دووەم:  ژیانێکی ساکاری دوور لە داگیرکاری و تا رادەیەک ئارام کە ئامانجی گەلی کوردستانە بە گشتی . 
کەچی بە پێچەوانەوە ئەوەی بۆ ئەم جۆرە دەسەڵاتە لەخەڵک دابراوە گرنگە و لە ئەولەویاتە گرنگەکانە لای ئەو و هەموو شتێک دەکاتە قوربانی بە خوێنی شەهیدانیشەوە و، بۆ ئەو مەبەستە :
یەکەم : مانەوەی بنەماڵە و کەس و کارە نزیکەکان و حزبەکەیان، هەرچەند لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی بکەوێتەوە .
دووەم : پلەو پایەکان لەدەستیاندا بمێنێتەوە، بۆ دابینکردنی مانەوە و پاراستنی ئەو تاکە ئامانجەی سەرەوەیان، ئەمیش هەر لەسەر حیسابی بەرژەوەندی خەڵکە رەشو روتەکە بێت .
لەنێوان ئەم دوو ئامانجە گشتیە جیاوازانەی نێوان خەڵک و دەسەلاتی هەرێمدا، یەکتربر و دابرانێکی گەورە هەیە، کە لەهیچ شوێنیکدا یەکناگرێتەوە و، تەنانەت دەسەڵات هەنگاوێکی بجوک لە سازانێک لە نێوان ئەم ئامانجە جیاوازانەی نێوان خەڵک و خۆیدا نزیک نابێتەوە .
گەر حاڵەتەکە بگاتە ئەم رادەیە و دابران بگاتە ئەم پلەیە، چارەسەر چی دەبێت ؟
لە بارودۆخێکی گشتی وەک هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و ، ئەو کێشە و گرفتانەی هاتونەتە ئاراوە، کورد و کوردستان یەکێکن لەو  توخمانەی لە نێو هاوکێشە گرنگە ناوچەییەکەدا جێگەی خۆیان هەیە و، هیچ پێویستیان بە عەقڵی ئەم دەسەڵاتە نیە( ئەگەر ئەم گرنگێتیە لەسەر ئەم دەسەڵاتە بوەستایە ئەمیشیان تێک دەدا)، واتە خاڵە گرنگەکانی کورد لە رووداوەکانی ناوچەکەدا :
یەکەم : ئەم قەیرانە نێوخۆییە هەمەلایەنە سیاسی و ئابوری و، بێدەرفەتیەی لە بەرامبەر دەسەڵاتی هەرێمدا راوەستاوە، وای لە پێگەی هەرێمی کوردستان دابەزاندووە، کە ئەگەر گرنگیە جیۆپوڵەتیکیەکەی کوردستانی گەورە نەبێت، هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت، هەرچەند لەم کاتەدا زۆر بە لاوازی پێگەی هەرێمی کوردستان لە چاو لایەنە کوردستانیەکانی ناوچەکە دەخوێنرێتەوە و، گرنگی پێدانەکەی زۆر لاواز بۆتەوە و وباش دەبینرێت کە کاتیە و تا رادیەەکی زۆر پشت گوێ خراوە و گیرۆدەی دەستی نەزانیەکەی خۆیەتی و، هیچ جموجوڵێکیشی نیە بۆ دەربازبون لەم بلۆک بوونە .
دووەم : ئەڵتەرناتیڤێکی گرنگ و بەهێز و رێکخراوتر بوونی هەیە و ، عەقڵێکی پێشکەوتوتر لەئارادایە، کە جێگەی رێگە و پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکەی  لە هاوکێشە سیاسی و عەسکەریە ناوچەییەکەی گرتۆتەوە، بۆیە دەسەڵاتی هەرێم لە هەوڵی گرفت دروست کردنە بۆ ئەو رێکخراوە پر توانا و عەقڵمەندە و لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی جێگەی نەگرێتەوە لای هێزە گەورەکان، بەڵام تا ئێستا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە  .
سێیەم : پاش تاقیکردنەوەیەکی زیاتر لە دەیەو نێوێک لەگەڵ دەسەڵاتی باشوردا، بۆ هەموو لایەکی دەرەکی دەرکەوت، کە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا لەو ئاستەدا نیە کە پشتی پێ ببەستن و، تەنها لە بازنەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خودی بنەماڵە و ئەڵقە و حزبدا دەخولێنەوە و، هەموو شتێک دەکەنە قوربانی بەرژەوەندیەکی تەسکی منداڵێکیان، بۆیە ئێستا هەروا بەمتبون و فەرامۆشکراوی ماونەتەوە و بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بدەن بۆ راستەرێ کردنی دەسەڵاتی هەرێم و، لەم  دوورکەوتنەوەیە لە ئامانجە گشتیەکانی کوردستان خۆیان رزگار کەن، بەڵام وەک خۆیان ماونەتەوە و  بەجێیان هێشتوون و کەم نرخ بوون .
چوارەم : زۆر لایەنی گەورەی جیهانی  یەکلابونەتەوە کە ئەو لایەنە کوردستانیەی لە هەمووان رێکخراوتر و سەردەمانە ترە و، دەتوانێت لەگەڵ گۆرانکاریەکان و وەزعی ناوچەکەدا بە زانستیانە مامەڵە بکات، لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عیراقە، بۆیە ئێستا بە شێوەیەکی تر مامەڵە دەکەن و گرنگی و ئەولەویاتیان بە شێوە و رێگەیەکی ترە و، لەوبارەوە بێگومان بەرژەوەندیەکانی خۆیانیان پاراستووەو، لە شوێنێکی دیکەدا دۆزیویانەتەوە، وەک سیاسەت لە هەموو شوێن و کاتێکدا فەرزی دەکات .
بۆیە، هەموو خەڵک گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە تەواوەی، کە دەسەڵاتی هەرێم لەم کاتەدا توشی شکستی یەکجارەکی بووە و هیچ کون و کلۆجێک نەماوە کە تێدا تێپەرێت و قوتاری بێت، تاوەکو بەم عەقڵیەت و سەرکردانەوە بچێت بەرێوە .  هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بەیەکجاری نائومێد بووە لەم تاقمانە، هەموو هیوایەکیان ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەیەکجاری لەدەست نەچێت و، پێیان دەڵێت هەموو پێگە و پایە و پارەو پوڵ و دەسکەوتە مادیەکان بۆ خۆتان و تەنها هەرێمی کوردستان و کوردستان بە گشتی بۆ ئێمە بێت، بۆیە سەبریان گرتووە تاوەکو هاوکێشە ناوچەییەکە یەکلایی دەبێتەوە . 
بۆ لەدەستنەچونی هەرێمی کوردستانیش لەم کاتەدا، دەکرێت هەنگاوی جدی لە لایەن گەلەوە بنرێت، بەڵام سەبر گرتن بۆ ماوەیەک تاوەکو هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە زیاتر روونتر دەبێتەوە و، ئاراستەی جموجوڵەکان زۆرتر دەردەکەوێت، لەو کاتەدا بێگومان بارودۆخە گشتیەکە وا فەرز دەکات کە خەڵکانێک بتوانن جڵەو بگرنە دەست و، ئەم سەرانەش دەچنە زبڵدانی مێژووەوە و، ناوچەکە بە لایەکدا دەکەوێتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە چارەسەرەکان، ئەمەش لە دەرئەنجامی ئەوەی کە دواکەوتوویی دەسەڵاتی هەرێم وای کرد چارەسەری سەرەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دوابکەوێت و، بە پلەیەکی نزمتر لەوەی چاورەوان دەکرا لە  کۆتایەکەیەوە و لە چوارچێوەی نەخشە و پلانی ئامادەکراوی گشتی ناوچەکە دەربچێت، بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ تایبەتمەندیەکی هەرێمی کوردستان ، سەرەرای ئەوەی خەڵک بە هەموو قوربانیدانێکەوە بۆ دوو دەیەو نیوە لە ژێر سایەی حوکمی شڵەژاوی خودیدا دەژی  .
بۆیە، ئەوەی لە پێناویدا دەستتان گرتووە بەسەر کوردستاندا، چیتان دەوێت بیبەن و هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکە دلسۆز و خۆبەختکەرەکە بهێڵنەوە، ئەگینا کاتێک دێت دەکەونە وەزعێکەوە هیچ پەشیمان بونەوەیەک دادتان نادات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە