لە ڕۆژئاڤا تفەنگی خۆماڵیی بەرهەم دەهێنن

Sunday, 01/05/2016, 16:30

5823 بینراوە


 شۆڕش بە مانای گەیاندنی پەیام، مرۆڤی شۆڕشگێڕ خاوەنی پەیامە و بەهوشیارییەوە لە گەڵ ڕەوشی شۆڕشدا مامەڵە دەکات و خەڵک ئامادە دەکات بۆ خزمەتکردنی ئەو شۆڕشە. هەرگەلێک بیەوێت سەربکەوێت و بەئازادیی بگات دەبێت زۆرترین خەڵکی کۆمەڵگاکەی لە خەباتەکەیدا بەشداربێت. من نامەوێت بەراورد بکەم لەگەڵ باشور یان ڕۆژهەڵاتی ووڵاتدا. بەتایبەتی باشور کە ماوەی ٦٠ساڵ چەکداری لەوێدا دەکرێت، کۆمەڵێک چەتە و خائین و پایوخراپ غەدرێکیان لە خەڵکەکەی کردووە و ناویان ناوە شۆڕشکردن. لەگەڵ ڕێزمدا بۆ قوربانییەکان کە من خۆم ڕاستەو خۆ بەشداربووم باوکیشم براکانیشم کەس و کارەکەشم لەچیاکاندا چەکداریمان کرد و ناومان پێشمەرگەبوو. لێ بەڵێ خودی ڕابەران نێتێ سەرکەوتیان هەرگیز نەبووە و هەمیشە ڕووداوەکان وەک پارچەی شکاوی کەشتییەکی نقوم بوو خۆیان داوەتە دەست شەپۆلەکان. هەربۆیە لەجێگەی تر ئاماژەم پێداوە کە ئێمە بێ زەوقترین هێز بووین بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە نەمان توانی ئاودەست لەگوندەکاندا بکەینە کەلتورێک و وەک شۆڕشێکی تەندروستی لێی بڕوانین. بیرمە لە مەرزی سەفرە و زەرون شەوێک لای هاوڕێیەکم مامەوە کە دوکانێکی نایلۆنی هەبوو، کەدەڵێم نایلۆن واتە بەنایلۆن دروستیکردبوو دیارە بازاڕەکە هەمووی لە مەملەکەتی نایلۆن دەچوو. زۆرم بۆهات ووتم ئەرێ هاوڕێم من پێویستم بە سەرئاوە، ووتی تۆزێک بڕۆپێشەوە دوای بەدەستی چەپدا پێچ بکەرەوە لەوێ دۆڵێک دەبینی ئاگات لەخۆت بێت پیس نەبیت، هەموو ئەم بازاڕە لەوێ دەست بەئاو دەگەیەنن. هەرچۆنێک بوو چوم و گەڕامەوە هاوڕێکەم ووتی ئەوە ناوی "وادی خەرەیە" کە بۆ بەیانی ڕێم کەوتەوە ئەو جێگەیە بەڕاستی زیاتر لەکێڵگەی مین دەچوو، کەئێستا بیری لێدەکەمەوە مەرزی سەفرە و زەرون گومگری ئەو جێگەیە سەرچاوەیەکی دارایی زۆر باشبوو بۆمان لێ بەڵێ لەوێ هێندە بێ زەوق بووین نەمان توانیبوو چەند ئاودەستخانەیەک دروست کەین، چونکە بڕوامان وابوو ڕۆژێک دێت چۆڵی دەکەین، ئێمە بڕوامان بەسەرکەوتن نەبوو، هەموو پشتێکمان بە قەدەر و دوژمنی دوژمنەکانمان بەستبوو. هەربۆیە لەماوەی ئەو هەمووساڵەدا کە مەسعود بارزانی ٥٥ساڵ شۆڕشگێری بۆخۆی نووسیوە تاکە فیشەکێکی خۆماڵی بەرهەم نەهێنرا تێیدا. 
ڕۆژئاڤا: 
زۆرترین خەڵک بەهەموو ڕەگەزەکانەوە بەشدارن لە شۆڕشدا، ئافرەت پێشەنگە، ئاسنگەر چەک دروست دەکات، پێداویستیە تایبەتییەکان هەرنەبێت لەبەرماڵی خۆیاندا تفەنگێکیان پێیە و بەرگری دەکەن، دایکان چەک و پەروەردە یان لە ئەستۆگرتووە لەپەیامەکەیاندا دەڵێن :"گوێگرە مەسعود ئیخانەتی تۆ ژبیرناکەین، ئاخی خۆمان دەخۆین و، ڕێگەنادەین خائین سەرکەوێت و دوژمن دەشکێنین". قسەی دایکێک. دروستکردنی ئەم چەکە قەناسە زۆر مانادارە، چونکە ئەمە لە ٣کیلۆمەترەوە دوژمن دەپێکێت، ئەمە جۆرێکی ترە لە هونەریی شەڕی نوێ کە پشت دەبەسترێت بە بەرهەمی خۆماڵی. کاتێک ئەرنەستۆ گیڤارا لە بیرەوەرییەکانی کوبادا باسی ئەوە دەکات دوای دروستکردنی ڕادیۆ دەستیان کرد بە بەرهەم هێنانی نارنجۆکی خۆماڵی مانای وابوو ئەوان بڕوایان بە سەرکەوتن هەبوە. 
ڕۆژئاڤا :نمونەی شۆڕشێکە بەمانا زانستییەکەی چونکە لەوێ خەڵکی مەینەتییەکانی و دەستکەوت و سەرفرازییەکانی بەهی خۆیان دەزانن. لەوێ لەگەرمەی شۆڕشدا کەسێکمان نەدی یان نەمان بیست بەناحەق بکوژرێت یان کوژرابێت. ئۆتۆمۆبێلێک ئاودیو نەکرا، نەمان بیستوە هێزێکی ترسنۆک لەپشتی قوربانییەکانەوە کە بەهێزی" ئاڕ ئاڕ " ناوی دەرکردوە گیرفانی چەتەکانی داعش بگەڕێن و دەستکاری ماڵ و ژیانی خەڵک و سامانی خەك بکەن و بدزن. شەڕڤانێکمان نەدی گلەیی بکات یان لەبەردەم کامێرایەکدا خۆی بابدات، ئەوان بە مانا زانستییەکەی شۆڕشگێڕن نەکەس دەزانێ چۆن نان دەخۆن، کەی نان دەخۆن چ جۆرە پلانێکیان هەیە، کەسیان ناکڕوزێتەوە داوای چەک ناکەن لە ووڵاتان، تەنانەت برینارەکانیان لەسەرەمەرگا سرودە شۆرشگێرێکان دەچڕن. شەڕڤانێک گەریلایەک نابینی خەندە لەسەرلێوی نەبێت. ئەوان لەفریشتەی ناو چیرۆکەکان دەچن و بۆنی ژیانیان لێدێت. گەریلا و شەڕڤان ئێستا لەناسنامەی هەموو کورد دەچن، ئەوان هەرگیز خۆیان ناکەنە هاوڕێ کڵۆڵی، ئەوان دڵنیان ئەم ساتە تاریک و پڕ وەیشومەیە کۆتایی دێت و خۆری سەرفرازی دەگاتە ئەوێ و نیشتمان ئازاد دەبێت، هەربۆیە داهێنان لای هەموو کەسێکە لەڕۆژئاڤا. بەگاڵتە ڕێزدار ساڵح مسلیم نەیووت :"ئێمە ڕێگە نادەین ئەزمونی باشور دووبارە بێتەوە لە ڕۆژئاڤا ". ئاخر باشور ئەگەر جوانیەکیشی هەبێت لەمێژووی ئەوساڵانەدا ئێستا ئەم سەربۆیاخانە ئەوەشیان قێزەون کرد وەک وادی خەرەکەی سەفرەو زەرون پڕیان کرد لە پیسایی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە