کاڵێ و لەیلا لە ئیمڕۆ بەدواوە!

Thursday, 09/06/2016, 5:15

4973 بینراوە


لە ئیمڕۆ بەدواوە، کاڵێ و لەیلا لەگەڵ باوکیاندا گەورە نابن، بەڵکو لەگەڵ تارماییەک و غەمێکدا، کە دەبێتە باوکییان گەورە دەبن.
---------------------------------------------
لە ژێر ئاسمانێکی پڕ لە تەم و مژدا، لە نێوان چوار دیواردا، لە ماڵێکی سارد و سوڕی پڕ لە غەم و پەژارەدا، دایکێک بە جلێکی سەرتاپا ڕەش، بە چاوێکی پڕ لە فرمێسک،  بە دەم و چاوێکی ماندوو، بە لاشەیەکی بێ هێزی مردوو، بە دەنگێکی لە رزۆک، لە کاتی نان خواردندا، لە کاتی خەوتندا لە پشووی تەنیایی و دوورکەوتنەوە لە چاوی دەور و بەردا، بە ووردی بۆیان باس دەکات کە چی رووی داو و چی گوزەرا و چی هات و چی دیت! باسی پاشەڕۆژیان بۆ دەکات، کە باوکیان دەستیی هەبووە لە تۆمارکردنی داهاتوودا!
کاڵی و لەیلا...
 لە ئیمڕۆ بەدواوە دایکتان بۆ ئیوە دەبێت بە سەرچاوەی درکانددنی ڕاستییەکان، ئێوە بە ووردی گوێی بۆ دایکتان شل دەکەن، هەوڵدەدەن کورترین ڕستە، بچووکترین ووشەی کە لە دەمی دایکتان دێتە دەرەوە فەرامۆشی نەکەن، چاوتان یاخی دەبێت بۆ هەتا هەتایە تەنیا سەیری دەمی دایکتان دەکات، چاوەرێی ئەو ووشانە دەبن کە لاتان گومانی دروست کردوە، بۆ ئەو ڕاستییانە دەگەرێن کە بۆ ئێوە وونن! 
لە ئیمڕۆ بەدواوە، هەردووکتان لەگەڵ تارمایی مرۆڤێک گەورە دەبن، لە هەموو شوێنک لەگەڵتانە، یاخییە و لێتان جوێ نابێتەوە. هەموو ساتێک هیوا دەخوازن ئەو تارماییە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت ببێت بە ڕاستیی، ئەو خۆزگەییە لەگەڵتاندا گەورە دەبێت!
 لە ئیمرۆ بەدواوە، ئێوە عەوداڵی چیرۆکێک دەبن لای خەڵک دەگوزەرێی، دەبێت بە رابردوو، دەبێت بە داستان و دەچێتە نێو مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا درۆ نییە ئەگەر بڵێم کۆن دەبێت لە یادیش دەچێتەوە! بەڵام بۆ ئێوە ئەو چیرۆکە سەرکێشە، بەرەنگاری کات دەبێتەوە، شەڕ لەگەڵ سروشت دەکات و نابێت بە رابردوو، چرکە بە چرکەی ژیانتان لەگەڵتاندا دەمێنێتەوە!  
لە ئیمڕۆ بە دواوە، هەر دووکتان گوێ شل دەکەن، پرسیار دەکەن، خەلکیش درێخی ناکەن لە باسکردن، بەڵام نازانن کە ئێوە بەدوای کام سەرە داودا دەگەڕێن! تێناگەن باسکردنی ئەو چیرۆکە لە دنیایی ئێوەدا چی دەخوڵقێنێت! خەڵک نازانن ئەو برینە سارێژ نەکراوەی جەستەی ئێوە بە باسکردنەکانی ئەوان چەندێک دەکولێتەوە! بۆ خەڵک نامۆیە کە باسەکانیان رۆژانە وەک ئەوە وایە دارێک ئاو دەدەن کە غەمێکە لە نێو دڵ و دەروونتاندا رەگی داکوتاوە و هەمیشە لە بەهاری تەمنیەتی!  
کاڵی و لەیلا...
رۆژگار دێت و رۆژگار دەڕوات، هەردووکتان گەورە دەبن، هۆش و ئاوەزتان دەرسکێت، بە هەزاران پرسیار لە دڵ و دەروونتان پەنگ دەخواتەوە، دەکەونە کێشە لەگەڵ خودی خۆتان و خەڵک، ئەو چیرۆکەی کە لای ئێوە بە زیندووی ماوە لای نەوەی تازە بۆ مردووە؟  ئەو تاوانانەی کە ئەنجامدران و ئەنجامدەدرێن، سەرە داوەکانییان لە کوێیە؟ بە دەستی کێیە؟ کێ ئەنجامی دەدات؟ ویژدان چی مانەیەک دەبەخشێت؟ یەک مانای هەیە یان چەند مانایەک؟ ئایا ویژدان لە بیناغەوە هەیە ؟ ئەگەرهەبێت ئایا لە ناخ و خودی هەموو مرۆڤێکدا ڕواوە یان نا؟
لە ئاکامدا، وێڵ دەبن بۆتان جوێ ناکرێتەوە کە مانای مرۆڤاییەتی لە کوێێە؟ بە دەست کێیە؟ مرۆڤایەتیی و نا مرۆڤایەتیی لە کوێوە دەست پێدەکات و لە کوێوە کۆتای دێت؟  بۆتان دەرناکەوێت کە سنووری نێوان مردن و ژیان چی جیایان دەکاتەوە؟ تەلبەندەکانی نێوانیان لە کوێیە؟ ژیان و مردن چی دەگەیەنن؟ ژیان و مردن یەک مانان یان  دوو مانای جیاوازییان هەیە؟ ئەگەر دوو مانا دەبەخشن ئەی بۆ ئەو تارماییە بۆ ئێوە هەر زیندووە!؟
تێبینی
باوکی لەیلا یەکێکە لە پاڵەوانانی رۆژئاو، باوکێکی گەنج لە شەڕی بەرەنگاری دژ بە داعش شەهید بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە