یەکگرتنەوەی یەکێتی و ئایندە هیچ شتێک بە میلەتەکە دەبەخشێت ؟

Sunday, 14/08/2016, 20:08

4058 بینراوە


وەک لەنوسینێکی پێشتر باسم لەوە کرد کە یەکێتیی فیکر( الوحدە الفکریە ) لە نێو هیچ لایەنێکی کوردستانی بوونی نیە، ئێستاش دەتوانین لەو روانگەوە یەکگرتنی یەکێتی و ئایندە بخوێنینەوە . بێگومان زیاتر لەوەی باسی ستی تر بکەین دەڵێین، بەرژەوەندی شەخسی و حزبیە کە ئەم نزیکبونەوە و  کارەی فەرز کردووە . بەخۆم بۆ زیاتر لە سی ساڵ کادر و رێکخستنی ئەم دوو حزبە بووم، باش ئاگاداری بیکردنەوەی سەرکردایەتی ئەم حزبە و یەکێتیشم و دەتوانم هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەم .
قەیرانی سیاسی و ئابووری ئەمرۆی کوردستان ئەوەندە قوڵە، هەر هەنگاوێکی سیاسی گەورە بێت یان بچوک بەهەر شێوەیەک، لەم رۆژەدا بنرێت، نغرۆ دەبێت و هەموو لایەنەکانی قازانج و زیانەکانی بە روونی ناخوێنرێتەوە . بەڵام رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد هەرچۆنێک بێت باشترە و، لە رووی کۆی گشتی بارودۆخی نێوخۆی کوردستان و دوبارە تێاهەڵچونەوە و یەکگرتن و نزیکبونەوە لە پێناو راستەرێکردنی تەرازوی هێز بە هەموو ئامرازێک دەکرێت لایەنی ئەرێنی باشتر بێتو، لەوانەش یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزە پەرشوبڵاوەکان قازانجی گشتی دەبێت . لێرەدا قسەمان لەسەر فرەیی و جیاوازی بیروبۆچونەکان نیە بە قەد ئەوەی ئایا بەم حاڵەتەی حزبە بچوکەکان تێیدان چیان پێ دەکرێت و، ئەگەر لەم قۆناغەدا کارێکی ئەوتۆ بکەن، پاڵنەر بێت بۆ قورسکردنی تای تەرازوی بەرەی پێشکەوتنخوازی لەبەرامبەر بەرەیەکی موحافزکاردا، کارێکی خراپیان کردووە ؟  بە تایبەتی رۆڵی حزبە بچوکەکان جگە لە پاڵپشتی یەکێک لە زلهێزەکان، لەم قۆناغە دورودرێژەی پێشودا، هیچ شتێکی تریان پێ نەکرا و، ناتوانن هەڵوێستێک وا دەربرن کە کێشەکان یەکلایی بکەنەوە و قازانجێک بە میلەتەکە بگەیەن لەهەر بوارێکدا بێت .
وەزعی سیاسی کوردستان لەم قۆناغەدا وا فەرز دەکات کە هێزە لەیەک نزیکەکان زیاتر کۆببنەوە و خۆیان لە بەرەیەکی یەکگرتوی هاوشان ببیننەوە . ئەگینا بارودۆخە بابەتیەکەیە کە رێگەیان پێ نادات رۆڵی خۆیان بگێرن، جەمسەرگیری و ململانێی ناوچەکە و پەیوەندیە دەرەکی و ناوەکیەکان و بەرژەوەندیە قوڵە ناوچەیی و جیهانیەکە ئەوەندە زاڵە،  بوون و رۆڵی سەرجەم حزبە بچوک و وردیلەکانی سریوەتەوە .
ئەوەی دیارە، کە بە ئاشکرا هەڵوێستی ئەم حزبانە بەسەر دوو بەرەدا دابەشکراوە، ئەگەر بە رەزامەندی و بۆچونی خۆشیان نەبێت، ئەمەش بۆ قۆناغێکی دوورو درێژی تر بەردەوام دەبێت و هیچ ئاسۆیەک نیە کە لە کێبرکێکەدا جێگۆرکێ بکەن و بتوانن جێگەی یەکێک لە زلهێزەکان لەق بکەن . بۆیە دەکرێت بڵێین چوار رێگە لەبەردەم ئەم حزبانەدا هەیە و هیچی تر:
1-هەوڵی یەکگرتنەوەی نێوان خۆیان بدەن و قورساییەک دروست بکەن و خۆیان فەرز بکەن و بەرەیەکی سێیەمی جیاواز دروست بکەن کە ئەمەش دوورە لە جێبەجێکردنەوە، لەبەر ئەوەی لەهەموو بوارەکاندا لەژێر رکێفی زلهێزەکاندان و ئازاد نین لە برایار داندا، ئەمەش لەبەر چەندین هۆکاری تایبەتی خۆیان، لە پێشەوەی هەموو هۆکارێک، باری ئابووری و مادی و چونێتی بەرێوەبردنی کاری ریکخراوەیی و سیاسی خۆیان . تۆ تەماشای بزوتنەوەی گۆران بکە کە بەو شێوەیە هاتە مەیدان، سەرەرای خۆ دوور گرتنی لە کاری بیروقراتی و ئۆفیسکاری، بەڵام وەزعەکە خۆی فەرز کرد و باری ئابووری بزوتنەوەکە بوو کۆمەڵێک هەڵوێستی لەسەر فەرزکرد، کە ئەگەر ئەم حاڵەتە نەبوایە کۆمەڵە هەڵەیەکی ئاشکرای نەئەکرد . لەوێشەوە هەڵسەنگاندن بۆ حزبە بچوکەکان بکە .
2- یەکگرتنیان لەگەڵ یەکێک لە زلهێزەکاندا بە پێی نزیکی لە بیرو بۆچون و سیاسەت و مێژوو، قازانج بە بارودۆخی سیاسی کوردستان و ستراتیجیەتی کارکردنی هەر لایەنێک و لەوێشەوە بە گەلەکە دەبەخشێت . 
3- خۆ سرکردنی ئەم حزبانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و چاورەێکردنی قۆناغێکی تری لەبار بۆ هاتنەوە مەیدان  . 
4- خۆ هەڵوەشانەوە و رێگەدان بە تاکەکانیان هەر رێگەیەک بگرنە بەر، ئەمەش ئازایەتی دەوێت، چونکە زیاتر بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو دەگیرێت و، ئەک کارە زۆر دوورە لە رەفتاری ئەم حزبانەوە، لەبەر ئەوەی زۆرینەیان لەکاروکردەوەکانیاندا هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی ریگایەک دەبن بۆ خۆقوتارکردن و زامنکردنی بەرژەوەندیە تەسکەکانی تاکە کەسەکان، بەتایبەتی سەرکردەکانیان .
بۆیە نزیک بونەوە و یەکگرتنەوەی حزبە کەمکاریگەرەکان، یان بڵێین بچوکەکان لە دەرئەنجامدا باری نێوخۆیی کوردستان بەرەوە رێکخستنەوە دەبات و، خەڵک لە دیاریکردنی هێزەکان پشت بە کۆمەڵێک فاکتەری دیاریکراو دەبەستێت و خەڵکی بێلایەنیش روو لە زیادبوون دەکات، کە کارێکی زۆر تەندروست و سروشتی ژیانی میلەتانە . هەموو کەسێک لەوباوەرەدایە تەنانەت بریاری خۆ هەڵوەشانەوەی هەر حزبێک شەریفتر و دڵسۆزانەترە لەوەی ببیت بە سێبەری حزبێک و، زلهێزێک بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت . خەڵکیش لەجیاتی ئەوەی دەستی ئاشەوان بلێسێتەوە ئاشەکە بلێسێتەوە مەردانە ترە .    

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە