بۆچی مەلا بەختیار خیشی کرد

Saturday, 27/08/2016, 19:04

3935 بینراوە


 ڕۆژی پێنج شەممە مەلا بەختیار لەگەڵ وەفدێکی یەکێتی بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن . کاری ئەم وەفدە بۆ هەر شتێك بێ،باسی ئەم ووتارە نیە. بەڵکە،خۆ خزاندنە نێو ئەم وەفدە و ڕۆیشتن بەرەو بەغدا هەرگیز لەوەو پێش کاری مەلا بەختیار نەبوە. کەچی ئەم جارە بۆ شاردنەوەی پەستێتی و نیگەرانی خۆی لە دانانی هەڤاڵ ئەبو بەکر وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی،بەرەو پایتەخت قووچاندی.
مەلای بێعەمەل هەر لەسەرەتاوە و زۆر بەخەستی دژی دانانی هەڤاڵ بوو بۆ پارێزگاری سلێمانی . پاساوی مەلا ئەوەبوو(هەڤاڵ) کۆنە بەعسیەو شانامەی بەسەر سەدامدا نووسیوە. ڕاستی و دروستی ئەو ووتەیەی مەلا بەختیار چەندەو چەند جێگای باوەڕ پێکردنە،ئەوا هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێ لەبەرئەوەی کەم کەسی بێ فایل و سیخوڕ و جاشی هەرێمی و دەوڵەوتی لەنێو بەرپرسەکانی شاخ و نەوەکانی ڕابردووی بەناو شۆڕشی کورد،نەبوەو زۆربەیان خاوەنی فایلی قەبەو ڕابردووی ناشرین و پۆخڵن. بۆیە ئەو پاساوەی مەلا بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر شتێکی زۆر کاریگەر نەبوو لەڕوانگەی ئەوانەی لەپشت کاندید کردنیەوە بوون. دیارە مەلا بەحوکمی عەشایری و نزیکی لەماڵی مامە کەنەفتەکەیەوە نیازی بوو فیشەکی گڕدار بتەقێنێ،لێ نەیزانی هێرۆ و نەوشیروان تازە حسابی تورێکی قووڕاوی بۆ مامە بێ زمانەکەیان ناکەن. 
مەلا بەختیار هەردەم خۆی وەك ژمارەیەکی گەورە ئەبینێ و خەریکی نووسینی شتگەلێکی گەورەیەو زۆر حەزو ئارەزووی کۆنفراس و دیداری تەلەفیزێۆنی و چەلەحانێی بێ مانا هەیە. هەر لەو ڕوانگەیەوە ،وا ئەزانێ لەناو یەکێتی کەسی تیا نیە لەو قارەمانتر و زیرەکتر. نازانێ ئەورۆ یەکیتی چی دی پێوستی بەکەسی کارامەو کادیری تێگەیشتوو نەماوە. یەکیتی وەك پارتی و بگرە خراپتریشی لێهاتوە. بۆیە باری خواری یەکێتی وەك گۆچانەکەی مامەی لێهاتوەو ئیفلاتۆنی حەکیم بۆی ڕاست ناکرێتەوە. مەلا بەختیار ئەم جارەش نەختێ خۆی ڕائەوەشێنێ و ڕەنگە تۆزێکیش بزرکێنێ تا ئەو کاتەی شتەکان ئاسی ئەبنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە