گیانبەختکردوو،"بارزان حەمەی سابیر" هەرگیز لەیاد ناچێت

Monday, 07/11/2016, 0:07

4699 بینراوە


کەمتەرخەمیم لە ئاست،راگەیاندنی بیرەوەرییەکانم لەتەک شەهید بارزان دا، هێندەم ئازار دەدەن،تا ئەو شوێنەی وا دەزانم، هەموو هەست و هۆشم بە تەواوی گوشراوە و یەک دنیا چاوەڕوانی وا بەسەرمەوە و منیش، لە ئەنجامدانیان نەک هەر خاووخلیچکی دەکەم،بەڵکو ئامادەش نیم، جووڵەیەکی بچووکیش نیشان بدەم ،بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکەی سەر شانم.. ئاخر دەبوو لەمێژبووایە، بە چەند سەرە قەڵەمێکیش بێت،ئەو هەست و خۆشەویستییەم; کە لە سینە و بیرەوەرییەکانمدا، خۆیان مەڵاس داوە، و دەچنە خانەی هاوبیرێتی و پەراوێزی برایەتییەوە بەرامبەری دەربڕم. 
پرسیار ئەوەیە تا کەی دەتوانم بەم بارودۆخەوە ،بەم یاد و بیرەوەرییانەی هەمە لەگەڵ هاوبیر بارزان دا بژیم و نوتەقم لێ نەیەت و هەر گێنگڵ بخۆم و چاوەڕێی هەڵکەوتنی دەرفەتێک بکەم؟؟.کە رەنگە سازبوونی دەرفەت بچێتە ئاستی مەحاڵەوە. چونکە جەنجاڵی و سەختی ژیان و زۆربوونی ئازار و دەردەکان،مخابن هەرگیز کۆتایی نایەت.
خۆشەویستیم بۆ ئەم هاوبیرە،هەڵقوڵاوی قوڵایی دڵە، و زۆر بە تایبەت، لە چرکەساتەکانی باس و خواستی پاسۆک و هاوبیراندا، دەمودەست چرۆ دەکاتەوە و دێتەوە بەر باس و، دەیەوێ بێتە گوڵەخونچەیەکی هێندە رازاوە،خۆی لەیەخەی هەر دڵسۆزێکی کوردایەتیدا بدۆزێتەوە... دڵسۆزی و ئازایەتی و مەردایەتی و جوامێری ،گەر باسگەلێکی نێو دنیای شۆڕشگێڕی بن، وا سەرلەبەریان لە پانتایی ژیان و تێکۆشانی کاکە بارزان دا دەبینرانەوە. 
بەندە، ماوەیەکی زۆر پێش ئەوەی راستەوخۆ هاوبیر بارزان بناسم،لەگەڵ هاوبیر حەمەیادگاری خزم و هاوڕێ و هابیریدا، هاوکاری کاکە حەمەی سابیری باوکیمان دەکرد. کاکە حەمە دوکانی فرۆشتنی تەختەوداری هەبوو..زۆرکات بەسەر هاوبیر حەمەیادگار و مندا بە جێیدەهێشت.. ئێمەش بەدەم چاودێڕی دوکان تاوڵەکردنەوە،ناراستەوخۆ کردبوومان بە نیمچە بارەگایەکی کاروباری پاسۆک..کاکە حەمە خۆیشی دەیزانی،لێ چ دەنگی نەدەکرد...
چەند نموویەک لە بیرەوەرییەکانم لەتەک ئەم هاوبیرە تێکۆشەر و دڵسۆز و قارەمان و چاونەترسەدا.
ـ رۆژێکیان پیاسەیەکی دوورودرێژمان لە بەردەکی سەرای سلێمانییەوە،هەتا بناری گۆیژە،بەنێو گەڕەکی تووی مەلیکدا کرد..دواتر گەڕاینەوە و چووینە مزگەوتی عەلی کەمال و نوێژمان کرد ـ ئەودەم نوێژکەر بووم ـ. لەو پیاسەیەدا بە دەیان جار گوێم  لێبوو، دەوترا،ئەوە کوردە سووری پاسۆکە.. کەواتە باش ناسراو  و سڵی لێدەکرایەوە.
ـ رۆژێ هاوبیران،(بەندە،حەمە یادگار،برایەکی و پورازیەکی،مەلا فایەق،رێباز، ئومێد عەباس،مامۆستا فاروق و بارزان خۆی) ئەم ناوانەم لەیاد ماوە..لە ماڵی هاوبیر بارزان، خەریکی کۆبوونەوە بووین.... باوکی ،کاک حەمەی سابیر،لە باخە بچکۆلانەکەیاندا،سەرگەرمی ئیشکردن بوو... دایکی هەر بە خزمەتکردنی ئێمەوە خەریک بوو.لەناکاو،کاکە حەمە خاکەنازەکەی دەستی کە بڕێک شل ببووەو،هەڵیگێڕایەوە،کلکەکەی دەکێشا بە زەویدا، بۆ ئەوەی هەندێک توند بێتەوە،کەچی دەمی خانەزەکە لە تەپڵی سەری چەقی و نیوە قاشی کرد و تەواو بریندار و بێتاقەتی کرد.. ئێمە هەموو بارودۆخمان ئاڵۆز بوو، نیگەران بووین بڕەکیش شەرم دایگرتین،کەچی چ کاکە حەمە و چ گیانبەختکردوو،هاوبیر بارزان، نیگەرانییەکیان نیشان نەدا و داوایان کرد، لەسەر کاری خۆمان بەردەوام بین...
ـ رۆژێ لەنێو بازاڕەوە دەگەڕاینەوە بۆ لای ماڵی ئەوانەوە، ماڵیان لەگەڕەکی شێخ محێدین بوو،پشتی ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی، پێموابێت هاوبیر حەمەیادگاریشمان لەگەڵ بوو، دەبوو بە بەردەم دائیرەی ئاسایش و سیخوڕی سەربازیدا(امن و استخباراتی عسکری)دا بڕۆین..ئا لەوێدا،وتی: گەر شتێ بوو،ئامادە بە،ویزەیەک و دوو نارجۆکم پێیە..
ئەمە لە کاتێکدا ئەم کارەی دەکرد،کە خەڵکی ئاسایی دوور لە کاروباری حیزبی، لەو رۆژگارەدا نەیدەوێڕا بەو ڕێگا و بەردەمی ئەو دەزگا ترسناکانەدا بڕوات...
ـ ساڵی ١٩٨٤،تازە بەرگی دووەمی کتێبی" مرۆڤ و دەوروبەر"ی مامۆستا مەسعوود محەمەد، دەرچوو بوو،لە کتێبخانەکانی سلێمانیدا نەما و دەست نەدەکەوت...چەپ و کۆمەنیستەکان بە ژمارەی زۆر دەیانکڕێ و لەناویان دەبرد،بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست کەس... من و هاوبیر حەمەیادگار لە هەولێر و کەرکوکەوە،نێزیکی (٥٠) نوسخەمان هێنابوو بۆ سلێمانی. ویستمان بیدەین بە کاک یوسف محەمەد و سمایلیی برای،کە ئەودەم لەسەر شەقامی مەولەوی لەژێر کاتژمێرەکەدا ،بەهاوکاری رەوانشاد مەحمود خاکی کتێبیان دەفرۆشت،تا ساخی بکەنەوە و بیفرۆشن.. کاک یوسف،کە زۆر خۆشەویست و هاوڕێم بوو،کتێبەکانی لێ وەرنەگرتین و وتی من کتێبی ئەو (رەجعییە)نافرۆشم... هەر زوو هاوبیر بارزان، لێ راپەڕی و گەر ساردمان نەکردایەتەوە،ئازاری کاک یوسفی دەدا..(ساڵی ٢٠١٤،ئەم باسەم جارێکی تر بۆ کاک یوسف لە سلێمانی گێڕایەوە،پەشێمانی خۆی نیشان دا).
ـ رۆژێ بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی نامەی سەرکردایەتی پاسۆک هاتبوو، دەماندایە کەسانی دەوڵەمەندی ناو شاری سلێمانی بۆ ئەوەی هاوکاری پاسۆک بکەن...چەند دێڕێکی نامەکەم لە بیرماوە. دەقی نامەکە بە سۆزێکی کوردانەی گەرم نوسرابوو... لە ژێریشەوە،لەسەری نووسرابوو.. هاوخوێن و کوردی بە ئەمەک و روومەت،گەر باوەڕ بەم نامەیە ناکەیت و یان ناتەوێ کەس بە هاوکارییەکەت بزانێ،دەتوانی پێوەندی بە بارەگاکانی پاسۆکەوە لە بناری سورێن بکەیت و یارمەتییەکانت بگەێنیتە ئەوێ.. مەبەست لەمەش هەر بۆ دڵنەوایکردنی هاوخوێن و هاووڵاتیان بوو،تا تووشی مەترسی دامودەزگا دڕندەکانی بەعش نەبنەوە.
جێی خۆیەتی لێرەدا، خاڵێکی تری تژی لەسەر بڵندی و دڵسۆزی، هاوبیر بارزان تۆمار بکەم،ئەویش  هاوبیر بارزان هەر بەوەوە نەدەوەستا، ئابوونەوەی مانگانەی خۆی و کۆمەکی ماڵەوەیان وبیدات بە پاسۆک ،بەڵکو دەخیلەی پاشەکەوتی خوشکەکانیشی دەخستە سەر و ئەوجا یارمەتییەکانی دەنارد بۆ سەرکردایەتی پاسۆک...ئاخر ئەوە چەمکی دڵسۆزی و بێنیازی خەباتی کوردایەتی جاران بوو.
یەکێ لەو شوێنانەی چووین، بۆ داوای یارمەتی، دوکانێکی زێڕنگەربوو، لە نێزیک دەرگایەکی قەیسەری نەقیب و بەرامبەر بە قەیسەری وەسمان پاشا... هاوبیر بارزان چووە ژوورەوە و نامەکەی بەڕێزەوە دا دەست کابرا..من و هاوبیر حەمە یادگار و نازانم کێ تریش بوو، لەدەرەوە پاسەوانیمان دەکرد... هێندەم زانی کابرا دەنگی بەرزکردەوە و خۆی تووڕە کرد.. بارزان بڕەک هێوری کردەوە سوودی نەبوو،خەرکی بوو مەسەلەکە گەورە بێت،هاوبیر حەمەیادگار،خێڕا چووە ناو دوکانەکە و گیانبەختکردوو بارزانی هێنایە دەرەوە و ئەو ناوەمان جێهێشت.. تومەز کابرا وتبووی ،یارمەتی بە پاسۆک نادەم و هەڕەشەی کرد بوو. لەراستیدا ئێمە لەوە دەترساین بارزان دەست بکاتەوە و چەک بەکار بهێنێ..خۆشبەختانە بە سڵامەتی کارەکە بە ئازایەتی حەمەیادگار کۆتایی هات.. 
ـ بەردەوام نامەی دەنووسی و هەواڵی بۆ رەوانشاد کاک م. کەریم دەنارد، داوای نارنجۆک و مین و تەقەمەنی لێدەکرد،تا لە عەرەبستان لە بەخدا و ئەو شارانەی دیکە دژی داگیرکەر بەکاریان بهێنێ..
ـکاتێ هاتمە دەرەوە،نامەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و ئەمەکی بۆ رەوانشاد کاک ئازاد نووسی و داوای لێکردبوو...بە هەموو شێوەیەک هاوکارم بێت...کاتێ نامەکەم دا بە کاک ئازاد،بەڕێزەوە وەری گرت و نرخی پێ بەخشی...
رەوانشاد کاک کەریم ،جارێکیان باسی لە ئازایەتییەکی کەموێنەی هاوبیر بارزان کرد..کە بەداخەوە باش وەبیرم نایەوە،دەنا ئەویشم دەخستە سەر خەرمانی ئەم کۆمەڵە بیرەوەرییانە... پێموابێ لە رۆژی گیان لەدەستدانی تێکۆشەر و مامۆستا هەڵکەوتوو کاک فەتاح ئاغادا بووە، هاوبیر بارزان قارەمانێتی لە رزگارکردنی تەرمەکەیدا گێڕاوە(هیوادارم بە هەڵەدا نەچوو بم)... 
( ٥) هاوبیری گیانبەختکردووی پاسۆک،بێستون،بارزان،کاک ئازاد،جەمال،شێرکۆ
هەرچی بنووسم و بڵێم هێشتا بەدامێنی گەورەیی و هەڵکەوتوویی ئەم کادێرە باڵابەرزەی کورد و پاسۆکدا ناگات...خەسڵەتی ئازایەتی و جومێریی و دڵسۆزی هاوبیر بارزان، هەموو سنوورێکی بەزاندبوو،بە هیچ نەدەسرەوت و،دانەدەبوو و لە جوڵە نەدەکەوت..یەک چرکەسات نەبوو،ئەو رۆڵە بە ئەمەکە،لە کوردایەتی و خەم و پەژارەی کورد غافڵ بووبێت..تا سەر ئێسک و قوڵایی دەمارەکانی لەش و خوێن و جەستەی لە هەوڵ و تێکۆشان دا بوو،بۆ ئەوەی خزمەت بە دۆزی رەوای نەتەوەکەی بکات... 
ئەم هاوبیرە تێکۆشەرە، ساتێ دەزانێ بارەگاکانی پاسۆک بەرشاڵاوی تۆپبارانی داگیرکەری بەعس بووەتەوە،خێرا دەچێت بەهانای هاوبیرەکانییەوە.. مەخابن و هەزاردەستی شکاو،گولە تۆپێک دەیپێکێ و خوێنە ئاڵ و گەشەکەی دەڕژێتە سەر خاکی شیرینی کوردستان و  گیانە پیرۆزەکەی لە ئاسمانی کوردستاندا دەداتە شەقەی باڵ  و لەگەڵ گیانبەختکردوو هاوبیر و کادێری پێشکەوتووی پاسۆک شیرکۆدا دەڕفێت و دەچنەوە بۆلای هەوار و مەنزڵگای ئازادیی و سەربەخۆیی فەرهاد خەفاف و ملازم حەمە شەوقی و دەیان هاوبیریی تری تێکۆشەر 
جوانییەکی تری ئەم هاوبیرە ئازیزە،ئەوە بوو، کاتێ پەڕاگەندەی ئەوروپا بووم،چ خۆی و چ هاوبیر حەمەیادگار و برایانی تریش،پێیان لە ماڵی باوکم وەک ئەمەک خۆشەویستییەک نەبڕی...ئەمە ئەوپەڕی دڵسۆزی و خۆشەویستی نیشان دەدات... تاجەگوڵینەی ئەمەک و دڵسۆزی
هەستی گەرم و جوانی کوردایەتی
باوەڕی بە پەرۆشی سەرکەوتن
پەیامی بەرزیی سەربەخۆیی
سڵاوی ئازادی و یەکسانی دەکەمە پەیامی دەستم و چەپکە گولیلکی بۆنخۆشی کوردەواری و بە کاوەخۆ لەسەر گڵکۆکەت دەنووشتێمەوە و دەڵێم:هاوبیر،هاوبیری ئازیز،لە یاد نەچوویت...
ئاخر، ئەو وڵاتەی ئێوە ماندوو بوون بۆی و قوربانیتان دا و خوێن و ژیانتان پێشکەش کرد،ئێستا هێزێکی گەورەی مۆڕاڵی پێ بەخشیوین..رێبازت زیندووە ، ئاڵای وڵات شەکاوەیە،باوەڕی بەرزی کوردایەتی گەش و سەربەرزە..دە بنوو،خەوی شیرینت بێت،بۆ  ئارامگای سەرفرزی "کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان"....
هاوبیر بارزان،لە باوەشی بنەماڵەیەکی نێوداری خاوەن خەبات و تێکۆشان لەدایکبووە،بنەماڵەی حەمەی سابیری کوڕی کەریم بەگی کوڕی فەتاح بەگی هەمەوەندی ئینگلیزبەزێن...ساڵی ١٩٥٧،لە شاری سلێمانی لەدای دەبێت و هەر لەسەردەستی،بنەماڵەکەیدا بە کوردایەتی گۆشت دەکرێ. خوێندنی سەرەتایی و ئام،ادەیی تەواو دەکات. هەر زوو ئالوودەی کاروباری سیاسی دەبێت و لە رێکخستنەکانی پاسۆکدا دەستبەکار دەبێت.. دواتر شاڵاوی دەستگاکانی بەعس ناچاری دەکەن، روو لە بارەکانی پاسۆک دەکات و ساڵی ١٩٧٨،دەبێت بە پێشمەگەی پاسۆک...ساڵی ١٩٨٢،دێتەوە و لەسەر داوای حیزب لەناو شاری سلێمانیدا،جارێکی تر دەست بە تێکۆشان دەکاتەوە و سەرپەرشتی بەشی سەربازی رێکخستنەکانی شاری سلێمانی دەکات و کۆمەڵێ چالاکی گەورە ئەنجام دەدات... ساڵی ١٩٨٥،،رژێمی بەعس زۆر دڕندانە دەکەوێتە گیانی جەماوەری کورد و دڕندانە شاڵاوی سەربازی بەرامبەر بە بارەگای حیزبە سیاسییەکان دەدات..بارەگای پاسۆکیش لە بناری چیای سوورێن،دەکەونە  بەر ئەم شاڵاوە...هاوبیر بارزان کاتێ ئەو هەواڵە دەزانێ و هەست بە مەترسییەکان دەکات،خۆی پێ ناگیرێ و بە هەڵەداوان ،بۆ بەرگری لە هاوبیران و بارەگای پاسۆک،خۆی دەگەیەنێتە،بەرەکانی شەڕی دژ بە داگیرکەر.. ئەم کارەش بێ رەزامەندی سەرکردایەتی حیزب دەکات..ئیدی لە بەختی کەچی کورد،لە رۆژی ٢٥/٧/١٩٨٥،دا لە تەمەنی ٢٨ساڵیدا، گیانە پیرۆزەکەی دەبەخشێ بە پاسۆک و کورد.. هەزاران هەزار سڵاوی کوردانەت لێ بێت و گڵکۆت بێتە چراخان و  پڕ لە گوڵاو  بێت.
ئەم چەند کورتە باس و بەسەرهاتانە،پاداشتی قەرزی ئەو هاوبیرەم لەسەر لانابات،لێ هێندەک باری سەرشانمی پێ سووک بوو..
ئەم چەند کورتە باس و بەسەرهاتانە،پاداشتی قەرزی ئەو هاوبیرەم لەسەر لانابات،لێ هێندەک باری سەرشانمی پێ سووک بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە