ئایا گوادلوپێکی دیکە بەڕێوەیە ؟

Sunday, 20/11/2016, 21:02

3135 بینراوە


پێشگووتن :
گوادلوپ یانژی گوادولوپ (Guadeloupe) دووڕگەیەکە لە رۆژئاوای ئوقیانووسی ئەتڵەسی لە زەریای کارائیب . ئەو دووڕگەیە بەشێکە لە خاکی وڵاتی فەڕانسە . لەو  شوێنەدا بوو کە قوڕیان بە سەر خەڵکی ئێڕان و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کرد، بۆیە ئەوە ٣٧ ساڵی رەبەقە ئەو قوڕە خەستتر دەگرترێتەوە ورۆژ بەرۆژ ژیانی خەڵک بەرەو نەهامەتی سەردەنێتەوە. لە ساڵی ١٩٧٥ مانگی ژانویە ( دەکاتە بەفرانباری ساڵی ١٣٧٥ ی هەتاوی ) بە بەشداری بەر پرسانی باڵای وڵاتە زلهێزەکانی وەک :ئامریکا ، ئینگلیستان ، فەرانسە ، ئاڵمانی رۆژئاوا، کۆنفڕانسێک بە میوانداری ،، ژیسکاردەستەن ،، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەڕانسە ،، بەڕیوە چوو کە سەرەکیترین وگرینگترین قسەوباسی ئەو کۆنفڕانسە ، باس کردن لە سەر باری نائاسایی وئاڵۆزیەکانی ئێران تا وەلا نانی دەسەڵاتی شای ئێڕان بووە .
لەو کۆنفڕانسە ئەو زلهێزانە بە ڕاشکاوی باسیان لە ڕۆیشتنی بە پەلەی شای ئێڕان کرد لە وڵات! بەو واتایە دەبێ هەر چی زووترە / شا / وەدەرکەوێ. بەتایبەت وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئامریکا ( جیمی کارتێر ) رایگەیاند کە کاتی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی ئێران هاتووە ودەبێ بنەماڵەی پەهلەوی دەست لە تەختوبەختیان هەڵگرن وکۆماری ئیسلامی بێتە سەرکار!
" قسەی بابەت "
ئەوە ٣٧ ساڵە کۆماری ئیسلامی جڵەوی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. ئیمامی عەلیش تکایان لێ بکا دەست لە دەسەڵات هەڵناگرن. بەڵام ئەوەی کە کاربە دەستانی کۆماری ئیسلامی ونەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ جێگای پرسیار بێ ئەوەیە : خەڵکی ئێران وئیمامی / راحیل /  بە کوردیشەوە وبە حیزبە کوردیەکانیشەوە وا دەزانن کە خەڵکی ڕەشورووتی ئێران دەسەڵاتی ٢٥٠٠ ساڵەی پادشایی سەراونخوون کردوە. ئێستێ خومەینی نەماوە، بە پێی حێسێبی خۆیان لە بەهەشتە وخەریکی چاو چاوێنە دەگەڵ حۆریەکانی بەهەشت وهەر تاوێک یەکیان جامێک شەڕاب ئەنتەهووری دەدەنە دەست ! لە وەش بترازێ رەنگە حیزبەکانی لای خۆن وا بیر بکەنەوە کە ئەوە ئێمە بووین بە تفەنگێکی ژەنگاوی شای ئێرانمان رووخاند.
ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ٣٧ ساڵی دەوام هێناوە من پێموایە هونەری کردوە. خۆزگە ئیمـەی کوردیش ئاوا زیرەک بوایەن توانیبامان بە هاوخەباتی خۆمان کەیانێکی سەر بەخۆ وئازاد پێک بێنین. هەرچەند کۆماری ئیسلامی فڕی بە سەر ئازادی ووەکهەویدا نییە. لەو ماوەیەدا زۆر ئاڵگۆڕی مەزن هاتن وچوون. دەیان تڕاژیدیا بۆ کورد وگەلانی دی چێ بوون. ئەوەی ئەو ڕۆ لە بەر چاوانە پێمان دەلێ : کورد ئەگەر خاوەنی ستڕاتیژی خۆی بۆ چارە سەری نەبێ قەت سەرناکەوێ. بەڵگەشم بۆ قسەکەم ٢٥ ساڵ تەمەنی نیگریسی بنە ماڵەی بارزانی وتاڵەبانییە. کە بوونە مایەی نەهامەتی بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی وڵات.
زۆر سرنجڕاکێشە کە لە ماوەی ٣٧ ساڵی رابوردوودا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەزاران مرۆڤی بێتاوانی کوردیان لە ژێر ناوی زەحمەتکێش و رەنجدەرو خودموختاری وسوسیالیزم وکومونیزم وئاڵا سروودو،،،،، بە کوشتداوە کەچی باس لە / رووخاندنی / کۆماری ئیسلامی دەکەن ئەویش بە تفەنگی بە قەرز ! ئەویش لە سیستمی کەمپ نشینیدا ! جارێک داوای خودموختاری دەکەن ، جارێک فدڕاڵی، جارێک بە خاڵی ١٥و ١٩ یاسای بنەڕەتی ئێڕان رازی دەبن. جارێکیش بەشێکیان باوەڕێان بە / راسان / وشەڕی چەکداری هەیە ئەوی دیشیان باوەڕێ بە خەباتی مەدەنی کە ئەو خەباتەش لە سەرنووکی تیژی زولفەقاری ئیمامی عەلی دانیشتووە !
شۆڕشی باکوری کوردستان ئێستێ لە حاڵی حازردا بۆتە شۆڕشێکی ناونەتەوەیی وناسراو. ئەو رێبازە لە ریزی یەکەمی شەڕدایە دژی دڕندەیەکی وەک / داعش / . هەر بۆیە دەسەڵاتی ئەردۆغان بێچارە ماوە ونازانێ چۆن بەرەنگاری شۆڕشی باکور ببێتەوە. وادەزانێ بە زیندانی کردنی ئەو قارەمانانە کۆتایی بەو سەرهەڵدان دێ جگە لەوانەش رۆژ لە رۆژ زیاتر ئامریکاو رۆژئاواییەکان لە هەڵویستی سیاسی فاشیزمی تورک ناهۆمێد دەبن.
رۆژی ١٨ / ١١ /٢٠١٦ هەمیسان بە بەرشداری وڵاتانی ، ئیسپانیا ، ئامریکا ، فەڕانسە ،ئیتالیا ، ئاڵمان، ئینگلیز، خەریکە گوادلوپێکی دیکە پێک دێ بەڵام ئەو جار لە وڵاتی / ئاڵـمان / بەڕێوە بچێ. لە رابوردوودا جوگڕافیای ئەو کۆبوونەوە لە دووڕگەی گوادلوپ پێک هاتبوو، ئێستێ تەنیا شوێن گۆڕاوە . رەنگە ناو نیشانی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەو زلهێزانە یەکەمجار وڵاتی / تورکیا / دەبێ کە ئەندامی ناتۆیە و پاشان / ئێران  / دوای ئەوەی دۆناڵد تڕامپ بوو بە سەرۆککۆماری نوێی ئامریکا.
گەلانی ژێردەستەی دەسەڵاتە دیکتاتۆڕەکان وا فێر کراون کە تەنیا دژی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ ئاڵوگۆڕەکان خۆیان ئامادە بکەن. کاتێك کە دەسەڵاتی سەرکوتکاری ناوەندیان رووخاند ، ئیدی بیر لە دانانەوەی سیستمێک ناکەنەوە کە بە شێوەیەکی جیاواز وئازاد وڵات بە ڕێوە بەرێ . نموونەی هەرە زیندوو ئێران وتاقمێک لە وڵاتە عەڕەبیەکانن. پاش ئاڵگۆڕی سیستمی سەردەست ، بە سەر سیستمێکدا دەکەون کە هێدی هێدی لە وەی پێشوو خراتر دەبێ. بۆیە دوای رووخانی سەددام ، بەرپرسانی حیزبی لە باشوور هیچ پڕۆژەیەکی کوردخوازانەیان بە دەستەوە نەبوو ، جگە لە نۆکەرایەتی ودزی وفزی. بۆیە هێدی هێدی قورسایی سیاسی خۆیان خەریکە لە دەست دەدەن وئیدی دونیای دەرەوە متمانەیان پێناکا.
" ئایا گوادلوپێکی دیکە بەڕێوەیە ؟ "
هەڕەشەکانی دۆناڵد تڕامپ ، پێش هەڵبژاردنەکانی ئەو دوایەی ئامریکا ئەوەمان پێدەڵێ کە دەبێ کۆماری ئیسلامی خۆی دەگەڵ پێوانەکانی نانەتەوەییدا بگونجێنێ. هەروەها بۆ داهاتووی ئامریکاش بە رواڵەت دژی سیاسەتەکانی ئاغای ئۆباما بووە لە ئاستی دەسەڵاتدارانی تاران. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە : ئایا گوادلوپێکی دیکە بە رێوەیە ؟ ئایا دوای شەڕی داعش نۆرە دەگاتە / تاران / ؟ یانژی نۆرە دەگاتە تورکیەی ئەندامی / ناتۆ / ؟ قسە زلەکانی تڕامپ تا سەر قەزەپۆش ناکرێن. ئەوەی ئەو وادەی دابوو واوێدەچی ئەگەر نیوەشی بە ئەنجام بگەیەنێ رەنگە تووشێ شەڕێکی مەزنتر بێتەوە لە جەنگی دژی داعش !چارە نووسی کورد بە گشتی وبە تایبەت لە باشوری ژێر دەستی ئەو ئۆخلۆکڕاتانە چی بە سەر دێ ؟ مامۆستا هێمنی نەمر گووتنی : سەخت وناهەموارە ئەوڕێگەیە . هەڵسەنگاندنی ئەو بارودۆخە بۆ گەیشتن بە راستیەکان کاری حەزرەتی فیلە.!
" قسەی کۆتایی بۆ زاخاوی مێشک ! "
قەرارە ئەگەر گوادلوپێکی دی چی بێ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتە جێی کەمپەکانی کۆی سەنجەق وزڕە گوێزن ، داوەت بکرێن تا بڕیار لە سەر رووخانی دەسەڵاتدارانی داگیرکاری کوردستان بدەن ! لەو ڕەشبەڵەکەدا سەرچۆپی کێش بۆ شاییولۆغانی دەوڵەتی کوردی کا،،،،، مەسعود بارزانی دەبێ ! مەمبارەکە !
جەعفەر کەریمی
سندوقی کوردستان پۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە