دزی بێمنەت... حکومەتی بێمنەت، قادر حمەجان عزیز وەک نمونە

Saturday, 26/11/2016, 23:16

7643 بینراوە


دادگایەک زوڕنای حزب بێت، هەر ئەبێ دز تیایا بێمنەت بێت
ئێمە خاوەنی ئەزمونێکین گەر لە ئایندەدا مێژودا بنوسرێتەوە، دەبینە سەیرو سەمەرەترین لاپەڕەی مێژوو، لە ئێستاشدا ئەم خەڵکە بەدەست کەمینەیەکەوە گیری خواردوە، کەمینەیەک کە خۆیان هەموشتێکیان هەیە کەچی خەڵک هیچی نییە تەنانەت موچەش. کەمینەیەک تەلاریان بۆ ئاسمان ناردوە، قومار بە ماڵ و چارەنوسی خەڵکەوە دەکەن، لە تەڕ ئەخۆن و لە وشک ئەخەون، ئەم کەمینەیە هەموشتێکیان لەخەڵک سەندوە، بەڵام کە قسەیان لەگەڵ دەکەی و پرسیاریان لێدەکەیت ئەمەت لەکوێ بوو، بە ئاسانی پێت دەڵێت: من هیچم نیە، بێمنەت بن ئەوە دادگا.
ماوەیەکە (NRT) بەرنامەی هاوڵاتی و دەسەڵات پێشکەش دەکات، لەم بەرنامەیەدا هەرجارە و کەللەزلێکی دەسەڵات بەناوبازاڕدا دەگێڕێن و درۆ و دەلەسە ئەبەخشێتەوە. قادری حەمەجان کە یەکێکە لەو بەرپرسانەی کە لەتەک ئەوەی سیفەتی مافیای هەیە، بێمۆڕاڵ و داوێن پیس و ...هتد. بەڕێکەوت ئەم کەسەم دی لەبەرنامەکە سنگی دەرپەڕاندبو پۆزی لێئەدا و کەش و فشی ئەکرد. ئەم نەخوێندەوارە لەسەرەتای بەرنامەکەدا وتی ڕۆژانە خوێندکارانی زانکۆ سەردانم دەکەن و کێشەکانیان بۆ حەل دەکەم، جارێ کەسی حزبی و نەخوێندەوار چ ئیشی بە خوێندکار هەیە، کەواتە با وەزارەتی خویندنی باڵا دەرگای خۆی داخات مادام قادری حەمە جان کەوتۆتە حەلکردنی کێشەی خوێندکارانی زانکۆ.
ئەم دزە بێمنەتە، ئەم مەقاشەی دەسەڵات، هاوڕێ گەندەڵەکانی خۆی گاڵتەی پێئەکەن کە بەرنامەکە لێی پرسی ئەڵێت: قادری حەمەجان لە شارەوانی زەوی بە سەر کەس و کاریان بە ناشەرعی و نایاسایی دابەشکردوە. لەوەڵامدا وتی: من بێمنەتم هەرکەسێ هەر ڕێکخراوێ شکی لە منە ئەوە دادگا با بچێ بزانە هیچم بەسەردا ساغ دەبێتەوە، بێگومان قادری حمەجان بێمنەتە بەڵام لەبەرئەوە بێمنەت نیە کە دەستپاکە و پەرێزی پاکە، بەپێچەوانەوە ئەوەی دەستپاکە ئەوەی ئەمینە ئەوەی دزی ناکات دەبێت لەخۆی بترسێ و وریابێت چونکە بەپێچەوانەی ئاراستەکانەوە مەلە دەکات بەردەوام توشی لێپرسینەوە ئەبێت. ولاتێ خۆری تیا نەمابێ ئەبێ شەمشەکوێرە باڵە فڕکێی تیابکات. وڵاتێ ئابوریەکەی داهاتەکەی موچەی خەڵکەکەی سەرلەبەری حەپەلوش بکرێ دەبی دز تیایدا بێمنەت سنگ دەرپەڕێنێ، بەڵێ قادری حەمەجان بێمنەتە بدرێتە دادگا، چونکە دادگا دو دەرگای هەیە لەیەکیان بچێتە ژور لەدەرگای پشتەوە بێمەناتە لێی یەتەدەر، دادگایەک زوڕنای حزب بێت، هەر ئەبێ دز تیایا بێمنەت بێت.
واتە ئەم قادری حەمە جانە بێمنەت نیە لەوەی دز نیە، بەڵکو بێمنەتە لەوەی دادگا هیچ نییە و سەروەریش نییە. سەبارەت بەوەی کە دەڵێت زەویم بە ناشەرعی و نا عەدالەتی دابەش نەکردوە، فەرمون سەیری ئەم ناوانەی خوارەوە بکەن لە کەس و کاری قادری حمەجان کە بێمنەتە لەیاسا و خەڵک و دادگا.
• پێشڕەو حەمەجان عزیز (برای قادری حەمەجانی بێمنەت) موالیدی ١٩٨٠ لە ٢٠٠٣ زەوی وەرگرتوە واتە تەمەنی ٢٣ ساڵ بووە کە ٢٧٣ م٢ زەوی وەرگرتوە.
• پێشەوا حەمە جان عزیز (برای قادری حەمە جانی بێمنەت) موالیدی ١٩٧٨ لە ٢٠٠٣ دا ٢٠٠ م٢ زەوی وەرگرتوە.
• ژینۆ حەمە جان عزیز (خوشکی قادری حەمە جانی بێمنەت) موالیدی ١٩٨٤ لە ٢٠٠٥ دا ٢٠٠ م٢ زەوی وەرگرتوە.
• هاوار تۆفیق فارس حەمە (ژنبرای قادری حەمە جانی بێمنەت) موالیدی ١٩٧٨ لە ٢٠٠٦ دا ٢٠٠ م٢ زەوی وەرگرتوە.
ئەم زانیاریانە و جۆرەها شتی تر لە گەندەڵیەکانی قادری حمەجان کاتی خۆی لە ڕاگەیاندنەکانی دیوانی چاودێری دارایی و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا بڵاوکراونەتەوە، بەتایبەتی لە کوردستانپۆست، هەروەها سەدان خروقاتی تر لە موڵک و ماڵی گشتی کە هەرکەسێک ئەتوانێ ئەنجامیبدات کە بێمنەت بێت لەدادگا و کۆمەڵگا و خەڵک. واتە وەک شێخ ڕەزا وتەنی پێستی روی هێندە قایم بێت شمشێری میسری نەیبڕێ، بەڵام ڕۆژێ ئەبێت شمشێری خەڵک بیخاتە زبڵدانی مێژوەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە