نهێنی دەست لەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەسەر هەڕەشەی قوباد تالەبانی بوو

Wednesday, 07/12/2016, 18:53

8531 بینراوە


کەسێکی نێو بزوتنەوەی گۆڕان، بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە دەستکێشانەوەی دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە خۆشی خۆی نەبووە، بەڵکو لە ژێر فشاری قوباد تالەبانییدا بووە، ئەمەش نهێنی وازهێنانەکە بووە، کە هیچ لایەک باسی ئەو نهێنییەی نەکردووە، کە قوباد بە بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وتووە، ئەگەر چارەسەری ئەم مامۆستایانە نەکەیت واز لە خۆپیشاندان بهێنن، ئەوا من خۆم بە رەسمی دەرت دەکەم.
شایانی باسە دڵشاد عومەر بۆ خۆی دوێنێ 06-12-2016 هۆکاری وازهێنانەکەی بەم جۆرە باس کرد وتی: لەسەر ململانێی حزبی و راستگۆ نەبوونی حزبەكان ئەم بارودۆخە نەخوازراوە، ھەروەھا بە ھەڵوێستی جیاواز و فرە بڕیاری ناكرێ شاری سلێمانی بكەنە قوربانی و بەندەش تیایدا شەرمەزاربێت.
هەر ئەو کەسەی نێو بزوتنەوەی گۆڕان، وتی لە حاڵەتی وادا، کاک دڵشاد عومەر ئەگەر راستی دەکرد و لەگەڵ داخوازییەکانی مامۆستایاندا بوایە و لەسەر ئەوان وازی لە پۆستەکەی هێناوە، دەبوو یەکسەر خۆی بچوایەتە نێو خۆپیشاندانەکانەوە و تەحەدای قوباد تالەبانیشی بکردایە و نهێنییەکەی ئاشکرا بکردایە، رایبگەیاندایە و ئەمەی لەوێ بگوتایە بیگوتایە لەگەڵ کەسانی بە حساب خوارو خێچدا ئیش ناکرێت. ئەو بزووتنەوەیەکی بە ناو لە پشتە، دەیتوانی بزووتنەوەکەش ئیحراج بکات، تا هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. ئەو کەسەی نێو بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، من خۆم کەسێکی رادیکاڵی نێو بزووتنەوەکەم لە سیاسەتی ئەم دواییەی گۆڕان زۆر نارازییم، بۆیە ئەم هەڵویستە پیشان دەدەم.
دڵشاد عومەری بەڕێوەبەری پێشوی پەروەردەی سلێمانی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بە ئاشکرا هۆکاری وازهێنانەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵکو خۆی بە خەسار دانا، بەوەی کە بە تەمابوو بۆ ساڵی داهاتوو ئەو شتانە بکات، بەڵام بۆی نەچووە سەر، ئەمەش دانپێنانێکی ئاشکرایە، ئەو نەیویستووە واز بهێنێت و تا چەند هەفتەیەک بەر لەم وازهێنانەش زۆر توند و تیژبوو بەرامبەر بە داخوازییەکانی مامۆستا خۆپیشاندەران، بەڵام کاتێک قوباد هەڕەشەیەی لێکرد، ئیتر ئەو مۆڵەتەی وەرگرت تا بە وازهێنان و نیوە دۆڕاو لێی بێتە دەرێ، نەک بە دەرکردن. بۆیە وای پیشاندا، کە خۆی دەستی لە کار کێشاوەتەوە.
ئەو کەسەی نێو بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: قوباد راستەوخۆ ئاوای بە دڵشاد عومەر وتبوو: (ئەگەر نەتوانن مامۆستایان راپێچ بکەنەوە بۆ دەوام ئەوا من ئێوە دەردەکەم). ئەوە بوو مانگرتن نەشکا، بەڵام وەزیفەکەی کاک دڵشاد بە تەواویی شکا. بۆ ئەمە کوردستانپۆست ئەم رستە قسەیەی خستە سەر پەیوەندییەکەی ئەو کەسەی نێو بزووتنەوەی گۆڕان و وتی: ئێمە دەزانین کەوا حیزبە دزەکان کەسێک دادەنێن و پۆستێکی دەدەنێ، کە خێری تێادا نەمابێت، چونکە وەکو کەسێک لە فەیسبوکدا نووسیوێتی و دەڵێت: دڵشاد دەرکرا، بەم دەرکردنە دەیەوێت، لە گەمەی نێو خۆیاندا حەکەمەکە بە وازهێنان بۆی حساب بکات، نەک بەدەرکردن، کەسێکی دیکەش بە ناوی عومەر هەڵەبجەیی بۆی دەنووسێت: (دڵشاد لە ناو جەماوەری ناڕازییدا وازی نەهێنا. ئەمە پێکانێکی باشەو دڵشاد خۆشی گلەیی و گازەندی پیشان دا ئاخر ئێوە بینیوتانە بەرپرس لە دەست بەردەستەکانی خۆی ئیستیقالە بکات؟)
لە کۆتایی ئەم هەواڵەدا سەرچاوەکە دەڵێت، ماوەیەکە بەتایبەتی دوای ئەوەی کۆسرەت و بەرهەم ساڵح، بە ناوی ناوەندی بڕیاڕەوە ئەو بەیاننامەیەیان دژی باڵی هێرۆی برایم ئەحمەد دەرکرد، لەو کاتەوە قوباد تالەبانیان زیاتر لە سلێمانی هێناوەتە پێشەوە، ویستیان ئەو پەیامەش بدەن، کە قوباد جێگای باوکی دەگرێتەوە و ئێوەی جێگر ناتوانن بۆشایی نەمانی جەلال تالەبانی پڕ بکەنەوە، بۆیە ماوەیەکیشە قوباد تالەبانی دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو لایەنەکاندا زیاتر بکات، ئەم کارانەی کە لەم دواییەدا کردی، تەنیا بۆ ئەوەیە خۆی وا پیشان بدات، کەسێکی شیاوە بۆ دەسەلاتی رەهای ناو یەکێتیی، وەکو باوکی زەبر و زەنگی هەیە و دەتوانێت یەکێتیی بگەیەنێتە ئاستی سەردەمی باوکی. سەرچاوەکە دەڵێت قوباد لە ئیستاوە خۆی لەسەر ئەوە پەروەردە دەکات، تا لە سەر تێکشکانی کەسێتی کورد، دڵی دوژمن و داگیرکەران رازی بکات، هەروەکو باوک و دایکی ئەو رێگایە دەگرێت، کە ئەوان لە سیاسەتدا کردوویانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە