وامان لێهاتوە رەحمەت بۆ سەدام بنێرین

Friday, 06/01/2017, 23:57

2826 بینراوە


 لەسایەى سەرى ئەم دەسەڵاتە دز و ملهوڕە، خەریکە وامان لێدێت  رەحمەت بۆ سەدام و رژێمى بەعس بخوازین، بڵێن خۆ لەسەردەمى ئێوە و ئەویشدا هەرلەسەر ئازادى بیر ورا ،لەسەر وتنى قسەى هەق خەڵک سەرەنگون دەکرێت، خۆ لەسەردەمى ئێوەش بەئاشکراو بێ ترس مەلا و رۆشنبیر و تیرۆردەگرێن، خۆ لەسەردەمى ئێوەشدا کوڕ و نەوەکانتان رۆڵى قوسەى و عودەى دەبینن، خۆ لەسەردەمى ئێوەش کەسو کار و بنەماڵەتان چەشنى عۆجەیى و تکریتیەکان تاڵەبانى و بارزانیەکان پۆستە هەستیار و باڵاکانیان بەدەستە،خۆ لەسەردەمى ئێوەش لەبرى ئەمنى عامە و ئەبو غرێب ،سەرى رەش و ئاکرێ و قەلاچوالان ئاخنراون لەنەیاران، خۆلەسەردەمى ئێوەش سۆزانى و بێ ئابڕ و خۆفرۆشەکان لەریزى پێشەوەن.
ئیدى چیمان کرد؟!! راپەرین و سەرهەڵدان چ دەستکەوتێکى بۆ بەدەستهێناین؟ جگە لەگۆڕنى دەموچاوەکان و گۆڕنى جل بەرگەکان لە سەربازى و دیدشاشەوە بۆ شەڕواڵ و مراخانى. 
بەس نەبوو سەردەمى سەدام کە وەک ئێستا هیچ ئازادى و بیرورادەربڕینى ئازاد نەبوون، بەڵام ژیانى خەڵک ئاسایى بوو لەنێو ئەو هەمووقەیرانانەدا گیرى نەخواردبوو، لەو سەردەمە پڕ نەهامەتییە نەمان بیست باوکێک لەتاو نەبوونى خۆى بکوژێت،ئافرەتێک بۆ بژێوى مناڵەکانى لەشى خۆى بفرۆشێت، بەو هەمووشەڕو کوشتارەى لەگەڵ ئیران کردى،بەو هەموو شەڕەى لەدژى کورد کردى، ئەو هەموو لادێ و شارانەى خاپورکرد،کەچى بۆیەک رۆژیش موچەو پێداویستى رۆژانەى خەلکى دوانەخست.هەرگیز دەستى بۆقوتى خەڵکى هەژار و کە ئەندامان نەدەبرد، سەربارى ئەوەش موچەى بۆکەم داهات و هەژار وبێکاریش دەبڕییەوە.
ئەو کە تاسەرئێسقان دژى کورد بوو،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەخزمەتگوزاریى و ئاوەدانى نەدەوستا، لەشارێکى وەک سلێمانى چەندین کارگەى کردبۆە،وەک کارگەى چیمەنتۆ،کارگەى شەکر،کارگەى جگەرە،کارگەى مافور، کارگەى قیر، کارگەى ئەلبان، دروستکردنى بەنداو،لەگەڵ دروستکردنى هەزران خانوو بۆ کارمەند و قەرمانبەران،ئاو وکارەبا وسوتەمەنى لەوپەڕى باشیدابوو، کە سوردەیزانى میللەت و خەڵک لێى ناڕازین.بەڵام وەک ئەرک و حکومەت پێى هەڵدەستا
بەڵام ئێوەى دز،ئێوەى مشەخۆر،ئێوەیەک کەخاوەنى هیچ نەبوون،کاتێک هاتنەوە بەهەر هەمووتان هەزار دینارى سویسری تان لەباخەڵ نەبوو، لەئوتومبیلى سەربازى زیاتر چ ئوتومبیلێکى دیکەتان نەبوو، شازترین پێڵاوتان ئەدیداس و پاتەى لاستیک بوو. هەر کەهاتنەوە یەکەو راست دەستان کرد بەئاودیوکردنى شۆفڵ و فافۆن وئوتومبیلى میرى، هەرئەبوایە ئەوساتە بمانزانیایە کەئێوە وڵات فرۆشن نەک وڵات پارێز، ئێوە بوون بەنداوى بێخەمتان فرۆشت کە ئەگەر ئەویش دروستکراوى سەردەمى سەدام بوو،گەر بمایە ئێستا ئەبوینە خاوەنى مەزنترین بەنداو وباشترین کارەبامان دەبوو، نەک پاش چارەکە سەدەیک تازە بەتازە وەک میزى حوشتردەگەڕێینەوە بۆپاشەوە،گەر ئەو هەموو کارگانە نەفرۆشرانایە ئەو هەموو خەڵکە بێکار نەبوایە،ئێستا بارو گوزەرانى خەڵک جۆرێکى تردەبوون ،ئێوەبڕوانن شارێکى وەک حەلەب،لەگەڵ ئەو هەمووشەڕو بۆمبارانە ،کەچى هێشتا کارخانەو کۆمپانیاکانى لەکارنەکەوتون شمەک هەناردە دەکەن،کەچى ئێمەش لە سەدەى بیست یەکەدا کارگەیەکى نانەقەیسشمان نى یە، ئەوەش بەهەرحاڵ ئەوەى هەیەو نى نەوت و گاز وغازە رەشە،ئەوەش واخەریکە تاڵان فرۆش دەکرێت و،بەهۆیەوە سەدان کارگەو کارخانە لەکار کەتوون، بەوەشەوە ناوستن خەریکە بیرەکان بەتەواوى بەموڵکانە وسەرقوفڵانەوە بەتورکیا دەفرۆشرێت، ئەمانەش هەمووى گەواهى ئەوەن کە مەسعود و سەرانى یەکێتى هەمویان بێ خەمن، لەم وڵاتەو هیچ کامیان خۆیان بەخاوەنى ئەم وڵاتە نازانن،رۆژانە وەک مانگاى شیردەر دایدەدۆشن، تا ئەوکاتەى چۆِربڕ دەبێت،ئەو دەمە بۆخۆیان سەرى خۆیان هەڵدەگرن .بەڵام با دڵى خۆمان خۆش نەکەن و بڵین ئەوەندەیان نەماوە  ئۆغر ئەکەن لەکۆڵمان ئەبنەوە،نا نەخێر ،هەتا ئێمە بێ دەنگ وبێ هەڵوێست ودەم مردوببین،ئەوان زیاتر و خراپتر هاردەبن،  بۆیە ئەرکى سەرشانى هەمووانە بایکۆت وخۆپیشاندن و ناڕەزایى فراوانتر بکەین، زیاتر و زۆرتر فشارەکان لەسەریان قورس بکەین،سنورێکیان بۆدانێین،کەر وانەبێت و هەر بێ دەنگ و هەڵویسَت بین،بەدوورى مەزانە جەنابى ئاشتى هەورامى پیاوە تاڵانچیەکەى مەسعود بەنهێنى ژێربەژێر ئێمەش تاڵان فرۆش بکات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە