فتواى کوشتن بۆ ڕەخنەگرانى ئیسلام

Saturday, 07/01/2017, 0:07

3723 بینراوە


لەم ووتارەمدا تیشک دەخەمە سەر ئەو هەڕەشە نا مرۆڤانیەى کەلەلایەن موسوڵمانە کۆنە پەرستەکانەوە دەکرێتە سەر نوسەرانى ئاینى و شارەزایان لە بوارى ئاینەکاندا بە تایبەت ڕەخنەگرانى دینى ئیسلام،کە هیچ بوارێک بۆ بیرو و ڕاى ئازاد و فکرى جیاواز ناهێڵێتەوە،تەنها بیرو باوەڕى خۆیان دەسەپێنن بەسەر کەسەکاندا،ئەوەى بیر و باوەڕى جیاوازى هەبێت و ڕەخنەیان لێ بگرێت و بەر پەچیان بداتەوە،کافر و مولحیدەو کوشتنى حەڵاڵ دەکەن،بە بیر و بۆچوونى خۆیان دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواو خاوەنى هەردوو دونیا هەر خۆیانن بەڵام زوڵمیان لێ کراوەو ئازادییان لێ زەوت کراوە،ئازادى لاى ئەمان سەربڕین و بە کۆیلە کردنى سێکسى ئافرەت و بە تاڵانبردن و ماڵوێران کردنى کەسانى غەیرى خۆیانە،ئەمەیە ئازادى و ماف لێتان زەوت کراوە، دیکتاتۆر و توندڕەوى ڕاستەقینە حۆتانن،شاڵاو دەبەن بۆ عەلمانیەت و دەوڵەتانى دیموکراسى خواز بە کافرو و زەوتکردنى مافەکانتان ناویان دەبەن،لە کاتێکدا زۆرێک لەم کۆنە پەرستانە لە ژێر ئاڵاو باوەشى عەلمانیدا خۆیان حەشار داوە،نمونەش بۆ ئەمە مەلا کرێکار ئەمیرى پێشووى ئەنسارولئیسلام کە لە ئەوروپا نیشتەجێیەو هەر لە باوەشى ئەواندا قسەى زل زل ئەکات لە بەردەم شاشەى کۆمپیتەردا،فتوا دەردەکات بۆ کوشتنى ئەم کەس و ئەو کەس و بە ئاشکرا پشگیرى تیرۆر دەکات،بەڵام لە ژێر ئاڵاى عەلمانیەتدا ژیانى پارێزراوە سەرە ڕاى ئەمانەش پێیاندا دەڕشێتەوە،ئەمەیە نمونەى کەسانى ئیسلامیزم،لە گرتەیەکى ڤیدیۆیى ئەم کۆنە پەرستە گوێ بیستى بووم دەنەڕێنێت و هاوار دەکات،هەر کەسێک دژى ئیسلام قسەى کرد پێویست بە فتوا ناکات بۆ کوشتنى،بەڵکوو هەر موسوڵمانێک لە هەر کوێى دونیا دەستى پێ گەیشت بە تەورێک ملى بپەڕێنێت و هیچ حسابێک بۆ پۆلیس و یاسا نەکات،دواتر با پۆلیس و حکومەت بیکوژن،ئەمەیە کردەوەکانى ئیسلام بەم شێوە بیرو و ڕاى جیاواز قبوڵ دەکەن بە سەر پەڕینى ڕەخنەگرانى،یەکەم تیرۆرى قەڵەم موسوڵمانان کردیان کاتێک پێغەمبەر فەرمانیدا بە کوشتنى کەعبى کوڕى ئەشرەف و محەمەدى کورى مەسلەمەش هەستا بە تیرۆرکردنى کەعب و سەرى بڕی و بە دیارى سەرەکەى بۆ پێغەمبەرى موسوڵمانان بردەوە.
نمونەى تریشمان زۆرە بۆ تیرۆرى قەڵەم کە لە مێژووى ئیسلامدا ڕوویان داوە بەڵام ئەوەندە قێزەوەن و نا مرۆڤانەن بە شەرمى ئەزانم باسیان لێوە بکەم،بەڵام ئەوەى سەیرە مەلا کۆنە پەرستەکان لە میمبەرى مزگەوتەکانە وە دەنەڕێنن و هاوار دەکەن و جنێو دەدەن و قسەى ناشرین دەکەن، بە شانازییەوە باس لە کردەوە ناشرین و قێزەوەنەکانى ئیسلام دەکەن،کەسى کەم ئەقڵ و نەفامیش بەدیاریانەوە دائەنیشن و فرمێسک دەڕژن و لە ناخى دڵیانەوە ئەگرین،ئەمەیە قەیرانى ئەقڵ و مەعریفە،ئەوەى عەقڵ و ڕۆشنبیرى بێت لەناو کۆمەڵگاى ئیسلامیدا بوونى نى یە،وەحشیگەرانە و بە سەردەمى ناو ئەشکەوتەکان بیر دەکەنەوە.
لە ناو موسوڵماناندا ڕادەى زوڵم و توندڕەوى گەیشتۆتە لوتکەى بێشەرمى،بەو ڕادەى کە منداڵێک تازە لەدایک دەبێت لە ساتە وەختى لە دایک بوونیدا دینى ئیسلامى بە سەردا دەسەپێنن،ناوى خواو پێغەمبەرى ئیسلامى بە پەنا گوێیدا دەڵێن،تووندو تیژى ئیسلام هەر لە ساتە وەختى لە دایک بوونماندا دەست پێدەکات.
سەربارى ئەوەى زۆرێک لە نووسەران و ڕەخنەگران لە میمبەرى مزگەوتەکانەوە ناویان و کەسایەتیان لەکەدار دەکرێت بە هێرشبردنە سەریان بەو پەڕى ڕادەى بەدڕەوشتى.
زیاتر لە 5200 مزگەوت بوونیان هەیە لە کوردستان تێیدا پەیامى ئیسلام بڵاو دەکرێتەوە و تیرۆر بەرهەم دێنێت،سەرەڕاى ئەمەش دەڵێن ئازادیمان لێ زەوت کراوە،وەک و لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ئازادى لاى ئەمان ئەوەیە ڕێگەیان پێ بدرێت لە ژێر ئاڵاى ئیسلامدا کارى تیرۆرستى و کوشتن و بڕین ئەنجام بدەن،ئەمە ئازادى ئیسلامە لێیان زەوتکراوە،بەڵام بەهۆى ئەوەى کۆمەڵگاى ئێمەیان تەواو کۆنترۆڵى بیرى دووا کەوتوی خۆیان کردووە،ئەوەى دژیان بوەستێتەوە و ڕەخنەیان لێ بگرێت دەڵێن گومڕاو کافرە و کەسایەتى لەکەدار دەکەن،لەبەر ئەمەشە ڕەخنە گرتن لە دینى ئیسلام لە کۆمەڵگاى ئیسلامیدا بۆتە هێڵى سوور و بڤە.
بەڵام دواى ساڵانى نەوەدەکان کرانەوەى هەرێمى کوردستان بەڕووى ووڵاتانى ڕۆژئاوادا،بە خۆشحاڵیەوە چەندین نوسەرى زاناو بە جورئەت هاتنە گۆڕەپانەکەوە،بە شارەزاییان لە دینى ئیسلام توانیان چەندین ڕەخنە لە دینى ئیسلام بگرن بە بێ سڵکردنەوە لە کۆنە پەرستان،ئەمەش دلێرى و ئازایەتى ئەوێت لە ناو کۆمەڵگایەکى دواکەوتوى ئیسلامیدا،هەر زوو نوسینەکانى ئەم نووسەرانەیان پێ هەزم نەکرا،کەوتنە سەر هێرشکردنە سەر کەسایەتیان و فتواى کوشتنیان بۆ دەرکردن.
یەکێک لەو نوسەرە زاناو دلێرانە کاکە مەریوان هەڵەبجەیى بوو کۆنە پەرستان لێى هاتنە دەنگ و خۆپیشاندانیان لە دژى کرد و فتواى کوشتنیان بۆ دەرکرد،بە چەندین ڕێگەى نەشیاو و ناشرین هەوڵیاندا بۆ ناشرین کردنى کەسایەتی ئەو بەڕێزە،بەڵام دەریا بە دەمى سەگ پیس نابێت.

بەڕاى ئێمە مەریوان هەڵەبجەیى دەریایەکە لە زانست و زانیارى،جێگەى ڕێزە ئەم کەسە زانایە،بە خۆشحاڵیەوە کاکە مەریوان وەک ئەرکێکى نەتەوایەتى هەستاوە بە دروست کردنى قوتابخانەیەک لە زانست و زانیارى،وەک و چەکێکى کوشندە وایە بۆ دڵى تیرۆستان،کاریگەرى نووسینەکانى لە سەر تاکى کورد ڕەنگى داوەتەوە،بە شێوەیەک کەسانێکى زۆرى ڕزگار کرد لە قەیرانى ئەقڵ،لە مودمینى بیر کردنەوەى سەردەمى جاهیلى ڕزگارى کردن.
ئەوەى حکومەتى هەرێم درکى پێ نەکردوو هەڵنەستا پێى مەریوان هەڵەبجەیى کردى،هیوام وایە مەریوان هەڵەبجەییەکان بەردەوام بن و نەترسن لە هەڕەشەى کۆنە پەرستان،ماوەیەک لەمەو پێش شەڕواڵ کورتێکى ڕیش پیسى مەلا کرێکار ئاسایى نامەیەکى بۆ ناردم پێى ڕاگەیاندم کە بە دەستى خۆم خوێنى خۆمم حەڵاڵ کردووە،ئاخر دەرپێ کورتى ڕیش درێژى جاهیل خوێنى من حەڵاڵە یا کەم ئەقڵانێکى نمونەى تۆو مامۆستا کرێکارەکەت،ڕۆژانە خەریکى لە خشتە بردنى ئەم گەنج و ئەو گەنجن بۆ کارى تیرۆرستى،بوونى کەسانى وەک ئێوە خەسارەتێکى گەورەیە بۆ کۆمەڵگایەکى تەندروست،ئیوە سەرچاوەى بەرهەمهێنانى کەم ئەقڵین لە کۆمەڵگەدا،هیوام وایە حکومەتى هەرێم بە زووترین کات بەخەبەربێتەوە،کارى جدى بکات بۆ بنە بڕکردنى ئەم دەرپآ کورتانە،بنەبڕکردنیشیان تەنها بە هێزوو چەک نابێت،بەڵکوو دەبێت شەڕ لەگەڵ بیرو و بۆ چوونیان بکرێت تاکوو لە ڕەگەوە ووشک بێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە