گۆڕانکاری هاوکێشەی هێزەکان لە ساڵی نوێدا

Tuesday, 10/01/2017, 0:27

2457 بینراوە


ساڵی نوێ ئەو گۆڕانکاریانەی لەم دواییەدا له بار و دۆخی سیاسی و سەربازیی کێشەی سوریادا ڕویاندا ، شاری حلب پاش چەن ساڵێک لە دەستی ڕژێمی سوریادا نەمابو ، توانیی بیگرێتەوە .. نیشانەی غیابی رۆڵی امریکا و خۆراوایە ، وە حزوری بەهێزی روسیا ، ترکیا ، ایران و سعودیەیە.. ترکیا و سعودیە پشتیوانی هێزە اسلامیە سونیەکان و دژی ڕژێمی اسدن ، روسیا و ایران پشتیوانی اسد و نەیاری هێزە اسلامیەکانی وەک داعش و نوسرەن . ئیستا گۆڕانکاریەکی قوڵ لە تەرازوی هێزەکان و لە هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکە و خۆرەڵاتی ناوەڕستا بەدی ئەکرێ . بە دور نازانرێ هاوپەیمانیەکی نوێ ، یا ڕێکەوتنێکی نوێ لە نێوان چوار وڵاتی ناوبراودا پێک پێت ، بێ ڕۆڵی خۆراوا .. بۆ کۆتایهێنان بە کێشەی سوریا و گۆڕانکاری لە خۆرەڵاتی ناوەڕاست و لە بەشێکی جهانا بە دی بێت. ئەم هاوپەیمانی و رێکەوتنە پێویستی بە بار و دۆخی تایبەتی خۆی هەیە ، گرفت و کێشەی گەورەیشی لە ڕێدایە .. ئەوەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و هەڵسەنگاندنی بار و دۆخی هەر وڵاتێک لەمانە و بەرژەوەندیان لەم هاوپەیمانیەدا هەیە .. روسیا وەک بەهێزترین یاریکەری ئەم گۆڕەپانە ، دوای کێشەی اوکرانیا و جۆرجیا بەئاشکرا ڕایگەیاند چیتر هەژمونی امریکا و یەک قوتبی قبوڵ ناکا و بە جدی و بە کردار ڕێ لە دەسوەردانی امریکا ئەگرێت لەم ناوچەدا ، پۆتین سەرۆکی بەهێزی روسیا سەلماندی توانای پیادەکردنی ئەم بڕیارەی هەیە و بە پەلە و بە هێزەوە هاتە ناوچەکە و پشتی اسدی گرت و دژی نەیارانی ڕژێم ، ( کەلە لایەن خۆراواوە پاڵپشتی ئەکران بە چەک و پارە ) کەوتە جەنگەوە .. روسیا ویستی بەم کارەی کۆتایی بە دنیای یەک جەمسەری بهێنێ و ڕۆڵی یەکێتی سۆڤێت لە ڕوسیای ئیستادا زیندو بکاتەوە . هەروەها سەرزەویەکانی جۆلان ی رۆژاوا کە نزیکی سنورەکانی خۆیەتی نەکەوێتە دەستی هاوپەیمانێکی خۆراوا .. روسیا هەوڵ ئەدا هاوپەیمانیەکی نوێ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ( ایران ، ترکیا و سعودیە) پیک بێنێ بە غیابی خۆراوا .. وای ئەبینێ ئەم وڵاتانە لە خۆراوا بێهیوا بون ، یا لە بنەڕەتەوە نەیاری خۆراوان ، وەک ایران .. جگە لە ایران ، ترکیا و سعودیە وەک دو وڵاتی بەهێز و کاریگەر لە بلۆکی وڵاتانی اسلامیی سونی ، تا ئیستا لە سێبەر و بلۆکی خۆراوادا بون ، ماوەیەکە ئەم وابەستەییە لە سارد بونەوەدایە ، بە تایبەت دوای کودەتا شکست خواردوەکەی ترکیا ، کە فتحاللە گولەنی نیشتەجێی امریکا بە پلاندانەری تۆمەتبار ئەکات ، پشتگیری سعودیە لە گروپە اسلامیە توندڕەوەکان ، زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی لە هەژمونی خۆراوا دەرچن و لە هاوپەیمانیەکی تازەدا خۆیان ببیننەوە .. هەرچەن ڕای گشتی لە ترکیا بەهۆی کارەساتی حلب ، دژە روسیایە ( روسیا بە هۆکاری مەینەتیەکانی دانیشتوانی حلب دائەنرێ ) وەک لە تیرۆر کردنی سەفیری روسیا لە ترکیا دەرکەوت ، هەروەها خستنە خوارەوەی فرۆکەکەی روسیا لە ترکیا ، ساردی خستە نێوانیان ، بەڵام هەستێکی دژە خۆراوایی لە ترکیا گەشەی کردوە ، دوای کودەتا شکست خواردوەکە ، باڵ بەسەر ئەو هەستە دژە روسیەدا ئەکێشێ و زەمینە سازئەکات بۆ هاوپەیمانیی نوێ .. ترکیا سەڕای ناکۆکیەکانی لەگەڵ روسیا لە مەڕ قەیرانی سوریە ، ئۆردوگان خۆی پۆزشی هێنایەوە و سەردانی مۆسکۆی کرد ، لە ئاست گرتنەوەی حلب لە لایەن سوپای رژیمی بەشارەوە بیدەنگ بو .. پاڵپشتیی خۆراوا بۆ کانتۆنەکانی خۆراوای کوردستان روی ترکیای بەرەو مۆسکۆ وەرگێڕا، روسیاش دەرگای کراوە بو بۆ ترکیا ، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆی ئەبینێ ، هۆی ئەم نزیک بونەوەیە ،یەکیتیی اوروپا وەرگرتنی ترکیای بۆ پەنجا ساڵ هەڵپەسارد ، ترکیاش هەڕەشەی بەکار هێنانی چەکی خۆی ( بە کردنەوەی دەرگای کۆچبەران بۆ اوروپا ) کرد .. لە لایەکی ترەوە ترکیا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ اسرائیل دا بە گەرمی ئەهێڵێتەوە هاوسەنگیی خۆی ڕائەگرێ .. لە بارەی سعودیەوە ، لە مێژە ساردیەک لەپەیوەندیی لەگەڵ امریکادا پەیدا بوە ، لە لایەک فرۆشتنی چەک لە لایەن بەریتانیاوە بە سعودیە ، ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە یەمەن و پشتگیریی لە وڵاتانی کەنداو ، لە هەموی گرنگتر بوە بە پاڵپشتی هێزە اسلامیە سونیە توندڕەوەکان ، ئەمەش وایکردوە امریکا پشتی تێبکا ، بۆیە روسیا بە هیوای هاوپەیمانیەکی نوێیە ، سعودیەش وەک ترکیا لەگرتنەوەی حلب بێدەنگ بو ... بەڵام کۆسپەکانی ڕێی ئەم هاوپەیمانیە : ململانێی ایران و ترکیا لەسەر ڕابەڕایەتیی جهانی اسلام ، ناکۆکیی ایران و سعودیە لە مەڕ کێشەی سوریا و یەمەن ، قەیرانی دارایی روسیا و ئەگەری زیادکردنی سزاکانی سەر روسیا لە لایەن امریکا و اوروپاوە ، پێشبینی نەکردنی سیاسەتی نوێی امریکا دوای دەست بەکاربونی ترەمپ ،پەیوەندیی ترامپ و پۆتین و چارەنوسی نادیاری عراق و سوریا .. ترەمپ بە پێچەوانەی هیلاری کلنتۆن کە باوەڕی وابو ناوچەیەکی دژە فڕین لە سوریا دروست بکرێت بۆ پارێزگاریی گیانی هاوڵاتیانی سڤیل ، ئەم دژی ئەو کارەیە ، باوەڕی وایە کارێکی وا ئەبێتە هۆی ڕودانی شەڕ لەگەڵ ڕوسیادا ، وەک سوپاسالاری هێزە هاوباشەکانی امریکا ( ژنراڵ جوزیف دانفۆرد ) لە بەردەم لیژنەی بەرگریی گۆنگرێسی امریکا ڕایگەیاند : دروست کردنی ناوچەی دژەفڕین لە سوریا ئەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی جهانی لەگەڵ روسیا و سوریادا.. ترەمپ جیاواز لە ادارەی اوباما بیر ئەکاتەوە ، باوەڕی وایە لە باتی هەوڵدان بۆ لابردنی اسد ، هەوڵ بۆ لەناوبردنی داعش بدرێت . وە ئەڵێ : سوریا تەنیا نیە، شەڕ کردن لەگەڵی ، شەڕکردنە لەگەڵ ایران و ڕوسیا .. ئەم گۆڕانە لە سیاسەتی دەرەوەی امریکادا کاریگەری لەسەر ئەو هاوپەیمانیە نوێیەی ڕوسیا هەوڵی بۆ ئەدا دائەنێ ..
لە ئەنجاما ئەم گۆڕانکاریانە ، ئەبێتە هۆی گۆڕان لە بارودۆخی عراق و پاشان هەرێمی کوردستانیش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە