گەشتێک بەناو ژیانى خەلیفەکاندا

Tuesday, 10/01/2017, 0:38

4457 بینراوە


(جلال الدین السیوطى) هۆى کۆکردنەوەو نوسینەوەى مێژووى خەلیفەکانى ئیسلام ئەگێڕێتەوە بۆ ئەوەى کە مێژووە نوسراوەکانى پێشخۆى هەریەکە بۆ قۆناغێکە لەو مێژووە،بۆیە ئەمیش بە پێویستى زانیوە بە پشتبەستن بەو بەرهەمانە تەواوکەرى نووسینەوەى ئەو مێژووە بێت تاوەکو دوا ڕۆژى ژیانى خۆى کە لە ساڵى 911 ى کۆچى،کۆچى دوایى کردوە،بۆ ئەم مەبەستەش لە مێژوەکەى (الذهبى و ابن الكثير و مسالك و ابناء الغمرى ابن الحجر) و 10 بەرگى مێژووى بەغداد و 57 بەرگى مێژووى دیمەشق لە نووسینى (ابن العساکر) و گەلێ سەرچاوەى دیکە سوودى وەرگرتووە.
----------------------------------------
مێژووى خەلیفە ڕاشدیەکان
خەلیفەى یەکەم-ئەبو بەکرى سەدیق:-
ناوى عەبدوڵاى کوڕى ئەبى قەحافەیە،دواى مردنى پێغەمبەر لە ڕێگەى بەکارهێنانى کارى ژێر بە ژێر و ترس و تۆقاندن لە لایەن عومەرى کوڕى خەتابەوە و بە بێ ئاگادارى و ڕەزامەندى و بەشدارى عەلى کوڕى ئەبو تالیب و زوبەیرى کوڕى ئەلعەوام و خالیدى کوڕى سەعیدى کوڕى ئەلعاس و سەعد کوڕى عەبادە ئەلئەنسارى و ژمارەیەکى زۆرى ئەسحابەکان لە موهاجرین و ئەنسار بەیعەى بۆ کراو کرا بە خەلیفە.
ئەبو بەکر یەکەم کەسە کە ئیسلام بوە و یەکێکە لە دڵسۆزترین دۆستەکانى پێغەمبەر،لە ماوەى حوکمڕانى ئەبو بەکردا شەڕى لە ناوبردنى(اهل الردە) ئەوانەى لە ئیسلام هەڵگەڕانەوە  و نەیاندەویست چیتر زەکات بدەن ئەنجامدرا و(هەر لەم شەڕانەدا خالدى کوڕى ولید وەک جەنگاوەرێکى ئازاو دوور لە هەستى مرۆڤایەتى ناوبانگى دەرکرد).لە ماوەى حوکمڕانى ئەبو بەکردا ناوچەى بەسرە و مەدائینى کیسرا لە عێراق و بەشێکیش لە شام داگیر کرا،خەلیفە ئەبو بەکر دواى حوکمڕانیکردنى بۆ ماوەى دوو ساڵ و چوار مانگ،لە تەمەنى 63 ساڵیدا کۆچى دواییکرد.
خەلیفەى دووهەم،عومەرى کوڕى خەتاب:
لە لایەن ئەبو بەکرەوە کرا بە خەلیفە،لە ساڵى شەشەمى بانگهێشتى پێغەمبەرایەتى (محەمەد)بۆتە ئیسلام،یەکێک بوە لە دەستەڵاتدارانى هۆزى قوڕەیش،تەنها کەس بوە کە بە ئاشکراو بێترس کۆچى کردوە بۆ مەدینە،شانازى کردوە بەوەى کە چوار جار خواوەندى گەورە لە قورئاندا بە ویستى ئەو ئایەتى دابەزاندوە هەرچەندە بە گوێرەى قسەى ئەوانەى پێیاندا هەڵداوە لە مێژوونوسانى ئیسلام و موفەسرین گوایە زیاتر لە بیست جار قسەى عومەرى کوڕى خەتاب لە قورئاندا دیارە.
خەلیفەى سێهەم-عوسمان کوڕى عەفان:
کوڕى ئەبى ئەلعاس،لە کۆنەوە ئیسلام بوە،دوو کچى پێغەمبەر ژنى بوون،یەکێکە لەو دە کەسەى مژدەى بەهەشتى بوونیان پێدراوە،لە ماوەى خلافەتى ئەودا قورئان نوسراوەتەوە،دواى ئەبو بەکر و عەلى و زەیدى کوڕى حارسە بوە بە ئیسلام.
لە بڕیارێکدا کە جێگەى شکو گومانە و لە لایەن زۆربەى موسوڵمانانەوە بە تایبەتى هەوادارانى عەلى کوڕى ئەبو تالیب،عومەر پێش مردنى عەبدولڕەحمان کوڕى ئەبو عۆفى وەک بڕیاردەر داناو(لە شانۆیەکى گوماناویدا)بڕیاریدا عوسمان کوڕى عەفان ببێتە جێگرى عومەر لە جیاتى عەلى کوڕى ئەبو تالیب.
لە ماوەى خەلافەتى عوسماندا هێرش و داگیر کردنى وڵاتانى دەوروبەر بەرەو ڕۆژهەڵات و باکورى ڕۆژهەڵاتدا بۆ خوراسان و نیسابور بەرەو ڕۆژئاواش تەواوى باکورى ئەفریقیاو حەبەشە داگیر کراو لە دەریاش پەڕینەوە و ئەندەلوسیان داگیرکرد و لە دەریاى سپى ناوەڕاستیش دوورگەى قوبرسیان داگیرکردو لە گەڵ دانیشتوانەکەیدا بە وەرگرتنى(جزیە و خەراج) وازیان لێهێنان.
عوسمان کوڕى عەفان یەکەم خەلیفەیە کە پلەو پایەى دەستەڵاتى بە سەر کەسوکار و عەشرەتیدا دابەشکردوە بێگوێدانە ڕابردوى ئەو کەسە لەوانەش(وەلیدى کوڕى عەقەبەکوڕى ئەبو معیتکە براى دایکى بوە)کردە والى کوفە لە جیاتى سەعد کوڕى ئەبى وقاس،ئەم وەلیدە بە ڕەسەن گومان لێکراوە و بە ئەتواریش کابراێیەکى مەیخۆر و داوێنپیس بوە،لە یەکەم ڕۆژى دەستەڵاتیا لە پێش نوێژى نوێژى بەیانیدا لە کوفە بە سەرخۆشى چوار رەکعەت نوێژى بە نوێژکەران کردوە و ئاوریشى داوەتەوە و  وتویەتى هیچیکەتان ناوێت...لە کردارێکى دیکەیدا عومەرى کوڕى عاسى لە والى میسر لابردو عەبدوڵاى  کوڕى سەعد کوڕى ئەبى سەرحى دانا لە جێگەکەى،ئەم کابرایە کاتى خۆى نووسەرى بەردەستى پێغەمبەر بوە و دواجار لێى هەڵگەڕاوەتەوە،بۆیە کاتى داگیرکردنى مەککە پێغەمبەر ئەمرى فەرمو کە دەبێت ئەم عبداللە کوڕى سەرحەد بکوژرێت هەتا ئەگەر لە پشتى بەردەکانى کەعبە خۆى شاردبێتەوە.
سەعدیش بۆ ڕزگارکردنى گیانى خۆى لە کوشتن پەنایبردە  بەر عوسمانى کوڕى عەفان،ئەویش بردیە لاى پێغەمبەر داواى لێبوردنى بۆ کردو لە سەر دەستى ئەو بو بە موسوڵمان.
لە ماوەى خەلافەتى عوسماندا سنورى دەوڵەتى ئیسلامى زۆر فراوانبوو داهاتیشى لە ڕادە بە دەرزیاد بو،بۆیە عوسمان کەوتە ئەوەى بێحساب ئەو داهاتە بە سەر کەسوکار و سەرۆک هۆزەکاندا دابەش بکات و مافدارانیش لەو داهاتە بێبەش بکات،تا کار گەیشتە ئەوەى لە پێنج بەش بەشێکى داهاتى باکورى ئەفریقیا بداتە مەروانى کوڕى حەکەم.
ئەم کردەوانەى عوسمان بوە مایەى توڕەیى و ڕق و کینەى زۆربەى هەرە زۆرى سەحابەکانى پێغەمبەر،دژایەتى کردنیشى بۆ عەبدوڵاى کوڕى مەسعودو ئەبى زەر ئەلغەفارى و عەمار کوڕى یاسر و زوڵم و زۆرى سەعدى کوڕى ئەبى سەرحیش لە میسر کارى گەیاندە ئەوەى زیاتر لە 700 کەس لە موسوڵمانان بە سەرۆکایەتى محەمەدى کوڕى ئەبو بەکر هاتنە لایى و کەوتنە سکاڵاو داواکردنى لابردنى سەعد لە دەستەڵات لەمیسر و محەمەدى کوڕى ئەبو بەکر لە جێگەکەى دابنرێت،لە ژێر فشارى ئەم هەڵچونەى ئەو سەحابى و موسوڵمانانەو پشتگیریکردنى عەلى و گەلێ سەحابەى تر بۆ داخوازیەکانیان عوسمان ناچار بوو داواکەیان قبوڵ بکات و محەمەدى کوڕى ئەبو بەکر بکاتە والى میسر،کاتێکیش محەمەد لە کاتى گەڕاندنەوەدا  بۆ میسر لاوێکى ڕەش پێستى دیت بە پەلە بە پەلە بەرەو میسر ئەڕۆیشت،ڕایگرت و کاتێ کەوتنە لێکۆڵینەوە لە گەڵیدا دەرکەوت نامەیەکى پێ یە لە عوسمانەوە بۆ والى میسر،کەى محەمەدى کوڕى ئەبو بەکر و فڵان و فڵان گەیشتنە لات بە فێڵێک بیانکوژە و لە جێگەکەى خۆت بمێنەوە و چاوەڕوانى ئەمرم بکە.
بۆیە محەمەدى کوڕى ئەبو بەکر گەڕایەوە مەدینەو نامەکەى بە بەڵگەوە پیشانى کۆمەڵێک لە سەحابەکانداو لەوانە عەلى کوڕى ئەبو تالیب و تەلحەو زوبەیر و سەعد و کەسانێکى دى و کەوتنە گەمارۆدانى ماڵەکەى عوسمان و داوایان لێکرد مەروانى کوڕى حەکەمیان بداتە دەست کە شک وابو نوسەرى نامەکەیە بەڵام بێ سوود بوو،ئاژاوەکە وا گەرم بوو گەیشتە ئەوەى هێرش بکرێتە سەر ماڵى عوسمان و لە لایەن محەمەدى کوڕى ئەبو بەکر و دوو کەسى دیکە،لە سەر بەرماڵى نوێژکردن،لە ماڵەکەى خۆیدا بیکوژن.
خەلیفەى چوارەم-عەلى کوڕى ئەبو تالیب:
دووهەم ڕۆژى دواى کوشتنى عوسمان کوڕى عەفان کرایە خەلیفەى ئیسلام بە کۆى دەنگى هەموو ئەو ئەسحابانەى کە ئەو ڕۆژە لە مەدینە بوون،بەڵام بە هۆى شەڕى دەستەڵات و فتنەیەى لە ژێر ساباتەکەى بەنى ساعدەوە و لە کوشتنى عوسمانەوە ڕێچکەى وەرگرت،هەر لە دەستپێکى حوکمڕانیەکەیەوە شەڕ و ئاژاوە دەستى پێکرد بەوەى عائشەى ژنى پێغەمبەر هەر دوو سەحابە تەلحەو زوبەیر بە سەرکردەیى لەشکرێک لە مەککەوە بەرەو بەسرە کەوتنە ڕێ،بە بیانوى تۆڵە سەندنەوەى خوێنى عوسمان و عائشەش(کراسە خوێناویەکەى کردبو بە بەیداخ)و سوارى حوشترێک بوبو،بویە عەلى کورشى ئەبو تالیب بە لەشکرێکەوە بەرەو بەسرە کوتە ڕێ و لە بەسرە بەرەنگاریان بوو لە شەڕێکدا کە بە شەڕى (الجمل –حوشتر)ناو براوە زیاتر لە 13000 هەزار کەسى تێدا کوژرا لەوانەش هەردوو سەحابى تەلحەو زوبەیر و ژمارەیەکى زۆرى سەحابەکانى پێغەمبەر،عائیشەش بە دیل گیراو شەڕەکە بە سەرکەتنى عەلى کۆتایى هات.
دواتر موعاویەى کوڕى ئەبو سوفیان لە شام لە عەلى هەڵگەڕایەوە و بانگەشەى بۆ خۆیکرد وەک خەلیفەى ئیسلام،عەلیش بە لەشکرێکەوە بەرەو شام کەوتە ڕێ و هەر دوو سوپاى عەلى و موعاویە لە(ێفین)ى نزیک(الرقە)لە سەر قەراغى ڕوبارى فوڕات بەرەنگارى یەکبون،ووتراویشە گوایە ژمارەى لەشکرەکەى على 120 هەزار کەس و ژمارەى لەشکرەکەى معاویە 90هەزار کەس بوە و شەڕى نێوانیان ماوەى 110 ڕۆژى خایاندوە و 90 جاریش رژاونەتە ناو یەکترى ژمارەیەکى بێشومار لە سەحابەکانى پێغەمبەر یەکتریان قەڵاچۆکردوە کە مەزەندە ئەکرێن بە 90 هەزار کەس،لەوانە 25 هەزار لە سوپاکەى على و 45 هەزار لە سوپاکەى معاویە،تا بە فێڵێکى عومەرى کوڕى عباس و بە بەرزکردنەوەى قورئان بە نووکى ڕمى ڕیزى پێشەوەى شەڕکەرەکانى سوپاى موعاویە شەڕەکە وەستاو عومەرى کوڕى عباس وەک نوێنەرى موعاویە و ئەبو موسا ئەلئەشعەرى وەک نوێنەرى عەلى کوڕى ئەبو تالیب کرانە(حەکەم)ناوبژیکەر بۆ دوا پێهێنانى ئەو شەڕە،لە شانۆگەرییەکى گاڵتە جاریدا عەلى لە خلافەت لابرا و موعاویە خرایە جێگەکەى ئەوەش بەوەى (عومەرى کوڕى عاسى کوڕى النابغە سەلمى کچى حەرمەلەیە کە بە لەشفرۆش لە کۆمەڵگاى مەککە ناسرا بوو خاوەن ئاڵا بوە هەریەک لە ئەبو لەهەب و ئومەیە کوڕى خەلەف و هوشام کوڕى ئەلمەغیرە و ئەبو سوفیانى کوڕى حەرب(باوکى موعاویە)و ئەلعاس کوڕى وائیل ئەلسەهمى،لاقەیانکرد لە یەک ڕۆژدا و دواى 9 مانگ عومەرى بوە،هەریەکە لەوانە داواکەرى عومەر بون بەڵام ئەلنابغەى دایکى داى بە العاسى بن وائل چونکە لەوانى دیکە زیاتر یارمەتى ئەدا،بۆیە ناونرا بە (عومەرى کوڕى ئەلعاس)عومەرى کوڕى العاس توانى بە فێڵ و تەڵەکە بازى ئەبا موسا ئەلئەشعەرى بهێنێتە سەر ئەو بڕوایەى کە هەریەک لە على و موعاویە لە خلافەت بخەن بۆ چارەسەرى کێشەى ئەو شەڕە،ئەویش بە دڵپاکى خۆى تێکەوت،لە هەمان کاتیشدا بە بیانوى ئەوەى کە ئەبا موسى بە تەمەن گەورە ترە پێش خۆى خست و واى کرد لە سەر (منبر)على لە خلافەت بخاو کە نۆرەش هاتە سەر خۆى معاویەى کردە خەلیفە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە