ڕیفراندۆم،بڤەیەکی سیاسی

Thursday, 15/06/2017, 9:22

2688 بینراوە


1- داتایەکی فەرمی لەبەردەستدا نیە بۆ زانینی ژمارەی هاوڵاتیانی کوردستانی باشوور.
2- پاداشت کردنی مەسعود بارزانی.
3- دیاریکردنی وادەی ڕێفراندۆم.
4- گرنگی بەشداری کردن لەم پرۆسەیەدا.
------------------------
پێشەکی؛ تورکیا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەفەرمی ڕێگەی نەدا بەهێزەکانی ئەمریکا خاك و هەوای بەکاربێنن دژ بە دەوڵەوتی ئەوسای عێراق، ئێدی لەو کاتەوە  کەوتۆتە نێو جموجۆڵێکی واوە کە زۆر لەقەبارەی خۆی گەورەتر نیشان ئەدا. ئەم جۆرە لووتبەرزی و خۆ ڕاچڵەکینە بەرانبەر هاوپەیمانێکی وەك ئەمریکا،کاردانەوەی گەلێ گەورەی لەسەر پەیوەندی ئەو دوو ووڵاتە دروست کرد و دواتر هەریەکەیان بەجیا کەوتنەوە نووسینەوەو داڕێژانی سیاسەتی خۆیان. بەجۆریك،رۆژ دوای ڕۆژ ئەو کەلێنە بەرەو فراوانی چوەو وا ئێستا گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و لەماوەیەکی نزیکدا تورکیا بەفەرمی لە ناتۆ،توڕ ئەدرێ.
ئەڵبەت ئەم سیاسەتە نوێیەی تورکیا لەهەمبەر ئەمریکا و ڕۆژئاوا دوای ئەوە دێت کە تورکیا زانی چیتر نابێتە ئەندام  لەخێزانی ئەوروپی  و ئەو سیاسەتە ناوخۆییەی پەیڕەوی کردوە،دژ بەبنەماکانی مافی مرۆڤ  لەگەڵ خواستەکانی ئەوڕۆ ،یەکناگرنەوە. بۆیە تورکیا لەسەر هەمان گەمژەیی سیاسەتی خۆی بەردەوام بوو پاشان بەوەشەوە نەوەستاو بە بەرچاوی جیهانەوە ووڵاتەکەی کردە ڕێڕەوێك بۆ هێزەکانی داعش و بەکارهێنانیان وەك هیزێکی پرۆکسی(جاش) کە ئەجینداکانی تورك و تورکیا و ئەردۆگان وەکو خۆی ،جێبەجێ بکا.
دەرەنجامی ئەو سیاسەتەش  تورکیا لەمەدا توانی زۆرترین  زەرەر لە ئەوروپا بدا و شەپۆلێکی زۆر ئاوارە ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکا و جۆریك لە نا ئارامی (ئابووری،کەلتووری و سیاسی) لەو کیشوەردا دروست بکا، کەئەمەش لە مەودایەکی نزیك  ودووردا کاریگەری گەلێ نەرێنی و خراپی لەسەر ڕۆژئاوا دروست ئەکا. جا بۆیە کاتێ داعش لەلێواری کۆتایی سەربازی و نەمانی لەجوگرافیای چەند ناوچەیەك بەرەو ئاوابوون مل ئەنێ،ئەوا پێوستە تورکیا بگەڕێ بەدوای هەڵبژاردەیەکی دی تا بەردەوام بتوانێ گەرمە بە سیاسەتە ملهوڕی و نانەوەی کێشە بۆ جیهان ،بەردەوامی پێبدا.
ئەم پرۆسەی ڕێفراندۆمەی کوردستانی باشوور یەکێکە لەو هەڵبژاردنانەی تورکیا بۆ ئەو مەبەستە. واتە چۆن داعش بەکارهێنرا لەلایەن تورکیاوە بۆ لێدانی کورد و هەڵسان بەچەندین کاری تیرۆر لە ڕۆژئاوا و ئەمریکا،ئاوهاش پارتی و هیزەکانی داعش تەواوکەری ئەو ئەجیندایەن  کەلە داهاتودا هەمان ئەرکیان لەسەرە.لێرەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتەی کوردستانپۆست ئەدەین کاتێ داعش لە سووریا پاشەکشە ئەکا یەکسەر ئەچنەوە نێو هێزەکانی پارتی و تورکیا.
هەروەك چۆن تورکیا ئەم سیاسەتەی خۆی ڕەچاو کرد،ئەمریکاش بەهەمان شێوە پشتی تێکرد و تا کار گەیشتە ئەوەی لەنێوان هاوپەیمانێکی ناتۆی وەك تورکیا،ئەمریکا هێزەکانی کوردی ڕۆژئاوای لا پەسەندتر بوو لەجەنگی دژ بە داعش. بۆیە تورکیا زۆرباش ئەزانێ ئەو هێزە کوردیانەی ئەوڕۆ دژ بەداعش ئەجەنگن،هەمان هێزن لە دوا ڕۆژدا تا سنووری دەریای ڕەش ناوەستن. ترسی تورکیا و نانەوەی ئەو هەموو قەیران و بەربەستانە دژ بە هێزەکانی ڕۆژئاڤا وای لەتورکیا کردوە نەزانێ چی بکا و چۆن چۆنی هەنگاوی ڕاست بنێ.
خودی پرۆژەکەی ڕاپرسی کوردستانی باشوور؛ ئەوەی پێوستە خەڵکی بیزانی ئەوەیە کەئەم پرۆسەیە ئەشێ لەکاتی جیاوازتردا و چەند جاری تر بکرێتەوە. نمونەی بەشداری ئوسکوتلەندە لە ڕیفراندۆمەکەی ٢ ساڵ لەمەو پێش کە وەك باسی لێوە ئەکرێ لەبەرئەوەی بەریتانیا هاتۆتە دەرەوەی خێزانی ئەوروپی،ئوسکوتلەندا بۆی هەیە جارێکی تر ڕاپرسی بەئەنجام بگەیەنێ و دووبارەی بکاتەوە.کەواتە ئەم پرۆسەیە چارەنووساز نیە و دەرئەنجامەکەی هەرچیەك بێ ،شایانی دووبارە کردنەوەیە گەر پێوست بکا.وەك ئاشکرایە سەرژمێری تەواو لە کوردستانی باشوور چەندین جار ڕێگری لێکراوەو بۆ مەبەستی دەنگی فەل(تەزوویر) ئەم سەرژمێریە نەکراوەو نازانرێ هاوڵاوتی سەرو تەمەن ١٨ ساڵ چەندەو ئەوانەی دەنگ ئەدەن چەند. ئەمە لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر ئاوارە هەن دەنگۆی ئەوەیان لەسەرە پارتی وەك هاوڵاتی هەرێم ناو نووسی کردوون و مووچەیان پێ ئەدا کە ئەمەش کاریگەی لەسەر هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن وەیان "ڕاپرسی" دروست ئەکا.
پاداشت کردنی مەسعود بارزانی؛ هەلێکی زۆر باش هاتۆتە بەردەست بۆ ئەوەی پاداشتی ئەوهەموو تاوانانەی مەسعود بارزانی بدرێتەوە کە لەماوەی ئەو ٢٦ ساڵەی دەرهەق بە میلەتی کوردی کردوە. تەنها وەك ئاماژەیەکی کورت؛
یەکەمین: ڕازی نەبوون بەئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ و خۆسەپاندنی.
دووەمین:هەڵگیرساندی شەڕی ناوخۆ لەساڵی ١٩٩٤ دوای ئەوەی ئابڵووقەی ئابووری لەسەر سلێمانی و گەرمیان دانا.
سێیەمین:هێنانەوەی بەعس لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ بۆ سەر پەرلەمانی کوردستان و جارێکی تر داگیرکردنیان.
چوارەمین:لەتکردنی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی و دیاریکردنی سنووری دێگەڵە.
پێجەمین: بانگێشت کردنی تورکیا و واڵا کردنی سنوورەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سەربازگەی تورک.
شەشەمین: هەڵگیرساندی شەڕ دژ بەپەکەکە لەساڵی ١٩٩٧ و ٢٠٠٠.
حەوتەمین: تیرۆر کردنی چەندین کەسایەتی سیاسی و ڕۆژنامەنووس لەوانە(شێخ ستار،سۆران و سەردەشت .
‌هەشتەیەمین: بەکارهێنانی گوللە دژ بەهاوڵاتیانی بێ چەك لەناوچەی سلێمانی و گەرمیان لەدوای ساڵەکانی ٢٠١١ و بەرەو دوا.
نۆیەمین: دەست تێکەڵاو کردن لەگەڵ داعش و تەسلیم کردنی شەنگال بۆ ئەوەی کوردانی یەزیدی مەفح کەنەوە.
دەیەمین: داخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بەزەبری هێز.
یانزەیەمین: دزین و فەرهوود کردنی سامانی نەتەوەیی و برسی کردنی هاوڵاتیان.
تێبینی؛ئەو چەند نمونەیەی سەرەوە تکایە وەك هەڵە لێی تێمەگەن،بەڵکە وەك تاوان. 
دیاریکردنی وادەی ڕیفراندۆم لە ٢٥ مانگی ئەیلول: هەرچەندە تورکیا لەو ڕۆژەدا هێرشی کردە سەر هێزەکانی پەکەکە و هێزە بەرگریکارەکان ،لەهەمان کاتدا دیاریکردنی ئەم ڕۆژەو ئەم مانگە هەروا بەهەڵەشەیی نەکراوەو پیلانێکی تۆکمەی ڕاوێژکارە تورکەکانی مەسعودە . کورتەی ئەم پیلانەش بەم شێوەیەیە:
ڕاوێژکارەکانی مەسعود زۆر بەباشی لەوە ئاگادارن کە شەپۆلێکی ناڕەزایی  گەورە لەنێو کوردانی باشووردا بەگشتی و سلێمانی و گەرمیان بەتایبەتی هەیە دژ بەم ڕاپرسیە. ئەوان پێیان باشە لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە کەمترین ژمارە دەنگیان فڕێدابێتە سندووقی دەنگدانەوە.  لەبەرئەوەی وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا کە داتایەکی فەرمی بۆ سەرژمێری نیە،ئەوا لەم کاتەدا ڕیفراندۆم لەبری ئەوەی پەنا ببرێتە بەر ژمارەی دەنگدەر ، پەنا ئەبرێتە بەر ڕێژەی بەشداربوون. ڕەنگە ئەم هاوکێشەیە تێگەیشتنی ئاڵۆز بێ بەڵام ئەو کات دەنگەکانی هەولێر و بادینان لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکان ئەتوانن قەرەبووی دەنگە فەوتاوەکانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەی ،پێ دابین بکەن. لەڕاستیدا ئەو ڕاپرسیە تەنها پێوستی بە ڕێژەی %٥٥-٦٥ هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ڕەوایەتی پێ پەیدا بکەن. ئەم ڕێژەیەش بەبێ بوونی داتای دروست بۆ هاوڵاتیانی باشوور،گەلێ ئاسانە و ئەتوانن تێیپەڕێنن.بۆیە دڵنیام ئەم ڕاپرسیە هەر ئەکرێ و گلۆپی سەوزی لەلایەن تورکیاوە بۆ هەڵکراوە،هەر ئەمڕۆش تورکیا ئەگەر چی ئەم پرۆسەیەی لا قبوڵ نیە،لێ‌ دەری خست کە ئەوان سنوور لەو کاتەدا بەرەو ڕووی هەرێم ،داناخەن.
ئایا بەشداری کردن چ کاتێ پێوستە و بۆچی: بەبڕوای من پێوستە کورد سەراپای بەشداری ئەم پرۆسەیە بکا بەمەرجێ دڵنیابوون لەئارادا بێ لە بە ئەلیکترۆن کردنی سیستمەکەو بوونی چاودێرانی ئەمریکی،ڕوسی و ڕۆژئاواییەکان. گەر ئەم کارە بەو مەرجە هاتە دی،ئەوا بەشداری کردن  پێوستە لەناوەو دەرەوەی کوردستانی باشوور بکرێ. کاتێ دەنگدەر ئەچێتە سەر سندووقەکە ئەوا ئەبێ ئەوەی لەیاد بێ کەجگە لە ووشەی(نەخێر) هیچ شتێکی تر نەکا... .بەمەش پاداشتی ئەو هەموو خیانەتەی مەسعود ئەدرێتەوەو بۆ یەکەمین جارە لەمێژووی کوردستانی باشوور بەو شێوەیەو لە بەر چاوی جیهان زۆرینە (نەخێر) هەڵئەبژێرن و ڕاپرسیەکە پەك پێئەخەن. گەر ئەم کارە کرا ئەوا مەسعود وانەیەکی وای پێئەدەن کە هەتا ماوە ئەبێ(هەڵپەڕێ) نەك لەخۆشیدا،بەڵکە لە شێتیدا. ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان بێت و بەو خاینە بڵێن سەرەی تۆیە باش هەڵپەڕە.
ئێمە لە کوردستانپۆست لەمێژە هیوامان بەم پارت و بزووتنەوە و ڕێکخراوە بەناو سیاسیانەی باشوور نەماوەو چارەسەرمان لەدەرەوەی ئەمانە. بۆیە لە ئێستاوە ئەکرێ بانگەشە بۆ ئەو بزووتنەوەیە بکرێ و یەکەمین کاریان هاندانی خەڵکی بێ بۆ بەشداری کردن لەم ڕاپرسیەو نیشان دانی (نەخێر) بۆ مەسعود و تورکیا. دواجار ئەبینین کەوا چۆن هەنووکە هەریەك لە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دوورە پەرێزی خۆیان نیشان ئەدەن و ووتاری ئاگرین دژ بەم ڕاپرسیە ئەنووسن وبڵاو ئەکەنەوە،بەڵام لەگەڵ بەرەو پێشچوونی کات و نزیك بوونەوەی وادەکە ئەمانیش سارد ئەبنەوەو بەرەو بەڕە زەردەکەی مەسعود ئەکشێن و ئەمەی ئێستا ئەیڵێن زوو لەبیر خۆیان و ئێمە ،ئەبەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە