زولفه‌قار، ئه‌گه‌رى به‌ریه‌ككه‌وتنى دوژمنه‌كانى داعش

Thursday, 22/06/2017, 20:12

3106 بینراوە


لەگەڵ نزیک بونەوەى کۆتایهێنان بەدەوڵەتەکەى ئەبوبەکر بەغدادى، بیابانى سوریا بۆتە شوێنى نزیک بونەوەو بەریەککەوتنى سەرجەم ئەو هێزانەى لەجەنگى سوریا بەشدارن وئەگەرى پێکدادانى ئەو هێزانەش دواى نەمانى دوژمنە هاوبەشەکەیان "داعش" هاتۆتە ئاراوا، بە تایبەت کە بیابانى سوریا بە ناوچەیەکى ستراتیژى دادەنرێت کەسوریاى بە ستۆتەوە بە عێراق و ئوردنەوە.

لە دواى دەسپێکى هێرشەکانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە سەرەتاى مانگى یۆنیو بۆ سەر پایتەختى داعش"رەقە" و جوڵەکانى سوپاى ئەسەدو هێزەکانى ئێران و حیزبوڵاى لوبنانى لە سنورى شارى دێرلزورو ئیدلب و رێگاى سەرەکى نێوان عێراق و سوریا و رۆژهەڵاتى شارى حەلەب وبەرەو باشور ، هەروەها نزیک بونەوەى هێزەکانى حەشدى شەعبى لە سنورى سوریا لەدیزى عێراقەوە ، هاوکات نزیک بونەوەى هێزەکانى ئێران لە بنکەى سەربازى ئەمریکا لە ناوچەى ئەلتەنەف لە سێگۆشەى سنورى سوریاو ئوردن و عێراق کە موشەکى "هیمارس "ى تێدا جێگیرکراوە ، کێبڕکێو ململانێیەکى توند دەستى پێکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنى بیابانى سوریا لەلایەن سەرجەم هێزەکانەوە ، کە ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕوات دواى کەوتنى داعش ئەو هێزانە بەریەکبکەون ، بە تایبەت کە لەم دوایانەدا فرۆکەکانى ئەمریکا دوو فڕۆکەى ئەسەدیان خستەخوارەوە و روسیاش هەرەشەى بە ئامانج گرتنى هەر فڕۆکەیەکى کرد کە ئاسمانى رۆژهەڵاتى فورات ببەزێنێ و ئێرانیش لە کرماشانەوە موشەکى زولفەقارى ئاراستەى مۆڵکەکانى داعش کرد لە دێرلزوور.

هەرچەندە ئامانجى راگەیەندراوى هەموو ئەو هێزانەى لە جەنگى سوریا بە شدارن کۆتایهێنانە بە داعش ،بەڵام هەر یەک لەوهێزانەش بە شوێن دابینکردنى بەرژەوەندییەکانى خۆیەوەیەتى لە ئایندەى سوریادا، هەرچى ئێرانە لە رێَگەى ئەو هێزەیەوە کە لە سوریایەو بە پشتیوانى حیزبوڵاى لوبنانى و سوپاى ئەسەد و حەشدى شەعبى عێراقى دەخوازیت ئامانجى ستراتیژى خۆى لە رێگەى دەستگرتن بە سەر رێگاى سەرەکى "دیمشق – بەغداد – تاراندا" زەمانەتى ئەوە بکات کە سوریاى داهاتوو بە هاوپەیمانى ستراتیژى ئێران بمێنێتەوە ودەستى وڵابێت بۆ هاوکاریکردنى هاوپەیمانەکانى و دروستکردنى فشار لە سەر ئیسرائیل وگەیشتن بە دەریاى ناوەڕاست ، هەرچى ئەمریکاشە کە تائێستا روئیایەکى روونى بۆ ئایندەى سوریا نییە لە هەوڵى پوچەڵکردنەوەى ئەجێنداکانى ئێران و روسیایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانى بە تایبەت هێزەکانى سوریاى دیموکرات و خۆبەریوەبەرى باکورى سوریا و هەربۆئەو مەبەستەش ئەو هێزە پڕچەک دەکات و ریککەوتنى درێژخایەنى لەگەڵ دەکات ، دورخستنەوەى روسیاو تورکیاش لە شەڕى رەقە هەر بەو ئامانجە بوو ، هەموو هەوڵێکى بۆ ئەوەیە سوریاى داهاتوو لە ژێر هەژمونى ئێراندا نەبێت وبەدەردى عێراقى دواى سەدام نەچێت.

پێدەچێت ئەو جەنگە گەرمەى ئێستا لە بیابانى رۆژهەڵات و باشورى سوریا بەرێوە دەچێت دەروازەى داڕشتنى نەخشەى سیاسى و سەربازى ناوچەکەبێت دواى داعش ، ئێستا هێزەکان لەو ناوچەیە بەجۆرێک لە یەک نزیک بونەتەوە کە مەترسى پێکدادانى لێدەکرێت بە تایبەت کە هێزەکانى ئێران زۆر نزیک بونەتەوە لە بنکەى سەربازى ئەمریکا لە ناوچەى ئەلتەنەف. هەروەها روسیا خەریکى جوڵاندنى ئەو میلیشایانەیە کە لە حەلەب بە هاوپەیمانى دادەنرین دژى هێزەکانى سوریاى دیموکرات بە تایبەت "میلیشیاى ئەلنەمر" کە سوهەیل حەسەن سەر پەرستى دەکات ، ئەگەرى ئەو پێکدادانەش بە سراوەتەوە بەوەى کە ئایا ئێران چەند سەرکەوتودەبێت لە بەدیهێنانى ئامانجە ستراتیژییەکانى لە سوریا و هەرەشەکانى بۆ سەر بەرژەوەندى هاوپەیمانەکانى ئەمریکا وەک ئیسرائیل و سعودییە بە چ ئاستێک دەگات ، لە حاڵەتێکدا ئەگەر هاوکێشە ستراتیژییەکانى ئێستالە لەلاى دەوڵەتەکان نەگۆڕێت ئەوا ئەگەرى پێَکدادانى بچوک و گەورە لە ئارادایە .

ئاراستەکردنى موشەکى زولفەقار لە بنکەى موشەکى شارى کرماشانى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە لە لایەن تارانەوە بەرەو شارى دێرلزوورى سوریا کە "650 کم " دورییەکەیەتى پەیامێکى ئاشکراى تاران بوو بۆ هەموو لایەنەکانى شەڕ لە سوریا ،کە ئەو وڵاتە کارەکتەرێکى گرنگە لە دۆسییەى سوریاو هەڵبژاردەى فراوانی لەبەردەستە لە گەمەکەدا، موشەکى زولفەقار هەڵگرى ئەو پەیامەبوو تواناى سەربازى ئێران لە ناوچەکە هاوشانى روسیاو ئەمریکایەکە موشەکى دوورهاوێژ ئاراستە ى ئامانجەکانیان دەکەن لە ناوچەکە ، هەربۆیە پێویستە لە ئایندەى سوریا جێگەورێگەو بەرژەوەندییەکانى پارێزراوبێت. ئێران بە ئاراستەکردنى موشکى دوورهاوێزى زولفەقار ئەو پەیامەشى دا کە بەبَى هاوکارى هاوپەیمانەکانى وەک حزبوڵاو حوسییەکان دەتوانێت ئیسرائیل و سعودییە موشەک باران بکات لە هەر روبەروبونەوەیەکى ئایندەدا کە لە دواى سەردانەکەى ترەمپەوە بۆ سعودییەو ئیسرائیل بوەتە ئەگەریکى بەهێز.

هاوکات لەگەڵ نمایشى ئێران ، فڕۆکە کەجەنگییەکانى تورکیاش هێرش دەکەنە سەر هێزەکانى سوریاى دیموکرات بۆ لاوازکردنى کوردانى رۆژئاڤا و رێگرتن لە دروست بوونى قەوارەیەک لە باکورى سوریا کە تورکیا بە هەرەشەى دادەنێت بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەى خۆى، هاوکات ئەمریکا دووفڕۆکەى سوریاى خستەخوارەوە کە ئاسمانى ئەو ناوچانەى لەژێر دەسەڵاتى سوریاى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیدایە.چونکە ئەمریکا باش لەوە تیگەیشتووە کە تەنها لەرێگەى هاوپەیمانى لەگەڵ خۆسەرى باکورى سوریا دەتوانیت بەرژەوەندییەکانى بپارێزێت لە کاتێکدا روسیاو ئێران هیچ پانتاییەکى تریان بۆ نەهێشتۆتەوە بۆ یاریکردن و بەهیچ شێوەیەک دەستبەردارى رژێمەکەى ئەسەدسش نابن ، رە نگە هەر ئەم راستییەش پاڵنەرى ساڵح موسلیمى هاوسەرۆکى

پەیەدە بێت کە بە ئاشکرا هێرش بکاتە سەر ئێران و قەتەر و بە جۆریک لەجۆرەکان بەرژەوەندى لەگەڵ نەیارانى ئێران یەکبخات ، بە تایبەت دواى ئەوەى روسیاو ئێران و تورکیا زیاتروزیاتر نزیک دەبێنەوە.

گۆڕانکارییەکان زۆرخێران ،رەنگە لە ماوەى چەند هەفتەو چەند مانگێکى کەمدا داعش لە رۆژهەڵاتى سوریاو موسڵ بە تەواوەتى لە ناوبچێت ، دواى داعش دوژمنێک نامێنێت کە روبەروبوونەوەى خاڵى هاوبەشى دوژمنەکانى بێت ، یان ئەوەتا ئێران ئەمریکا ناچار دەکات دابنیشێت لە گەڵیداو کێکەکە بەش بکات و نەشتەرگەرییەکى کاتى دءخەکە بکەن هەروەک چەند جارێک لە رووداوەکانى ناوچەکەدا رویانداوە، لەمەشدا هەڵویستى روسیاو تورکیا چارەنوس سازدەبێت کە ئایا رێگە دەدەن ئێران و ئەمریکا لە باشورى سوریا بە تەنها دەسکەوتەکان بچننەوە لە کاتێکدا ئێران و روسیا هەرچەندە هاوپەیمانن ،بەڵام ئەوانیش لە سەر ناوچە جێگا نفوزەکانیان لە سوریا ململانیان هەیە و تورکیاش ناکۆکى مێژووى لەگەڵ هەریەک لە ئێران و روسیا هەیە ؟ یان ئەوەتا رووبەڕوبونەوەى یاریچییە سەرەکییەکان دەست پێدەکات ، چونکە ناکرێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بکەونە ژێر رەحمەتى موشەکەکانى ئێرانەوە لە چوارگۆشەیەکدا کە بۆ شەش ساڵە شەرى وەکالەتى نێوان ئەمریکاو روسیاو ئێران و تورکیاو وڵاتانى کەنداوى تێدا بەڕێوە دەچێت لە کاتێکدا کە گەورە لێپرسراوانى ئێران ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەجێنداى ئەمریکایان لە پچڕاندنى رێگەى تاران – بەغداد – دیمشق پوچەڵکردءتەوە ، بەجێهێشتنى ئەو ناوچانەش لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەواتاى کۆتایهێنانە بە هەژموون و بەرژەوەندییەکانى لە خۆرهەڵاتى ناوەراست و پێشکەشکردنێتى بە ئێران و روسیا کە پێناچێت ئیدارەى ئێستاى واشنتن کە چاوى لە باڵادەستییە لە ناوچەکەدا ئەم هاوکێشەیە قوڵ بکات و رووبەرووى تاران ببێتەوە لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەکانیداوتوانا سەربازییەکانى ئێران بکاتە ئامانج ، لەئەگەرى روودانى ئەو بەریەککەوتنانەشدا هێزەکانى سوریاى دیموکرات رۆڵى سەرەکى دەگێڕن لە پاڵ ئەمریکادا کە لە ئێستادا وەک کارەکتەرێک نەک کارت خۆیان سەلماندووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە