ئومێد خۆشناو بەدەردى جەنابى قازى چووە حاڵى نابێت

Wednesday, 05/07/2017, 19:32

4965 بینراوە


ئومێدخۆشناو سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى داخراوى  هەرێمى کوردستانى عێراق  بابەتێکى بە ناونیشانى لاى ئەوان "بفڕێ هەر بزنە"  بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت حاڵى نابم بۆچى دژى ریفراندۆمن ، خۆشناو دەشڵێت ئەو ریفراندۆمە هیچى لە پشتەوە نییەو ریفراندۆمێکە هاوشێوەى ریفراندۆمەکانى باشورى سودان و تەیمورى رۆژهەڵات و کۆسۆڤۆیە . جا بۆ حاڵیکردنى خۆشناو کە بەدەردى قازییەکە چووە و حاڵى نابێت،  با بەچەند خاڵێک حاڵى بکەین کە بۆچى زۆربەى ئەو خەڵکەى لەدەرەوەى ئەجێنداى بنەماڵەى بەرزانییە دژایەتى ئەو ریفراندۆمە دەکات :
1/ جارێ ئەو ریفراندۆمەى بەرزانى ئیدیعاى ئەنجامدانى دەکات هەرگیز لەو ریفراندۆمانە ناچێت کە لە کۆسۆڤۆ و تەیمورى رۆژهەڵات و باشورى سودان کران ، چونکە ئەو ریفراندۆمانە پشگیرى نێودەوڵتیان هەبوو ، لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پشتیوانى و سەرپەرشتى دەکرا و لە ئەنجامى پرۆسەیەک لە دانوستاندن و رێککەوتن لەگەڵ دەوڵتە مەرکەزییەکاندا ئەنجامدرا، هەرچەندە هیچ کام لەو دەوڵەتە تازە دروست بوانەش خۆشبەختى بۆ هاوڵاتیانى ئەو سێ دەوڵتە نەهێناوە " ئەوە باسێکى ترە" ، بەڵام خۆ ریفراندۆمەکەى جەنابى بەرزانى نەک پشتیوانى دەرەکى و نێودەوڵتى  نییە ، بەڵکو لە رووى یاساییشەوە هیچ بنەمایەکى نییە ، نە لە هەرێم بە یاساى کراوە نە لە بەغداد . 
2/ هیچ کام لەو سێ ناوچەیە دەسەڵاتێکى تێدا نەبووە کە دەستى دووژمنانى بگرێت وسەربازگەى گەورە بۆ دەوڵەتانى داگیرکەر بکاتەوە ،  هەرێمى کوردستان لە ئێستادا دەیان بنکەو سەربازگەى سوپاى تورکیاى تێدایە و بوەتە موستەعمەرەى تورکیا ، باسکردن لە سەربەخۆى لە ژێر رەحمەتى ئەو هەموو هێزە سەربازییەى تورکیا جگە لە درۆیەکى گەورە چیکەیە ؟ دەکرێت خۆشناو پێمان بڵێ لە چ سوچێکى دونیادا دەوڵەتێکى سەربەخۆ دروستکراوەو دوژمن دەیان بنکەو سەربازگەى لە سەرخاکەکەى هەبووبێ ؟
3/ بەرزانى لە ئێستادا کە هیچ شەرعییەتێکى دەسەڵاتى نییەو بە تۆپزى و بە پشگیرى تورکیا و هەندێک لە دەزگا ئیستخباراتییەکانى ناوچەکە و جیهان دەستى بە سەر دەسەڵاتدا گرتووە، ناشرینترین نموونەى دەسەڵاتدارێتى نیشانى خەڵکى کوردستان داوە ، سەرەڕاى فرۆشتنى سەرزەمینى کوردستان بە کۆمپانیاکانى وڵاتانى داگیرکەر لە ژێر ناوى وەبەرهێناندا ، سامانى سروشتى وڵاتەکەشى هەرزان فرۆشکردووە و نەوت وگازى کوردستانى بەبێ ئاگادارى خەڵکى کوردستان بۆ شوێن پێقایمکردنى خۆى لە چەندین رێککەوتننامەى نهێنى و ژێر بەژێردا رادەستى داگیرکەرانى کوردستان کردووە ، لە بەرامبەریشدا برسێتى و هەژارى و ئاوارەى پێشکەشى خەڵکى کوردستان کردووە ، هەرکەسیش دژى ئەم کارە خیانەتکارانەى بەرزانى و پارتى بوبێت یان تیرۆرکراوە یان ناچار بە ئاوارەى کراوە .
4/ بەرزانى خاوەنى مێژوویەکى وەک 31ى ئابو 3ى ئاب و دانوستانى ساڵى 1991 لەگەڵ سەدام کە ئەو کات هەموو جیهان پشگیرى کوردى دەکرد و سەدام لەو پەڕى بارلاریدابوو ، بەرزانى دانوستانى لەگەڵ کردو رێککەوتنى سیاسى و بازرگانى  نهێنى  لەگەڵ بەست  کە ئەنجامەکەى لە 31ى ئابدا دەرکەوت کە بە بروسکەیەک بانگیشتى سەدامى کرد بۆ داگیرکردنى  پایتەختى هەرێم و هەموو ئۆپۆزسیۆنى عێراقیشى تەسلیم بەبەعس کرد. 
5/ بەرزانى ساڵى 1982کە ئەوکات قیادە موئەقەتە بوو پێش سوپاى پاسدارانى خومەینى کەوتبوو بۆ پەلامارى شارە ئازادکراوەکانى کوردستانى رۆژهەڵات و سەدان رۆڵەى کورد شەڵاڵى خوێنکران و گورزێکى دا لەجوڵانەوەى خەڵکى کوردستانى رۆژهەڵات کە تائێستاش لەژێر ئەو بارەدا دەناڵێنێ.
5/ بەرزانى چەندین جار لەدەیەى نەوەدەکانى سەدەى رابردوو پێش سوپاى داگیرگەرى تورکیا کەوت بۆ پەلاماردانى گەریلاگانى باکور لە ناوخاکى باشورى کوردستانداو تائێستاش زانیارى سەربازى لەبارەى جوڵەى گەریلاوە دەداتە میتى تورکیا.  
6/بەرزانى هاوپەیمانى لەگەڵ داعش کرد بۆ هاتنە ناوعێراق ولە 3 ئابدا  شەنگاڵى تەسلیمى داعش کردو بە هەزاران ژن وکچى کوردى ئێزدى رادەستى داعش کرد و کەرامەتى مرۆڤى کوردى شکاند، فەرمانى دەرکرد کە هێزى پێشمەرگە تەقە لەداعش نەکات ، هیچ ئامادەکارییەک نەکرا بۆ رووبەرووبونەوەى داعش بەوهۆیەشەوە داعش توانى چەندین ناوچەى کوردستان داگیر بکات و سەدان هاوڵاتى و پێشمەرگە بونە قوربانى ، ئەگەر ئەملاوئەولا فریانەکەوتنایە هەولێریش دەچوو.
7/ بەرزانى هەر لەگەڵ سەرهەڵدانى شۆڕشى رۆژاڤا کەوتە دژایەتى کردنى ئەو پارچەیەى کوردستان ، خەندەکى لە سەر سنورى رۆژاڤاو باشور هەڵکەند وگەمارۆى ئابورى خستە سەر ئەو خەڵکەى رۆژاڤا ،کە لەرووبەرووبونەوەى داعشدا هەموو جیهانیان سەرسامکردو کوردیان وەک سیمبولى بەرگرى لە ئازادى بە جیهان ناساند، بەرزانى بۆ تێکدانى ئەو ئەزموونەى رۆژاڤا دەستى بۆ هەموو کارێک بردووە ، لەگەڵ تورکیا هێزێکى بە ناوى پێشمەرگەى رۆژئاوا دروستکردووە بۆ ئەوەى ئەو ئەزموونە لەباربەرێت، چەندین گەشتى بۆ تورکیا و ئەمریکا و ئەوروپا کردووە بۆ ناشرینکردنى ئەو ئەزموونە  کەهەموو ئازادخوازانى جیهان وەک ئومێد تەماشاى دەکەن.
8/ کاتێک  جوڵاندنەوەى کوردستانیانى باکور لە ساڵى2015 " هەدەپە" سەرگەرمى بانگەشەى هەڵبژاردن بوو بۆ ئەوەى سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بۆ یەکەمجار هێزێکى کوردستانى بتوانێت رێژەى10% تێپەڕێنێت و بە سەنگەوە بچێتە پەرلەمانى تورکیا، بەرزانى پشگیرى لە ئەردۆغان کردوو بانگەشەى بۆ دەکرد و بە هەموو شێوەیەک دژایەتى هەدەپەى کرد.
9/ بەرزانى بۆ پاراستنى دەسەڵاتى خۆى بە ناوى ئابورى سەربەخۆ لەگەڵ بەغداد تێکیداو بوەهۆى بڕینى موچەو قوتى خەڵکى کوردستان ، نەک هەر ئابورى سەر بەخۆى دروست نەکرد بەڵکو قەیرانى دارایى و بڕینى موچەى کارمەندان و قەیرانى سیاسیشى لێکەوتەوە و پەرلەمانى کوردستانیشس کە خۆیان پێوە هەڵدەکێشا داخراو سەرۆکەکەى ئاوارەکرا و پەلامارى هەموو دەنگە ئازادیخوازو جیاوازەکانى کوردستانیش درا کە دژى ئەو سیاسەتە چەوتە و مانەوەى ناشەرعى ئەو دەسەڵاتەن .
10/ ................... خەڵکى کوردستان بە درێژاى مێژوو شاهیدى ئەوەن و بە چاوى خۆیان بینویانە کە بنەماڵەى بەرزانى هەمیشە داردەستى دەوڵەتانى داگیرگەرى کوردستان بوون و ئەجێنداى ئەوانیان جێبەجێکردووە ، هەربۆیە لە هەموو جوڵەو ئەجێندایەکیان بەگومانن ، هێزو کەسێک کە ئەوە ئەجێندا کەیبَت لە مێژوودا کە من تەنها ئاماژەم بە چەند گءشەیەکى مێژووى نزیکى کردووە و نەچومەتە سەر هەمووى...... ئیتر چۆن دەبێتەجێگاى باوەڕى خەڵکى کوردستان.
 11/ هیوادارم ئومێد خۆشناوم حاڵى کردبێت و بەدەردى قازى نەچێت ، بۆى دووبارەو سێبارە بکەینەوە .......   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە