حێزبی دیموکراتی کوردستان لە جەنگی جەهانی یەکەم

Tuesday, 10/10/2017, 22:21

3814 بینراوە


لاپەرەێک لە مێژووی کورد 
 لە جەنگی جەهانی یەکەمدا سپای روس هات و تاران و روژهەڵاتی کوردستانی گرت . ولاتی ئێران نیوان روس و ئینگلیس دابەش کرا ، کوردستان و باکۆری ئیران بۆ روسیە بوو و لە ئەسفەهان بەرەو خوار بۆ ئینگلیس بوو . لە کەرکوک بەرەو باکۆر لە تەک موسڵ بو فرانسە بوو. وان و ئەسەمولیش بۆ روسیە بوو و بەغدا وبەسرە ش بو ئینگلیس بوو . رێکەوتنی سایکس پیکۆ ، ئیمپراتوری ئوسمانی دابەش دەکرد ،  هەفتا لە سەدی کوردستان و ئەسەمولیش دەکەوتە بەشی روس. بەڵام لە ساڵی ١٩١٧ ، بلشویکە کان هاتنە سەر کار و سپای روسیان لە شارەکانی کوردستان و ئێران بردەوە و بەم جورە پەیمانی سایکس پیکو جێ بە جێ نەکرا و لە ناوچەکە بوشایی هێز پەیدا بوو و ولاتانی ئێران و ئێراق و تورکیە و سوریە  و... پێک هات . رێکەوتنی سایکس پیکو دژی کورد نەبوو بەلکۆ دژی ئوسمانی بوو ، بەڵام لەو کاتە کورد لە هەر چوار پارچەکە پشتیوانی  لە ئوسمانی و تورک دەکرد و دژی روس جەنگیان دەکرد نەک دژی داگیرکەرانی ئوسمانی و ئێران  . 
حێزبی دێموکراتی کوردستان لە سنە 
لە کاتی جەنگی جەهانی یەکەم  سپای روس رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک مەهاباد ، سنە  هەمەدان و کرماشانی گرت وحکومەتی قاجار دەسەڵاتی بە سەر کوردستانەوە نەما و دوای سەد ساڵ  دیسان یەک کورد بە ناوی  سەردار رەشی (ئەباس ئەردەلان) لە لایەن روسەکانەوە  کرا بە والی سنە . لە ناو سپای روس فرەێک لە ئەفسەرەکان ، سوسالیست و کمونیست بوون  و بیری سوسیالیستی لە شاری سنە پەرە دەدەن و حێزبێک بە ناوی دێموکرات دادەمەرزێنن . ئەم حێزبی دیموکراتە جیاوازە لە حێزبی دیموکراتی کوردستان بە رێبەری قازی موحەمەد کە لە جەنگی جەهانی دووهەمدا دامەزرا . ئەفسەرانی رووس لە سنە ، وەک گورپاچوڤ ،مامانوڤ و خارچینکوڤ سوسیالیست بوون و یارمەتی کوردانیان ئەدا کە رێکخراوەیان هەبێ و خەڵکی هەژار رێک خەن و بە دیموکراسی ناسیاری پەیدا کەن بۆیە حێزبی دیموکراتی کوردستانیان بە رێبەری شێخ ئیبراهیم و سالار ئەشرەف کەمانگەر رێک خست . کەسانیک تر وەک  ماموستا مەزهەرول ئیسلام ، ئیبراهیم سوهرابزادە، رەمەزانزادەی کوردستانی، شێخ نیسکی و حەبیب سەمەدزادە لە سەرانی حێزبی دێموکرات کوردستان بوون . ئەم حیزبە لە ماوەێکی کەم توانی فرەێک لە خەڵک و خوێندەواران لە دەوری خوی کۆ بکاتەوە و ببوە بە بەهێزترین حیزب لە کوردستان . 
کوردستان بۆ ماوەی دوو سال بوو کە دیکتاتوری دەسەڵاتی ناوەندی ئێران نەمابوو و خەریک بوو بەرەو ئازادی و سەقامگیری بچێت ، بەڵام لە ساڵی ١٩١٧ لە روسیە شوڕشی بلشویکی کرا و لنین پێویستی بە هێزەکانی روس بوو ، بۆیە فەرمانی دا هێزەکانی روس بگەرێنتەوە بۆ روسیە . دوای روێشتنی روسەکان  بوشایی سیاسی لە کوردستان و ئێران پێک هات ، و ئینگلیس  وحکومەتی ناوەندی ئێران بوشاییەکەیان پڕ کردەوە .  ئیتر سەردار رەشی نەیتوانی لە سنە بمێنێتەوە و چووەو بۆ رەوانسەر و دەسەڵاتی کوردستان دیسان کەوتە دەست والیە ئێرانیەکان و جاشەکانیان . 
پاش روێشتنی سپای روس ، ئینگلیس دەیویست حکومەتی ناوەندی بە هێز لە ئێران دامەرزێنێ  و یارمەتی حکومەتی ناوەندی ئەدا ناوچەکانی سنوری ئێران سەرکوت بکات . ئیتر کابراێکیان بە ناو شەریفە دەولەی کاشانی کردە والی سنە و بە یارمەتی جاشەکان دەسیان کردە سەرکوت کردنی خەڵک و لە ناو بردنی سەرانی حێزبی دیموکرات . بۆ ئەم مەبەستە کەسێک بە ناو شێخ حەمەی مەردوخ کە هەمیشە جاشی حکومەتی ناوەندی بووگە  یارمەتی ئەدەن ، حێزبێکی سەر بە حکومەت بە ناوی سوسیال رێفورمیست  دژی حێزبی دیموکرات دابمەرزنیت .مەردوخ کە جاش و هاوکاری حکومەتی ئێران بووگە  بە یارمەتی کونسولی ئینگلیس لە سنە  دەس ئەکات بە دژایەتی و سەرکوتی حیزبی دیموکرات و لایەنگرانی . 
سەرانی دێموکرات وەک شێخ ئیبراهیم و مەزهەرو ئیسلام ناچار ئەبن بەرەو تاران هەڵبێن،  حکومەت و مەردوخ و ئاسەف کەس دا ئەنن سەرانی  حیزبی دیموکرات بکوژن  و شێخ ئیبرایم  بە شەریفە دەوڵە ئەیژێ من گەرەکمە بچم بۆ هەورامان لای شێخ حیسامەدین، بەڵام بە نهێنی بەرەو تاران دەچی .والی و مەردوخ و ئاسەف چەند کەس لە جوار لاوە دائەنن کە شێخ ئیبرایم بو هەر لایک چوو، بیگرن و بیکۆژن.  لە ناوچەی لەیلاخ کەسێک بە ناو غولام حوسەین کە لە لایەن دەسەلاتەوە راسپێرابوو شێخ ئیبراهیم بکوژێت  لە گوندی جافر لە لەیلاخ دەگاتە شێخ ئیبراهیم و دەڵێ منیش ئەچم بۆ تاران کە لە هەڵێکدا لە دواوە تەقە لە شێخ ئیبراهیم دەکا و دەیکوژێت ئەسپ و لیرە و پارەکەیشی دەبات. دواتریش سالار ئەشرەف و سەرانی تر لە سنە دەکۆژن و حێزبی دیموکرات لە ناو دەچێت . ئینجا شەریفەدەولە بە یارمەتی جاشگەلێک وەک ئاسەف ومەردوخ ، و ترساندنی سەردار رەشی وسەروک هوزەکانی هەورامان و بە کار بردنی ئەوان دەس ئەکەن بە سەرکوت کردنی هوزەکانی مەنمی، گەڵواخی و هوزی شێخ ئیسمایلی جاف لە قوروە. جەنگی کورد بە جاشی کورد ئەکەن . دوای سەرکوت کردنی ئەم هوزانە، سەرانی ئەوان لە بان  تەپەی فێردەوسی سنە زندە بە چال ئەکەن . کونسولی ئینگلیس لە سنە بە ناوی کاپیتان وارن رێبەری جەنگی حکومەتی ناوەندی کردوە و بۆ یەکەمین جار فروکە و هێلوکوپتری ئینگلیسی دژی هوزەکانی کورد بە کار بردوە . چۆن ئینگلیس دەیویست حکومەتێکی ناوەندی بەهێز و سەر بە ئینگلیس لە ئێران دامەرزێنن و ئەحمەد شا  ئامادە نەبوو رێکەوتنامەی نەفتی دارسی درێژ بکاتەوە ، ئەویان لابرد و رەزا ملهوری قەزاق ئالاشتیان هێنایە  سەر تەخت  کە گوێ رایەڵ و نوکەری ئینگلیس بوو.  
بە راستی ئەگەر لنین نەهاتباتە سەر کار و رێکەوتنامەی سایکوس پیکو جێ بەجێ بکراێیت ، ئێستا نە وڵاتی ئێران و تورکیە بەم شیوە دەبو و نەک ئەستەمول شارێکی تورکی دەبو ، بەڵکو شارێکی روسی  دەبو،نەیش کوردستان چوار پارچە دەبو، کوردستانیش یا سەربەخو دەبوو یا دەبوە کۆمارێکی بە هێزی سەر بە روسیە بۆ ماوەێک . هاتنی لنین و یارمەتی ئەوان بۆ ئاتا تورک بووە هۆی سەرکەفتنی ئاتا تورک و رزگاری تورکیە لە دەستی ئینگلیس و یونان  و بووە هوی دابەش بوونی کوردستان بە چوار پارچە . بەڵام بە داخەوە کورد مێژووی خۆی نازانێ یا بە نیوەچلی دەزانێ و ناتوانێ لە مێژووی خۆی بە باشی وانە وەربگرێ . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە