ئاردی ڕیفراندۆم و موچەی پێشمەرگە

Tuesday, 24/10/2017, 20:40

2478 بینراوە


هەر لەوی کاتەی بابەتی ڕیفراندۆم هاتە باس کردن، یەکێ لەو دیاردانەی سەریان هەڵدا؛ عەمبار کردنی ئازووقە بوو لەلایەن هاوڵاتیانەوە. خەڵکی بەگشتی کەوتنە خۆیان و هەرچی بە پێویستیان زانی وەك خۆراك و وزە دەستیان کرد بە گلدانەوە و کڕکەوتنیان. بە جۆرێك گەنم و ئارد و برنج بۆ ماوەیەك لە بازاڕەکانی کوردستان قڕی تێکەوت و بەتەواوی گرانی و کەم بوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینی.  هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو جۆرە  شاردنەوەیە لای هاوڵاتی ئاسایی ئەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆ:
یەکەم: نەبوونی هیچ جۆرە متمانەیەك لەلایەن هاوڵاتیەوە بەو دەسەڵاتەی فەرمانڕەوایەتی ئەکا. ئەم جۆرە لە بەرخووردی هاوڵاتی بۆ دەسەڵات تەواو لەو ئەزموونانە هاتوە کە ئەزانێ دەسەڵات هی ئەوە نیە پشتی پێ ببەسترێ و لەکاتی قەیرانەکان و نەبوونیدا،پشتی لەهاوڵاتیانی خۆی  کردوە. بۆیە ئاساییە هاوڵاتی لەکاتی سەرهەڵدانی کارێکی وەك ڕیفراندۆم کە بۆ دەسەڵات بریتی بوو لە(گیرفاندۆم) خۆی فریای خۆی بکەوێ و لانی کەم بەشی ٦ مانگ بۆ ساڵێك خۆراك بۆ خێزانەکەی دابین بکا.
دووەم: خۆ ئامادە کردن بۆ قەیرانێك کە دوای ڕیفراندۆم دێتە ئاراوە و هاوڵاتیان زۆر بەباشی ئەیانزانی کە ئێران و تورکیا دەروازەکان دائەخەن و ئەو کات تەنها هاوڵاتی زەرەر مەندن تیایدا. بۆیە هاوڵاتی زۆر بەباشی ئاکامی ئەو ڕیفرادۆمەی لەبەر چاوو بوو.دەنا گەر ئەم هێرشەی عێراق نەبوایە بەو زووییە،ئەوا بێ شك و بەبێ هیچ گومانێك ماوەیەکی زۆری ئەویست تا گەمارۆی ئابووری لەسەر کوردستان هەڵبگیرایە. کەواتە هاوڵاتی زیاتر ووردتر و بلیمەتانە  تربوو بەرانبەر بە دەسەڵات  لەو بڕیارەی کە دایان سەبارەت بەو هەڵپەیەی کە کردیان بۆ بە کۆگا کردنی ئازووقە. 
مووچەی پێشمەرگە: وەك ئاشکرایە مووچە بریتیە لە بڕی پارەیەك کە ئەدرێ بەرانبەر کارێك کە ئەرێ  کە بۆی دیاری کراوە. دیارە پێشمەرگەش بەدەر نیە لەو هاوکێشەیە و ڕەنگە لەوەش زیاتر پێوستە ئاگاداری باروو دۆخی ئابووری پێشمەرگە بکرێ و هاوکاری و شایستە داراییەکانیان بەردەوام جۆریك لە گەرەنتی بوون،هەبێ. ئەگەر چی ئەمانە وەك پێوست بۆی دابین نەکراون و وەك پێوست ئاوڕیان لێ نەدراونەتەوە. لەهەمان کاتشیدا مووچە بەرانبەر کاری کراو ئەدرێ. واتە کاتێك کارێك بە ناتەواوی و نیوە ناچڵێ ڕا ئەپەڕێنرێ،ئەوا مووچەدەر بۆی هەیە ئەو مووچەیە نەدا وەیان کەمی بکاتەوە. لێرەدا ئەوەی مەبەستی پرسیارەکەم ئەوەیە؛ ئایا پێشمەرگە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال هەڵهاتن و خەڵکی کوردانی یەزیدیان ئاگادار نەکردوەو بۆ چەتەکانی داعشیان جێهێشت...هەروەها ئەم جارەش بەهەمان شێوە کوردانی گەرمیانیان بەجێهێشت و ئەو کارەساتەیان بەسەریاندا هێنان. ناکرێ بپرسین پێشمەرگە ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێناوەو کەمتەرخەم بوون و شایەنی ئەو مووچە نین و هەقی خۆیەتی ڕەتی بکەنەوە. ڕەنگە بپرسن ،پێشمەرگە تەنها فەرمانی فەرماندەرەکانی بەجێهێناوە. بەڵام ئەمە پاساو نیە لە کاتێكدا لەماوەی کەمتر لە ٢ ساڵ لەباتی بەرگرکردن و خۆ بەفیدایکردن ،پێشمەرگە پێش هاوڵاتی سادە سەنگەری بەرگری چۆڵ ئەکا و خەڵکەکە تووشی کوشتن و تیرۆر ئەکەنەوە. جا گەر پێشمەرگە ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ نەکا کە بەرگری و گیانفیدایی کردنە،ئەی ئەوسا هاوڵاتی ڕوو لەکێ بکا بیپارێزێ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە