هەزار ڕەحمەتت لێ بێ،قالە فەرەج

Tuesday, 14/11/2017, 3:34

7596 بینراوە


پێشەکی؛تکایە لەم تایتڵە تەنها لەڕووی فەنتازیەوە لێی بڕوانێ و مەبەست ناوەڕۆکەکەی نیە.
جاشایەتی یەکێکە لەو دیاردانەی کە بەداخەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا گەلێ بەربڵاوە. بەشێوەیەك،لەو دیاردە ناهەموارەوە گۆڕدراوە بۆ پێچەوانەکەیو زۆر جار کەسی جاش خۆی پێوە با ئەدا و هیچ نەنگی پێوە دیار نیە . گەر زیادە ڕۆیی نەکەین ئەوا ئەم جاشایەتیە لە سەرکردەکانەوە دابەزیوەتە خوارێ و وەك کوردپەروەیی و نیشتمانپەروەری،نمایشیان کردوە.
لەدوای ئاشبەتاڵە ئابڕووبەرەکەی مەلا مەستەفای  ساڵی ١٩٧٥ ئەگەرچی هێزی ئەوسای کورد لەچاو هێزی عێراقی گەلێ بەهێز و تۆکمەو یەکگرتوو بوون. هێزی کورد لە باشووری کوردستان بەتەواوی سەرکەوتنیان وەدەست هێنابوو لە بەرانبەردا هێزی عێراق ناچار پەنای بردەبەر  واژوو کردنی ڕێکەوتن نامەی  بەناو(جەزائیر) کە عێراق ئامادە بوو واز لەچەند دوورگەیەکی خۆی بۆ ئێران بهێنێ و ئێرانیش ئەو هەڵبژاردەیەی دایە دەست مەلا مستەفا کە یان بڵاوە بە شۆڕشی ئەیلول بکا وەیان خۆی بەتەنها و گەلی کورد درێژە بەو شۆڕشە بدەن ،کەدواتر مەلا مستەفا چونکێ بەکرێگیراوی ئێران بوو،ئاشبەتاڵی کرد.
هەر دوای ئاشبەتاڵ عێراق جگە لە ڕاگوێزانی گوند و لادێکان و خاپوور کردنی هەندێکی تریان، بۆ ئەوەی نەهێڵێ جارێکی تر هێزی پێشمەرگە دروست بیتەوە کەوتە دروست کردنی هێزی بەکرێگرتە یان (جاش). بۆ ئەمەش یەکێ لەسەرەتاترین و یەکەمین هێز کە دروستی کردن، جاشەکانی قالە فەرەج بوون. ئەم کابرایە  کە خەڵکی گوندێکی لای قەلادزێ بوو و لەڕابردووش دەمڕاستی مەلا مەستەفا و بنەماڵەی بارزانی بوو. قالە فەرچ برای شەهێدی سەرکردە مستەفا فەرج بوو کە حکومەتی بەعس تەرمەکەی لە کەرکوك تا قەڕەهنجەر بە دوای دەبابە راکێشا.
 قالە فەرەج، سەرەڕای ئەوەی کە براکەی شەهیدی دەستی بەعس بوو، کەچی بۆ خۆی زۆر بێ بەزەییانە کەوتە گیانی خەڵکی و کون بە کون بەدوای ڕێکخستنەکان و هێزی پێشمەرگەی یەکێتی  بوون. لە بەرانبەردا پارەیان لە حکومەتی بەعس وەرئەگرت. عاسییە ریشە کە بکوژی  شەهید ئارام (شاسوار) بوو، لەگەڵ  ئەم قالە فەرەجە ئەویش یەکێک بوو لەوانەی کە شەهید شاسوار(ئارام)یان لە تەنگی سەر شەهید کرد.
ساڵی ١٩٧٧ ئەو کات تازە ئەمنە سوورەکە دروست ئەکرا،ئێمەش وەك گەنجی ئەوسا خەریکی یاری کردن بووی لەو گۆڕەپانەی کە ئەمنەکەیان لەسەر بنیات نا. بەرانبەر ئەو گۆڕەپانە وەرزشیە بارەگای جەیشی شەعبی لێبوو. نیوەڕۆیەك لەگەڵ برادەرەکانم کەوەك من تازە ڕیش و سمێڵیان گۆگرە بوو بوون، لەو کۆمەڵە جاشە نزیك بووینە کەهاتبوون بۆ بارەگاکە بەمەبەستی خۆ پرچەکردن و تفاقی سەربازی و وەرگرتنی خۆراك و شتی لەو بابەتە..منیش نازانم چی بوو لەگەڵ برادەرێکم خەریکی وورتە وورت بووین و ووتم سەیری ئەو جاشە خوێڕیە بکە چۆن بە گۆچانێکەوە لەگەڵ ئەو عەرەبە پێئەکەنێ. هەر ئەوەندەم ووت و ئەوەندەم زانی وەك هەڵۆ کەوتە سەرم و هەتا توانی شەپازلەیەکی لێدام. دوای چەند جوێنێکی زۆر ووتی؛ ئێمەی جاش زۆر لەو سەرکردانەی کورد شەریفترین. دیارە لەبەر ئەو عەرەبانەی ئەوێ نەبوایە لەجیاتی ئەو شەپازلەیە ڕەنگە سەلیەك فیشەکەی پێوە بنایینایە.
دوای ١٦/١٠/٢٠١٧ و دوای ئەو هەموو خیانەتانەی سەرکردەکانی کورد بەسەر ئەم میللەتەیان هێنا ،هەر لەئاشبەتاڵ، ماچو موچی دیکتاتۆرەکان،گریان لەسەر گۆڕی دوژمنانی کورد،٣١ ئاب، دزینی سەروەت و سامان و دزینی مووچەی خەڵک و شەڕی ناوخۆ.... دەرکەوت، کە ئەو جاشانە زۆر زۆر لەم سەرکردە کوردانەی بەناوی شۆڕش و کوردایەتیەوە هەن، بەڕاستی شەرەفتر بوون.
سەرنج:
بەڕێزان سڵاو: ڕاستی ئەوەی قالە فەرەج خەڵکی چەمچەماڵ نیە  ئەوە من لەڕێگای دراوسێیەکی خۆمان کە چەمچەماڵی بوون و لەوانم بیستوە. جا ئەو برادەرەش کە ئەو هەڵەیەی ڕاست کردۆتەوە ئەوا جێگای دەست خۆشیە. هەروەها چێرۆکی شەهید کردنی کاك ئارام کاتی خۆی من بەم شێوەیە بیستوومە: دوو مەفرەزەی قالە فەرەج و تەحسین شاوەیس پێکەوە بەشدار ئەبن لە شەهید کردنی کاك ئارام. من لە ووتارەکەدا ووتومە کە قالە فەرەج یەکێکە لەوانەی شاسواریان شەهید کردوە،بەو واتایەی ئەم تەنها یەکێك بوە لە بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە. ڕاستیەکەی منیش ئەمزانی کە خودی(عاسیە ڕیشە) بکوژی کاك شاسوار بوو بەڵام من تەنها ووتم کە قالە فەرەج یەکێك بوە  لە بکوژانی. بەهەرحاڵ دەستی ئەو برادەرە خۆش بێ کە ئەو چەند سەرنجەی هەبوەو دەستی ئێوەش خۆش بێ کەوا ئاماژەتان بە گرنگی ئەوە داوە و بایەخی ووتارەکەی زیاتر کردوە. لەو نووسینەی سەرەوەدا ئەو زانیرییانەمان راست کردەوە.
ماندوو نەبن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە