تورکیای ساڵی ٢٠٢٣

Sunday, 03/12/2017, 2:44

4110 بینراوە


بەرایی
یەکەم: عێراق ساڵی ١٩٧٢ هەستا بە خۆماڵیکردنی نەوت.لە کاتێکدا بەپێی ئەو بەڵگانەی هەن ئەبوو هەردوو کۆمپانیاکانی هەریەك لە هۆلەندا و بەریتانیا بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ پشکی گەورەیان هەبوایە و عێراق نەئەبوو ،خۆماڵیان بکا.
دووەم: عێراق ساڵی ١٩٩٠ بەسەر پەرشتی حسێن کامیل زاوای سەدام حسێن ،دەستیان کرد بە پرۆژەی دروست کردنی سەربازی عێراق وناوبراو کرا بە وەزیری ئەو پۆستە تا ئەوکاتەی گەڕایەوە لە ئۆردون و لەساڵی ١٩٩٦ لەلایەن بنەماڵەی سەدامەوە کوژرا.
سێیەم: شای ئێران  لە ساڵی ١٩٧٧ دا ڕایگەیاند کە سوپاکەی چیدی پێوستی بە ئەمریکا نیەو ئەتوانێ پارێزگاری لەخۆی بکا.
چوارەم: ئەمریکا یارمەتی هێزەکانی دژ بە سۆڤیەتی دا لەئەفگانستان و لەوانەش قاعیدە کەدواتر ئەم ڕێکخراوە هێرشی بەناو بانگی سێپتێمبەری ١١ ساڵی ٢٠١١ بەئەنجام گەیاند و دواتر دوای ١٠ ساڵ ئوسامە بن لادنیان تیرۆر کردەوە لەپاکستان.
پێنجەم: مەسعود بارزانی لە ٢٥/٩/٢٠١٧  دوای ئەوەی ئەمریکا و جیهان داوایان لێکرد ڕاپرسی نەکا و دوای بخا بۆ ساڵێکی تر،گوێی لەکەس نەگرت و دواتر تڕۆ کرا.
شەشەم: وەزیری بەرگری تورکیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند،تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣ فڕۆکەی سەربازی دروست ئەکا.
لە نمونەی یەکەمەوە تا پێنجەهەمین ئەوانە  گشتیان بوونەتە مێژوو. واتا ئەبنە وانە بۆ هەر ڕووداوێکی تر لەم چەشنە. ئەمریکا پشتگیری لەهەموو ئەوانەی سەرەوە کرد و هەموو پاڵپشتیەکی لێکردن تا ئەو کاتەی ئەمانە لووت بەرزانە مامەڵەیان کرد و ناچار ئەمریکاش،لە ناوی بردن. سیاسەتی ئەمریکا وەهایە؛ هەتا ئەو کاتەی گوێڕایەڵی بی و لە ئامۆژگاریەکانی دەرنەچی ئەوا مەترسی گەورەت لەسەر نابێ،بەپێچەوانەوە خۆت گۆڕ بۆ خۆت هەڵئەکەنی و کۆتاییت پێدێت.
ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی  لە دوو بواردا قۆرخکاریان کردوەو ناهێڵن کەسانی تر جێیان پێ لەق بکەن. (ووزە و سەربازی) ئەو دوو بوارەن کەخۆی لە نەوت و چەکسازیدا ئەبینێتەوە و بەتەواوی باڵا دەستن تیایدا. بۆیە هەر کەس و ووڵاتێ بوێری ئەوە بکا لمۆزی لەم دوو بابەتەدا بدا،ئەوا پێوستە لەجیاتی جارێ،سەد جار بیر بکاتەوە. گەر بێت و عێراق وەك سعودیەی بکردایە و خۆماڵی نەوتەکەی نەکردایە و هەڵنەستایە بە دروست کردنی (چەك) و چەکسازی،ئەوا پاشەڕۆژی بەم ڕۆژە نەئەگەیشت. هەروەك چۆن ئێستا سعودیەد ماوەو زرت و زیندوە،ئەوا عێراقیش بەهەمان شێوە. ئەمە ڕاستە بۆ نمونەکانی تریش.
کاتێ تورکیا دێت و ئەیەوێ بەگوێی ئەمریکادا بچرپێنێ بەوەی پشت بەخۆی ئەبەستێ و چەك و چۆڵ دروست ئەکا لەو نێوەندەدا فڕۆکەی سەربازی،ئەوا ئەبێ باش بزانێ کە هیچ وانەی لە مێژوو وەرنەگرتوە. 
لەشانۆگەری(خولە چەخماخە)دا گەر (خولەی چەخماخساز) تەنها خەریکی کاری چەخماخسازی خۆی بوایە هەرگیز خولەی چەخماخە بەدوایدا نەئەگەڕاو لێی نە ئەپرسی ؛(ناشێ بەناوی منەوە ژنت هێنابێ وەیان بەناوی منەوە ناردووتە سەر حەمە نەجمی  سوورەبانی و دەمانچەیەك و ١٠٠ دینار جەزات لێ سەندوە. ئەمە ئەو گەمژەییە کە دیکتاتۆرەکان هەمیشە دوو بارەی ئەکەنە و وانە لە مێژوو فێرنابن و گوێش لەکەس ناگرن. مەسعود بارزانی زۆر زۆر لەو گەمژانەش گەمژەترە کە خاوەنی هیچ نەبوو و هیچ هێزێکی مرۆیی و سەربازی و ئابووری بەهێزی نەبوو،کەچی لووت بەرزانە مامەڵەی کرد و تەنها گوێی بۆ چەند چەورەیەکی ڕۆژئاوایی قات لەبەر گرت و کردیان بەو فلیمەی کەس ڕووی نایە سەیری کات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە