پارێزگاری تازەی شاری سلێمانی دکتۆر هەڤاڵ چی پێدەکرێت؟

Wednesday, 06/12/2017, 17:06

3983 بینراوە


بوونی دکتۆر هەڤاڵ بە پارێزگای سلێمانی پەیوەندی بە تێکشکانی دەسەڵاتەوە هەیە، نەک موستەحەقی خۆی، ئەگینا هەڤاڵ ئەبوبەکر بشفریایە نەیاندەکرد بە پارێزگا! بەڵام ئەم دکتۆرە دەتوانێت لەسەر دەغیلەیەکی خاڵی چی بکات لەکاتێدا خەڵک تەنها کێشەی پارەیان هەیە و هیچیتر! لاتان سەیر نەبێت خەڵکانێک تەنها کێشەی پارەیان هەبێت وا مەزانن لە گرفتەکانی تردا بێبەرین، بەڵکو ئەوان پڕاوپرن لە قەیران! لای ئەوان تەنها پارە چارەسەری هەموو کێشەکان و سەر ئێشەکانیان دەکات! باشور لە ساڵانێکدا بگەڕێتە دواوە پارەی لێدەرژا و هەرچی دەهات لێیدەخوارد، کەچی لەهەمانکاتیشدا پربوو لە فەوزا و بێسەر و بەری دەسەڵاتی و ئەخلاقی تاکی کورد!.
ئەوەی ئەم نەهامەتییە بەسەر ئەم گەلەدا هێنا بە پلەی یەکەم ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکو واژووکردنی ئەو دوو هەزار پرۆفیسۆر و نووسەر و مامۆستای زانکو، شاعیر و دکتۆرو خوێنەوارانە بوو(کلیکی ئێرە بکە)، کە واژوویان بۆ سەرۆک کرد، وەک پارانەوە لە بەرزانییان داواکرد ببێتەوە بە سەرۆکیان! پرسیار لێرەدایە ئەگەر سەرۆک ئەوکاتە ئیکسپایەر ببووایە و یەکێکی تر سەرۆک بوایە ئێستاکە ژیان چۆن چۆنی دەبوو؟ بۆ لیکۆڵینەوە لەو دوو هەزار ڕۆشنبیر و پرۆفیسۆر و مامۆستا زانکۆیانە بکەیت و بەسزای خۆیان بگەن: ئەوەیە کە ئەمانە ناوەکانیان بخرێتە لیستی ڕەشەوە بۆ ئەوەی هەتا هەتایە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن نەکەن، چونکە ئەمانە کلیکی بەدبەختێکانی کوردن وەک لە خۆشبەختییەکانیان! لەهەر شوێنێکی تری ئەم جیهانە بوایە دەبوو ئەمانە بدرانایە بە دادگا هەر هیچ نەبوایە داوای لیبوردنیان لە خەڵک بکردایە وەک موستاشارە بیانییەکانی بەرزانی کە دانیان نا بە هەڵەی ریفراندۆمدا.
پیشتر لەکاتی مەرگ و پرسەی نەوشیرواندا بۆ گۆرانەکانم نووسی و وتم: ئێستاکە ئێوە ئەو هەلەتان لەبن دەستایە کە دڵی سلێمانی بەدەست بهێنن، ئەگەر بێتو لەکیس خۆتانی بدەن ئەوا دەبێت تاکو ماون وەک حیزبی شیوعیه ەرخەریکی قسەکردن بن! بەلام گۆڕانەکان ئەو هەلەیان لە دەستخۆیاندا لەکاتی ڕیفراندۆمدا! ئیتر مەحاڵە گۆڕان ئەو گۆڕانەی جارانبێت! گۆڕانەکانی سلێمانی بۆیە ڕقیان لە لیستی نوێیە، چونکە وا دەزانن ئەو لیستە نوێیە دەنگەکانیان دەبات و ئەمان ئیتر دەبنەوە بەکەمینە وەک لەوەی کە دەسەلاتی دووەم بوون لە هەڵبژاردنەکاندا و هەرچەندە هیچیشیان پێنەکرا و دەرکران! دەبوایە گۆران ئەوکاتە شەری دەستەیەخەی بکردایە بەزۆر بگەڕایەتەوە پەرلەمان، بەڵام ئەوەیان نەکرد، چاوەروانی ئەوەیانکرد نەیارەکەیان تۆشی شکستی بێت، بەڵام فەرامۆشیانکرد. کەوتنی دەسەڵات لەهەمان کاتدا کەوتنی کورد و بەدبەختێکانی کوردە! دەسەلات دۆراوەکەیش وا دەزانێت دروستبوونی لیستی تازە و نوێ لە هەبژاردنەکاندا لە بەرژەوەندی خۆیەتی! ئەم سیاسەتی میکاڤیلییە هەر شایەنی باشورە! حیزبێک، بزوتنەوەیەک لەوە بترسی بە دروستبوونی لیستی تازە و نوێ دەنگەکانی دەخوریت و کەم دەکات، هەڵبەت نەبوونی باشترە، وەک لە بوونی. ئەمانە هەڵبژاردن دەکەن بە گرەوی بردنەوە! گرنگ بردنەوە نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە، کە چۆن سیستەمی کاروباری دەوڵەت بەرێوە بەریت؟ خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو! نەک کچی جوان بۆ سکرتێریی و کورە مەسئول و سەرکردەکانیش بۆ وەزارەت.
هاتنی هەڤال بۆ پارێزگا پەیوەندی بە هەڕەشەکەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە، کە دەڵێت: دەبێت ئەم حکومەتە هەڵوەشیتەوە لە جێگەی حکومەتێکی کاتی ڕێک بخرێت. واتە کاتێک گۆڕانەکان هەڕەشە دەکەن، ئیتر دەسەڵات سەری بۆ داواکارییەکانی ئۆپۆزیسۆن دادەنەوێنێت! بەگریمان ئەگەر گۆرانەکان لەکاتی داخستنی پەرلەماند و گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە دێگەڵەوە بۆ سلێمانی ئەگەر هەڵویستان هەبووایە و چاوەڕوانی ڕەحمەتی پارتیان نەکردایە ئێستا ئەم ڕیفراندۆمەیش ڕووی نەدەدا وەزعەکە بەلایەکی تردا دەکەوتەوە و یەکیتێکانیش لە سەر دوو پەت پەتپەتێنیان نەدەکرد! لە هەموویشی سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە کاتێک گۆران داوای ڕوخانی حکومەت دەکات و دەڵێت لە جیگای دەسەلاتێکی کاتی بەرێوبردن بێتە کایەوە، لە هەمانکاتدا دەچێت بە واژووی سەرۆکی حکومەت و هەڤال دەکەن بە پارێزگا! ئەویش وەک کارمەندێکی موخلیس سوێندی یاسایی دەخوات، ئەگەرچی هەرچی یاسا و دەستور هەبێت لەو حکومەتەدا نییە! تۆ لە لایەک دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەسەڵاتە شەلاتییە دەکەیت، کە خۆشت بەشداریت تێیدا لە لایەکی دیکە چاوەڕوانی واژووی سەرۆک حکومەتیت بۆ پۆستی پارێزگا.
ئۆپۆزیسۆنێک سوور بزانێت و بە ئاگا بێت، کە دەسەڵاتێک بە لاڕێدا دەڕوات، کارەکانی نابەجێن، خەریکی فرۆشتنی سەروەت و سامانی ماڵی کوردە، پڕە لە سەرگەردانیی و فەوزا، شکست لە دوای شکست بە دووی خۆیدا دەهێنێت، دەبێت لەن اوی ببات و بیڕوخێنێت، نەک پاکانە واژووی لە لا کۆبکاتەوە. هەر بۆیە ئۆپۆزیسۆنی کورد هەر وەک دەسەڵات چاوەڕوانی ملشکاندی یەکترین، بەڵام هەرگیز یەکتری لەناونابەن، چونکە کارەکانیان ئا ئاوا دەڕوات بەڕێوە، ئەمیان ئەویان تاوانبارد ەکات ئەمیشیان ئەویان، لە نیوانیشاندا گەمژەکردنی تاکی کوردە.
لە کۆتایدا پارێزگاری تازە دەتوانێت چیبکات؟
من خودی خۆم بڕواناکەم ئەم پارێزگارە بتوانێت بژێوی تاکی کورد چارەسەر بکات چونکە هەڤاڵ ئەبو بەکر ئابوریی نەخوێندووە تاکو پلانی بۆ ئابووری شار هەبێت، نەخوازە بۆ ئاوادانکردنەوە و هێنانی ئیش و دامودەزگای بەرهەم هێنان، ئەم ناتوانێت شار جارێکی تر لەسەر بنەماکانی ئابوری و ئیشکردن و دارێژیتەوە، چونکە ئەمیش چاوی بریوەتە خەزێنەی دەوڵەت تاکو موچەی فەرمانبەرانی پێبدات! ئەی ئەگەر داهاتی کورد و خەزێنەی دەوڵەت نەهات لە بەغدادەوە ئایا ئەم پارێزگایە پلانی چییە؟ چۆن دەتوانێت خوێندکارێک کە زانکۆ تەواو دەکات لە جیاتی ئەوەی ببێتە سەربازی حیزب، ببێتە ئەندازیاری ئاوادانکردنەوەی نیشتیمان و نیشتیمانی خۆش بویت، نەوەک هەوڵی ڕاکردن بدات؟ لەبەر ئەوەی هەرگیز ناتوانێت کاری ئابوری و بژیوی خەڵک چاک بکات! ناتوانێت کارەبا بگەرێنێتەوە نێو تاریکستانی شار، ناتوانێت خۆشبەختی لەنێو تاکەکانی شاردا بچینێت، ناتوانێت دڵی دایکانی جەرگ سوتاومان بۆ بلاوێنیتەوە. هەرشتێک بە پارە بکرێت و ئەم دەغیلەکەی خاڵی بێت یاخود پڕ بێت ناتوانیت بیکات! ئەی دەتوانێت چی بکات؟ بۆچی بوو بە پارێزگا؟ بوون بە پارێزگا واتای چی؟ ئایا تەنها موچەی خەڵک هەبێت و هیچی تر؟ هەتاوەکو دوایی..هتد.
ئەم پارێزگایە دەتوانێت تەنها لەو ماوە کورتەدا تەنها یەک شت بکات؟ بە بۆچوونی من کە زۆر گرنگە، ئەویش گەڕانەوەی سەروەریی تاکی کوردە لەو شارەدا کە خراوەتە ژیر پێلەقەی دەسەلاتەوە لەو شارەدا! ئەم سەروەرییەش نەپارەی دەوێت نەهیچ بەڵکو دیسپلین و موراڵ و نیشتیمانپەروەری دەوێت! ئەگەر ئەم پارێزگایە نەتوانێت ئەوە بکات ئەوا ئەمیش وەک پارێزگاکانی تر دەچێتە خانەی جەلادەکانەوە! ئەم پارێزگایە دەتوانێت ئاسایشی شار بە دەور و بەرەکەیەوە بپارێزێت! ئەگەر کەسێک دەستدرێژیی لێکرا، ئەگەر کەسێک هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، ئەگەر کەسێک بە ناحەق گیرا و زیندانیکرا، ئەگەر کەسێک لەسەر ڕاپۆرتێک کوژرا، ئەگەر کەسێک فرێنرا، ئەگەر کەسێک ماڵی دزرا، ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک هەرەشەی لێکرا یاخود کوشتیان ئەگەر بێت بە دوویدا نەچێت و لێکۆلینەوەی لێنەکات! ئەوا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگا نییە، بەڵکو جەلادە! ئەی بۆ پێدەڵین: [ پارێزــــــ گار] واتە پاراستنی ژیانی خەڵک، پارێزگاری کەرامەتی خەڵک، نەک تێکشکاندنیان! ئەگەر بێت و ئەم پارێزگایە ئەوە بکات و ئاسایشی شار بپاریزێت و دامودەزگا داپلۆسەرەکانی دەسەڵات خەڵک نەترسێن، ڕاوەڕاوی خەڵک نەکەن و سوکایەتی بە خەڵکی شار نەکەن، هەوڵبدات خۆپیشاندانەکان بکرێت و مۆڵەتی پێبدات نەوەک لە ژێر پاساوی ئاسایشی هەرێمدا بیانترسێنی، مۆڵەتیان نەداتێ ئەوا پاریزگار نییە بەڵکو ئەویش کارمەندیکی دەسەڵاتە و ئەرکەکانی دەسەڵات جیبەجی دەکات! ئەگەر هاتو ئاسایشی شار و خەڵکەکەی پاراست ئەوا نیشانەی دەستخۆشییە و دەبیت خەڵکەکەیش سوپاسگوزار بێت. هەموو کارێکی، هەموو وتەیەکی باش، هەموو بیرو هزرێکی باش دەبێت دەستخۆشی لێکرێت تاکو کەسەکە زیاتر خزمەت بکات و زیاتر هەست بە لێپرساویی دیسپلین بکات و هەست بکات کە کارەکانی جێ پێزانینی خەڵکەکەیەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە