شاسوار سادەیە چونکە فاسۆڵیا ئەخوات!

Sunday, 07/01/2018, 2:43

4699 بینراوە


یەک دوو رۆژە لە فەیسبوک  ئەم وێنەیەى شاسوار بڵاو بۆتەوە، کۆمەڵێک کەسى ماستاوچى و خۆبەرەوە پێش کەوتونەتە ستایش و پیاهەڵدانى کە گوایە، ئەو سەرکردەیە (کە نازانم من تا ئیمڕۆش هیچ کەسێک بەشایستەى ئەوە نازانم بەسەرکردە ناوى بێت) زۆر سادە و خاکى یە لەنێو خەڵکایە و فاسۆڵیا دەخوات. کە لاى هەموان ئەوە جگە لەوەى شتێکى زۆرسادە وئاسایى یە، پرسێکیش نىیە کە بکرێتە باس و گەورەکردن تا واى بۆبکرێت.
سەرەتا من ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەگەر هەرکەسێک ئەو پیاوە بناسێت و بەژیاننامە و بارى دارایى خێزانیدا بچێتەوە، یەکە و راست ئەگاتە ئەو باوەڕەى کە ئەو پیاوە بە رێگەى ناشەرعى ئەو پارەیەى دەست کەوتوە، کە رێگای نکەریی و پیسخۆریی و دەسەڵاتی کوردی دەستی کەوتووە ئەگەر نا تەمەنى ئەو کەسە و بەراورد کردنى بەو سەرمایەیە، بەهیچ شێوەیەک بەیەک ناگەنەوە. من نامەوێت زۆر لەسەر ئەوە هەڵوەستە بکەم، چونکە ئەوە  رون و ئاشکرایە. زیاتر مەبەستم لەسەر ئەوە کەسانەیە کە فوى تێدەکەن و گەورەى دەکەن.
بەداخەوە ئێمەى کورد عەقڵمان لەچاوماندایە، تەنها شتە روکەشەکان ودەرەوەى دەبینین، نازانین لە پشتەوەو دیوەشاراوەکەى چىیە، بۆیە هەمیشە تێدەکەوین، بەتایبەت کاتى دەنگدان و هەڵبژاردن کە بە دووقسە و کردەوەى کەسى بەرامبەر فریو دەدرێن، لامان دەبێتە ئیمامى زەمان. ئەم کارە و بانگەشەیەش ئەبێتە سەرەتایەک بۆ دروستبون و دارەدارەى دیکتاتۆرێکى گرنگن و تازە سەرجوقاو، کەسەرجەمیان بەو شێوەیە دروست بون و. دەرکەوتون.
هەرچى تایبەتە بە سادەیى و ساکارى ئەو پیاوە، پێکەنینم بەعەقڵى ئەو کەسانە دێت کە بەو چاوە سەیرى دەکەن، دڵنیام ئەوانەى هات و هاوارى بۆ دەکەن، یان ئەوەتا دەمیان چەورکراوە، یان لەسایەى ئەوەوە بونەتە شت، ئەگەر سادەیى و ساکارى کەسێک بە مەنجەڵێک فاسۆڵیا پێوانە بکرێت، لاى من لوتکەى نەفامى پاشکەوتوىیە .پێم سەیرە ئەو تاقمە دەهۆڵ کوتە، بۆ باسى قات و جل و بەرگ و پێڵاوەکانى ناکەن؟ بۆ باسى ئوتومبیل و ناو ماڵ و شمەکەکانى ناکەن. بۆ باسى داگیرکارى ئەو سەدان دۆنمە زەوییەى (حەمە بچکۆلى چنگیانى) ناکەن کە بەزۆر لێى زەوت کرد،  بەڵێنى پێدا لەبرى ئەوە خانو یان شوققەى بداتێ، بەڵام هیچیانى نەبردە سەر. ئەى بۆ باسى ئەوە ناکەن کە بەهەزاران خاوەن پشکى چاڤى لاند، کە چەندین ساڵە پارەیان داوە بەو کۆمپانیایە بەمەبەستى سود و قازانج، کەچى بە چەند ساڵ جارێک بیست بۆ سى هەزاریان پێدەدرێ، ئەوانیش وەک گاڵتە دێن کارتى یاریکردنى کورسى کورسى و دەفرى فڕیو ئەدەن بە پیرە پیاو پیرە ژنان. یان خۆ هەموو ئەزانن ئەوانەى کە موڵکى چاڤى لاند ئەکڕن ، کێن، چەنیان کەسانى سادە ساکارن؟ جەنابى چەند هاوکار و یارمەتى دەرى خەڵکى هەژار و بێ لانەیە و چەند کوخ و کولانەى بۆ ئەوان دروستکردوە؟ ئەى کاتێک کە بەهۆى قەیرانى داراییەوە. کرێچىیەک یان کڕیارێکى چاڤى لاند ناتوانێت لەوادەى خۆیدا کرێ و قیست بدات، ئەو کەسە سادە و ساکارە. رێک ئەچێت ئاو وکارەبا و غازەکەیان ئەبڕێت. باشە ئەو سادەیە، منیش ناسادەم، بۆماوەى پترلەساڵێکە بەنیازم بۆ لاى پزیشک وچارەسەر سەردانێکى شارى هەولێر بکەم، ، بەڵام هەرچەند ئەکەم و پارە کۆئەکەمەوە .لەدەمى ماڵ  ومناڵى ئەگرمەوە دیسان بۆم کۆنابێتەوە.کەچى ئەو پیاوە سادە و خاکى یە، مانگى دە بۆدوانزە سەفەرى ئەوروپا دەکات.کە تێچوى هەر سەفەرێکى پارەى مانگێکى فەرمانگەکەى ئێمە ئەبێت.
پێم سەیرە  کۆمەڵێک کەس پەرست، ژمارەیەک ماستاوچى، ئەو شتەگەورە و قەبە ئەکەن و زیاد لەئەندازەى خۆى ترش و خوێى ئەکەن. ئاخر پێم ناڵێن، شاسوار چى یە و کێ یە؟ وا بەسادە وساکار ئەیناسێنن،  ئەوە کەى شتە وا تا شیاوى قسە لەسەرکردن بێت؟
مرۆڤ کاتێک سادەیى و خاکیەتى سەرانى وڵاتانى زل هێز ئەبینێت، تەریق ئەبێتەوە ئەو دووشتە بەراورد بکات، نازانم لەتەریقیا ئەبیت بڵێین چى، تەماشاى کامەیان بکەین، ئەوەى ئۆباما و سەرۆکى روسیا کە پێکەوە لەفەى ئاسایى دەخۆن، یان هاتوچۆى سەرۆکى هۆڵندا بەپاسکیل، یان نۆرە گرتنى سەرۆکى ئەڵمانیا لە مارکێتدا. یان مناڵ هەڵگرتن و خزمەتکردنى لەلایەن سەرۆکى  پێشوى بەریتانیاوە.
تکایە بەڕێزان خۆمان دیکتاتۆر  پاوانخوازمان کەم نى یە، ئەوەندەمان هەیە ئەتوانین هەناردەى دەرەوەشى بکەین،  خوا خوامانە و شەو رۆژ نزا ئەکەین کە دانەیەک کەم بێتەوە،خوا بەڵاى لابەلاى بۆنازڵ بکات ،کەچى ئێوەش خەریکن دانەیەکى ترمان بۆ قوت ئەکەنەوە وزیاد ئەکەن! من گومانم لەو هەواڵە هەیە رەنگبێت من بەهەڵە لێى حاڵى بوبم، ئەشێت ئەو بەڕیزانە باسى سادەیى فاسۆڵیاکەیان (1)کردبێت نەک شاسوار من وا هاتۆتە بەرگوێم.
سادەی: لە سلێمانى ئەگەرشلە بەبێ گۆشت بێت پێى ئەڵێن سادە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە