هۆکارى کەوتنى کەرکوک و بەرخودانى عەفرین

Monday, 12/02/2018, 22:57

4416 بینراوە


کەوتنى کەرکوک بەهۆى خراپ بەڕێوەبردنى سیستمى سەربازى لێپرسراوانى باشوورى کوردستان بوو هەروەها فرە کۆیخاییان لە هێزى سەربازى دەکرد و هەر لیواو لەشکرێک لە ژێر فەرمانى بەرپرسێکى سەربازی و سیاسى جوڵەیان پێ دەکرا بە بێ ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ فەرمانى تاکە کەسێک ، ئەم هێزە لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان شارەزاییەکى باشیان نەبوو.
ئەم هێزە فەرماندەى ئەکادیمى و شارەزایان لە بوارى سەربازى زۆر کەم بوو ، هێزى سەربازى لە باشوورى کوردستان دوو هێزى جیاوازبوو کە لە سنوورى خۆیان دا لەبەرامبەر نەیارانى کورستان بەرگریان دەکرد و لە هەمان کاتدا دژ بە یەک لێدوان و ڕاگەیاندیان دەکرد.
ئەم دوو هێزە هەمیشە لە سەنگەر بوون کە توانج لە یەکدى بدەن.شکانى سەربازى لە شنگال کە کارەساتێکى گەورەى بەسەر ناوچەکەدا هێنا و شکستێکى گەورە بوو.ئەو هێزەى کە ناوچەکەى بەدەستەوە بوو لەلایەن هێزەکەى کەوە بە گەورەترین خیانەت و شکان لە قەڵەم دەدرا ، بە هەمان شێوە شکانى سەربازى لە گوڵاڵە (جەلەولا) لە لاى هێزەکەى کەوە هەمان لێدوان و گوتار بەکاردەهێنرا.
 هەر یەکێکیش لەم دوو هێزە دابەش بووە بەسەر چەند بەرپرسێکى سەربازى باڵا وە تەحەکومى پێوە دەکات.هێزى سەربازى ناوچەى سەوز دابەش کرابوو بەسەر چەند بەرپرسێکى سەربازى کە هیچ قودوەیەکى نەبوو وە هێزى سەربازى ناوچەى زەرد دابەش کرابوو بەسەر هەژمونى کوڕانى ئیدریس بەرزانى و کوڕانى مسعود بەرزانى.
هێزیکى نیشتمانى نەبوو وە سوپایەکى یەکخستن نەبوو بەڵام خودى تاکى پیشمەرگە ئازاو بەجەرگ بوون ، بەڵام لە سیستمى بەرگرى ئەبێت هەموو فەرماندە و لیواکان پێکەوە بجەنگن دژ بە داگیرکەران ، ئەگەر هێزێک لەو هێزانە بکشێتەوە هێزەکانى کەش وەک زنجیرە دەکشێنەوە و ئەبێتە هۆى شکست.
کەرکوک سەد ساڵە لە مەترسى دایە لە هەموو کات و زەمەنێکدا وە لە دوای پروسەى ئازادى عیراقیش کە شیعەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست وەک هەمان هاوشێوەى ڕژێمەکانى پێشوو کەرکوک کەوتەوە مەترسى.تا هاتنى تیرۆرستانى داعش بەردەوام پەلامارى کەرکوکیان دەدا بە هۆى ئەو سامانە سروشتیە خاکە دەوڵەمەندەى کە هەیەتى.
بە دروست بوونى هێزى شیعەى عراقى بە ناوى (حەشدى شەعبى ) هێزێکیان پێک هێنا و چەن هیزێکى شیعى دەگرتەوە کە دژ بە داعش و کورد دروستکرا.حەشدى شەعبى گەورەترین مەترسى بوون بۆ کورد لە ناوچە جێ ناکۆکەکان کە بە شێوەیەکى ئاشکراو ڕوون دەیان گوت دواى داعش نۆرەى گرتنەوەى کەرکوک و خانەقین و شنگال و مخمورە.
بەداخەوە بەرپرسانى کورد لە باشوور هیچ پلانێکیان نەبوو وە بەرنامەیەکى سەربازیان نەبو کە ئەگەر ئەم هێزە پەلامارى کەرکوک بدات چۆن بتوانن بەربەست دروست بکەن و بەرگرى بکەن لە پەلاماردان و نە هێڵن بگەنە کەرکوک ، بۆیە بە ئاسانى کەوتە دەست حەشدى شەعبى بە بێ هیچ بەرگرییەک.
 
بەڵام ئێستا پێچەوانەى باشوور لە ڕۆژئاواى کوردستان و عەفرین تاکى کورد ئازاو گیان فیدان و خاوەنێکى ڕاستەقینەیان هەیە بۆیە بە ئاسانى نابنە پارویەکى بچوکى دوژمن ، ئەم خاوەنە توانیویەتى بەرنامە و سیستەمێکى جوان پەیڕەو بکات ، لە ڕووى پەروەردە و سەربازى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئاینى بەشێوەیەکى توندو تۆڵ.
بیرى ڕۆژئاوا و عەفرین بیرى میرنیشینى بەڕێوەى نابات ، بەڵکو خاوەن بیرى دەوڵەت بەڕێوەى دەبات و لە ژێر چەترێکن و هەموو بڕیار و فرمانەکان ئەگەڕینەوە بۆ ژێر چەترەکە.بە پێچەوانەى جاران کە خێل و تیرە و میرنیشینەکان لە ناکۆکى و دوژمنایەتیدا بون وە بگرە زۆر جار دەبووە هۆى ئەوەى کە هاوئاهەنگیش بکەن لەگەڵ دوژمنانى ڕاستەوخۆى نەتەوەکەیاندا تەنیا لەبەر هەندێ لەو دەستکەوتە لاوەکیە سادە و ساکارانەى لەلایەن دوژمنەوە بەڵێنى درۆیان پێدرابوو.
بەرخودانى عەفرین تاکە هێزێکى خاوەن ئیرادە و پڕ باوەڕن بە سەرکردەکانیان کە هەموو تێدەکۆشن بۆ نیشتمانە جوانەکەیان.
ئۆردوغان چەند کاتژمێرێک پێش پەلاماردانى عەفرین ئەوەى لەبەرچاو گرتبوو کە لە مێژووى کورددا و لە میرنیشینەکانى کوردستان وە باشوورى ئێستا کە بە ئاسانى توانیویانە بیرى سەربەخۆیی و نەتەوەیى لە ناوبەرن وەک ئەوەى لە کەرکوک کردیان بەهۆى پەرتەوازەیى هێزەکانى باشوور ، وە هەمان دیدگاى هەبوو بۆ عەفرین ، بەڵام تاکى کورد و سەرکردەى عەفرین بە ئیرادەیەکى پۆڵاین توانیان لوتى بشکێنن.عەفرین شەش ساڵە خۆى ئامادەکردووە بۆ تورکى فاشیست وە پشت تێکردنى ڕووس کە هەمیشە خەنجەرى لە شۆڕشى کورد داوە.ئێرادەى لەسەر قاچ ڕاوەستانى خۆى وە یەک هێزى سەربازى نیشتیمانى ئاسان نیە کەوتنى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە