گۆڕان لە گردەکەى (چیا) و (نما)وە

Monday, 30/04/2018, 1:54

8714 بینراوە


لە گردەکەى جوت براوە .. هەرزان بازاڕى جنێو
ڕۆژى هەینى چوومە سەر گۆڕى دایکم، کە بەشێکى جەستەمە لەژێر خاکدایە، دایکێک دنیایەک کوێرەوەرى پێوە بینیوم، پێموایە هیچ ڕۆمانێک جێگەى نەهامەتى و کوێرەوەریى و تراژیدیاکانى ئەوى تیانابێتەوە. چوم دایکم گەردنم ئازاد بکات، کە هەتا ئێستاش بومەتە مایەى ئەوەى ڕۆژانە سەدەها ووشە لە جنێودان بەهۆى منەوە  لەودا خەرج دەکرێت. جنێوەکانى جوت بنەماڵە بەسەد ئاو شۆراونەتەوە و کاڵ دەنوێنن بەرامبەر ئەو جنێوانەى، کە لەگردەکەى جوت برا و دەروێشەکانێوە بەرهەم دێت. چ نەنگیەکى گەورەیە بتەوێت بە جنێو و لالغاوەى کەفاوى یوتوبباز، سایت و پەیجە پێڵاو لێسەکان بانگەشەى گۆڕان بکەیت و ئەوەندە کوێر بیت لە گردێک و سێبەرەکەى زیاتر نەبینیت .
وەکو نەریتێکى دێرینى سلێمانى، ڕۆژانى هەینى کەسوکارى کۆچکردوان و گیانبەختکردوان سەردانى گۆڕ و دوا مەنزڵگەیان دەکەنەوە. لە دامێنى گردى سەیوان، گردى ناوەڕاست و گردى شەهیداندا ئەمبەر و ئەو بەرى شەقامەکە بووە بە بازاڕێکى دوور و درێژى دەستگێر و میوە و وردەواڵەفرۆش، بە ئاستەم ڕیگاى ڕۆیشتن ئەبێتەوە. ئەم دیمەنە وێنەکانى ناو بازاڕەکانى سلێمانیمان بیر ئەخاتەوە.
سلێمانى :
یەکپارچە بووە بە دەستگێر و پێشترو پێش ئەوەى، کە پارێزگار بکەوێتە دەست گۆڕان، شارەوانى سلێمانى توانى شەقامەکان ئاساییى بکاتەوە، لە هەموو ئەو سەرپێچییەى قایمقامە تۆقیوەکەى پێشوى گۆڕان بۆى شل کردبوون. گۆڕان لە ڕێى ئەو کاربەدەستانەى لە شارەکەدا هەیەتى شارەکەیان بردۆتەوە سەر دۆخى جارانى و  پێخۆشبونى ئەم حیزبە، کە سلێمانى سیماى سۆماڵ و ئەفغانستانى گرتووە لەمەوە سەرچاوەى گرتووە، کە ئەم حیزبە جێمتمانەى خەڵکى سلێمانى نەماوە. گۆڕان بووە بە داکۆکیکارى ئەوانەى کە شەقامەکانى سلێمانیان داگیرکردووە، کە جێگە عەرەبانەى وەها هەبووە لە شەقامى مەولەوى مامڵەى سەدان دۆلارى پێوەکراوە. حیزبیک بەهەر وەسیلەیەک بێت ئەیەوێت چڕنوک لە کورسى حوکم گیربکات و بەهەر نرخیک بێت، ئەگەر مایەى سوکى و بێنرخ کردنى متمانەى دەنگدەرانى بیت.
 لاى گۆڕان شەقامەکان مڵکى گشتى نییە ، سەرپێچى بۆ سەر شەقام و شۆستەکان بەڕەوا دەزانێت، ئەمە ئەو حیزبەیە، کە داواى حوکمى قانون ئەکات، لە برى ئەوەى شەقامەکان سیماى شارستانى وون نەکەن و ڕێزى هاوڵاتیانى بگرێت، ڕەوایەتى بەد اگیرکردنى شۆستە و شەقامەکان دەدات ، ئەوە گەورەترین خزمەتە بە دەسەڵاتى چەتەى ئەم وڵاتەى دەکات، گۆڕان لەبرى ئەوەى ئەو خەڵکە جۆشبدات یەخەى دەسەڵاتداران بگرن بۆ باشکردنى گوزەران و دۆزینەوەى هەلى کار، پشتگیرییان دەکات بۆ داگیرکردنى شەقامەکان و کامێراى تەلەفیزیۆنەکەیان لە بۆسەدایە ئەگەر چاوەشیکى شارەوانى یان پۆلیسێک بەدەستگێرێک بڵێت ڕێچکەیەک بۆ ڕۆیشتنى هاوڵاتیان بکەرەوە . 
مردنى گۆڕان لەوێوە دەستیپێکرد کە :
فەرمانبەرێکى کۆنە ڕەفیق حیزبى لە کارگەى چیمەنتۆى سەرچنار، کوڕەکەشى وەک خۆی هەر لە سەر ڕیتمى بەعس گەورە کرد، کوڕەکەشی هەمان ڕێبازى باوکى بەرنەدا و سەرى لەدیوەخانى حیزبەکانەوە دەرئەهێنا و زمانلوسێکى بێهاوتاى لێدەرچوو، بوو بە ئیسلامیش و خزایە ناو بزوتنەوەى گۆڕانەوە، ئەوەندە لێزان بوو نەوشیروان مستەفایەک بەو هەموو ڕابورد و ولێهاتوییەوە لە خشتەبرد، یان رەنگە ڕەوانشاد پێویستى بە مجۆرە براندە بوو، دوایى مردنی خۆی ئەو بزوتنەوەیە ئەوەندە دەستەپاچەبوو، کە جەستەى بێگیانى نەوشیروان مستەفایان بەم کۆنە بەعسیە سپارد هەتا بیشوات وکفنى بپۆشێت و کە لەگەڵیدا کفنێکى دیکەی بەباڵاى گۆڕانیش ئامادەکردووە.
بێمۆراڵى بانگەشەى هەڵبژاردنى گۆڕان :
گۆڕان بەهەمان ئاوازى جوت حیزبى جوت بنەماڵە، وێنە و گۆڕ و ڕێباز تەوەرەى بانگەشەیانە ، لەبرى ئەوەى کە بەرنامەیەکى تۆکمە و واقیعیانەی دور لە داڕشتن و وشەى قەبە و بێناوەرۆک ، پەنا بۆ وێنە و گۆڕى نەوشیروان دەبەن، ئێستا ڕێبازى نەوشیروانیان خستۆتە بازاڕەوە و خاوەن ئەقڵێک لە بزوتنەوەکەدا نەماوە کە بڵێت (ڕێباز) چەمکێکى فەلسەفیە و بنەماى خۆى هەیە.
 لاى گۆڕان کۆکردنەوەى دەنگ ئامانجە و بەهەر هۆیەک بێت، ئەوەتا لە گردەکە (هۆشیار عومه‌ر عه‌لی) ئەڵێت: نه‌وشیروان مسته‌فا موعجیزه‌یه‌ك بوو خوا به‌ كوردی به‌خشی.. ڕاستیەکەى ئینسان شەرم لەخۆى ئەکات بزوتنەوەیەک بەخۆى بڵێت مەدەنى باس لە موعجیزە بکات و ئەمە ئاستى بانگەشەى حیزبێک بێت، بەدبەختى لەوەدایە ئەم کابرایە کارى دیبلۆماسى گردەکە بەڕیوەدەبات، ئاخۆ ئەم کابرا دیبلۆماس ئەبێت چەند موعجیزەى خوایی ترمان بۆ ئاشکرا بکات!!
هەر لە گردەکەوە (عەلى حەمەساڵح) ئەڵێت: رۆژى حەق و محاسبەیە، عەلی حەمە ساڵح کە زۆر کەس ناویان لێناوە، عەلی قڕقێنەو، چونکە ئەوەندە زۆر خۆرە، کە زۆر جار دەچێتە سەر تەلەفیزیۆن قڕقێنە لێدەدات و هەر ئەوە ماوە چیلکەی دانەکەی دەربهێنێت و ددانی پاک بکاتەوە! بەم برادەرەش دەڵێم: هەڵبژاردنى عێراق چ پەیوەندیەکى بەحەق و محاسەبەى دەسەڵاتدارانى هەریمەوە هەیە، حیزبەکەى کاکە عەلى لە هەرێم و عێراق جومگەى هەستیاریان بەدەستەوە بوو بۆ حەق و محاسبەیان نەکرد، یان سەر قاڵى پشتگیرى ئابوریى سەربەخۆکەى نێچیر و ساڵح هەورامى بوون و ئومێدیان بە فرۆشتنى یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بوو لە ساڵى ٢٠١٤ .
  لەسنورى گردەگەش بازبدەین بۆ دەرەوە ، زۆر ئاواز و ڕیتمى سەیر و سەمەرە ئەبیستین یان ئەخوێنینەوە و وادیارە خەڵک بەمێگەل ئەزانن ئەوەتا ، یوسف محمەدى سەرۆکى لەکار خراوى پەڕلەمانى هەرێم ئەڵێت : (ئەوانەى لە ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم بوون پێویستە لەهەرێمى کوردستان دادگایی بکرێن ، چونکە قوماریان بە چارەنوسى هەریمى کوردستان کردو لاسەنگیان لە نێوان هەرێم و ناوەند دروستکرد و هەرێمیان توشى قەیران کرد) بپرسین حکومەتى بنکە فراوانەکەى ئێوە قومارنەبوو بەچارەنوسى دەنگدەرانى خۆتان، ئایا ئەگەر ئێوە دەرزیەک بەخۆتاندا بکەن باشتر نییە، چونکە ناتوانن سوژنێک بوە شێنن و بەشى پرسە و سەرخۆشی و سەرى ڕەشێکى تیانەهێڵنەوە، ئەگەر بڕیارە ئەو ئەنجومەنە دادگای بکرێت پێویستە ئەوانەش کە بە بەڵێ دەنگیان بۆ بریارە کارتۆنیەکانى ئەو ئەنجومەنە داوە دادگای بکرێن لە پێشیاندا عومەرى سەید عەلى و دەست و داییرەکەى و ئەو گۆڕانانەى لە جاشمیتەکانى تورک بە پەرۆشتربون بۆ ڕیفراندۆم. ئەگەر کاک یوسف پەیڕەوى بیردۆزەکەى عەدنان عوسمان نەکات کە جیاوازى نێوان بەڵێ و نەخێرى ڕیفراندۆم نییە و هەر بە نەخێر لە قیامەتدا بۆى حساب ئەکرێت، ئەوەى کە نووسراوى بۆ دیاریکردنى ڕۆژى ڕیفراندۆم ئەکرد خودى کاک یوسف بوو، ئەوەى کە ئەیوت واز لە مەسعود بەرزانى بهێنن خەونى هەیە خودى ڕاوێژکارەکەى کاک دکتۆر بوو وا بڕوات بازنەى قومارچیان گەورەتر ئەبێت .
  کاندیدى گۆڕان کاک دکتۆر غالب بۆ کاک شاسوار عەبدولواحید:
تەحەداش لە كەس قبوڵناكەین و بەگژ قولەی قافا دەچینەوە . هەڵتۆقینى شاسوار و بەرهەم ساڵح بەرهەمى شکستى بزوتنەوەى گۆڕان و بێمتانەیى خەڵکە بەو بزوتنەوەیە و غایب بونى عەقڵ وسیاسەتە و ئیستا شەق لە براندى کوبە و فشەى کاندید و گۆرانى بەسەر (چیا و نما) سیماى بزوتنەوەى گۆڕانە.
کاکى بەڕێز شاسوار چیە هەتا تەحەدایى هەبێت تۆ تەحەداى ئەو دەسەڵاتەت بکردایە، کە پەڕلەمانى کڵۆمدا و سەرۆکى پەڕلەمان و وەزیر و دەست و پێوەندەکانى گۆڕانى شاربەدەر کرد ، بەگژ شامێرولەدا مەچۆ، بە گژ ئەوانەدا بچۆ، کە بارەگایان سوتاندن و نانبڕاویان کردن.. بۆ لە ئاست ئەوانەدا چاوتان شۆڕە کە دەستیان خستبووە دەستى خوێناوى هیوا ئەحمەدى لێپرساوى لقى چوارى پارتى لە سلێمانى لە خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات، خۆ هەرئەویش بوو بەنیازبوو بە زێرەفانى گردەکە داگیر بکات. ئێستا کەڵە مافیایەکى وەک بەرهەم هاوپەیمانە، خۆ لای خۆی ئەم کاک دکتۆر غالبە دژى مافیاکانە ببورن من هەڵەبووم نەء ئیختساسى مافیاکانى نەوتە.
ئەم بەڕێزە وێنەى بەسەر تەنکەرە نەوتەوە گرتووە و بەشێکى بەرچاوى بانگەشەى هەڵبژاردنى دژ بەفیاکانى نەوتە. وەکو کەسیک مافی ئەوەم هەیە پرسیار لە کاندید بکەم، ئەپرسم خۆ سەرۆکى حکومەتى سلێمانى لە خۆتانە بۆچى بەرگرى لەم مافیانەى نەوت ناگریت و ستۆپێک بەتەنکەرە نەوتەکانیان بکات ئەوە ممارەسەى دەسەڵاتى خۆیەتى یان کاک دکتۆر ڕاست ناکات یان پارێزگار حەملانێکی ترە و ماوێتى قۆزاخە فڕێبدات.
کاندیدەکانى گۆڕان :
گۆڕان ماوەى چوار ساڵە بەم هەموو جڤات و ژوور و مەکۆیە نەیتوانى چەند ئەندام پەڕلەمانێک ئامادە بکات، لەسەر هەمان ڕیتمى جوت بنەماڵەى چەتە و خوێنخۆر، چەند ئەندام پەڕلەمانێکى ستۆکیان دانایەوە، ئەوەش شکستێکی ترى قۆناغى دوایى کۆچکرد و نەوشیروانە، کە قەت بە دووبارە دانانەوەى کاندید ڕازی نەبوو، سەمەرە ئەوەیە بانگەشەى ڕێبازەکەى ئەویش ئەکەن . گۆڕان (٨) هەشت کۆنە ئەندام پەڕلەمانى داناوەتەوە، کە ژمارەیى پێوانەیی شکاندووە، جوت بنەماڵەى خوێنخۆرهەریەکەیان ئەوەندەیان دانەناوەتەوە. سەڕایى ئەوە کاندیدەکانیان سەیر و ئەنتیکەن، ئینسان بەگیرفانى خاڵى و بێموچەییەوە ئەهێنێتە پێکەنین. تەنها دوونمونە دێنمەوە ، کە نیشانەى ئەوەیە ئەم بزوتنەوەیە سیما مەدەنیەکەى ئەپوکێتەوە و ئیخوانیەکەى لە گەشەدایە.
کاندیدى ژمارە (٦) حسین تاهر بەرزنجى بەدەبڵ شێخەوە ، قورئان خوێنى نێو دەوڵەتى و بەشدارى چەند ڤیستڤال و پیشبرکیى قورئانى کردووە..
بزوتنەوەى گۆڕان وەها سەرى لێشێواوە کاندیدى پێشبڕکێ قورئان بۆ پەڕلەمان ئەنێرێت ، تۆ بڵییت خەویان بە تاڵبیبان و سعودیە و سودانەوە نەبینیبێت یان مجامەلەى ئێران و برا شیعەکان ئەکەن؟ من پێموابوو شارەزا و خاوەن بڕوانامەکانى بوارى دەستورى و یاسا و محاسەبە و بوارى بزنس و سیاسەت ئەنێرن، یان کاکى کاندید کەلێنێک بۆ بزوتنەوەکە پر ئەکاتە، ئەگەر لە پاشەڕۆژدا پەڕلەمانى عێراق سەرقاڵى دانانى یاسایەک بوو بۆ پێشبڕکێى قورئان خوێندن و قورئان خوێندنى پرسە و بۆنەکان ئەم کاندیە ناهێڵێت مافى میللەتەکەى لەو بوارەدا ببێتە قوربانى ململانێکان.
هەڤاڵ ئەبو بەکر کە لە پارێزگاى سلێمانى لە دەستبەکاربوونیدا قورئانیکى ئەمدیوئەودیو کرد هەتا ئایەتێکى دۆزیەوە و خوێندیەوە، نابێت کاندیدى بەڕێز کاکە شێخ مافى ئەم تەرزە قورئان خوێنانەش لەبەرچاو نەگرێت .
  
کاندیدى ژمارە (١٥) مەلا کامەران، کە لە پۆستەرى بانگەشەکەیدا بە مامۆستا کامەران سەراى ئازادیى هاتوە، ئەمە و نمونەکانى هاوشێوەى لە بزوتنەوەى گۆڕان و یەکگرتووە ئیخوانەکانى ئەردۆگان سەرایان کردبوو بەمەیدانى ئەڵاهو ئەکبەر و نوێژى جەماعەت و ڕەوتى خۆپیشاندان و داخوازیەکانى خەڵکیان بەلاڕێدابرد .
ئەوەى مایەى نەنگیەکى گەورەیە بۆ ئەم بزوتنەوەیە، ئەم مەلایەى کاندید کردووە کە پێش ئەردۆغان دژ بەکانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان وەستایەوە، ئەم مەلایە بوو دژ بەو قانونانەى ڕۆژئاوا وەستایەوە کەمافى یەکسانى ژن وپیاوى تیدابوو ، ئەم مەلایە کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى دژ بە شەریعەتى ئیسلام ئەناساند ، بەڵام کەڕو لاڵ بوو لە ئاست داعش و جێبەجێکردنى یاساو ڕیساکانى ئیسلام و فەرمودەکانى ئەبوهوریرە . کەواتە ئەمیش کەلێنێکیتر بۆ گۆران پڕئەکاتەوە و بوێر و ئەمینە بۆ دژ وەستانەوەى هەریاسایەک کەدژى عەقیدەى دواکەوتوو کۆنەپەرست بێت .
تۆمەت هەڵبەستن :
ئەم هەڵبژاردنە دەمامکەکانى گۆڕانى زۆر خێرا هەڵماڵى بێجگە لە ئاشکرابونى سوپایەک لە جنێو فرۆشان ، لەشکرێکى تۆمەت هەڵبەستنیش دەرکەوت ، هەتا بوارى نوسینەکە درێژ نەبێتەوە تەنها ئاماژە بۆ دوو نمونە ئەکەم :
 مەسعود جەوهەر ئەندامى ئەم خولەى پەڕلەمانى عێراق ، پاش ئەوەى وەکو هەرکەسێک ئازادە سیاسەت بکات یان نەء و حیزبایەتى ئارەزوو مەندانەیە ، وازى لە بزوتنەوەى گۆران هێنا ، سەدەها تۆمەتیان شوێنخست لە پارتى بون و پاراستن و ... هەتا کار گەیشتە ئەوەى خزانە ناو ژیانى کەسى و خێزانیەوە بە چەپەڵترین شێوە وێنەى خێزانیان ئەوەشاند ، دوورە لە هەموو پێودانگێکى ئینسانى .  
 تۆمەت بۆکەسێکى نابینا بەناوى ئاکۆ ئازاد  کە لیستى نەوەى نوێ کاندیدە ژمارە ٢٦ ،  کە گوایە پەیجى دژ بە ئاین و بیر و بۆ چونى جیاوازى ئاینى هەیە ، بێئەخلاقترین کەس و بی مەبدەئترین حیزب ئەوانەن کە لەڕێگەى وروژاندنى هەست و سۆزى ئاینییەوە ئەیانەویت لە نەیارەکانیان بدەن ، لە کاتیکدا گۆڕان کاندیدیکى کەمئەندامى هەیە بەناوى على قادر حمد ممند وایپیشانداوە کە تاکە کاندیدى کەمئەندام لەسەرتاسەرى عێراق ، کەئەوەش درۆیەکى گەورەیە ، ئەم کاندیدە بەڕێزە ئەڵێت : ناهێڵم چیدى سوکایەتى بەتاکى کورد و کەمئەندامان و مامۆستایان بکرێت ، کاندیدى بەڕێز تۆ تاوێک لە عێراق و کەمئەندام بگەڕێ بۆ کێشەى کۆمەڵایەتى ناچیت ، ئایا تۆ قبوڵى ئەوە ئەکەیت گۆڕان و قەتارەى گۆڕانخوازان چ کارێکى قێزەون بەرامبەر کەمئەندامێک ئەکەن کە لەلیستێکى   تردایە . کەمئەندامێک ڕایەکى جیاوازى هەیە ، ئەوانەى لە پشت ئەو جۆرە کارە قێزەونەوەن بێجگە لە کاوێژکردنەوەى جنێو و تۆمەتى ئەحمەقەکانى کوردایەتى زیاتر هیچیتر نیە .
 گۆڕان لەترسى بڕینى مانگانەکەى لەلایەن یەکێتیەوە مەنگ بووە چاوپۆشى لە کەڵە دزێکى وەکو بەرهەم ئەکات و گۆڕانخوازانیش بەهەمان ڕیتم و ئەوەتا کاندیدى گۆڕان بووە و ئێستا لە لیستەکەى بەرهەم دایە وئەمەیان بە بیروراى ئازاد لە قەڵەم ئەدەن  .
 
بە مام بێستونکردنى بزوتنەوەى گۆڕان : 
مام بێستون کوڕى ئەسعەدى کۆستەى چەمە ، باوکى یەکێک بووە لە جەلالیە سەر سەختەکان و فەرەیدونى کوڕى لەشەڕى جەلالیدا ئەکوژرێت ، مام بێستون تەمەنێکى دورودرێژى لەگەڵ سەربازیکردندا بەسەر برد و دواتر بە دەستگێڕى و ئێستا بەحەماڵیەوە لە عەلوەى سلێمانى خەریکە، ئەم پیاوە هیچ لەدنیاى سیاسەت نازانێت و براکانى سەر بەچ حیزبێک بوبن ئەم دژیان وەستاوەتەوە و لە کۆتایدا لەلاى بزوتنەوەى گۆڕان گیرساوەتەوە، سیماى ناسینەوەى ئەم پیاوە ئەوەیە کە ئەوەتى ماتۆڕی سێ چەرخە هاتۆتە سلێمانیەوە ماتۆڕێکى پێیە و ڕێزێک لە ئاڵاى گؤڕان لە وێنەى ڕەوانشاد نەوشیروانى پێوەیە و لە تەسجیلەکەیەوە سرود وپیدا هەڵگوتنەکانى گۆڕان پەخش ئەکان ، هەرماوەیەک و یەکدوو هۆڕن لێدەدات ، ئەمە پیشەى ڕۆژانەیەتى چەندساڵە بەردەوامە ، ئیتر ئەم پیاوە نەزمانى قسەى هەیە و نەگوێى بیستن و چەند ساڵێکە ڕۆژانە لە عەلوەى سلێمانیەوە بە شەقامى سالمدا بۆ کۆستەى چەم بەم تەرزە ئەگەڕێتەوە و بەبێ هیچ ئاڵو گۆڕێک .
 ئێستا گۆڕان وەکو ئەم پیاوەى لێهاتووە ، ئەوەى هەیە دوبارەى ئەکاتەوە نە گوێى بیستنى هەیە و نەئەقلى وەرگرتن و ئاڵو گۆڕ ، کە ئەم پیاوە لە شەقامەکاندا ئەبینم ، وائەزانم حیزبى گۆڕانە بەسەر ماتۆڕێکى سێ چەرخەوەیە ، بیرکردنەوە لاى گۆڕان غایبە هەربۆیە ئەم پیاوە لەلایان بووە بە سومبوڵ . خانەى ڕاپەڕێنێک یەک ڕوخسارى نوێی تیانەبێت بێجگە لەدەستەیەک کۆنە جەلالى هەمو دەسەڵاتێکى کاریگەریان لاى خۆیان گیر دابێت ئیتر چ زیانێکى تیایە گۆڕانخوازان سەرقاڵى مام بێستون نەبن . 
تیۆرى مەسعود لەسەر خیانەت :
گۆڕان حەق بەخۆى ئەدات چى بڵێت ، ئەگەر ڕەخنەت گرت ئەوا دوژمنیت  و ئەمانیش هەمان هەڵەى کۆمۆنیستەکان ئەکەن وتەنها خۆیان بەخاوەن حەق ئەزانن سوپایەک لەخەڵکى ناحاڵیان بەدواى خۆیانەوە گرد کردۆتەوە کوێرانە وەکو جۆرج ئۆروێل ئەڵێت : وەلاى ڕەها ماناى نەبونى وشیاریە . ئەمانیش هەمان شوێن پێى جوت بنەماڵەیان  هەڵگرتووە  .
 پاش ڕوخاندنى حکومەتى بەعس زۆر فایلى خیانەت کەوتنە ڕوو ، یەکێک لەو فایلانە فایلى هۆشیار زێباری خاڵى مەسعود , سیخور بووە و سەر بەمخابەراتى عێراق بووە ، بروسکە ئاسا دەنگۆى ئەم خیانەتە زۆر بڵاو بوەوە  ، مەسعود وتویەتى ئەوە خیانەت نیە هەرکاتێک من وتم ئەوە خیانەتە ئەوکاتە ئەوە خیانەتە ، واتە بە پێوەرەکەى مەسعود ، لە سەر هەمان تیۆر گۆڕانیش ئەبێت کێشانەکان تەنها بە پێوەرو تەرازوەکەى ئەوان بێت  . 
گۆڕان بۆ؟
گۆڕان ئۆپۆزیسیێۆنێکى پەڕلەمانیە ، لە هەڵبژاردنەکاندا تاى لێدێت و میکافیلیانە بەهەر وەسیلەیەک بێت ئەگەر بەنرخى بەڵاڕێدا بردنى خەڵک و وەعدى درۆ و ناواقیعى بێت و دەنگ کۆ ئەکاتەوە و هەلى بۆ هەڵکەوت چڕنوکیش لەحوکم گیر ئەکات و پاساو بۆ بەشدارى لەحکومەتدا ئەهێنێتەوە کە پێشتر هەرچى لەهەگبەکەیدابووە بەرامبەر بەحکومەت هەڵیڕشتووە ، کەوات ئەم حیزبە حیزبى ئەم هەڵبژاردن بۆ ئەو هەڵبژاردنە ، حیزبێکى ئۆپۆزیسیۆنى جەماوەرى ومەیدانى نیە ، لەلایەن ئەو دەسەڵاتەى کە لە حکومەتەکەیدا هاوبەشبووە گەورەترین بێحورمەتى پێکراوە لە بەیان دەرکردن و ئیدانەکردن و یەکدوو وتارى لەڕ و لاواز زیاتر هیچ هەڵوێستێکى جوامێرانە و مەردانەى نەبووە ، لانیکەم نیو ملێۆن دەنگدەرى هەبووە کە ئەیتوانى عەرشى جوت بنەماڵەى خوێنخۆر و خاینپیشە بهێنێتە لەرزە ، بەڵام کەبزوتنەوە جەماوەریەکان سەرهەڵئەدات زۆر زوو جەماعەتى خێمەکە بۆ ناو خوپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان ئەنێریت و پاساوى خامۆشکردنى بەدەسەڵات ئەدات , ئەم گۆڕانە شکستى بەهەموو خۆپیشاندانە جەماوەریەکەیان هێناوە ، هەمیشە لە هەوڵى خاوکردنەوەى خرۆشانە جەماوەریەکاندا بووە بەمەش گەورەترین خزمەتى بەدەسەڵاتدارانى هەرێم گەیاندووە ، هەتا ئەم ساتە ئەم بزوتنەوەیە بەرنامەیە پلانێکى بۆ ناڕەزایەتى و بزوتنەوەى جەماوەرى نەبووە بۆ سەرەونگونکردنى ئەم حکومەتە کەخودى نەوشیروان مستەفا پشکى شێرى لە بنیاتنانیدا بینیوە و لە یەکێتى و دواتر گۆڕان هەمو کاربەدەستە حکومەتیەکان بەفلتەرى ئەمدا تێپەڕیون ، ڕەوانشاد بیرۆکەى باشى هەبووە بەڵام لەمەیدانى کردەوەدا هیچى نەکردووە لانیکەم لەم دەڤەرەدا ، ئەوەتا هەمومان بوین بە فەڕاشى ئەم دەسەڵاتە .
 سالە خەیات جاشێکى بەعس بوو لە هەڵەبجە ، عەبدولائاغا کە (پێشمەرگەى پارتی بو )پەیوەندی لەگەڵدا دروست ئەکات بەمەبەستى ئەوەى سالە خەیات ڕیزى حکومەتى بەعس جێبهێڵێت و پەیوەندى بەبزوتنەوەى چەکداریەوە بکات ، ئەو جاشە ئەو هەلە ئەقۆزێتەوەو عەبدوڵائاغا سەرەو نگوم ئەکات و هەتا ئێستا بێسەرو شوێنە ، کۆمەڵێک ( پێشمەرگەى پارتى ) بۆ سۆراخ لە ئێرانەوە دێنەوە سنورى کوردستان و چاویان بەنەوشیروان مستەفا ئەکەوێت چەکى تازەیان پێدە بێت و لەوەڵامى پرسێارێکیدا ئەڵێن ئەو چەکانە تازەیەو ئیدریس بەرزانى پێیداون و کاک نەوشیروانیش ئەڵێت من زۆر لە چەک نیگەرانم ئەم چەکە ماڵمان وێران ئەکات و دوو ڕؤژیتر ئەگەر بۆکوردستان گەڕاینەوە ئەوەى لەژێردەسەڵاتى حکومەتدایە ئەبێت بەشت و مناڵەکانی ئێمەش ئەبن بە فەڕاشى بەردەرگاکەیان ، پێچەوانەکەیان بۆ دروستکردین میللەتێک بوو بە فەڕاشیان ، ئەوە بزوتنەوەى گۆڕانیش بووە بە فەڕاشى گردەکەى چیا و نما .
سەرنجی کوردستانپۆست: بۆ بەهێزکردنی ناوەرۆکی ئەم وتارە تەماشای ئەو ڤیدیۆیە بکە، تا بزانیت ئەوەی کوردستانپۆست لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا لە ساڵانی رابردوودا دەمانگووت و قسەمان لەسەر دەکرد، هەمووی راست دەرچوون، بەڵگەشمان قسەکانی مەلا کامەرانە، کە لەو گرتەڤیدیۆیەدا دەڵێت کاک نەوشیروان پێی وتووم (گۆڕان بزووتنەوەیەکی ئایدۆلۆژیی وعیلمانیی نییە)...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە