جیاوازییەکانی نێوان کوردبوون و کوردایەتیی!

Tuesday, 10/01/2017, 16:08

1716 بینراوە


کوردستانپۆست نووسینی ئەم دوو کەسە دەخاتە ئەرشیفەوە و دەیپارێزێت، یەکەم کەس هونەر تۆفیق، کە ئەو کاتە راوێژکاری پاریزگاری سلێمانی بوو، کامیار سابیریش لە چاودێرەکەی مەلا بەختیار نووسینەکانی بڵاودەکردەوە. (هونەر تۆفیق)، کە لە ستافی کوردستانپۆستدا بوو، وازی هێنا و گەڕایەوە لە سایەی ئەو دەسەلاتەی کە ئەم بە هەڵگری بیروباوەڕی کوردایەتی دەیانناسێت، ورەخنەیان لێدەگرێت خۆی دەوڵەمەند کرد، کامیار سابیریش، کە جاران لە کوردستانپۆستدا دەینووس و دوایی بوو بە نووسەری  راگەیاندنەکانی دەسەڵات و لە کەناڵ و تەلەفیزیۆنەکانی هەڵگرانی بیروباوەڕی کوردایەتیی خۆی نمایش دەکرد و دەیننوسی،  بزانە چۆن هەردووکیان یەکیان گرتۆتەوە و بەناوی کوردایەتییەوە، جنێو  و سوکایەتی بو کوردبوون دەدەن.

هەندێ لەو گەنجانەی دەیانەوێ بەگژ وەهم و خورافاتەکانی کوردایەتییدا بچنەوە، پرسیاری ئەوە دەکەن، ناڕۆشنییەک لەنێوان چەمکی کوردبوون و کوردایەتییدا، هەیە و تووشی دەردەسەریی دەبن؟ هاوکات، داوای نووسینی زیاتر لەسەر ئەم باسە دەکەن. لە ئێستادا، ئەم باسەی خوارەوە، لای کەم وەڵامی ئەو جیاوازییانە دەداتەوە. راستییەکەی، کوردبوون، چەمکێکی سیاسیی نییە، بەڵکو چەمکێکی کۆمەڵایەتیی، قەدەری کولتووریی، جەبری جیۆگرافیای سیاسیی، بایۆلۆژیی، ئەنثرۆپۆڵۆجی و تەنانەت لە جوغزی دیینییشەوە، دەکرێ بگوترێ قەدەری ئیلاهییە و لە جوغزی زانستییشتەوە، قەدەری پەرەسەندنی مرۆڤی کوردە...تاد. مرۆڤی کورد، پێویستە داکۆکیی لە "قەضییە" سیاسییەکەی خۆی بکات، بەڵام میکانیزمی ئەم قەضییەیە، ناسیۆنالیزم نییە.
لە رەهەندی زمانناسییشدا، هەڵەیەکی زمانەوانییە و هێنراوەتە ناو زمانی کوردییەوە. ئەم هەڵە سیاسیی، زمانیی، مەعریفیی و فیکرییە، باشتر دەردەکەوێ، کاتێ تەرجەمە بکرێ بۆ زمانە بیانییەکان، بەتایبەتیی بۆ ئینگلیزیی کە دەبێ being ی بخرێتە سەر، یان بە عەرەبیی، جەعل یان داتاشراوەکانی کون( کن)ی بخرێتە سەر، یان بە فارسیی، دەبێ بودەن (بودن) ی تیکهەڵکێشبکرێ.
ئەم موناجاتە نەژادییانە، باوەڕ ناکەم لەهیچ زمانێکی دونیادا هەبێ کە بنچینەو دروستبوونی بایۆلۆژیی مرۆڤ، ببەسترێتەوە بە قەدەرێکی سیاسییەوە و لە ئایدیۆلۆژیای سیاسییدا، خۆشە بکرێت. هەرکەسێک، یان هەر حیزبێکی سیاسیی، کوردبوون وەکو ئاڵتەرناتیڤی کوردایەتیی، سەیربکات، ئەوە لە هیچیان حاڵیی نەبووە.
بەر لە دوو ساڵ، لەگەڵ" Huner Tofiq" دا ئەم نووسینەمان نووسی، هەموو ئەوانەی حەزدەکەن لە وردەکارییە سیاسیی و فیکرییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی بگەن، ئەم نووسینە بەکەڵکیان دێت.
چەندین مانگ، خەریکی نووسینی ئەم بابەتە بووین، خۆم کە یەکێکم لە نووسەرەکانی ئەم باسە ، پاش دوو ساڵ کە خوێندمەوە، سوودم لێی بینی و پرسیاری زیاتر بە ئەندێشەمدا هاتن، شتی زۆرتری لێورووژاندم و هانی دام، زیاتر بخوێنمەوە. ئەمانەی خوارەوە، چەند پارەگرافێکن، تەواوی وتارەکە لە خوارەوە دادەنێم و لە کۆمێنتەکانیش بە تێکست دای دەنێمەوە( بۆ ئەوانەی ئینتەرنێتیان بەهێز نییە)
پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە، کوردایەتیی چییە ؟ مانیفێست، رێباز، دۆکترین، فیکر و باوەڕە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه‌که‌ی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا ناسیۆنالیزمی کوردیی بە ره‌چه‌ڵه‌ک بۆ سەر دۆگماکانی کوردایه‌تیی دەگەڕێتەوە ؟ ئایا کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، دوو هاوواتای سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی ،زمانیی، کولتووریی و فیکریی ئاوێتەن ؟ یان کوردبوون و کوردایەتیی، دوو رەهەندی جیاوازن، لەفیکر، میثۆدی سیاسیی و کولتووری سیاسییدا ؟
بۆچی له‌ ئه‌ده‌بییات و عه‌قڵییه‌تی سیاسیی ناسیۆنالیزمی کوردییدا، ئەو کوردەی ئینتیمای بۆ کوردایەتیی نه‌بێت، بە کوردێکی خائین و نا رەسەن، وێنە( نەک وێنا) ‌دەکرێت ؟ ئایا مۆتیڤ، پلان، ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ی کوردایه‌تیی و ئامانجەکانی چیین؟ هۆکاری ئه‌وه‌ چییه‌ به‌شێکی به‌رچاو له‌ رووناکبیری کورد، لە ئینتێلێکچواڵ و ئەکادیمیستی کورد، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی وردن و خه‌ریکی رەهەندی ثیۆریی، فیکریی و ئه‌کادیمییشن، یان سیاسه‌تمه‌داری به‌سه‌لیقه‌ و به‌دیقه‌تن، زۆر به‌ئاسانیی، چه‌مکی کوردایه‌تیی، به‌سه‌ر زاریاندا دێت و بگره‌ وه‌ک پۆزه‌تیڤی سیاسیی و سیمبۆڵی “فیکر”ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، سه‌یری ده‌کەن؟ بۆچی نووسەر، موفەکیر و سیاسیی بە دیقەتی عەرەب، پێیان شەرمە، چەمکی عوروبە بەکار بهێنن، لەکاتێکدا نووسەر، موفەکیر( کورد ئەمەیانی نییە) و سیاسیی کورد، وەکو جوینی بنێشت، هەمیشە لە دەمیاندایە و لە بەکارهێنانیدا، قەف قەف باڵای پێدەکەن؟
بۆ دۆزینەوەی وەڵامی دروست و تێگەیشتن لە چەمکی کوردایەتیی، دەبێت لەسەرەتاوە، پرۆسێسی خەباتی ڕزگارییخوازی کورد لە رێبازی کوردایەتیی جیابکرێتەوە. ئه‌م دوو میثۆد و چه‌مکه‌ سیاسییه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی وەکو یەک حاڵەتی نەتەوەیی و دیاردەی سیاسیی گرێدراوی یەکتر، بۆ نێو مێژووی سیاسیی کورد، هاتوون، بەڵام دەبێ لێک بترازێنرێن و بەجیا هەڵبوەشێنرێنەوە. راستە، لە زمانی سیاسەت، مێژوو و رۆشنبیریی کوردییدا، خەباتی رزگارییخوازی کورد و کوردایەتیی، کێشه‌ی سیاسیی کورد و کوردایه‌تیی، لە یەک کۆنتێکستدا، باسدەکرێن! لە کاتێکدا،ئەمە هەڵەیەکی مێژوویی، سیاسیی و فیکریی‌ گەورەیە کە وەکو دووانەیەکی جمک ئاسا پێکەوە چەسپێنراون!
لە راستییدا، کوردبوون و کوردایەتیی، ته‌واو جیاواز و ناکۆکن. ئەڵبەته‌ رۆشنبیری کورد و کایەی رۆشنبیریی کوردیی، بەشدارن لە دروستکردن و گشتاندنی چەمکی کوردایەتیی بەسەر کۆی پرۆسێسی سیاسیی، نەتەوەیی، نیشتمانیی و کولتووریی کوردبووندا. ناسیونالیزمی کوردیی و کوردبوونیان وەکو میثۆدی فیکریی و باوەڕی سیاسیی، لە رێبازی کوردایەتیی جودا نەکردووه‌تەوە، کوردایەتیی و کوردبوونیان ( بە مەبەستەوه‌ بێت یان به‌هۆی جەهلی فیکریی، سیاسیی و کولتوورییەوە بێت ) بەیەکەوە گرێداوە
بۆ ئەوەی تووشی هەمان ئیشکالییەتی مێژوویی نەبینەوە کە ناسیونالیزمی کوردیی، تێیدا گیری خواردووە و ناتوانێت خۆی لە دەرتەنگ و بێفیکریی کوردایەتیی دەرباز بکات، لەدەستپێکەوە دەبێت ئارکیۆلۆژیانە – archaeology تەفکیکی Dissociation چەمکی کوردایەتیی بکرێت. هەموو ئەو توێژاڵە سیاسییانەی فیکری نەتەوەیی کورد، پەڕە بە پەڕە هەڵبدرێنەوە کە لە هەستی جەماعیی و عەقڵی سیاسیی و کولتووریی کورددا ئەم چەمکەیان داهێناوە. لەوێوە دەتوانرێ بەدەر لەجادووەکانی چەمک و ڤێرژنی کوردایەتیی، ئارگیومێنتی جیاواز، سەبارەت بە نەتەوەی کورد، ناسیۆنالیزمی کوردیی و سەرەنجامیش سەبارەت بە کوردبوون، دەستنیشان بکرێن.
یەکێک لە هەرە بەربەستە سەرەکییەکانی داخستنی دەرگای گەڕان، بە نێو چەمکی کوردایەتییدا، ئەو جادووەیە کە ئەم چەمکە، لە ئینسانی "کورد"ی دەکات و هەموو کایەکانی ناسیۆنالیزم، نیشتمانییبوون، ده‌مارگیریی- نه‌ته‌وه‌یی zealotry ، فەرهەنگ، شۆرش و مێژووی کورد تا گەیشتن بە رادیکاڵیزم و شۆڤینیزم، به‌وبه‌په‌ڕی به‌رچاوته‌نگییه‌وه‌ (jingoism - جینگۆییزم) ‌ بەخۆیەوە گرێ ده‌دات. جگە لە کۆی نەتەوە، هەست و نەستەکانی ئینسانیش لەپێناو خواستە پڕ لە جەهل و نادیارەکانی خۆیدا، رام دەکات. هەروەها هەموو بوونی کۆمەڵگە بە "قوربان"ی قودسییەت، شەرعییەت، بڵندیی و مانەوەی خۆی دەکات. 
چاککردنەوەی ئەم هەموو هەڵە مێژوویی، فیکریی و سیاسییەی کە چەمکی کوردایەتیی بەرهەمهێناوە، کوردایەتییش دواتر زاوزێی جەهلی فیکریی پێکردووە، پێویستی بەوەیە کە پێداچوونەوە بە کۆی مێژووی دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزمی کوردییدا بکرێت. رۆچوون بە کایە سیاسیی، رۆشنبیریی، فیکریی و مه‌عریفییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی نەتەوەیی گه‌لی کورددا، زۆر سه‌ره‌داوی گرینگمان ده‌ست ده‌خات. ئەوکات جیاوازی کوردبوون وەکو ئینتیما بۆ ناسنامەی تاک و نەتەوەی کورد، وەکو ئینتیما بۆ خاکێک کە ناوی کوردستانە، لە هەمبەر کوردایەتییدا وه‌ک قالۆرێکی به‌تاڵی ئایدیۆلۆژیی، وەکو دەستەخوشکی شەرعیی و فیکریی عوروبە، باشتر ده‌رده‌که‌وێت.
ئەوانەی سەرەوە، چەند پارەگرافێک بوون لە کۆی ئەم باسە سیاسیی و کولتوورییە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە