خەڵکی بیانی ڕەگەزپەرسترن لە ئەوروپی

Sunday, 18/11/2018, 19:59

6504 بینراوە


بۆچی تۆ بیانیەکانت خۆشناوێت؟ وەلامی کابرای ئەوروپی لە رابوردودا ئەوەبوو کە بیانیەکان دێنە وڵاتەکەی نانو کارەکەی ئەو دەبەن، ئێستاکەش دەڵێن؛ ڕێز لە قانونی وڵاتەکەی ئەو ناگرن . ئەم ئارگیومەنتانە ڕەوان، بەلام ئەگەر لە فارسێک، لە عەرەبێک لە تورکێک بپرسیت؛ بۆچی قینیان لەیەکتریە، هیچ وەلامێکیان نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەوی تر لە توخمی ئەوان نیە. خۆ هەتا ئێستاکەش زۆر لە ڕۆژهەڵاتییەکان ناتوانن لەسەر سفرەیەک لەگەڵ کەسێکی پێست ڕەشدا نان بخۆن، بێگومان ئەم دیاردەیە پەیوەندی  بە پەروەردەوە هەیە.
لەم ئەوروپایەشدا کە ئەمڕۆ پڕ بووە لە هەمو جۆرە بیانیەک، هێشتا هەر ئەوروپیەکان دڵ فراوانترن و بیانیەکان لەنێوان خۆیاندا زیاتر هەستی ڕەگەزپەرستی دەنوێنن، مەبەستیش لەمە ئەوەیە کە بۆ خۆیانی بسەلمێنن کە خەڵکی ئەو وڵاتەن.
کورێکی کوردی ئەوروپی ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت لەسەر فەیسبوک بەرامبەر بەو دیاردەیەی کە کەسانی پەناهێندە گوڵەبەڕۆژەیان خواردوە و توێکڵەکەیان هەروا فڕێداوەتە سەر شەقام و کورسیەکانی میترۆ! وێنەیەکیشی گرتوە و پاشان دەلێت کە پیرەژنێکیش وەک ئەو بۆلەبۆڵی کردوە و وتویەتی ئەم پەناهێندانە ئەم ولاتەیان پیس کردوە.
بێگومان وێنەگرتنی ئەو کوڕە کوردە هانی پیرەژنەکەشی داوە ئاوا بدوێت، خۆ هەموو پیرەژنێکیش وەک ئەو نییە، بەڵام گەنجە کوردە فۆتۆگرافەکە لەویادا ویستویەتی خۆی خۆشەویست بکات لەبەردەم ئەو پیرەژنەداو پێی بلێت کە ئەو وەک ئەو پەناهێندانە هەڵسوکەوت ناکات، بەڵگەش ئەوەیە کە ئەو ڕەسمی دەگرێت وەک دیاردەیەکی ناشرین و ئەو هەرچەندە بیانیە بەڵام لە کۆمەڵەی ئەوان نییە و ئەوروپیە .
لەبەردەم مۆزەخانەکانی لەندەندا، جادە قیرەکە سپی بوە بە بنێشت، لەبەر ئەوەی کە چوونە ژوورەوە بە بنێشتەوە قەدەغەیە، خەڵکی پێش ئەوەی بچنە ژوورەوە بنێشتەکەیان تور ئەدەن، بەلام ئەگەر ئەم فۆتۆگرافە کوردە بەویادا تێپەرێت رەسمی ناگرێت و بڵێت  بەراستی ئەم گەشتیارانە ئەم ولاتەیان پیس کردوە.
وەک گۆرانی بێژێکی فەرەنسی دەڵێت ؛
ئەگەر بیانیەکان ڕەنگیان جیاوازە لەبەر ئەوەیە کە لە دوورەوە دەبینرێن....
ئەزانم تێگەیشتن لەم رستەیە هەروا ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی ئەم گۆرانیبێژە زۆر حەشیشە دەکێشیت و شتەکان بە پێچەوانەوە دەردەبڕێت، کاتێکیش باسەکان پێچەوانە دەکەینەوە باشتر لە شتەکان تێدەگەین. بۆ نمونە هەموو کەس دەزانێت کی تێرۆریستە، بەلام ئەمەریکا دوانزە ملیۆن دۆلار پێشکەش بەو کەسە دەکات کە زانیاری بدات لەسەر کەسانی مرۆڤدۆست .

بێگومان من دژی هەردوو دیاردەکەم، بنێشتەکە و گولەبەڕۆژەکەش. بەلام کابرای پەناهێندە هێندە سەری قالە بە ژیانیەوە کە چۆن بکات و لە کوێ نان بخوات و چۆن بگاتە ئەو ولاتەی کە ئەو فۆتۆگرافە کوردە پێی گەیشتوە سەری ئەوەی ناپەرژێت بیر لەوە بکاتەوە کە توێکڵی گوڵەبەڕۆژەکە کۆبکاتەوە، جگە لەوەی کە خواردنی گولە بەڕۆژەش یارمەتی بیرکردنەوە ئەدات بۆ پەناهێندەیەک کە سەری قالەو تەنگژیی زۆرە .
بە شیوەیەکی گشتی کەسانی بیانی کاتێک ولاتی خۆیان جێ دەهێڵن بەچەند قۆناغیکدا تێدەپەڕن ؛ لەچەند ساڵی یەکەمدا پەیوەندی بەتەواوی دەپچڕن لەگەل رابوردویاندا و ئاوڕ نادەنەوە لە رابوردویان، پاش چەند ساڵیکی تر کە زمان و کەڵچەری ئەو وڵاتە تۆزیک فێر دەبن، واهەست دەکەن کە شوناسیان گوم کردوە و رووبەروی ترسێک دەبنەوە، بۆیە دەگەڕێن بەدوای رابوردویاندا، دەگەڕێن بە دوای بیرەوەریەکانیاندا ؛ بۆ نمونە ئەو ڕۆژەی کە لە میترۆدا بوو لەگەڵ هاوەلەکانیدا تازە گەیشتبوە ئەڵمانیا و گولەبەڕۆژەی دەخوارد بە خەمباریەوە بیری لە ژیانی داهاتوی دەکردەوە.
مەرج نییە هەموو بیانیەک قۆناغەکان بە ئاسنی ببڕێت، وەک ئەو کوڕە کوردەی کە 30 سالیک لەمەوبەر بینیم لە پاریس، کە زۆر سەرسام بووم بە قژ و جلو بەرگی ؛ پرچ درێژ و جلی سەرسوڕهێنەر وەک پەنکەکان، دەم بە پێکەنین، تەواو شوناسی خۆی گوم کردبو. من بۆچی دژی بوەستمەوە یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئیڤۆلیشنی مرۆڤ لاسایی کردنەوەیە. بەلام پاش چەند سالیک ئەم کوڕە کوردەم بینیەوە؛ ڕیش درێژ وەک سەلەفیەکان، قورعانێک لە بن باخەڵیدا، وەک مەلا سەلەفیەکان ئەدوا.
هەرچەندە کۆچ و غوربەت مێژووی ئۆمۆساپیانە و تەنها ڕیگەیە کە کەڵچەرەکان بە یەکدا دەدات و شتێکی ترمان بۆ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام دانی پێدا ئەنێم کە غوربەت هەروا ئاسان نییە، لە چاوەڕوانیدا سەدان کەس گوم دەبن و کاپیتالیسمیش بەسەریانەوە خۆی دەولەمەند دەکات .
پاش 35 ساڵی ژیانم لەئەوروپا، هەندێک جار سەیری ماڵ و مندالەکانم دەکەم و پاشان سەیری خۆم دەکەم، پرسیار لەخۆم دەکەم:
لە کوێوە هاتووم ؟
لێرەدا چی دەکەم؟
من هەمان ئەو کەسەم کە شەست ساڵ لەمەوبەر لە کوردستان لە شاری پێنجوێن لە دایک بووم؟
من هەمان کەسم کە لەگەل مامۆستا عەرەبە بەعسیەکەمدا لە سلێمانی شەڕم دەکرد؟
لە سەرای سلێمانی خۆپیشاندانم دەکرد؟
لەگەڵ برادەرانی وەک خالید ڕەسول و تەها رەسول بە جادەی مەولەویدا پیاسەمان دەکرد و سەیری کچانمان دەکرد، شیعرمان دەخوێندەوە ؟
لە دوای قوتابخانە دەچوین سەمونمان بە چاوە دەخوارد؟
بۆیە ئەبێت بەجۆرێکی تر لەو فۆتۆگرافە کوردە تێبگەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە