ئیدی "سڵاو" بۆ من مەنێرن!

Tuesday, 29/12/2020, 1:37

5801 بینراوە


پێشەکی:


بۆ ئەوەی نەتەوەیەک بە چۆک دابێنی و بیکەیە کۆیلە و لە زمان، کولتور، دابونەریت، هەڵسوکەوت، ئابوری وسیاسەتی خۆی دوور رابگری کار لە مێشک و فەرهەنگیی ئەو نەتەویە بکە!
دەکرێ ژێرخان و سەرخانی نەتەوەیەک بەتاڵان ببرێ و بدزرێ، بەڵام ئەو نەتەوەیە درەنگ یان زوو هوشیار دەبێتەوە وداوای مافی خۆی دەکات، بەڵام هەرکات کار لە سەر مێشک و بیرکردنەوەی نەتەوەیەک بکڕێ وبە لارێدا ببرێ، زۆر زەحمەت ئەو کۆمەڵگایە بیر لە هوشیاریی نەتەوەیی بکاتەوە.هێرشی عەڕەبەکان بۆ ئێڕان و رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ١٤٠٠ ساڵ پڕە لە ئاسەواریی ئەو هێرشە و بەو زووانەش پاک نابێتەوە! تەنیا نەتەویەک کە کاتی هێرشی عەڕەبەکان تا رادەیەک بەرخۆدانی کرد کورد بوو لە بەشێک لە شارە سەر سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو بەرخۆدانە زۆر زوو تێشکا و کوردیش ملی بۆ شمشیری عەڕەبەکان نەوی کرد، فێرکرا کاتێک عەڕەبێک دەبینێ ولە تەنیشتی تێدەپەڕێ وشەی سەلام یان سڵاو بەکار بێنێ کە واتای ئاشتی و تەسلیم بوون دەدا! ئەوەش لە خۆشەویستیی و ڕێزلێنان نەبووە، تەنیا لە بەرترس بووە، کە خۆی لە لێدان و ئازار بپارێزێ.
گەڕانەوە بۆ ناسنامەی رەسەنی هەرنەتەوەیەک ئەگەر بە تاقە وشەیەکیش بێت، هەر باشە. تەرک کردنی ئەو وشەیە کارێکی رەوا و پێویستە، بۆیە لە باکوری کوردستان زیاتر لە دەستەواژەکانی: (دەم باش) یان (ئەوکاتەت باش) کەڵک وەردەرن، ئەوەش بەو مانایە نییە کوردی مسڵمان لە باکوری کوردستان بوونی نییە. ئەگەر هەڵە نەبم لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لەو بەشە کوردی مسڵمان زیاترە.
بابەتی وشەی (سڵاو )، کە لە خوارووی ئەو پێشەکییە دێتە بەر دیدەی خوێنەری هوشیار هی مەڕحومی دوکتور عەبدولحوسێن زەڕین کوبە، کە زانایەکی ئێڕانییە، قامکی لە سەر بابەتێکی دیرۆکی و گرینگ داناوە، خۆزگە ئیمەش لە شوێنێک ڕا دەستمان پێدەکرد. لێرە ئەرک دەکەوێتە سەر رووناکبیر و نووسەر و شاعیری خاوەن هەست، کە هەول بدا جێگرەوە بۆ وشەی (سڵاو) یانی ئاشتیی و تەسلیم بون بدۆزێتەوە. ئەو ئەرکە وەبەر کوردستانپۆستیش دەکەوێ، کە لە رێگای خۆیەوە بۆ تەرک کردنی وشەی (تەسلیم بوون یان سەلام) بە جێ بگەینێ.

مانای وشەی سڵاو چییە؟:

مەڕحومی زەڕین کوب ئاوای شڕۆڤە دەکات و دەڵێ:
درۆ دەکەن، کە دەڵێن سڵاو، سڵامەتی دێنێ، وەها بابەتێک راست نییە. نەفرەت لەو کەسانە، کە وشەی سڵاو، یانی تەسلیم بونیان هێنایە وڵاتی ئێڕان (بەکورددیشەوە)، چون عەڕەبەکان بۆ خۆیان ناڵێن سڵاو! دەڵێن: ئەهلەن وەسەهلەن!
سڵاو چییە؟ لە سەردەمی هێرشی عەڕەبەکان بۆ ئێڕان و ئێرانیەکان، وڵاتی ئێڕان شکستی خوارد! بۆیە کاتێك لە کۆڵانەکان وشەقامەکان ئێرانیەکان دەگەیشتنە عەرەبێک یان لە تەنیشتی تێدەپەڕێن، دەستەکانیان بە نیشانەی تەسلیم بوون بەرز دەکردەوە ودەیانگووت: سڵاو! واتای تەسلیم بون بوو!
ئەوکارەش بۆ نیشانەی رێزگرتن نەبووە، بۆئەوە بووە تا لە شکەنجە و مشت ولەقە و قامچی ولێدان خۆیان بپارێزن وبەریان نەکەوێ. ئەوڕۆ ١٤٠٠ ساڵ لە هێرشی عەڕەبەکان تێدەپەڕێ، بەڵام ئاسەواری هێرشی عەڕەبەکان لە سەر مێشک ودڵی ئێرانیەکان هەرماوە (بە کوردیشەوە )، باشترە لە جیاتی وشەی: (سڵاو)، کە واتای تەسلیم بون دەدا لە وشەی (درود) کەڵک وەربگێرێ.
بۆ کوردی خۆشمان دەستەواژەی دەم باش و ئەوکاتەت باش گونجاوترە. وشەی درود بۆ فارسەکانە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێدی هێدی ئەو بەڵایە لە خۆمان دوور بخەینەوە.

کورتەیەک لە ژیانی دوکتور حوسێن زەڕین کوب:

زەڕین کوب، لە ساڵی ١٩٢٢ لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٩٩ کۆچی دوایی کرد. لە بواری نووسین و وەرگێڕانەوەدا دەستێکی باڵای هەبووە، هەروەها کاری لە سەر مێژووش کردوە. لە سەر مێژووی ئێران و ئیسلامیش بەرهەمی زۆرە. هەروەها بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە زانکۆکانی تاران وانەی ئەدەبیاتیی فارسی و مێژووی ئیسلام و ئێرانی گووتۆتەوە.

کوردستانپۆست:

کورد کە وشەی سڵاو بەکار دەهێنێت، ئەو وشەیە لە عەرەبییەکەوە وەرگیراوە و بۆتە (سڵاو). سەلام لە زمانی عەرەبیدا دوو مانای هەیە، (ئاشتیی و تەسلیمبوون) کە هەر لە سەرتاوە تەنیا یەک مانای هەبووە ئەویش تەسلیمبوون دەگرێتەوە (سلم، سلم نفسک، اسلم نفسی، سلم نفسە) بەڵام ئیسلامەکان بۆ دوورکەوتنەوە لەو مانایە پێچ و پەنایان تێخستووە دەڵێن:  ئەگەر بڵێیت: سڵاوتان لێبێت (السلام علیکم)، ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە داوا لە خودا دەکەیت لە هەموو بەڵایەک رزگارت بێت، لە نەخۆشی سەلامەتت بکات، لە شێتی سەلامەتت بکات. لە شەڕی خەڵکیی لاتبدات،.... لە ئاگری دۆزەخ بەدوورت گرێت.... هتد، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە وەکو ئێوە لەو نووسینەدا ئاماژەتان پێداوە. تەنانەت تورکەکان لە کورد باشتر تێی گەیشتوون، ئەو مێژووەیەی کە تورکەکان پێیدا رۆیشتوون وەکو کورد و فارسەکان نەبووە، بۆیە وشەی سەلام تێیاندا چیگیر نەبووە، چونکە لە ناو ئیسلامدا باڵادەست بوون، بۆیە لە بری سەلام، (مەرحەبا) بەکار دەهێنن.
ئیسلامیش هەر لەو وشەیەوە هاتووە، گوایە بە مانای هاتنە سەر دینی ئیسلام و تەسلیمبوون بە شێویەک کە بەرەنگاربوونەوەی تێدا نەبێت، بەڵام ئیسلام بە پێچەوانەوە رەفتاری کردووە و ئاشتی لای ئەو  بوونی نەبووە، مێژووەی ئیسلامیش شایەتی ئەوە دەدات، بە توندوتیژی و بە خوێنڕشتن کاری کردووە و ئاینەکەی بڵاوکردۆتەوە، واتا ئاشتی و تەسلیمبوون بۆ لایەنی بێهێز، بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی و کوشتن بۆ لایەنی زۆردار و بەهێز.
لە کۆتاییدا وەکو پێشنیارتان کردووە، کە ئەو وشەیە بەکار نەهێنین.
واز هێنان و دوورکەوتنەوە لە بەکار هێنانی ئەو وشەیەش وەکو پێشنیارتان کردووە، راهێنان و راهاتن و کاتی دەوێت. ئێمە لەلایەن خۆمانەوە هەوڵ دەدەین وا بکەین (دەستخۆش).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە