غیرەتى دکتۆر قەرەچەتانى .. هەتا کوێ بڕیکرد

Sunday, 16/05/2021, 23:46

19065 بینراوە


 پاش ئەوەى مەلا هەڵۆ هەروەکو پیشەى هەمیشەیی خۆى، کەوتە جنێودان و قسەى سوک و بێحورمەتکردنى دکتۆر قەرەچەتانى و خێزانەکەى و پلەى ئاکادیمیاکەى و بەدواى ئەودا مێگەلى کەللە پوت و بوغزاوى کەوتنە جنێو بارانى ئەم قەرەچەتانیە داماوە.

 دکتۆر ڕۆژانە بەزەڕەبین بەدواى ناشیرینیەکى ناو کۆمەڵدا ئەگەڕێت و هەڵایەکى تەلەفیزۆنى بۆ سازئەکات و ئەیکات بەکەرەستەیەکى حازر بەدەست بۆ ئیسلامیەکان هەتا ئەوانیش هێرشى پێبکەنە سەرخەڵک و کۆمەڵگا بەدناو و دزێۆ بکەن , بەکۆمەڵ گەنجان گەمژە و گێل و نەفام بکەن، هەموو ڕویەکى پێشکەوتن و ئینسانیان لێبسرنەوە و هیچ ئینتمایەکیان بۆخاک نەمێنێت و چاوپۆشى لەهەموو زولم و ناعەدالەتى و دزى و خاکفرۆشیە بکەن و دواتر هەروەکو ئێستا شین بۆ مزگەوتى ئەقسا بکەن، بەڵام ٢٤ بنکەى داگیرکەرى تورک لە هەرێمدا بێت، عەفرین کاولبکرێت و ڕۆژئاوا ببێت ئامانجى ڕۆژانەى سەربازانى فاشیزمى تورک کێشە نیە بۆیان . 
 هێرشى ئەم مەلایە و مێگەلى مێشک سڕکراو پاش ئەوە هات کە قەرەچەتانى ڕەخنەى لە قسەیەکى مەلا لەتیف سەلەفى گرت، کە بەژنێک ئەڵێت لە مێردەکەت جیاببەرەوە بەهۆى ئەوەى نوێژناکات.
بەقسەى زانایانى ئیسلام: (بروانن مەلا ناڵێت بەپێى قورئان ئەڵێت بەقسەى زانایان)، هەرچەند ئەوەى قەرەچەتانى وتى بێچولە ڕەخنەیەکى زۆر شەرمنانە و گشتى بوو. لە بەشێکیى قسەکانی دکتۆردا هاتووە:
- (من کە وتومە خودای گەورە دەفەرموێت کفر دەکەیت ئیمانت دەبێت تۆ ئازادی، بەڵام دەبێت لە ڕۆژی حساب باجەکەی بدەیت خۆ بەشی ئەوە شارەزایمان لە دین ھەیە).
ئاماژەی بەوەشکرد:
- ("ئەگەر بە بۆچوونی ئەو 'مامۆستا ئاینییە' من ھەڵەم کردبێت باشە بۆ باسی خێزان و منداڵاکانم دەکات؟)
 پاش ئەو سوکایەتییە بە قەرەچەتانى .. قەرەغیرەتى بەرزبوەوە و وتى سکاڵا لەمەلا هەڵۆ ئەکات ڤیدۆکەشى بەدادگا ئەدات لەبەرئەوەى:
- (قسەی نەشیاوی بەخۆی و پلە زانستییەكەی و خێزانەكەی وتوە).
من وامانزانى هەڵۆ ئەکات بەمریشک و ئەیخاتە قەفەزى دادگاوە، بەڵام پاشتر دکتۆر تاکتیکى گۆڕى و کردى بە کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى لەبەردەم کەناڵەکانى ڕاگەیاندن. لەم کەین و بەینەدا و ژێر بەژێر لەهەنگاوێکى دبلۆماسیانەدا دوور لەچاوى میللەت برازایەکى بۆلاى ئەو مەلایە ئەنێرێت، ئەویش بەقسەى قەرەچەتانى بۆى ڕونکردۆتەوە کە لەو جنێودان و سوکایەتیە مەبەستى کەسێکیتر بووە و ڤیدۆکەى مۆنتاژ کراوە ئەنجام : - (بڕیاریاندا پەیوەندی نێوانیان پتەو تر بکەن و زیاتر هاریکاری یەکتر بکەن لە ڕووبەڕوو بونەوە و بەرپەرچدانەوەی چەتەکانی ڕەوشت و ئایندا).
دکتۆر ئەڵێت:
- (لەبەرانبەر ئەو ڕونکردنەوەیەی مامۆستا ھەڵۆ، ھیچ سکاڵایەک لەسەری تۆمار ناکەم) . بەڵام کۆنگرە ڕۆژنامەگەرییەکەى:
- (لەسەر داوای ژمارەیەک مامۆستای ئاینی بەڕێزو ھاوڕێ و خۆشەویستان کە پەیوەندیان پێوە کردم و کۆمێنتیان بۆ نووسیم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ڕۆژی شەممە ناکەم).

لێرەدا هەندێک پرسیار و بۆچون دێت پێشەوە خوازیارم ئەم دکتۆرە ئەگەر بۆ تەنها جارێک بووە وەڵام بداتەوە بەهەر شێوەیەک کە بۆ بەڕێزیان گونجاوە بێت.
 کاتێک ماریا هەورامى کلیپى گۆرانییەکى بردە سەر شەقامى سالم، ئەم مەلایە هەرچى جنێو و وشەى نەشیاوە دژى بەکاریهێنا، ناڕەزاییەتیەکى گەورەى لێکەوتەوە و خەریک بوو ببێتە کەیسێک بۆ دادگا، بەڵام مەلا هەڵۆ دەست و برد بایدایەوە و بەهەڵەداوان بۆلیبوردنى ملکەچانە و ڕیششۆڕانە چوو بۆماڵى ماریا هەورامى .
مەلا هەلۆ چاک ماهیەت و ناوەرۆکى قەرەچەتانى ئەناسێت و تەنانەت بەقەدەر ئەو گۆرانیبێژە حورمەتى بۆ دانەنا، داواى لێبوردنى نەکرد و ڕونکردنەوەشی نەدا، بەڵکو کەسێک بەناوى ئەوەوە ڕوونکردنەوەیەکى خستۆتە ڕوو، لەهەموى سەیر تر جنێو و بێحورمەتیت پێبکرێت خۆت برازکەت بۆلاى جنێودەرکە بنێریت، ئا ئەمەیە شەهامەتى ئەم پیاوە. 
 دکتۆر قەرەچەتانى کەوتۆتە قۆناغێکەوە ئیتر پێویستە خۆى شەرم لەخۆى بکات و کونجێک بگرێت و بێدەنگی لێبکات. ئێمەش وەکو هاوڵاتیەکى ئەم هەرێمە وێرانکراوە هەقمانە بپرسین تۆیەکى دکتۆر باسى ئەخلاق و ڕەوشتى کۆمەڵگا ئەکەیت و کون وکەلەبەر بۆ لادانێکى بچوک بۆ ناشیرینیەک ئەگەڕێیت، جنێو و سوکایەتى ئەو مەلایە و هاوپیشە و هاوڕیشەکانى و مێگەلى مێشک بەنجکراو نابینى و نابیستى لەبەر ئەوەى ڕوونکردنەوەى داوە - بەقسەى ئەوکەسەى کەقسەکانى بۆ مەلا نوسیوە -، واتە ئەگەر جنێو بێحورمەتى بە کەسێکیتر و پلەى زانستیەکەى و خێزان و ماڵ و مناڵەى بکات بەلاتەوە ئاساییە .. ئا ئەمە ئەو پەیامەیە بەگوێى خەڵکیدا ئەدات .
 ئەبوایە دکتۆر بەرگریکارێکى سەرسەختى کۆمەلگا ببوایە و خۆى سەرقافلەچی بوایە، هەتا ئەمجۆرە مەلایانە کە یەکێتى و پارتى دەرگایان بۆ ئاوەڵاکردونەتەوە ڕیگرییان لێبکرێت و دەمکوت بکرێن و لغاو بکرێن کە خەریکە هەموو سیمایەکى پێشکەوتن و مرۆڤدۆستى پێکەوەژیان لەکوردستاندا ئەشێوێنن.
 جنێودانى ئەم مەلایانە بە سەدان عیبارەتى ناشیرین و دزێو و هەست ڕوشێنەر و بڵاوکردنەوەى بوغز و قین و دڵڕەشى کە بە ڕۆشتنى کات وردە وردە سیفەتى پیرۆزى بەخۆیەوە ئەلکێنێت و ئەبێتە هۆى پیادەکرنى تیرۆر و توند و تیژى. ئەوانە و کەسانى وەکو قەرەچەتانى دژى ئیرادەى ئینسانى ئازادن، کە خۆى بڕیاردەرى چارەنووس و کار و کردەوەى بێت، ڕۆژانە هەزار و یەک قەید و بەند و حەرام و حەڵاڵ بەگوێى خەڵکدا ئەدەن و ئینسانیان لە ئینسانى خستووە و کردویانە بە تۆپەڵێک گوناه . 

 بەکورتى:

مادامێک قەرەچەتانى خۆى هەڵئەخەڵەتێنێت و لاى وەهایە مەلا هەڵۆ مەبەستى ئەو نەبووە، بەڵکو پرۆفیسۆرێکی تر و باسى ژن و مناڵى ئەو پرۆفیسۆرەى ترى کردووە، هەر بەو پرۆفیسۆرەى ترى وتووە فڵتەفڵت، ئەوە ئیتر کێشەى ئەو نییە. سەرئەنجام ئەم پرۆفیسۆر و دەرونناسە لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ مەلا هەڵۆ (بڕیاریاندا پەیوەندی نێوانیان پتەوتر بکەن و زیاتر هاریکاری یەکتر بکەن لە ڕووبەڕوو بونەوە و بەرپەرچ دانەوەی چەتەکانی ڕەوشت و ئایندا).
دەستخۆش پرۆفیسۆرەکەى قەرەچەتان ئەمجارەیان خەباتى جنێودانى ئاینیش بخەرە بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکانتەوە و ئەگەر مەلا لە فێرکردنى یارى کۆنفۆدا هاریکارت بێت ئەوە چەتەقڕانە و ڕەوشت بارانە. 
هیچ منىشی خەمبار نەکردووە، مامۆستایەکى زانکۆ ئەڵێت:  
- (هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وخوێندنی باڵاش وه‌كو ته‌ماشه‌كه‌رێك هیچ هه‌ڵوێستێك نانوێنن و بێ رێزیش به‌ بڕوانامه‌ و نازناوه‌ زانستیه‌كه‌ی ده‌كرێت وحكومه‌تی هه‌رێمیش بێ ده‌نگه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته‌ سه‌ر ره‌مزه‌كانی په‌روه‌رده‌ وزانست).
یەکێک ڕەمزى پەروەردەو زانست بێت هاریکارى مەلایەکى جنێوفرۆش ئەبێت، یان هاریکارى ئەوانەى خاوەنى میتۆدى زانستى و مەعریفەن و لە خەمى کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو و ئینسانیدان، کە ئینسان و ئازادى و خۆشبەختى و خۆشبژێوى ئینسانەکان میحوەرى سەرەکیەتى بێت، نەک سوکایەتى و بوغزو قین و جیاکارى دژ وەستانەوەى هەر دیاردەیەکى شارستانى و مۆدێرن . 
هیچ منى نیگەران نەکردووە هەڵەوەڕێکى سۆشیال میدیا، کەهێشتا کاژى گردەکەى حەسەن و حسەینى فڕێنەداوە لە ئەوروپاوە ئەڵێت :
(با هەرچی قەزەم و نۆکەرو لۆمپەنە کۆببنەوە و بەردەبارانی بکەن، ئاخر ئەو ئاوێنەیەکتان پیشان ئەدا کوتومت حەقیقەتی ناخ و روخسار و ئەو زەلکاوەیە تێیدا دەژین! کەسی جوان کوا جێگای دەبێتەوە لەو کاولستانە .) .
 بەڵێ .. کەس دکتۆرى بەردباران نەکردووە ئەو کۆمەڵگاى بەرد بارانکردووە ڕێزى لە (ئاستى) ئاکادیمیاکەى خۆى نەگرت، کاتێک باوکى مرد، گلەیى لە مەسعود بارزانى ئەکرد، کە لەبارەگاى بارزانیەوە سەرخۆشیەکى لێنەکرا، چونکە باوکى تا ئەوکاتەى ڕۆحى تیانەما هەرئەیوت تەنها کاک مەسعود سەرۆک و دڵسۆزى کوردە، دکتۆر ئەوەندە دڵپڕ و بەگللەیی بوو ئەیوت تەنانەت لەلقى چوارى پارتى لەسلێمانى سەرەخۆشیەکیان بۆ نەنارد . 
ئەوە ئەو ئاوێنەیەیە، کە دکتۆر قەرەچەتانى ڕایگرتووە خۆمانى تێدا ئەبینینەوە، نازانم نەفرەت لە کێ بکەین لە ئاوێنەکە یان لە هەڵەوەڕەکە، یان لە ئاوێنە هەڵگرەکە کە وێنەى مەسعودى مەلا و مەلا کۆنفۆمان پیشان ئەدات. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە