تاوانی نەتەوەیی و ئەرکی نەتەوەیی

Thursday, 10/06/2021, 23:55

7531 بینراوە


- ھەر کوردێک، دەست لە خوشک و برایەکی کوردی بەرز بکاتەوە، تاوانی نەتەوەیی ئەنجامداوە.
- ھەر کوردێک لە پێناوی ئازادیی نەتەوەدا، ڕەخنە، سەرپێچی لە فەرمان، یەخەگرتن، لێپرسینەوە لە خوێنیشەھیدان، تا ڕادەی بەگژاچوونەوە، بەرانبەر بە ( سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکانی ) باشوور و ڕۆژھەڵات،ئەنجام بدات، دڵنیا بێت،  بەئەرکی نەتەوەیی خۆی ھەڵساوە.
چەند پرسیاری لۆجیکی بۆ سەرکردەیەتی ماڵباتی بەرزانی حیزبەکانی دەوروبەریان لە باشوور و ڕۆژھەڵات:
ئێوە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئازادیخوازانی کوردستانی،  باکووریان بە جێھێشتووە و ھاتوونەتە ناو ھەرێمەوە.
یەکەم: چەند ڕۆژ لەمەوبەر، لە پایتەختی ھەرێمەوە، کۆنسوڵی تورکیا، بە فەرمی ناڕەزایی ئۆردوگانی بە ئێوەگەیاند، کە بۆچی خەڵکی ھەرێم ناڕازین بە داربڕین لە زەوی خۆماندا؟!
 ئێمە ئەم زەویانەمان کڕیووە*، حوکومەتەکەی ئێوە ھیچ وەڵامێکی نەبوو، کەواتە قونسڵی تورک ڕاست دەکات؟!.
کەواتە: ئەم زەویانە، ئێستا بەشێکن لە خاکی باکووری کوردستان!!.
کەواتە: پارتی کرێکارانی کوردستان، لە باکووری نیشتمانە.
کەواتە: پەکەکە لە بەشێکی داگیرکراوی نیشتماندا دژی دوژمنێکی دێرینەی نەتەوەکەمان تێدەکۆشێ.

• کەواتە بانگەشەکانی ئێوە ڕاست نیین.

دووەم: ئایا ئێوە لە ڕیفراندەمەکەتاندا: 
- عێراقتان تەڵاق نەدا و سێ بەردەکەتان فڕێنەدایە سەر شەقامەکە.؟!.
- پاسپۆرتی عێراقیتان نەسووتاند؟!.
- پەنجەتان ڕانەوەشاند و نەتانگوت ھاوسێیەکی باش و عاقڵ بن؟!.
ئێستا چۆن و کێ ئەو مافەی پێداون، لاوانی کوردستان ( کە پێیان دەڵێن پێشمەرگە)، بکەنە پاشکۆی لەشکری داگیرکەری عێراق و حەشدی شەعبی و تا دوورترین خاڵی سنوورەکان، تەسلیم بە لەشکری عێراق بکەنەوە؟!.

• کەواتە بانگەشەکانی ئێوە ڕاست نیین؟!.

مێژووی ئەم بنەماڵەیە( کە ئەوە بۆ حەفتاساڵ دەچێت، کارەکانیان بە ئەندامان و پێشمەرگەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ، ئەنجامداوە)، مێژووی دروستکردنی قەیران دوای قەیران و کێشە و گرفتارییە بۆ نەتەوەکە، چوونکە لۆژیک دەڵێت: 
- مرۆڤ ناتوانێت، خواست و داوا و ماف و ئازادی نەتەوەیەک، دابەزێنێتە ئاستی خواست و ئارەزووی بنەماڵەیەک و بە پێی ویستی ئەوان ڕێکی بخات.
کە نەتەوەکەش یا بەشێک لە نەتەوەکە، ئەم ڕەفتارە خێڵەکییە ڕەت بکاتەوە، یان بیەوێت فکر و وشیاریی بەرەوئامانجێکی کوردستانیی گەورەتر ئاڕاستە بکات، یەکەم بەربەست و ناڕەزایی، لەم ماڵباتەوە، دێتە سەر ڕێی. ئەمەش بەبەرچاوی ھەموومانەوە، ڕۆژانە ڕوودەدات.
گەلەکەمان لە باشووردا، کە ئاستی وشیاریی نەتەوەیی، خێڵ و دەواری خێڵی جێ ھێشتووە و خاوەندارێتی لەخۆی فێربووە  و دۆزینەوەی خۆی، ھێدی ھێدی لە حاڵەتی شكڵ گرتن و گیرساندایە، ئەوەبوو شەپۆلێکی کوردستانی سەرتاسەریی، لە دەرەوەی بازنەی خۆ ویستی سەرانی حیزبەکاندا، ھەموو کوردستانی گرتەوە.
لە دوای ئەوەش کە لە پایتەختی ھەرێمەوە، کۆنسوڵی تورک گوتی: دار داری خۆمانە و زەوی زەوی خۆمانە و لەماڵی بەرزانیمان کڕیوەتەوە و بە سەرۆک وەزیرانی عێراقیشمان ڕاگەیاندووە.
سەرانی ماڵی بەرزانی، ھاتن پێشمەرگەیان کردە، پاشکۆی لەشکری عێراق و حەشد و بە بیانووی دانانی خاڵی سنووریی، نەتەوەکەیان گیرۆدەی شەڕێکی خۆ بەخۆ کردەوە، کە دوو قازانجی لێ دەکەن و دوو ڕسوایی پێدادەپۆشن:
١- تێکشکاندنەکانی لەشکری تورک لە شەڕێکی پەنجا ڕۆژیدا، لە ژێر زەبری تێکۆشانی کوردستانی، خوشک وبرا کوردستانییەکانمان لە باکووری داگیرکراودا.
٢- بەلاڕێدا بردنی ڕای باشوورییان و ئاشکرا نەبوونی زیاتری مامەڵەی پەنجاساڵەی ماڵباتی بەرزانی، لەگەڵ ڕەگەزپەرستانی تورکدا.
چوونکە، ھەموو ناوچەی بادینان و ھەولێر و کەرکوکیش، فرۆشراوە و دەستبەکاربوونی، سەرانی ماڵباتی بەرزانی بۆ ھەڵگیرساندنی، شەڕی کورد بەکورد، داخوازیی تورک بوو لێیان، دەنا بەردەوام دەبوون، لە ئاشکراکردنی پەیمانە پەنجاساڵەییەکەی نێوانیاندا.

دوو ڕێگا:

ئەلف: نەتەوەکەمان، دەبێت بەردەوام بێت، لە بەرەنگاری و ئاشکراکردنی گرێبەست و پیلانی سەرانی حیزبەکاندا وتا بتوانێت پشتیوانی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانیی باکوور، بەھێزتر و ئەڵقەی لێکنزیک بوونەوەلەیەکتر توندتر بکات و بە وشیارییەوە بەرانبەر جەنگی دەروونیی دوژمنانی دەرەکی و سەرانی حیزبە ناوخۆییەکان بووەستێتەوە.
بێ: تا ئێستاش تورسکاییەک ماوە، کە حیزبەکانی ناو حوکومەتی ماڵباتی بەرزانی، ھەڵوێستیان بەکردار پیشان بدەن وبگەڕێنەوە ناو بەرەی نەتەوەکە و خۆیان لە بەرەیەکی کوردستانیدا ڕێک بخەنەوە و چارەنووسیان بە ئەسپێکی دۆڕاوەوە گرێنەدەن.
سیحری گۆچان و مێزەر لە بەرمەڵا بوون و بەتاڵبوونەوەدایە و ئەم بڕیارەش تەنیا بڕیاری لایەنێک نییە، بڕیاری گەلە، ھەر لایەکیش خۆی لێ بکات بە خاوەن و ھاوبەش بێت، بڕیارێکی ژیرانەی داوە.
جامەکە پڕ بووە و لێی دەڕژێت، بەری خۆریش بە بێژنگ ناگیرێت، با بێژنگەکەش دروستکراوێکی کوردی بێت.

دایکەکان، ھاوژینەکان، خوشکەکان

کوڕەکانتان، شووەکانتان و براکانتان، مەکەنە قوربانی ھەرزانبایی، سیاسەتی خۆویستانەی سەرانی حیزبەکان،ھەموو کوردێک شایان بەوەیە، سەربەرزانە بژی و پێویستیشی کرد، شەرافەتمەندانە، لەپێناوی ئازادیی نەتەوەکەیدا مەرگ ھەڵبژێرێ.
ئەمڕۆژانەش تێدەپەڕن و دادگای گەل لێپێچینەوە لە ورد و درشت دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە