هەڵەی خۆخزاندنە نێو ململانێ توندەکەی بەغدا

Sunday, 03/04/2022, 14:24

4547 بینراوە


ئەوا سەرتاکەی دەرکەوت و پەنجە گەزین دادی کەس نادات. هەمووان دەزانن ئەم دوو حزبەی کوردستان بە وردی مامەڵەیان لەگەلڕ رووداوە نوێکاندا نەکرد و تەنها تاکە هەنگاوێکی تولە رێگەی بەرچاوی خۆیان دەبینن و تەنها لە چوارچێوەی قۆناغێکی زەمەنی کورتمەودا بیردەکنەوە و ئەوەی بەلایدا ناچن ئەو پێویستی و بەرژەوەندی و هەنگاوە راست و دروستانەیە کە بۆ کورد بە قازانج دەکەوێتەوە، بیرکردنەوەیان هەنگاوێک لە دەرگای بیر و رێباز و ئایدیۆلۆجیای تەسکی حزبەکەی خۆیان دوور ناکەوێتەوە .
بە خۆخزاندنە نێو جەمسەربەندی باوەکانی کارلێکی ململانێی سیاسیی عیراق گەورەترین هەڵەی سیاسی ئەو دوو حزبەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆیان دەردەکەوێت چیان بە خۆیان و میلەتەکە کردووە و چەند کورتبینن لە ئاست پرسی کورد و پێویستیەکانی و هەردوولاش باش سەریان لە ئەلهەدی رەفتاری نابەجێ و بیرکردنەوەی دوژمنانەی تورکیا و ئێران وەکو سەرجەمسەری دەرەکی و موقتەدا و مالکی وەکو سەرجەمسەری ناوەکی دەدات و، کورد لە کارلێکەکە کارتی دوا سازانی گەیشتنە دواچارەسەری لەدەست دەدات و تەنها وەکو لایەنێکی لاوازی عیراق بەدوور لە پرسە سەرەکیەکەی دەردەکەوێت.   
 ئەمە نەک هەر زەرەری بۆ کورد لە عیراقدا دەبێت بەڵکو جگە لە بەغدا لە نێوخۆی کوردستانیشدا بەکارهێنانی سەرجەم کارتەکانیان لە مانەوەیان وەکو لایەن و حکومەتی سەربەخۆ لە ئاست بەغدا دەسوتێن و وای لێدیت کە ببنە پاشکۆی کتومتی لایەنە عیراقیەکان و نەتوانن هیچ بریارێک بە بێ رەزامەندی هاوپەیمانەکانیان چی لە پایتەختی وڵاتەکانی ناوچەکە یان لە بەغدا بدەن و تۆزە نوزەیەکیان هەبوو ئەویش قری تێبکەوێت .
سەربەخۆیی و بێلایەنی بە هەڵوێست  و رەفتار دەردەکەوێت، هەرکەس و لایەنێک خۆی بە بێلایەن بزانێت، دەبێت لەم کاتانەدا ئەوە بسەلمێنێت،  تەنها هەنگاوێکیش بکەوێتە سەبەتەی لایەنێکی عیراقی کاریگەری لەسەر رەوتی هەمەجۆری سیاسی لە کوردستاتندا دەبێت، بێلایەنی بە رەفتار و قوربانیدان بە بەرژەوەندیی تەسک دەبێت نەوەک بە قسەی رووتی هەرەمەکی و پوچەڵ و هەڵقوڵاوی بەرژەوەندیی کەسی و حزبی...بۆ کەس و لایەنەکانی تریش، ئەوەی لەم کاتەدا ورد نەبێت و تەنها رەخنە لە پارتی بگرێت جا بەهەر شێوەیەک و بۆ بەهەر مەبەستێک بێت و بە ناراستەوخۆش بێت بە تەنها دەچیتە خانەی بەرژەوەندیە حزبی و کەسیەکانی یەکێتیەوە و ئەوەی ئەو کارانە بەرامبەر بەکێتیش بکات بە ناراستەوخۆ دەچێتە گیرفانی پارتیەوە. بەڵام ئەمرۆ پارتی لە ژێر فشارێکی شۆفینی و توندرەوی عەربی و مەزهەبی زیاترە و ئێران رۆڵێکی گەورە لە جوڵاندنی سیاسی لە شەقامەکانی بەغدا هەیە و هەر چرکەیەک واتەوات و پروپاگەندە و قسە و قسەلۆکێک دەخاتە بازارەوە و زۆر سیناریۆ و بابەت بۆ مەبەستی سیاسی دەخولقێنێت و مەبەستی سەرەکی ئێران ئەوەیە کە عیراق لەژێر تەوژمیدا بمێنێتەوە و ئامانجەکانی بپێکێت و وەرەقەیەکی قورس و کاریگەری بۆ دانوستاندنەکانی ڤییەنا  لەبەردەستدا بمێنێتەوە، جگە لە دابینکردنی بەردەوامی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی کە لە روخانی ێەدامەوە تا ئەمرۆ لە عیراق فەراهەم بووە. لەولای ترەوە تورکیا بە هێمنی و تەنانەت راستەوخۆش لە رێگەی پاشکۆکانیەوە سەرجەم داواکاری و بەرژەوەندیەکانی کتومت فەراهەم کردووە و بێ خەم لێی دانیشتووە و زۆر وەرەقەی سیاسی بۆ خۆی دابینکردووە. بۆیە لێرەدا دەکرێت بڵێین کە دەرئەنجامی جموجوڵە سیاسیەکانی بەغدا هەرچۆنێک بێت کورد گەورەترین زەرەرمەند  دەبێت کە تا دێت قورساییەکەی کەمتر دەبێتەوە و کارتە سیاسیەکانی دەسوتێن و بە بێ هیچ بەرهەمێک و دەستکەوتێک دەستی لە بنی هەمبانەکەوە دەردەچێت.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە