یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


دروسكردنەوەی ئەفواجی خەفیفە و بە براند بوونی حیزبەكانی باشوور و ڕۆژھەڵات!! کامی قادر

Monday, 07.18.2022, 21:51

999 بینراوە


ئەنفال و ھەڵەبجە كە ئاكامی:

ئاشبەتاڵ، شەڕی دەروونی حەزی فەرمانڕانیی و پاوانخوازیی سەركردەیەتی حیزبەكان، ڕەگەزپەرستیی دوژمنانی دێرینەی كورد و سیاسەتی مەیموونبازیی سەركردەیەتی حیزبەكان بوو، لە كرۆكیدا پەیامی یەكگرتن و بێداربوونەوەی ھەڵگرتبوو.
 مەسەلەی نەتەوەكەی لە قۆناغێكی هەرێمییەوە بردە ناو مەسەلە نێونەتەوەیەکان بۆ دە قۆناغ پێش لە عەقڵی سەركردەیەتی حیزبەكانی و توانای تەوزیفکردنی بە سوودی نەتەوەکە، بۆیە لە چوارچێوەیەكی تەسكی حەز و ئارەزووی دەروونی سەركردەیەتی حیزبەكانیدا دیزەبەدەرخۆنە كرا. 
كەسێكی پاك و ھونەركار بۆی گیڕامەوە، كە خۆی لە ڕۆژانی قیامەتی هەڵەبجەدا چۆتە لای ( جەلال تاڵەبانی) و پێی وتووە كە چەكدار و لێپرسراوەکان، ئەمە دەكەن و ئەوە دەبەن، وەك ئەوباسی بۆ كردم، جەلال تاڵەبانی وەرامی داوەتەوە: "فڵانە كەس! ھەرچی دەكەن و دەبەن، ئەوە جەلال تاڵەبانی دەیكات و دەیبا، تۆ دەزانی ھەڵەبجە، ئێستا مەسەلەكەی ئێمەی بە چەند قۆناغ بردە پێش مەسەلەی فەلەستینەوە".
ئەگەر جەلال تاڵەبانی، ئەو كەسە بایە كە ئەو قیامەتەی بۆ دروستكردنی نیمچە بەھەشتێك بۆ پاشماوەی نەتەوەكە وەگەڕخستبا، شەھیدانی ھەڵەبجە، نرخی شەھید بوونەكەیان و شانازی شەھیدبوونی خۆیان پێڕەوا دەدیترا.
ئێوە خۆتان ئەو مێژووەی دوای قیامەتەكە، دەزانن.
ئەنفال و ھەڵەبجە، لە ئاستی ھۆلۆكۆست، ھێرۆشیما، قڕكردنی ھندیەسوورەكانی ئەمێریكا و زۆر لەجینۆسایدەكانی تردا بوون / ھەن.
ئەو كارەساتانە دەوڵەتی سەربەخۆ و داموودەزگای بەڕێوەبردنی تۆكمە و پیشەسازیی مەزن و ئاوەدانكردنەوە ودابینكردنی پێشەڕۆژی بۆ نەوەیەك و چەندین نەوە بەرھەم ھێنا.
ئەمەی لەمەڕ كوردان، دەوڵەمەندبوونی خێزان و خێڵی سەركردەیەتی پارتی و یەكێتی و وردە دوكانداری حیزبی ئیسلامی و كەسایەتی ناو ئەم ڕێكخراو و ئەوی تریان.
سەركردەیەتی حیزبەكانی كورد ھەر بەمەشەوە نەوەستان، بەڵكو درێژەیان بە كارەساتەكان دا و داھێنانیشیان تێداكردن، بۆ نموونە: 
1. ڕۆڵی مەزنیان گێڕا لە جینۆسایدی دانیشتوانی شەنگالدا.
2. ئەو كەسانەی سەرپەرشتی ئەو قیامەتە بوون، بە پاكانەی سەركردەیەتی حیزبە كوردییەكان، لە سزانێودەوڵەتییەكان قوتاریان بوو.
3. ئەو كوردە خیانەتمەندانەی ڕێنمای سپا داگیركەرەكان و ھاوبەشی قیامەتەكان بوون، ڕێزیان لێگیرا و بوونەوە سەركردە و پلەداری سەربازی و لە خراپترین حاڵەتدا، زۆر بەڕێزەوە، بە مووچەی چەند ملێۆنی خانەنشین كران.
4. لێرە و لەوێ قیامەتی بچكۆلانەی زەرد و سەوز و ناو بەناو و ڕۆژانەیان بۆ خەڵكی زیندانی كراوی  ئەو بەشەلەنەتەوە بندەستەكەمان لە باشووردا، چەند بارەكردەوە، لە نموونەی دیاریی، بەدەستەوەدانی ( كچان و ژنان) ی شەنگال بوو بە ھێزە ھاوپەیمانەكەیان داعش!!.
5. كارەساتی خێزانیی و تیرۆری كەسایەتی ناو حیزب و دەرەوی حیزب و دەنگی ناڕازیی و دزینی قووتی ڕۆژانەی خەڵك و بڵاوكردنەوەی ماددەی ھۆشبەر و بازرگانی سێكسی و وێرانكردنی كلتووری كوردی و.....ھتد، دڵنیام لیستەكەی ئێوە زۆر درێژترە!!.
لەم ڕۆژانەدا كە خەڵكی ناچاركراو سەرگەرمی ھەزاران دەردەسەری ڕۆژانە كراوە و ماوەی بیركردنەوەی لێتەنراوە، سەركردەیەتی حیزبە فەرمانڕانەكان، دەستیان بە یارییەكی قێزەوونی زۆر مەترسیداركردووە، كەكاریگەریەكەی بۆ سەر پێشەڕۆژی نەتەوەكەمان، برینێكی قووڵ و خوێن لەبەڕۆشتنێكی بێكۆتایی بەدوای خۆیدا دەھێنێت:
سەركردەیەتی و سەرۆكی حیزبی پارتی دێمۆكراتی كوردستان/ عێراق، لە ھەوڵی زیندووكردنەوەی ( ئەفواجی خەفیفە)دایە، بەو تەرز و جۆرەی كە سەركردەیەتی و سەرۆكی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی كردی و ڕەواجی پێدا.

ئەو كەس و فەرماندە و سەرۆك خێڵ و تۆراو لەو حیزب و ھەڵاتوو لەم حیزب و مووچە بڕاو لەم لایەن و یاخی لەولایەنە بانگھێشت دەكات و لە خۆیان دەگرێ و ڕێگان پیشان دەدا!! لە كۆتایدا ( فەوجێكی خەفیفەیان) بۆ ئاوەدان دەكاتەوە بە چەند سەد كەسێكەوە.
بۆ نموونە، پاش عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە چەمچەماڵ، كەسەر بە ئاژاوەكەی گۆڕان بوو، فەرماندەیەكی سەر بەوێرانییەكەی یەكێتی لەخۆ گرتووە و فەوجێكی خەفیفەی بۆ دامەزرادووە كە ژمارەیان چوارسەد كەسن و چوارسەد پارچە چەكی پێداون و چوارسەد مووچەی بۆ بڕیونەتەوە، لە کاتێکدا کە خانەنشین لە برسا دەمرێت و خەستەخانەکان بێدەرمانن...
سەرۆكی پدك/ عێراق، مەسعوود مستەفا محەمەد، سەرۆكی حیزبێكە و لە ئێستادا ھیچ پلە و پایەیەكی  كارگێڕیی نییە، نە سەربازی نە مەدەنی، كوڕەكەی سەرۆكی وەزیری حوكومەتەكەیانە و برازاكەی سەرۆكی ھەرێمەكەیان، كەبەشێكە وەك خۆیان دەڵێن: جیانەكراوە لە كۆماری عێراقی فیدڕاڵ، ئەو نەخۆشینەی ھەندێك لە سەركردەیەتی حیزبە پاشكۆكانی بەشی ڕۆژھەڵاتیش تووشی بوون.
 مێژووی ئەم دووبەشە ھەر دەڵێی سێوێكە كراوەتە دوو بەشەوە، جیاوازییەكەیان ئەوەیە كە بەشەكەی باشووری بەتەوای داڕزاوە و داڕزان بەشەكەی ڕۆژھەڵاتیشی گرتۆتەوە!!. كە ئومێدەوارم ئەو بەشە، بە ھیمەتی كوردان یشەرافەتمەندی ڕۆژھەڵات لەگەندەڵ بوون بیپارێزن!!. 
سیناریۆی باوك و كوڕ.
كوڕ بە گووڕوتینەوە، چنگی بە دەسەڵاتەوە گرت و كورسییەكەی توندوتۆڵ كرد و ڕیسەكەی ڕست و زنجیریی فەرمانڕانییەكەی لە دەستی خۆیدا كۆكردەوە و مێدیاكانیان و مەكینەی ڕستنی درۆكانیان و گۆرانی بێژەكانیان كلیبی ڤیدیۆیی ( براگەورەیان) بۆ چڕیی و كەسیش نەیزانی برای گەورەی كام برا بچووكەیە!!.
لە دوا سینارێۆی باوك و كوڕدا، كە ناوی كۆنتڕۆڵكردنی ( چەكی بێ مۆڵەتە)ە*.
كوڕ بانگەشەی سزادانی ئەو كەسانە دەكات كە چەكی بێ مۆڵەتیان ھەیە.
باوك چوارسەد پارچە چەكی بێ مۆڵەت، دابەش دەكات بەسەر ( فەوجێكی خەفیفەی نوێدا)، بەسەرپەشتی فەرماندەیەكی سەر بەگردی دەباشان، كە لایەنگری خۆیان بۆ ئەو و ڕێبازەكەی باوكی باوك دەربڕیووە، واتەبەیعەتییان بە باوكی برا گەورە داوە!!.
بڕوا ناكەم لەم بانگەشەیەی كوڕدا، توانیبێتیان چل پارچەچەكی بێمۆڵەتیان گرتبێ، باوكی ڕیسەكەی لە كوڕ كردەوە بە خوری و چوارسەد چەكیبێمۆڵەتی دابەشكرد.
ھەڵبەتە ئەمە سینارێۆیی باوك و كوڕە، دەنا مەسەلەی قاچاغی چەك، وەك ھەموو بازرگانییەكانی تر، بێ مۆڵەتیلێپرسراوانی حیزبی، خەڵك ناتوانن قاچاغی پێوە بكەن و پشكی گەورەی قازانجەكەی بۆ بەرپرسانی حیزبییە وبەتایبەت بۆ بنەماڵەكانی سەركردەیەتی ئەو دوو گردەن.
سەركردەیەتی سەری ڕەش، ڕابووردوویەكی درێژیان ھەیە، لە پارچەكردن، دابەشكردن، لێكدابڕان و درز و ناكۆكی دروستكردندا لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەكەماندا، ھەر لە پەلاماردانی ڕاستەوخۆی نەتەوەكە ( ڕۆژھەڵات وباكوور) تا دەگاتە تیرۆر و كوشتنی نەیاری خۆیی و ئەوانی تر.
گردی دەباشانیش ھیچیان لەوان كەمتر نییە، ئێستا تووشی نەخۆشییەكی ناوخۆیان بوون، كە جارێكە نایانپەرژێتە سەر دەرەوەی خۆیان، ئەم نەخۆشییە، سەری ڕەش فاكتەری ڕاستەخۆ و لاوەكی یەكەمینێتی، چوونكە یەكگرتوویی ھەر لایەنێكی تری كوردی لە ناوخۆیدا، سەری ڕەش ئەتۆقێنێ بۆیە نەك لە باشوور، بەڵكو لە ھەر سێ بەشەكەی تریشدا، سیاسەتی 
( پەرتكە و زاڵ بە)، سیاسەتی زاڵە بەسەر بیركردنەوە و ڕەفتاری سەركردەیەتی پدك/ عێراقدا. 
فەوجی خەفیفەی یەزدان پەنا لە ڕۆژهەڵات، فەوجی خەفیفەی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوا، فەوجەكانی سەرەك خێڵەكانی باكووری نیشتمان، كە ئەم فەوجانە ھەموویان دەبەسترێنەوە بە ( جمووجوڵی دەزگا ھەواڵگرییەكانی ئەو دەوڵەتە كۆلۆنیالیستیانەی بەشێك لە نیشتمانی كوردیان) داگیر كردووە، ھەڕەشەی جددین بۆ سەر (ئاسایشیی تاك و نەتەوەی كورد)، لە داھاتوویەكی نزیكدا.
مایەپووچیی حیزبەكانی باشوور و ڕۆژھەڵات.
تەرزی فەرمانڕانیی ھەرێمی كوردستان، نموونەی بیركردنەوە، توانای تێگەیشتن، فەرمانڕانیی بنەماڵەیی وخێڵبازیی سەركردەیەتی ڕۆژھەڵات و باشوورە، كە كوردانی ئەو دوو بەشە دەتوانن لە چوارچێوەی زەینی خۆیاندا، ڕامانەكانیانی لێوە ھەڵێنجن بۆ ( جوڵان و بزووتنەوەیەكی نوێ) لەدەرەوەی ئەو حیزبانە. 

بیر دەبێ ببزوێ و زەین دەبێ ڕەخنەگر بێت، ئەگەر تۆ( نەتەوەكە) كارخانەی بەرھەمھێنانی قووربانی خوێن وگۆشت و ئێسكی كچان و كوڕانی خۆتی، ئەوا لەم بەڕێوەبەرانە خاسترت چنگ ناكەوێ بۆ ئەم كارخانەیە، بەردەوام بە و ساڵ لە دوای ساڵ، ھەڵیانبژێرەوە و ملی باریكت لە ئاست فەرمانڕانییەكەیاندا، كەچ بكە.
 تۆ ساڵانێكی دوور و درێژە لە حەفتا ساڵی تێپەڕاند، جگە لە ژمارەی كچان و كوڕانی شەھید كراوت، كە بۆتەوێردی سەرزمان و بن زمانی سەركردەیەتی ئەو تاقم و دەستە زۆرانە، شتێكی ترت ژنەفتووە لە بیر، پڕۆژە، سیاسەت، فەلسەفە و زانست و كایەی دبلۆماسی؟!!.
ئەوە پێت دەڵێت: دایكان، خوشكان و ھاسەرانی شەرافەتمەندی كورد، تۆ كرێكاری كارخانەی، خوێن و ئیسك وگۆشتی، بە خاوەندارێتی سەركردەیەتی ئەم حیزب و ئەو حیزب. کە هەریەکەیان، ئێستا بۆ خۆیان بوونەتە براندێکی تایبەتی.
ئەوەتا نایشارنەوە و بە شانازییەوە دەڵێن: حیزبی ئێمە بۆتە براندێك!!.
عەبدوڵای موھتەدی لە ڕۆژی كۆمەڵەدا وتی: ئیستا كۆمەڵە بۆتە (براند)ێك، بزەش گرتی و چەپڵەشیان بۆ لێدا.
ڕاستی وت كاكە عەبە، ئێستا كۆمەڵە بۆتە براندێك، ھەروەك براندی: چاویلكەكەیی و بۆینباخەكەیی و قاتە شیكەكەی!!.
سەرکردەیەتی و بنکردەیەتی، هەموو دەستە و تاقمەکان لە بۆنەکاندا دەڵێن: زیندوون شەھیدانی كورد و سەری ڕێز بۆ خێزانی شەھیدان نەوی دەكەین. کورد ئەگەر ڕاست دەکات ڕێزی ئازادیخوازان و شەهیدانی خۆی دەگرێت، دەبێت ئەم ڕستەیە لە حیزبەکان قەدەغە بکات، وەک چۆن هاوبەشیکردنیانی لە بۆنە نیشتمانییەکاندا لە چەند جێگا، قەدەغەکرد و بەرد بارانیانی کردن، ئەمە ئەرکە. 
لە کۆتایدا دەڵێم: بۆ كێتان جێھێشت نیشتمان، كاك ئارام و كاك فوئاد گیان؟!.
سەرنج/
*بڕوانە سەربوردەی (چەكی قاچاغ) لە وتاری (ماڵی کورد کامەیە/ کامی قادر) ، لە سایتی كوردستان پۆستدا.