کوا داوای لێبووردنتان؟!

Monday, 26/09/2022, 11:59

4933 بینراوە


ئێمە وەک دوو بەشی بندەستی نەتەوەی کورد لە ڕۆژھەڵات و باشووردا، گیرۆدەی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووین،کە ناوی سەرکردەیەتی حیزبە.
تووشی قەیرانێکی قووڵ و ئازارێکی نەبڕاوە بووین، کە ناوی سەرکردەیەتی حیزبە.
تووشی، تووشی، تووشی ..... ھەزار و یەک دەردبووین، ھەزار و یەک دەرد کە ناوی سەرکردەیەتی حیزبە.
ھەر چەند ھەوڵمان داوە، ھەوڵی خوێنین، کە ڕاستیان کەینەوە، خوارتر بوونەوە، بووینە بەربەست لە ڕێیاندا،زۆرجاران، لەبەربەستەکەی ئێمە سڵەمینەوە و پێویستی کردبێ بۆ مانەوەی خۆیان وەرگەڕانەوە بەرەو دوژمنیدێرینەی کورد، کە لە دوایشدا ناویان ناوە کوردایەتی، کە مانای سووکایەتییە بە تێکۆشانی ئازادیخوازیینەتەوەکە!!.
ئەزموونی ئێمە لەگەڵ سەرکردەیەتی حیزبەکاندا بە درێژایی ئەم مێژووە:
١-   تاڵە وەک زەقنەبووت.
٢-  بەسوێیە تا سەر ئێسقان.
٣-  نامۆیە تا پلەی نەناسین.
٤-  مەترسیدارە تا ئاستی وێرانیی.
ئەوان ئەڵقە ھەرە لاوازەکەی، زنجیری ئاسایشی نەتەوەی ئێمەبوون/ ھەن.
ھەمیشە لەو ئەڵقە لاوازەوەش بووە، دوژمن زەفەری بە نەتەوەکەمان بردووە و زیانی گەورەی لێداوین، لە ھەر کوێیەک و لەھەر قۆناغێکدا، ئەو دووبەشەی نەتەوەکەمان، تووشی سەرگەردانی و کڵۆڵی و حەسرەتی بەدینەھاتنی ئامانجەکانی بووبێت، یا ئەوان ڕاستەوخۆ کەواسووریی بەر لەشکری دوژمنانی نەتەوەکەیان کردووە، یازەمینەسازیی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی پلانی 
دوژمنان بوون.
یەکێک لەو زەمینەسازیانە، کەرتکردنی خۆیان بووە، کە ھیچ نەبێ، دەبێتە کەرتکردنی نەتەوەکە بۆ دەستەی لێکدابڕاو، 
کە لە دوایشدا ناویان ناوە کوردایەتی، کە مانای سووکایەتییە بە تێکۆشانی ئازادیخوازیی نەتەوەکە!!.
دوو کەرتی حیزبی دیمۆکراتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان یەکیان گرتەوە، کارێکی باشیان کرد. 
لایەنی ئایەتی( ئەرێنی) ئەم یەکگرتنەوەیە:
ئەلف: ئەوەی ئێمە بینیمان و لێمانەوە دیار بوو، خۆیان بەم کارە ھەڵسان و بە پێچەوانەی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالییەوە، دوژمنێکی کورد بە زۆر ئاشتی نەکردنەوە، ئەمە لایەنە ھەرە دیارەکەی، ئەم یەکگرتەوەیەیە، کە خاڵێکی جوداکەرەوە و بەڕێزە.
بێ: ھیچ نەکرابێ دەستەیەک لە نەتەوەکە کەم بوویەوە، واتە کەمێک لە گێژاوی سەرگەردانیی ئەو خەڵکەی لەگەڵیانە، ھێورکردەوە.
لایەنە نایەتییەکانی( نەرێنی) ڕاگەێندراوی یەک بوونەوەکە:
ئەلف: ھەروەکو ھەموو سەرکردەیەتییەکانی باشوور، داوای لێبووردنیان لە نەتەکەمان نەکرد، واتە بەھەمان شوێنپێکانی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالیدا وئەوانی ردا ڕۆیشتن و کلتووری خۆ بەزلزانین و نەتەوە بەھیچ زانینیان، تێنەپەڕاند، لە حاڵێکدا کە کەرتکردنی نەتەوەکە لە ژێر ھەر ناوێک و ھەرعەبایەکدا بێت، تاوانی نەتەوەییە.
بێ: نەیان توانی یا نەیانویست، ئەو پاشکۆ ناشرین و ناقۆڵا و دواکەوتووە لە خۆیان بکەنەوە و ئەگەر لە زەینیشدابووبێت، کوردستان وەک نیشتمانێکی یەکگرتووی نەتەوەیەک تەماشا بکەن. 
دەزانم ئێستا ھەن دەڵێن: بڕواننە ئەمکابرایە، ئاگای لە واقع نییە و خەیاڵ بڵاوە!!.
ڕاست دەکەن، خەیاڵم ھێندەی نیشتمانی کورد بڵاوە، بۆیە ئەو واقیعەی من و کەسانی وەکی من دەیبینین بە ئەندازەی نیشتمانە دا بەشراوەکەمان فراوانە.
ئێمە گشت ناکەینە قووربانی بەش، ئایا دوای ئەو تێکۆشانە مەزنەی نەتەوەکە و لە سەردەمی ( ھۆشمەندیی دەسکرد ) دا دەگونجێت، بەھۆی داواکاریی گەلانێکەوە کە سەدان ساڵە دەسەڵاتی فەرمانڕان لەوانە و تەرزی بیرکردوەیان، ھەرچی بووبێت، زەڕەیەک لە ڕەفتاری ئەوانی نەگۆڕی بەرانبەر نەتەکەی ئێمە، ئێمە پێناسەی خۆمان بەنزیک بوونەوە لەوان، بکەین؟!. کلکی ئێرانی بوون، عیراقی بوون، سوریایی بوون یا تورکیایی بوون، بە خۆمانەوە بنووسێنین، نەبادا لێمان زوویرن؟!. دەبێت هەموو مامەڵەیەکمان لەسەر بنەمای ئەوەوە بێت کە (ئێمە ئەوێی نین). 
ئەگەر ئایدیاڵەکە، فەرمانڕانیی مەلاییەکە و جەلالییەکەی باشوورە لە ماوەی سی و یەک ساڵی دەسەڵاتیاندا، ئەوە لە ئێستاوە دەبێت ئەو بەشە لەنەتەوەکەمان لە ڕۆژھەڵاتدا خۆی بۆ شۆڕشێک ئامادە بکات.
پێ: من پێموایە، لە ھەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی نەتەوەکەماندا، خەڵک بە دەیان فرسەق لەپێش سەرکردەیەتی حیزبەکانەوە بووە.
دەلیلم ئەوەیە، کە گەل تێکۆشاوە بۆ یەکێتی و سەرکردەیەتی حیزبەکانی بۆ دروستکردنی ناکۆکی.
زەمان سەلماندی، ئەگەر حیزب بۆ ھەر نەتەوەیەکی خاوەن وڵات و سیستەمێکی دامەزراو، دروست و کارا بێت، بۆکورد نادروست و نەگونجاوە، چوونکە سەرکردەیەتی حیزبەکان، ھەمیشە ھەوڵیان داوە ھۆشی خەڵک پەک بخەن وتواناکانی بکوژن، شەڕەکانی نێوان سەرکردەیەتی حیزبەکان، کە دەیخەنە ملی براکان و پێی دەڵێن ( شەڕی براکوژیی) دەیان ھەزار توانای ئەم نەتەوەیەیان، بە کوژراوی پێشکەش بە بارەگای دوژمنانی کورد کرد و لە باتی دوژمنان ئەمان خۆیان شەڕی ڕۆڵەکانی کوردیان کرد، مەگەر وا نییە؟!.
ئێمە چۆن پێش بە ڕووداوەکان بگرین؟!  بە شیکردنەوە و ئامادەکردنی زەینی خەڵک ، کە وشیار و ئامادە بن بۆ ڕەتکردنەوەی ھەموو فێڵ و چەواشەکارییەکان، ئاخر ھەموو تاوانەکان، بە ناوی کوردایەتی و خەڵکەوە ئەنجام دران، مەگەر وا نەبوو؟!. 
بۆیە، تا حیزب ما بێت، تێکۆشانی گەل لە ڕۆژھەڵات و باشووردا، خوێنێکی بەردەوامە و لە جەستەی نەتەوەکە دەڕوات، ئێمە لە قۆناغی بەرەنگارییەکی خوێناویداین، کە خواستی ئێمە نییە، بەڵام جگە لەوە ڕێگایەکی ترمان نییە، بۆبەرھەمھێنانی ئاشتی و ئازادی دەبێت تێبکۆشین، گەلانێک کە لە قۆناغی ڕزگاریدان، ناچارن (بەتەنیا و پشتبەستن بە خۆ)، ڕزگاریی بە دەست بێنن. چوونکە گەلانی ڕزگار بوو، یا خەریکی بنیاتنانەوەی قۆناغی دوای ڕزگاربوونن، یان گەشەپێدانی ئەوەی کە بنیاتیان ناوە، ئایا ئەم ھاوکێشەیە لەگەڵ کام خەسڵەتەی نەتەوەیەکی دابەشکراوی وەک کوردا دەگوونجێت، کە ئێستایش قسەکردن بە زمانی دایکی خۆمان، ڕێگای بەرە و زیندان و پەتو سیدارەیە؟!.
جا بزانە تۆ لەگەڵ چ دوژمنێک و چ کلتوورێکی دواکوتووی فێڵباز و دڕدا ڕووبەڕوویت و چ سەرکردەیەتییەک ھەر لەخۆوە و پاش ئەو هەموو تاوانە نەتەوەییەی دەرهەق بەنەتەوەکە کردی: دەڵێ من نوێنەرایەتی (کورد) دەکەم؟!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە