ئێمە لە منداڵیمانەوە فێری سیخوڕی دەکرێین

Sunday, 28/04/2019, 22:17

4075 بینراوە


 کە منداڵ بووم و خستمیانە قوتابخانە، هەموو رۆژێک پێش چوونە ژوورەوەمان بۆ پۆلی خوێندن، لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا ریزیان دەکردین و سروودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)مان دەگووت، دوایی دەستمان دەردەهێنا و دەمانخستە پێشی خۆمان تا مامۆستاکەمان تەماشای بکات، بزانێت کێ دەستی خاوێنە، یان پیسە، یان نینۆکی درێژە هەر کەسێک دەستەسڕی پێ نەبوایە بیرازێکی باشیش دەکرا، ئەو قوتابخانەیە لە سلێمانی ناوی قوتابخانەی خالیدیە بوو، چەند مەترێک لە ماڵی نەوشیروان مستەفاوە دوور بوو، پێم وابێت چەند ساڵیک پێش ئێمە نەوشیروانیش لەو قوتابخانەیە خوێندبووی.
مامۆستاکانمان باسی ئەوەیان بۆ دەکردین، کە کورد میللەتێکی ئازا و شۆڕە سواری ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، فێری ئەوەیان نەدەکردین بیربکەینەوە پرسیار لەسەر ئەو شۆڕەسوارانە دروست بکەین و بپرسین: ئەگەر میللەتێک ئازا و شۆڕەسوار بێت، بۆچی تا ئیستا ئەو شٶڕە سوارانە بە ژێردەستەیی ماوەنەتەوە و رزگاریان نەبووە؟
گەورە و مامۆستاکانمان لە بری ئێمە بیریان دەکردەوە، قسەیان دەکرد، وەڵامیان لە سەر پرسیارەکان دەدایەوە، کە پێش ئەوەی مێشکی خۆمان ئەو پرسیارانە دروست بکات، ئەوان پرسیارەکانیان بۆ دروست دەکردین، ترسیان دەخستە دڵمانەوە نەیان دەهێشت لە چاومان زیاتر مێشکمان کار بکات، پرسیار لەسەر خاوێنی بکەین، بپرسین بۆچی تەنیا خاوێنی دەست و پەنجە، گرنگە نەک شتی تر!؟ دەترسان پرسیارەکان بگەرێنەوە بۆ سەرچاوەکە و پرسیاری گەورەتر بکەین، لە تێڕوانینی دەست و پەنجەکانماندا باس لە پاک و خاوێنی دەست و دەم و گیرفان و ناوگەڵ بکەین، نەکا پرسیارەکان بمانبات بۆ وەڵامێک گەورەتر بێت لە تەمەنی خۆمان، لەو وەڵامانە ئەوە بێت، کە زۆربەی ئەو شۆڕەسوارانە دەست و زمانیان لەگەڵ ناوگەڵیان پیس بووە.
هەر لە سەرەتای خوێندنەوە لە پۆلەکاندا چاودێریان بەسەر پۆلەکانەوە دادەنا، چاودێر واتا سیخوڕ، تا ئەو سیخوڕانە بە سەرمانەوە بن، بۆ ئەوەی هەر قوتابییەک هاروهاجی، یان شتێکی نەخوازراوی کرد، بە مامۆستاکە بڵێت! بەمە لە سەرەتای قوتابخانەوە وانەیەکی خراپ فێربووین، فێری وانەی سیخوڕییان دەکردین.
ئەمانە و زۆر شتی دیکە هۆکاری ژێردەستیی ئێمە بوو. لە منداڵییەوە لە قوتابخانە و لە حوجرەکاندا فیریان دەکردین، نەخۆشیان خستیین، نەخۆشی دەروونی، وەکو کەسێکی تەندروست ئازاد پەروەردە نەدەکراین، ئازا بیین، دەیانترساندیین، فێری کۆیلەبوونیان کردین، تا سیخوڕی بەسەر یەکترەوە بکەین.
کاتێک گەورەتربووم لەگەڵ گەورەیی خۆمدا پرسیاری، گەورەش دروست دەبوون، وەلامی گەورەترم وەردەگرتەوە، کە لە ژێریدا دەپسام و هەناسەم لەبەر دەبڕا، خۆم وەڵامی هەندێک لەو پرسیارانەم دەدایەوە، کە لە مێشکم دەڕژان و توانای هەڵگرتنیانم نەمابوو.
ئەمە بەشێکە لە نووسینێکی تایبەت کە بۆ وتارەکەی (لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە) ئامادەم کردووە. پاش ماوەیەکی دیکە پێشکەشتانی دەکەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە