جێبەجێکردنی بڕیارێك بۆ ئامانجەکانی چەمکی جێندەر بەسوودە

Saturday, 04/02/2023, 23:56

4066 بینراوە


بڕیاری پارێزگای سلێمانی، کە هەموو جۆرە چالاکیەکی تایبەت بە جێندەر قەدەغە کرد، یەکێکە لەو باجە قورسانەی کە سەلەفی و ئیخوانەکانی کوردستان دەیدەن و لە ئایندەدا دەردەکەوێت چ هەڵەیەکی زەقیان کردووە.
بەوهۆیەی کە سەلەفی و ئیخوانەکانی کوردستان نازانن جێندەر چیەو شیکردنەوە مەعریفیەکان لە لێکدانەوەکانی کۆمەڵێک کۆلکە وەردەگرن، ئابەم شێوەیە بەسەر هەڵەی زەقدا دەکەون و بڕیاری ئابڕوبەرانە دەدەن، کە قەدەغەکردنی هەموو جۆرە چالاکیەکی تایبەت بە جێندەرە.
ئەم بڕیارە، ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بە زیان بەسەر سەلەفی و ئیخوانەکان و ئایینی ئیسلامدا دەشکێتەوە، با بزانین چۆن؟
لە ئیسلام و لە قورئاندا سەدان بابەتی جێندەر هەن،  بۆ نموونە: بابەتی فرەژنی، یەکێکە لە بابەتەکانی چەمکی جێندەر، بەشوودانی کچی منداڵ، یەکێکە لە بابەتەکانی جێندەر، میراتی کۆمەڵایەتی، یەکێکە لە بابەتەکانی جێندەر، کۆیلەو کەنیزە، سێکسی هاوسەرەکان، مارەبەجاش و حجاب و زۆری دیکە، کۆمەڵێکن لە بابەتەکانی چەمکی جێندەر.
بەپێی بڕیارەکە نابێت باس لەم بابەتانە بکرێت، بۆ نموونە چەمکی حیجاب یەکێکە لەو بابەتانەی کە ئایینی ئیسلام و چەمکی جێندەریش، وەک مافی دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕەگەزی مێ، لێی دەدوێن، کەواتە نابێت هیچ ژنێک بە حیجابەوە بچنە فەرمانگەکان چونکە چالاکیەکی جێندەریە. 

یاخود ژنان ئازادن لەوەی بە ئارەزووی خۆیان پۆشاک بپۆشن. 

یان جیاوازی ڕەگەزی لەنێوان نێرو مێ، لە دابەشکردنی دەسەڵات و ئەرک و مافدا، چ جێندەریەکان و چ ئیسلامیش لێی دەدوێن، دەبێت بە هەموو جۆرێک بوەستێت. 
بە کورتی قورئان، کە بەشێکی زۆری ئایەتەکانی باسی جێندەر دەکات، دەبێت لەپەڕۆیەکی سەوز بپێچرێتەوەو لەسەر ڕەفەکان دابنرێن تا لەناو تەپۆتۆزدا ون ببێت. 
یەکەم فەرمانبەرێک کە دەبێت زۆر بە خێرایی لەسەر کارەکەی دەربکرێت و چالاکیەکانی ڕابگیرێت، دکتۆر عەبدالواحدە، چونکە خۆی دانی بەوەدا ناوە لە کاتی پشکنینی یەکێک لە نەخۆشەکانی کە ژن بووە، ئارەزووی سێکسی جوڵاوە، نەخۆشەکەی جێهێشتووەو چوەتەوە ماڵەوە سێکسی کردووە، ئینجا گەڕاوەتەوە بۆلای نەخۆشەکە، لێرەدا دکتۆر باسەکەی تەواو کردوەو نازانین نەخۆشەکە لە چ بارودۆخدا بوەو دواتر چی لێهاتووە.
ئیتر بزانن سەلەفی و ئیخوانەکان، لەبەر نەشارەزایی خۆیان بۆ چەمکی جیندەر، چ هەڵەیەکی مێژوویی ئابڕوبەرانەیان کردووە.
من  وەکو خۆم ڕازیم بەو بڕیارە، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بێ هیچ پاساوو لێکدانەوەو تەفسیرکردنی ئەملاو ئەولا، خۆی چۆن نوسراوە یاوا جێبەجێ بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە