مەکی ئامێدی

Tuesday, 11/08/2020, 10:10

3009 بینراوە


چەند مانگێکە ئاشنایەتیی و پەیوەندی نزیکم لەگەڵ مەکی ئامێدی پەیدا کردووە، بەردەوام پێکەوە قسە دەکەین. مەکی ئامێدی ئەو کوردە بوێرەی بادینانە، کە ماوەیەکە بە لایف و پەیوەندییەکانی، پارتیی و بەرپرسەکان و بنەمالەی بارزانیی هەراسان و بێتاقەت کردووە، بۆیە بۆ جاری سێیەم لە رۆژی چوارشەممە (15/ 07 / 2020) هەوڵی تیرۆرکردنیان دایەوە.
یەکێک لەو کارە باشانەی کە مەکی ئامێدی کردوویەتی، ئەوەشیانە، کە لەو رێگایەوە جارێکی دیکە و دوای راپەڕین، کوردی بادینانی، بە ئێمە ئاشنا کردەوە، دەرگای زیندانێکی گەورەی بۆ خستینە سەر پشت، ئەو تەلیسمەی بەتاڵ کردەوە، ئەو سنورەی شکاندن کە زۆربەمان وا تێگەیشتبووین، بادینان وەکو سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و گەرمیان نییە، هەموویان پارتیین، بە دەسەڵات رازیین و خۆشەویستیی بێ سنووریان بۆ بنەمالەی بارزانیی هەیە. ئەم زانیارییە چەوتە لەوەشەوە هاتبوو، کە لە دوای راپەڕین کاتێک پارتیی و بارزانی لە کەرەجەوە بۆ باشوور گەڕانەوە، دەستیان بەسەر ئەو بەشەی نیشتماندا گرت، یەکەم کاریان ئەوەبوو، سۆران و بادینییان لە رووی زانستیی و کەلتوریی و زمانەوە لە یەکتر دابڕی، ئەم سیاسەتە دەبوو دوژمنی کورد بە کوردی بکات، کەچی بنەماڵەی بارزانیی کردیان، بە تایبەتی خوێندنی زمانی کوردیی کە تا سەردەمی سەدام لە دهۆک و زاخۆ بە سۆرانی بوو، بارزانی کردی بە دوو بەش و بە دوو زمانی جیاواز، تا کەس لە یەکتر و بەیەکتر نەگات، نەبێتە زمانی گفتوگۆ و بە زەحمەت بادینیی و سۆرانییەک لە یەکترحاڵی بن، ئەمەش هەنگاوی یەکەم بوو، بۆ ئامانجێک و مەبەستێکی ترسناک. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دابڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی سۆران و بادینانیش بوو، یەکێتیش بەرامبەر بە زاراوەی هەورامی ویستی شوێن پێی پارتی هەڵبگرێت، هەرچەندە تا ئیستا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام کۆمەڵێک لە نووسەر و چالاکوانی هەورامیان هاندا، تا داوای زمانی جیاوازی خۆیان بکەن، بڵێن سۆرانی و هەورامی و بادینی زاراوەی کوردی نیین، بەڵکو زمانی جیاوازن. دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی وەکو سیاسەت و عەقڵی حکومەتی ئاخوندەی ئێران رەفتار لەگەڵ کورد و زمانەکەیدا دەکەن.
ئەوەی راستیشە ئەمەیە، کە هەموو نەتەوەیەک هەرچەندە چەندین زاراوە و دیالیکتیکی جیاوازیی هەبێت، بە تەنیا یەک زمان پێناسەی خۆی دەکات و یەک زاراوەی یەکگرتوو بەکار دەهێنن! ئەڵمانەکان لە نووسین و خوێندنا یەک شێوە زمانیان هەیە، کە پێش پسمارک هەر دەڤەر و هەرێمێک زمانی گەڕەک و شارەکەی خۆی بۆ نووسین و خوێندنەوە بەکار دەهێنا، عەرەب بەو هەموو دەوڵەت و زاراوە جیاوازانەوە کە هەیەتی، زمانێکی یەکگروویان هەیە بۆ نووسین و خوێندنەوە، بۆ ئەدەب و زانست .... هەروەها زۆر لە نەتەوەکانی تر، وەکو سویدی، نەرویژی، دانیمارکی، ئەڵمانی و هۆڵەندی،،، تەنیا یەک زمانی خوێندنەوە و نووسینیان هەیە و بەکاری دەهێنن، لەگەڵ ئەوەیشدا کە ئەو وڵاتانە لە دەربڕین و وشەسازیی و مۆرفۆلۆژییدا دیالیکتی جیاوازیان زۆرە، بەڵام تێکڕا زمانێکی یەکگرتووی فەرمییان هەیە!

نەتەوەی زیندوو، عەقڵی زیندو بەڕێوەی دەبات!

ئەوەی ئەمانە دەیکەن و بەو کوردەیان کردووە لەو رێگایەوە دوژمن توانیوێتی زەفەر بە یەکێتی و رێکخستنی کورد بگەیەنێت، خۆشمان بە چەند زمانی جیاواز لێکدانەوەی بۆ دەکەین، دەمانەوێت بەمە هەنگاوێک بنێین، کە هەموو زاراوەکان ببنە چەندین نەتەوەی جیاواز، هەروەک ئێزیدییەکانیان بە هۆی ئاینەوە لە کورد بوونی خۆیان تەرەیان پێکردن.
ئەوەی بە دوای ئەم جیاخوازییە دێت، ئەو دیاردەیەشە، کە بە زەحمەت زۆربەی نەوەکانی دوای راپەڕین بە تایبەتی لە بادینان دەتوانن نووسین و وتارێکی کوردی بە زاراوەی سۆرانی بخوێننەوە، لە هەورامانیش دەیانەوێت هەمان رێچکە وەربگرێت و ئەو هەنگاوەی بۆ بنرێت.
دەسەلاتی پارتەکانی باشوور (پارتیی و یەکێتی)، گەورەترین خزمەتی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستانیان کردووە، ئەو حکومەتەی، کە بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی بەڕێوەی دەبات، هەنگاوێکی دوژمنانەیە.
ئەو خەباتەی مەکی ئامیدیش دەستی پێکردووە، شکاندنی ئەو رێچکە و تەوق و کۆتەیە، کارکردنە بۆ ناساندن و باسکردنی هاولاتیانی کوردی ئەو دەڤەرە، ئەو پەیامەمان پێ دەگەیەنێت تا پێمان بڵێت، ئێمە چەندە رقمان لە رەشەبا و تەپوتۆزە کاتێک بە قوڕگماندا دەچێت، ئاوا لە بادینانیش دە هێندە رقمان ن لە پارتیی و بنەمالەی بارزانییە. ئێمەی بادینی نامانەوێت پارتیی بە هزرماندا و بارزانی بە ناخماندا داچۆڕێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە