ئێمە و ئێوە

Sunday, 26/03/2023, 22:19

5511 بینراوە


 مناڵەکانی شار شیری خۆیان دایە مناڵەکانتان، کەچی ئێوە باخچەی منالەکانمانتان  ڕووخاند و کردتان بەسۆپەر مارکێت بۆ خۆتان.
 ئێمە بنکەی ئەدەبی و هۆڵی کۆنسێرت و گۆڕەپانی وەرزشیمان بنیات نابوو، ئێوە کرتان بە یانەی شەوانە و قومارخانە و خانەی لەشفرۆشیی.
 ئێمە لەگەل خۆماندا دەمانبردن بۆ سەرچنار و قلیاسان و باخی گشتی، کەچی ئێوە دارو درەختەکانیانتان سوتاند.
 ئێمە لە هەر گەرەکێکدا ئاوازێکی ناسکی کوردانەمان بە گوێتاندا دەچرپاند، ئێوە ماڵەکانتان کردە بنکەی پۆلیس و سەربازخانە، تەنیا دەنگی ناسازی تەقە و کوشتمان لێدەبیست.
 ئێمە ماڵمان بۆ کردنەوە ئێوە لاقەی کچانی شارتان کرد.
 ئێمە خانووومان بۆ چۆل کردن تا کو ئێوە تیایدا بژین 
ئێوە زەوتتان کرد و لەسەر خۆتان تاپۆتان کرد.
 ئێمە خۆمان کردە خاوەن  مردووەکانتان و شین و شەپۆڕمان بۆ کردن 
ئێوە لەگەل شین و شەپۆرەکانماندا هەرچی گردی شارە  لە مردووەکانی خۆتان تاپۆ کرد.
 ئێوە دراوسێکەمتان لە ماڵی خۆی دەرکرد و ماڵە لەشفرۆشێکی هاوردەتان تیا جێگیر کرد.
لەو ڕۆژەوە نە دراوسێیەتی مانای ما و نە دراوسێ تامی خۆی ما. 
 ئێمە کردمانن بە شەریکی دوکانەکانمان ، ئێوە شەریکەکانتان کوشت و دوکانیشتان بۆ خۆتان تاڵان کرد.
 ئێمە ماڵی پاریزگامان ئازاد کرد، ئێوە لەسەرخۆتان تاپۆتان کرد و بۆ کوشتنی خەڵکی شار دۆشکەتان لێ جێگیرکرد.
 ئێمە شەهیدی زۆرمان دا ئێوەش بە ناوی شەهیدەوە  بست بە بستی  بەخشی بە کۆیلەکانتان.
 ئێمە خۆمان دایە بەرگوللە تا بەر ئێوە نەکەوێت، ئێوە لاوانی شارتان خەڵتانی خوێن کرد.

بەڵام ئەوەی تەنیا شتێکە کە ڕوونە:
  ئێمە خەڵکی ئەم شارەین و ئێوەش داگیرکەر.
  ئێمە دەمێنینەوە  و ئێوەش شاربەدەردەکرێن.

ئامانج مەلا عەلی
ستۆکهۆلم
2020-12-02

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە