شامارنی بەپەتیارەکراو

Monday, 08/05/2023, 19:32

4222 بینراوە


خۆ ئەگەر کورد خاوەنی شکڵێکی ڕەسەن بێت لە هونەری شیوەکاریدا بە بۆیەکاری، ئەوە شکڵی شامارانە. ئەگەر بە ڕوونی مێژووی شکڵە ڕەسەنەکەی شاماران ناناسین، ئەوا بە پێی هەندێک سەرچاوە، پەیکەری داتاشراوی بەردینی شاماران، گوایە دەگەرێتەوە بۆ سەدەی یازدە و دوازدە. ساڵی ٢٠١٦ لە زنجیرە چیای زاگرۆسدا دۆزراوەتەوە (وێنەی ١). لە مۆزەخانەی شاری قارس لە باکوری کوردستان پارێزراوە. 
شاماران، خواوەندی داناییی و پارێزەری نەھێنییە، دەوری سەرەکی ئەفسانەکە بە ژنێک سپێردراوە لە وێنای خواوەندێکی مێینەی نیمچە مرۆڤ و مار. ئەفسانەیەکی پرواتایە و رەگی لە کولتووری کوردیدا داکوتاوە.
(وێنەی1) نەخشی هەڵکۆلڕاوی بەردینی شاماران
دەروێش عەبدولا لە مەقامێکیدا ئاماژە بە شاماران دەکات؛
لە باغا دەستم برد بۆ بەی
باغەوان دەیفەرموو نەیکەی
مارانگازبووم ترسام لە حەی
چیبکەم جێگای شامارانە

لە سەردەمی مۆدێرندا لە شاری ماردین پەیکەرێکی بۆ کراوە (وێنەی٢).

(وێنەی2) پەیکەری شاماران لە شاری ماردین

کورتەی چیرۆکی شاماران؛

تامساب، کوری خێزانێکی کوردە، بۆ داربرین دەچێتە شاخ، لەوێ دەکەوێتە ناو بیرێکی قوڵ، بە خەنجەرەکەی دیواری بیرەکە ھەلدەکۆڵێت بە مەبەسی خۆڕزگارکردن. دەگاتە ئەشکەوتێکی گەورە، دوای کەمێک خۆی دەبینێتەوە لە ناو کۆمەڵە مارێکدا. دەترسێت لەوەی کە مارەکان پێوەی بدەن، چاوانی دەنوقێنێت و دەپاڕێتەوە هەتا لەو مەترسییە ڕزگاری بێت، وەختەکی چاوانی دەکاتەوە، ئافرەتێک دەبینێت نیوەی جەستەی ژنە و نیوەکەی تری مار (شاماران). هێوری دەکاتەوە و پێی دەڵێت کە ئەو ژنەخواوەندی شامارانە و دەتوانێت بێ خەم بێت و لە مەترسی دەیپارێزێت.
 پێکەوە دانیشتن و خواردیان و خواردیانەوە، شەیدای یەکتری بوون. دوای سەردەمێک، تامساب دەیەویست بگەڕیتەوە کن خێزانەکەی. شاماران ڕازی دەبێت بە مەرجێک تامساب شوێن و پیوەندییان بە نەهێنی بپارێزێت؛ لە بەردەم خەڵکیدا خۆی بە ئاو تەڕ نەکات چونکا پێستی وەک کاژی ماری لێ دێت و خەلکی بە نەهێنییەکە دەزانن.
پاش گەڕانەوەی. ڕۆژێك پاشا تووشی نەخۆشی دەبێت، راوێژکارەکەی پێی دڵێت کە ئەو بە گۆشتی شاماران چاک دەبێتەوە، بۆیە بریاریان دا سەرجەم کوڕانی شار لە ئاو ھەلبکێشن، هەتا خۆشەویستەکەی شاماران بدۆزنەوە و بەو بۆنەیەوە دەستیان بگات بە شاماران. سەرە گەشتە سەر تاماسب و بە زۆر لە ئاویان ھەلکێشا، دیتیان تامساب پێستی وەک کاژی ماری لێ ھات، لە رێی ئەوەوە توانیان شاماران بدۆزنەوە، بریاریان دا گۆشتەکەی بدەن بە پاشا. شامارن تامسابی خۆش دەویست، بۆیە وتی ؛ ئەگەر کلکم بخۆن پردانایی دەبن، جەستەم بخۆن، دور دەبن لە نەخۆشی، سەرم بخۆن دەمرن، بە فەرمانی پاشا، شاماران کرا بە سێ کەرتەوە. پاشا جەستەی خوارد و چاک بویەوە، راوێژکار کلکی خوارد و بە پێچەوانەی قسکەی شماران، مرد. تاماسب لەو روداوەدا خۆی بە خەتابار دەزانی بۆیە سەری شامارانی خوارد بەڵکو بمرێت، بەڵام بەشێوەیەکی ئەفسوناویی ھەموو دانایی شاماران چووە جەستەی تامسابەوە، بوو بە لوقمانی حەکیم و ھەموو چۆرەکانی گیای ناسی و دەرمانی بۆ نەجۆشییەکان لێ دروستکرد. ئەگەر چی شاماران جەستەی پارچە پارچە کرا، ئەوا وەک خواوەندێك بە نەمری مایەوە.

(وێنەی3) خواوەندی یۆنانی سێکرۆپس (Cécrops)

خواوەندی یۆنانی سێکرۆپس (Cécrops)

ئەگەر ئەفسانەی شاماران بەستراوەتەوە بە خۆشەویستیی و ژیانەوەی ڕۆحەوە، ئەوا مار وەک زیندەوەر پەیوەستە بە زەوییەوە، گیانەوەرێکی خشۆکە و نزیکە لە زەوییەوە وەک کۆمەڵەی کرم لە ناو کون و خاکدا دەژی. بێ باڵ و بێ پایە، هێمای خاکە. بۆیە لە ئەفسانەی یۆنانیدا خواوەندی سیکرۆپس Cécrops  (وێنەی ٣)، کە لە شکڵی ماردایە وەک شاماران، یەکەم وەچەی خۆبەخۆیی زەوییە بە وێنای ئادەم و حەوا، واتە یەکەم مرۆڤە و لەوەوە ئەسینا و شارستانیەتی یۆنانی هاتۆتە کایەوە. بەڵام شاماران وەک یەکەم بونەوەری خۆبەخۆیی باسی لێوە نەکراوە، لە چیرۆکەکەدا بە ڕێكەوت تامساب دەناسێت و پەوەندییەکی خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت. پاش بەسەرهاتی پاشا و خواردنی جەستەی لە لایەن سێ کەسەوە ( تامساب، پاشا، وەزیر) مردن و دانایی و ژیانەوەی ڕۆح و حوکمڕانی دەبێتە پاشماوەی جەستەی لە دوای خۆی. ئەم چەمکانەش بەشێکی سەرەکی ژیانن، بەڵام باسی شاماران نەکراوە وەک بنەچەی مرۆڤ یان یەکەم مرۆڤ. جگە لەوەی مێژووی شاماران بە پێی دۆکیومەنتی بەدەستهێنراو نوێترە لە خواوەندی یۆنانی، بەڵام پەیوەندییەک هەیە لە نێوانیاندا وەک بوونەوەی نیمچە مار و نیمچە مرۆڤ، ماریش وەک هێمای خاک و ماتریکسیی لەدایکبوونە، ئەگەر نا خواوەندی شاماران مێینەیە بەڵام سێكرۆپس نێرینە. هەر ئەم بیرۆکەیەشە کە تیۆری دایکسالاریی لە ناوچەی زاگرۆسدا پەرەپێداوە.
(وێنەی 4)شاماران بە نەخشی بۆیەکار

نەخشی شاماران ؛

ئەگەر بێینەوە سەر نەخشە بۆیەکارییەکە (وێنەی ٤)، کە جۆرێکە لە کۆپیی نەخشە بەردینەکە بە گۆڕانکارییەکی زۆرەوە، ئەوا جۆری نەخشاندنی شکڵی شاماران بە جۆرێکی هونەری هێندە نایاب کراوە کە لە ئاستی چیرۆکە ئەفسانەییەکەدایە و ئاوێنەی جەستە و ڕۆحی شامارانە. هەرچەندە مێژووی نەخشادنی ئەم بۆیەکارییەش نازانین، بەڵام  شکڵێکی زۆر مۆدێرنترە لەو کارە هونەرییانەی بەرجەستەکراون لەلایەن هونەرمەندە هاوچەرخەکانی کوردستانی باشوور لە هەموو ڕویەکەوە.
لە چیرۆکەکەدا باسی چۆنایەتی شکڵی شاماران بە ووردی نەکراوە، تەنها ئەوە نەبێت کە وەک زۆر لە بونەوەری ئەفسانەیی جەستەی نیمچە ئاژەڵ و نیـمچە مرۆڤە. بەڵام شکڵەکە بە شێوەیەکی هونەریی ئێجگار نایاب کراوە و تەواو رۆح و جەستەی ئەومان بۆ نمایش دەکات، بە جۆرێک کاتێک دەیبینین، ڕاستەوخۆ ڕامی هەست و سۆزمان دەکات. 

ڕاڤەکردنی شکڵەکە ؛

ئەگەر ئەم نەخشە توانای رامکردنی زۆرترین رۆحی ھەیە، لەبەر ئەوەی زەینی بینەر لەگەل خۆیدا دەبات بۆ جیھانێکی ئارام و جێگیر بە شکلێکی ساکار و چەند رەنگێک، لەبەر ئەوەی ھونەرمەند تەواو چۆتە ناو جەوھەری ئەفسانەکەوە. 
شکلێکی رەسەنە، شازە، تاکە و بێ وێنەیە، لە ھیچ کولتوورێک و شارستانیەتێکی تردا شێوازێکی لەو جۆرە بۆ شکلێکی ئەفسانەیی نادۆزینەوە، لە روی رەنگ و شکڵەوە رەسەنە و شوناسێکی تەواو کوردی پێوە دیارە.
شکڵی گشتیی شاماران، وەک شکڵێکی جێگیر و ئارام دەردەکەوێت بە وێنای خەسڵەتی هەموو خواوەندەکان؛ بە توانایەکی جەستەیی و هزرێکی ئارام. ئەگەر لە چیرۆکەکەدا باسی دوو ڕەگەزیی شامارن کراوە ئەوا هەر ڕەگەزێکیان ( مار و مرۆڤ) بە ڕوونی پیشان دراون و بە یەکسانی نەخشێندراون لە ڕوی شکڵ و ڕەنگەوە، بە جۆرێکە کە هیچ کامیان کەمتری نییە لەوی تریان لە ڕوی هێز و شکڵەوە ، ئەمیان هێزی سپیریتوێل و ئەوی تریان هێزی فیزیکیی؛ هەردووکیان تاجێکیان بەسەرەوەیە، مارەکە بازنگێک و کچەکە ملوانکەیەکی ڕەنگین، بەڵام ئەوەی گرنگی داوە بە شکڵەکە بە گشتیی، ئەو دوو هێڵە ڕەشەیە کە هەردوو شکڵەکە ( مار و ژن) ی پێکەوە گرە داوە (وێنەی ٥)، بە شێوەیەکی ئێجگار ژیرانە نەخشێندراوە بۆ بەرجەستەکردنی جەستەیکی لێکدانەبڕاو؛ بریتییە لە بەستنەوەی دوو تەن  کە لە ڕووی جەوهەر و شکڵەوە جیاوازن. ئەو شکڵەش بەردەوامی شاخەکانی مارەکەن، لە هەمان کاتا بۆتە چەکێکی کاریگەری تر بۆ کچەکە، لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکدایە، واتە  وەڵامی دراوەتەوە بە شکڵێکیی تری وەک دوو شاخی بچووک بە سەری مارەکەوە.
 وەک سەرنج دەدەین هەر خەسڵەتێک کە لە جەستەی شكڵە مرۆڤەکەدایە لە شکڵە ئاژەڵەکەشدا بە شێوەیکی جیاواز دووبارە بۆتەوە، هاوسەنگییەکی ژیرانە ئەفرێنراوە لە نێوان ئەو دوو جەستەیەدا. 
 (وێنەی 5)
هونەرمەند، دوو پای نەداوە بە شاماران وەک مرۆڤێک، چواریشی پێ نەداوە وەک ئاژەڵێک، شەش پای پێداوە،  پایەکانی  لە شکڵی سەری ماردان، هێندەی تر پتەواندنی کردووە لە هێز و توانا و لە شکڵی ئەفسانەیی شاماراندا. کراسەکەی بەری، کراسێکی دانتێلی ڕەنگاو ڕەنگە، وەک پولەکەی کراسی ژنانی کوردانە و لەهەمان کاتا ئاماژەش بە کاژی مار دەکات و یەک جەستە پێکدەهێنێت. 
کاتێک شاماران باسی خۆی دەکات لە ئەفسانەکەدا، جەستەی دەکات بە سێ بەشەوە ( سەر، کلک، سنگ ). وەک سەرنچ دەدەین پتەواندن کراوە لەسەر جیاکاری شێوازی ئەو سێ بەشە لە نەخشەکەدا؛ کلکی مارەکە بە زمانی دوو فاقی وەک هێزێکی کوشندە، جەستەی ڕازوەی بە دانتێل وەک کاژی مار، سەر و بەدەنی وەک ئافرەتێکی دڵگیر و ئارام. ئەم سێ بەشەش ( ژمارە سێ)  بە ملوانکەیەکی سێ ڕەنگ لەسەر سنگی خاتوونی شاماراندا دووبارە بونەتەوە ؛ سوور و زەد و شین، کە بریتین لە سێ ڕەنگی سەرەکی و بنەمای هەموو ڕەنگەکانن، ( کوردان هەردەم لە بری شین، شینی پیرۆزە بەکار دەهێنن کە بەسەر سەوزدا دەڕوانێت)، بە سێ گوڵیش لەسەر تەختی نەخشەکە کە خەسڵەتی تیژ و بازنەییان تێدایە وەک کۆی نەخشەکە، وەڵامدراونەتەوە. خەسڵەتی تیژو بازنەیی کارەکتەری دوانەیی خواوەندەکەیە .
کۆی شکڵەکە بە گشتی پێکهاتووە لە شکڵی بازنەیی و تیژ. ئارامی و بزاوتن، دانایی ( شکڵی کچەکە) و مارەکەش وەک هێزێکی فیزیکی ترسناک و کوشندە. ئەم دوالیتێیە بە ڕونی پیشاندراوە لەو نەخشەدا کە خۆی دەبینێتەوە لە کارەکتەریی ئاژەڵیی و کارەکتەری مرۆڤیی شاماراندا وەک دوو هێزی پێچەوانە بە یەکتری، دیوالیتێیەک لە ڕوی شکڵ و جۆرەوە بە شێوەیەکی هونەری گونجێندراون، ئەم دوالیتێیە لە جۆری نەخشی تاج و گوڵەکانی سەر تەختی تابلۆکەش دووبارە بونەتەوە بە هەمان کارەکتەری بازنەیی و تیژیی. ( بڕوانە وێنەی ٦ ). 
(وێنەی 6) نەخشی شاماران بە جیاکردنەوەی شکڵەکان
بەڵام پەیکەرە بەردینە هەلکۆڵراوەکەی شاماران، جیاوازە لە نەخشە بۆیەکارییەکە، بێ شک  پەیکەرەکە دێرینترە. لەبەر ئەوەی تەواوی نەخشکەم چنگ نەکەوت، ناتوانم بە وردی لێکدانەوە بۆ شکڵەکە بکەم (بڕوانە وێنەی ١).  وەک سەرنج دەدەین لە پەیکەرەکەدا، شاماران ( بەشە مرۆڤەکەی)، هەروەها بەشە ئاژەڵەکەشی، هەردوکیان زیاتر لە کردەدان، بە هەمان شێوەی بۆیەکارییەکە بەشە مرۆڤەکەی لە بارێکی سپیریتوێڵی جێگیردایە، پایەکی بە ئاستەم بەرز کردۆتەوە، بەڵام بەشە ئاژەڵ (مارەکە)ەکەی، زیاتر لە هەژدیهایەک دەچێت و، دەمی کردۆتەوە و ددانەکانی پڕ مەترسین وەک ئەوەی ڕوبەڕووی مەترسییەک ببێتەوە، یان بە ئامانجی ئەوەی کە ئەو دوالیتێیەی نێوان شکڵی ئاژەڵیی و مرۆڤەکە زیاتر زەقبکاتەوە.
وێنەیەکی تری شامرانم بەرچاو کەوت کە زیاتر وەک شێوازی بۆیەکارییەکەیە، بەڵام هیچ زانیارییەکم لەسەری نییە ئایا نەخشی بەردینی هەڵکۆڵراوە یان نەخشێکی سەردەمی مۆدێرنە (وێنەی ٧)، زیاتر لە نەخشێکی سەردەمی نوێ دەچێت. ئەگەر نا لەوە ناچێت مێژووەکەی هێندە کۆن بێت، بێ شک میژووی پەیکەرەکە زۆر کۆنترە.
(وێنەی 7) نەخشێکی تری شاماران
بێگومان، پێدەچێت کە هەموو ئەو سەرنج و لێکدانەوانەی کە ئەماژەم پێداون لە سەر شکڵی شاماران ، بینەر نەتوانێت وەک من باسی بکات، بەڵام مرۆڤ خاوەنی ژیرییەکی شاراوەیە، خاوەنی لۆژیکێکە ؛ بۆیەکا ئەو شکڵە هێندە سەرنجی ڕادەکێشیت و ڕامی هەست و سۆزی دەکات. مرۆڤ بونەوەرێی لۆژیکە و بەرهەمی لۆژیکە، ئەگەریش خۆی ئاگایی بەو لۆژیکە نەبێت، ئەوا لە نەستیدا ئەو لۆژیکە بونی هەیە وەک ژیرییەکی شاراوە و دەبێت بورووژێنرێت، بەخەبەر بکرێتەوە، لەلایەن هونەرمەندەوە، ئەگەر هونەرمەند خاوەنی ئەو ژیرییە نەبێت ناتونێت ئەو ئامانجە بپێکێت. کاری منیش ووروژاندنی ئەو ژیرییەیە، بەخەبەرکردنەوەیەتی.

چۆن هومەرمەندانی کوردستان شامارانیان نەخشاندووە؟

لێرەدا نمونەی چەند کارێکی هونەری سەردەمی مۆدێرن دەهێنمەوە کە چۆن هونەرمەندانی باشور گوزارشتیان لە شاماران نەخشکردۆتەوە بە شێوازی هونەریی خۆیان؛ سەرنج دەدەین، لە هیچ کام لەو کارانەدا هونەرمەندان گرنگییان هێندە بە شاماران نەداوە، نە بە بابەتی شاماران (ئەفسانەکە)، نە بە نەخشەکەی بە گشتیی. بێ گومان ئێمەی کورد ئاشناییمان بە شامارن هەیە و ڕاستەوخۆ دەیناسینەوە لە تابلۆکانیاندا بە کلکی مار و سەری ئافرەتێک، بەڵام هیچ ئاگاییان بەو لێکدانەوانە نیین کە باسم کردن لە سەرەوە. شکڵیکمان بۆ پێشنیار دەکەن بەدەرە لە هەموو بیرکردنەوەیەک لە ئەفسانەکە و لە شکڵەکە ڕەسەنەکە؛ ئاگاییان بە خوێندنەوەی شکڵەکە نییە و تێڕوانینێکی هونەرمەندانەیان نییە بۆ شکڵ و بابەتەکە، دەنا ئەنجامەکەی شکڵێکی ژیرانە دەبوو. تێڕامان و بیرکردنەوە بە مەبەسی ئەفراندنی نەخشێکی تر، هزری بینەر دەوروژێنێت بەرە و ئاگایی، ئاگاییەکی نوێ بە پێی تێروانینی سەردەمەکەمان، ئەمەیە جەوهەری هونەر ؛ نیشاندانی شکڵێک بە هەقیقەتی سەردەمەکەمان، بە پەردەلادان لەسەر  ڕوویەکی تر، لەسەر هەقیقەتێکی تری ئەو شکڵە و ئەو چیرۆکە، پەرەدەلادان لەسەر ئەو شکڵەی کە بە ڕووکەش خۆی نمایش دەکات، بۆ بە ئاگاهێنانەوەی بینەر. لەبەر ئەوەی شکڵ بیانویەکە بۆ گوزارشتکردن لە بابەت.
هەموو بەرهەمێکی هونەریی ئەنجامی بیرکردنەوە و تێڕامانە، بەتایبەتی شاماران، جگە لەوەی چیرۆکێکی ئەفسانەیی لە پشتەوەیە و دەوڵەمەندە بە بابەتی ؛ خۆشەویستیی، نەهێنی، دانایی، ژیانەوە، ئەفسانە و بونەوەری دوو ڕەگەز و فەمینیستیی...تاد. لە هەمان کاتا کە نەخشێک (شکڵێک) ی پێشوەختەمان هەیە، ئەوا هونەرمەند هەڵبژاردەی هەیە و ئازادە چیمان بۆ پێشنیار دەکات، بەڵام ئەگەر کارەکانیان ئەنجامی بیرکردنەوە نەبن، هزری بینەر ناورووژێنن، لەبەر ئەوەی هەر کارێکی هونەری خۆی بۆ خۆی هەڵماڵینی هەقیقەتێکە و دەمانەوێت نمایشی بکەین بۆ دەروبەرمان. خستنە رویەکی تری ئەو شکڵەیە، ئەو چیرۆکەیە بە شێوازی سەردەم. دەنا مەبست چییە لە نەخشاندنەوەی جارێکی تری شاماران ئەگەر بیرۆکەیەکی نوێ، تێڕوانینێکی نوی، هەقیقەتێکی نوێم نەبێت بۆ شکڵەکە یان بابەتەکە ؟ پێدەچێت کە پاڵنەری کردەی ڕەسمکردن لەسەرەتاوە تەنها خۆ خەریک کردن بێت، چونکا هونەرمەند وەک مرۆڤی ساپیان، وەک بونەوەری بە ئاگا، پێوسیتی بە خۆ خەریککردنە، بە ئامانجی لەبیربردنەوەی ئەشکەنجە؛  ئەشکەنجەی بوون، ئەگەریش بە نائاگایی بێت. وەک پیکاسۆ دەڵێت :

" کارکردن، تەندروستیمە"

بەڵام ئێمە وەک بونەوەری خاوەن ئاگایی ئاراستەیەک دەدەین بەو خۆخەریک کردنە، ژیلەمۆی ئەو ئاراستەیە تێڕامانە، بیرکردنەوەیە لە بابەتەکە و گونجاندنییەتی لەگەڵ شێوازی ڕەسمکردن و سەردەمەکەمدا. چونکا پێویستیی خۆخەریککرن (نەخشکردن) لە جەوهەردا بە مانای ئەوە دێت کە ئێمە کێشەیەکمان هەیە ( کێشەی سەردەمیی) بۆیەکا ناتوانین لێی ڕاکشیین و سەیری ئاسمانی شین بکەین، چەمکی خۆ خەریککردن، کێشەی بوونگەرایی لە خۆیدا حەشار داوە. ئەوە ئەرکی ئێمەیە ئاگاییمان بەو چەمکە هەبێت، بە بابەت و شکڵ گوزارشتی لێ بکەین ئەگەرێش نەخشاندنی شکڵێکی پێشوەختەی وەک شاماران بێت. 
"هەموو مرۆڤێک ئەشکەنجە دەکێشیت؛ ئەشکەنجەی بوون، ئاگایی بە ژیان. تەنها هونەرمەندە کە توانای هەیە ئەو ئەشکەنجەیە وەرچەرخێنێت بۆ خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی، بە هەڵماڵینی جەوهەری کێشەکان"
ئەگەر نا هونەرمەند کەسێکی بێ ئاگایە، درۆزنە ( بە بێ ئاگایی بیگومان) ؛ کاتێک لە بارێکی دەرونی نالەبەردایە، لەبری ئەوەی دەست بخاتە سەر برینی کێشەکانی، بە گووڵ و گوڵزار تابلۆکەی دەڕازێنێتەوە. خۆ دەشتوانین بە گوڵ و گوڵزار و ڕازاندنەوە گوزارشت لە باری نارەوایی دەرونی خۆمان بکەین، بەڵام دەبێت گوڵ و گوڵزارەکەش لە هەقیقەتی گوڵ و گوڵزار بچنە دەرەوە بە مەبستی گوزارشت کردن لە ناخ، کە بەندکراوە لە هزردا، لە قوڵایی نەستا. واتە گوڵ و گوڵزار شکڵێکن کە ئەشکەنجە، یان بیرۆکەیان پێدا تێدەپەڕێنم، بۆیە دەبێت وەریانچەرخێنم، دەنا بێ گیانن. کاری ئێمە دەربازکردنی ئەوەیە کە لە نەستا پەنگی خواردووە و ئەشکەنجەمان دەدات. 
پێ دەچێت کە خوێنەر بڵیت ؛ لە نێو ئەم هەموو شیکار و لێکدانەوانەدا بۆ شكل و بابەت، چۆن هونەرمەند دەتوانێت نەخشێکمان بۆ بەرجەستە بکات و ئازادی لە دەست نەدات ؟ هونەرمەند خاوەنی جیهانێکە، خاوەنی کۆنسێپتێکە کە بریتییە لە بیرۆکەیەکی گشتی بۆ جیهان و دەروبەری. هەموو شکڵەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەمان کۆنسێپت، ئەو کۆنسێپتە دەبێتە بنەمای گوزارشت لە شکڵ و بابەت، هەموو ئەمانەش بە کارکردن دێنە ئاراوە، بە ڕوبەروبونەوەی هەقیقەت و هەڵماڵینی، نەک بە شاردنەوەی بە گوڵ و گوڵزارێکی ئۆتۆماتیکی، یان بە شکڵێکی لاوەکی بە بێ ئاگایی. 
کامەران مەنتیک لە وتارێکیدا دەیووت کە ئەو باوەڕی بەو تیۆرییە نییە کە گوایە << سیستەمەکەمان ڕەنگدانەوەی هزری  کۆمەڵگەکەمانە، چونکا، گوایە ئەو سیستەمەی کە کوردستان دەبات بەڕێوە، سیستەمێکی سەپێنراوە لەلایەن زلهێزەکانەوە، بۆیەکا ئەو سیستەمەی کوردستان گوازرشت لە کۆمەڵگەکەی ناکات.>>  بەڵام بە داخەوە ئەو هەقیقەتە لە کاری هونەرمەندانی کوردستاندا دەدۆزینەوە؛ چۆن شاماران وەک ئەو کۆمەڵگەیە و ئەو سیستەمە بە پەتیارە کراوە، وەک ئەو سیستەمە بێ هزرە، بێ ئاگایە. کاری من بە ڕەخنە یارمەتی دانی بەخەبەربوونەوەی ژیرییە لای هونەرمەندانی کوردستان. چونکا سیستەم و کۆمەڵگە لێک ئاڵاون و شان بە شانی یەکتر پەرە دەسێنن. 
تی دەگەم کە بژێوی ژیانی هەندێک لە هونەرمەندان لەسەر فرۆشتنی تابلۆکانیانن و شێوازێکی ئێستێتیک دەدەن بە تابلۆکانیان بە مەبەسی فرۆشتن، یان بۆ گشاتندنی شکڵێک بە مەبەستی ڕامکردنی سەرنجی بینەری کۆمەڵگەیەک کە ئاستی زانیاری هونەرییان کەمە. ئەمەش جێێ ڕەوایە لە کۆمەڵگەیەکدا کە بژێوی ژیان ئاسان نییە و هومەرمەند بە پێی مشتەری (داوای ئاستی زانین و تێگەیشتن) کارەکانیان ئەنجام بدەن. لە هەمان کاتا لە کوردستان بازاڕی هونەریی بوونی نییە و ئاستی خەڵکی لەو ئاستەدا نین کە تابلۆیەکی هونەری بناسنەوە ئەگەر ئێستاتیکایەکی دڵگیری بە ڕوکەش تێدا نەبێت، توانایەک تەنها لە تەکنیک و لە ڕەنگدا بتوانێت ڕامی هەستی خەڵکی بێ ئاگا ( لە هونەر) بکات. بەڵام دەەتوانن لە هەمان کاتا ژیرییەک بدەن بە بابەت و شکڵەکان.  بێ گومان گالەرییەکانی ئەوروپاش پرن لەم جۆرە بۆیەکاریانە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە ئەوروپا ئەم جۆرە هونەرانە وەک ھونەر و هونەرمەندی لاوەکی رەچاویان لێ دەکرێت و نوخبە نین، بە پێچەوانەی کوردستانەوە ئەم هونەرمەندانە پێشەنگن، لە پێشەوەی کۆمەڵگەن و دەبنە نمونەی رێبازی ھونەریی بۆ لاوان.
خۆ ئەگەر شکڵی شاماران جوانییەکی ڕەهایە، گشتگیرە و بە بێ ئەملاولا ڕامی زەینی بینەر دەکات، ئەوا تابلۆی هونەرمەندانی کوردستانیش زۆربەیان لای بینەری کورد دڵگیرن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هونەرێکی ڕەسەن بن، یان خاوەنی پێشنیارێکی نوێ و ژیریی بن بۆ شکڵی شاماران. 
لێرەدا نمونەی چەند نەخشێکی شاماران دەهێنمنەوە کە لە سەر سایتە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاوم کەوتوون. یەکێک لەو نەخشانە کە بۆ بزوتنەوەی ( ژن ژیان ئازدی ) کراوە، دەنینین هونەرمەند خانمی جوانەمەرگی ژینای چونداووە بە شاماران (وێنەی ٨). هونەرمەندەکە ناناسم بەڵام وادیارە کە ئێڕانییە نەک تەنها لەبەر ئەوەی کە نوسینەکەی سەر تابلۆکە بە شێوازی فارسییە لە تابلۆکەدا، لەبەر ئەوەی فارسەکان زیاتر شارەزاییان بە هونەری گوزارشت هەیە، ئەمەش مێژوو و لە هەمان کاتا پاساوی هەیە بێ گومان. مەبەس ئەوە نییە کە ئەوان لە ئێمە ژیتر تربن، نا، تەنها ئەوەیە کە ئەوان خاوەنی زانیاری زیاترن بۆیەکا خاوەنی زمانی گوزارشتن لە هونەردا. بێ شک ئێمە کاتێک دەڵیین ئەو نەخشە نایابە، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەو نەخشە لە ڕووی گوزارشتەوە لۆژیکە و بە زمانێکی هونەریی لۆژیک کراوە بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکەیەک.
(وێنەی 8) شاماران بۆ دروشمی؛ ژن، ژیان، ئازادی
ئەگەر هونەرمەند شکڵی شامارانی بەکار هێناوە وەک دروشمێک بۆ بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەبەر ئەوەی شاماران بۆتە ڕەمزی  فەمینیستی، بە بێ ئەوەی ئەفسانەی شاماران باسی فەمینستی شامارانمان بۆ بکات، بەڵام پاڵەوانی ئەفسانەکە کەسێکی مێینەیە و خاوەنی هێز و داناییە، ئەمەش شتێکی دەگمەنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
لەم نەخشەدا شێوەی گشتی شاماران دەبینین شکڵەکە بە شێوازێکی هونەری تەقیوەتەوە، بە بێ ئەوەی باری سپیریتوێڵی جێگیری ڕۆحی شاماران لەدەست بدات، بە ڕەنگ و بە شکڵ تەقیوەتەوە وەک بزوتنەوەکە و جەماوەرەکە. بە جڵکی کوردی ڕەنگاو ڕەنگی مهابادیەوە لەبەر ئەوەی ژینا خەڵکی ئەو ناوچەیەیە. تاجی سەری كچەکە و مارەکە چونییەکن، گونجێندراون، لە هەمان جیهاندان. دەستی شاماران وەکی دوو مارن، ئەو دوو دەستە وەڵامیان دراوەتەوە بە سەری مارەکە بە هەمان ڕەنگ و بە هەمان شکڵ. شاماران دانس دەکات، بۆیە سڵی لەوە نەکردۆتەوە دوو پای لە شکڵی ماردا بۆ شاماران زیاد باکات بە وێنای پایەکانی تری شاماران، ئەمەش داهێنانە و لە هەمان کاتا بەردەوامی داوە بە شکڵی شێوەمارەکە بۆ بەستنەوەی بە شێوەمرۆڤەکەوە ؛ بە جۆرێکی تر لە نەخشە ڕەسەنەکە هەردوو جەستەکەی پێکەوە گرەداوە. هەمان ئەو مۆتیڤانەی بۆ کچەکەی بەکار هێناوە لە مارەکەدا بە شێوەیەکی تر دوبارە بونەتەوە. بۆ بەستنەوەی دوو جەستەکە پێکەوە، بەردەوامی بە شکڵەکە داوە و بە دووقاچی کچەکە بە شێوازێکی هونەری نایاب کە وای دەبینین هەمان جەستەن، تەواو گونجێندراون بە یەکەوە بۆ پێکهینانی یەک جەستە بە ڕەنگ و بەشکڵ. بە شێوەیەکی گشتی نەخشەکە خۆی لە شکڵی بازنەییدا دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی کچەکە هەردوو باڵی بە بازنەیی واڵاکردووە وەک ئەوەی جیهان لە باوەشبگرێت، لە هەمان کاتا دوو دەستی ماری پێداوە بۆ دیاریکردنی هێز و زەقکردنەوەی دویالیتێی کەسایەتی شامارانی ئەفسانەکە.
لە هەموو ڕویەکەوە ئەم نەخشە سەرکەوتووە، پابەند بووە بە نەخشە ڕەسەنەکە و لەهەمان کاتا روکەشێکی مۆدێرنی پێ بەخشیوە ؛ بە شێوازێکی هونەری مۆدێرن نەخشکراوە، سەردەمانە لە روی شێوازی نەخشاندن و زیادکردنی چەند ئەلیمەنتێکی تری ئێجگار ژیرانە  بۆ شاماران، ئەگەریش نەخشێکی بێت بۆ بۆنەیەک؛ وەک دروشمێک بۆ بزوتنەوەیەکی فەمینیستی ( ژن ژیان ئازادی). بابەتەکەمان ئازادی مێینەیە، شامارانی هەڵبژێرداوە وەک شکڵێی فەمینیسی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئازادییەکەی زیاتری داوە بە شکڵە ڕەسەنەکە، نوسینەکەش؛ ژن ژیان ئازادی، گونجێندراوە لەگەڵ نەخشەکەدا، چونکا بەشداری دەکات لە بابەتەکەدا. لێرەدا خانمی شاماران بە ڕوونی دەبینین لە جیهانێکی مۆدێرندا. ئەوە نەخشە بەڕاستی شکڵێکی مۆدێرنی شامارانە و هونەمەندێکی لە پشتەوەیە.
بەڵام لەو بۆیەکاریانەی کە سەرنجیان دەدەم لە کوردستانی باشور، هیچ کارێکی هونەریم نەدیت کە شایەنی ئەوە بێت ناوی کاری هونەرییان پێ ببەخشین. یەکێک لەو کارانە کاری ناز ئەلی ئاوڵایە.
خاتوو ناز یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ئێجگار بەکارە و هەردەم خەریکی وێنەکێشانە، هەست دەکەین کە چێژ دەبینێت لە ڕەسمکردن و دانس دەکات بە دەوری تابلۆکانیدا. یەکێکە لەو هونەرمەندە شازانەی کە خاوەنی شێوازێکی هونەرییە بە خۆی، ئەم شێوازەش بڕیار نەدراوە لە لایەن هونەرمەندەوە کە دەبێت بەو جۆڕە ڕەسم بکات، نا، نەخێر. شێوازی هونەری دەرئەنجامی کاری بێ وچانە لە لایەن هونەرمەندەوە، چونکا هونەرمەند پێش هەموو شتێک کڕێکارێکی چالاکە، هەردەم لە کارکردندایە، ئەگەر نا لە  بیرکردنەوەدایە، هەتا ئەو ساتەی وەشانی فڵچەو بزاوتن لەسەر تەختی تابلۆدا بە شێوەیەکی خۆڕسکانە دەبنە ئاوێنەی جەستە و رۆحی هونەرمەند. بۆیەکا تابلۆکانی خاتوون دەناسینەوە. بێ گومان شێوازیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر لەگەڵ زەمەن و ئەزموندا. بەڵام ناتوانین بەیانی بە جۆرێک ڕەسم بکەین و ئێوارێ بە شێوازێکی تر، وەک چۆن ئەوە پیشەی زۆرلە هونەرمەندانی کوردستانە، ئەمە ڕێی تێ ناچێت چونکا دەیسلمێنێت کە ئێمە هێشتا خاوەنی جیهانێک نین بە خۆمان، خاوەنی بیرۆکەیەکی گشتیی نین بۆ دەوروبەرمان. هەرچۆنێک بێت هەقیقەت لەسەر تەختی تابلۆکەدا وەدەردەکەوێت ؛ ئاستی هزری هونەمەند دەستنیشان دەکات؛ ناتوانین تابلۆیەک نەخش بکەین کە پێچەوانەی بۆچوونمان بێت. تابلۆ ئاوێنەی هزری هونەرمەندە.
بەڵام ئەگەر خاتوون، ڕامی شێوازێکی هونەری کردووە  ئەوا وەک زۆر لە  بۆیەکارانی کوردستان لە گوزارشتا تەواو لاوازە. خاتوو ناز چەندەها تابلۆی شامارانی کردووە؛ بە تەنیشت تاوس و گوڵ و گوڵزارەوە، لە دارستاندا...تاد، هەر هەمویان لە یەک ئاستدان، هیچ کام لەو تابلۆیانە نەیان توانیوە نەک بیرۆکەیەکی نوێ بۆ شامارن پێشنیار بکات هەروەها نەیتوانیوە شکڵێکی نوێی هونەریی بڕەخسێنێت.
لێرەدا باسی تابلۆیەکی دەکەین لە نێو ئەو کۆمەڵە تابلۆیەیدا کە بۆ پرۆژەیەک ناوی نابوو؛  شاماران لە باغی سێواندا (وێنەی ٩).
(وێنەی 9) شاماران لە باغی سێوان
هەر کاتێک باسی سێو دەکەین روبەروی بیرۆکەی گوناح دەبینەوە؛ یەکەم گوناحی ئادەم و حەوا، ئەم چەمکەش بریتییە لە وەرچەرخاندنی بارێک بۆ بارێکی تر ( لە ژیانی بەهەشتەوە بۆ سەر زەوی)، بۆیە وەک دبینین لێرەدا تابلۆکە کراوە بە دوو بەشەوە، چونکا تابلۆکە باسی وەرچەرخان دەکات. ئەمەش کارێکی سەروکەوتووانەیە لە ڕووی گوزارشتەوە. لە نێوان هەردوو بەشەکەدا، ڕیزبەندێکی نەخشی جیاواز دەبینین لە چوارچیوەدان، لەوانە، ئەسپی بۆراق، بەڵام ئەو دیمەنانە ڕاستەو خۆ پەیوەندییان نییە بە بابەتەکەوە، ڕاستەوخۆ نەبەستراونەتەوە. دەوری ئەو ریزە نەخشە تەنها بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو جیهانەیە. لە بەر ئەوەی خاتوو ناز شێوازێکی هونەری بەخۆی هەیە، گونجاون لە ڕوی شکڵ و ڕەنگەوە، بە شێواز و بە ڕوکەش نەک بە ژیری و بە بابەت، بە پەیوەندی.
 لە تابلۆی یەکەمدا کچێک دەبینین نیمچە ڕووتە و مارێک لە جەستەی ئاڵاوە، (نیمچە ڕووتی و جەستە بە حەواوە، گوزارشت لە ئازادی دەکەن). مار هێمای سێکسوالیتێ و هێز و ژیانەوە و دانایی و هەتایی و روناکبینییە، رەمزی خاکە، ڕەمزی زەوییە. 
 تاوسێک لە خوارەوەی تابلۆکەدایە و چەند سێوێک بە چواردەوری کچەکەدایە، هەندێک لە سێوەکان کراون بە دوو کەرتەوە. کچەکە خاوەنی دوو باڵی وەک پەپولەیە و یارمەتی داون وەک فریشتەیەک بە حەواوە بێت. کچەکە، باوەشی بە خۆیدا کردووە و لە حاڵەتێکی نیمچە خەمگین یان خەیاڵاویدایە لەوەی چ بڕایرێک بدات لە نێوان جووت بوون لەگەڵ مار بۆ گەڕانەوە بۆ سەرزەوی، یان ئازادی لەگەڵ تاوسی باڵندەدا. دەستێکی لە نێوان هەردوو مەمکیدایە و لە بۆشاییدایە، بە بەرزییەوە.
لە بەشی دووهەمدا، هەمان کەرەسەکانی بەشی یەکەم دەینینینەوە ( کچ، مار، تاوس، سێو) بەڵام کچەکە باڵەکانی وونکردوون . دەبینین کە مارەکە بە ڕەنگێکی ترەوە بۆتە بەشیک لە جەستەی کچەکە (شاماران)، کردەی پیتاندن روویداوە لە نێوان مارەکە و کچەکەدا (بوون بە یەک). مارەکە کە بۆتە بەشێک لە جەستەی کچکە، لە قەدی دارەکە ئاڵاوە، تاوسەکە بە بەرزییەوەیە و ڕوبەرووی مارەکە بۆتەوە ( لە ناکۆکیدان) ؛ وەک ئەوەی بە مارەکە بڵێت ؛ تۆ دواجار ڕامی ئەو کچەت کرد و لەدەستت دام، نەمتوانی بیکەم بە مرۆڤێکی ئازاد وەک خۆمی باڵندە بە حەواوە. دەرئەنجام شاماران لە حەواوە هاتۆتە سەرزەوی بە دوو قۆچ لەسەر سەری و باڵەکانی ونکردوون. سەبەتەیک سێو لەناو باوەشی کچەکەدایە و هیچکام لە سێوەکان لەت نەبوون ( نەخوراون)، واتە گوناحکاری (ئازادی) رەتکراوەتەوە. کچەکە دەڕوانێتە خاڵیکی دەرەوەی تابلۆکە وەک لە بەشی یەکەمدا.
چوارچێوەیەکی تر دەبینین لە پشتی ئەوم دوو بەشەوە کە هەر دوو بەشی تابلۆکەی لە خۆ گرتووە، کە تیایدا شکڵەکان بەردەوامی بە خۆیان دەدەن بە شێوازێکی تر وەک ئەوەی بچنە ناو پانتاییەکی ترەوە، ڕەهندێکی ترەوە. وەها دەکات کە ئەم دوو تابلۆیە وەک دوو کردەی شانۆی وەرچەرخاندن بێت لەسەر تەختێکی تر، واتە جیهانێکی تر. ئەم جۆرە ڕێکخستنە لە رووی هونەرییەوە ئێجگار سەرکەتووە و ژیرانەیە.
بێ گومان وەک دبینین کارە هونەرەییەکە هیچ پەیوەندی بە ئەفسانەکەوە نییە، پەیوەندیشی بە شکڵە ڕەسەنەکەی شامارانەوە نییە. تەنها ئەوە نەبێت کە شێوەی شاماران دەناسینەوە کە جەستەی نیوەی مارە و ئەوی دی کچێک. بەلام ئەمە کێشە نییە، چونکا بۆمان هەیە پێشنیاری بابەتێکی تر بکەین، بۆشمان هەیە نەیبەستینەوە بە بابەتی سەردەمەکەمانەوە؛ فەمینیستی و مردن و ژیانەوە و خاک و ...تاد. چونکا پێ دەچێت کە هونەرمەند لە جیهانێکی تردا بێت، بەڵام خۆ دەبێت ئەو جیهانە هەرچۆنێک بێت پەیوەندی بە ژیانی هەنوکەمانەوە هەبێت، بە ژیانی مۆدێرنەوە هەبێت، ئەوەش بە تێم و بە شێوازی بۆیەکاری پیشان دەدرێت، دەنا مەبەستم چییە لە کردنەوەی تابلۆیەکی تری شاماران ؟ بۆچی پشنیاری چیرۆکێک یان شکڵێکی تری شاماران دەکەم ؟ 
چیرۆکەکە ڕوونە ؛ مارەکە خۆی ئالاندووە لە جەستەی کچەکە هەتا لەگەڵیا جووت بێت ( ببێتە یەک جەستە) و بەو بۆنەیەوە ڕایکێشیت بۆ جیهانی زەوی لەبری ئاسمانی ئازادی؛ پڕ لە بۆشایی و مەترسی. خاتو ناز پێمان دەڵێت ؛ من لە ژیانمدا هەڵمبژرادووە وەک شامارن بێمە سەرزەوی. ئەوەش ڕێگریم لێ ناکات خاوەنی هیزێک بم، هێزێک وەدەستبخەم بە قۆچ و هیزی مار وەک شاماران، لە بری ئەوەی لەگەڵ باڵندەی ئازد ( تاوس) دا جووت ببم، وەک تاوسێک بە ئازادی بە حەواوە بژیێێم. بێ گومان ئەمە بەرهەمی جۆرێک لە ئاگاییە بە باری ژیانی خۆی و هەموو کارێک کە بە ئاگاییەوە کرابێت شایەنی ڕێزە ؛ من کێم هەتا حوکم بدەم بەسەر تۆدا چۆن ژیانت بەڕی دەکەیت ئەگەر ئاگاییت بەو ژیانە هەبێت و بڕیارت لەسەری دابێت ؟
بەڵام کێشەی خاتوون ئەوەیە کە دەیەوێت چەمکی شێوازی ئەو ئازادییەی کە ئەو هەڵیبژاردووە بە چیرۆک بۆ بگێرتەوە، لەبەر ئەوەی کە بەڕێزیان لە ئیولستارسیۆنی منداڵاندا کاری کردووە و کاری نایابیش دەکات، بەلام چیرۆکێکی وەها نابنە کاری هونەری، هیچ پیشنیارێکی ژیرانە بۆ شكڵەکان ناکراون، بۆ بابەتەکە و بۆ سەردەمەکەمان. مێژووی هونەر مێژووی وەرچەرخانی شکڵە، ئەمە چەمکەیە دەبێتە باسێک و شۆڕشێک.
بۆچی تاوسەکە ڕوبەروی مارەکە دەبێتەوە ؟ بۆچی خانم لە حەواوە هاتە سەر زەویی و بالەکانی ونکردن و هێزێکی تری بەخۆی دا و بوو بە شاماران ؟ ئەمانە ئیلوستراسیۆنی جێرۆکێکن. بێشک هەموو تابلۆیەک چیرۆکێکی لە پشتەوەیە، بەڵام چیرۆکێک بە بێ زەمەن ؛ ڕابوردوو، هەنوکە، داهاتو. تابلۆ حەڵەتێکە هەموو ئەو دۆخانە لەیەک کاتدا دەگرێتە خۆ. بۆیە بە ڕای من لە توانایدا نییە ببێتە تابلۆیەکەی هونەری کە بتوانێت باسی شامارانمان بۆ بکات یان شاماران ببەستێتەوە بە چەمکێکی ژیانی سەردەمەکەمانەوە. سەردەمەکەمان داوای زیاترمان لێ دەکات، بێگومان هەموو کەس ناتوانێت ببێتە ماریا سامی و خاتوو نازیش ئەو ئاگاییەی هەیە و گەرەکی نییە ببێت بەو. بەڵام زمانی گوزارشت لە هونەری بۆیەکاریدا جیاوازە لە چیرۆک گێڕانەوە. 
پێشنیارکردنی شکڵێکی نوێ، بابەتێکی نوێ پوسیتی بە شۆڕسێکی نوێ هەنە، تێڕوانینێکی نوێ، خۆ ئەگەر دژی شۆڕش و پێشکەوتنیش دەبینەوە، واتە بە حاڵی خۆم رازیم،  ئەوا دەبێت ئەو چەمکە بە زمانی گوزارشتیی هونەریی پیشان بدرێت نەک بە چیرۆک، لە کاتێکدا لەم تابلۆیەدا گۆرانکاری و وەرچەخان دەخاتە ڕوو بەڵام هیچ پێشنیارێکی نەکراوە بە گشتی لەو گۆڕانکارییەدا لە ڕوی شکڵ و بابەتەوە، بۆیەکا تابلۆکە لە سەردەمەکەمانادا جێگایەک بۆ خۆی ناکەتەوە.
خاتو ناز خۆی دەڵێت ؛ << من بە دەستێکم چێشتم لێ دانا و لەهەمان کاتا شیرم دەدا بە منداڵەکەم و بە دەستەکەی ترم ڕەسمم دەکرد.>>  ئەمەیە تابلۆی مۆدێرن کە هەمان مانای ئەو چیرۆکەمان بۆ بەرجەستە دەکات. ئیدی ژیانی خەیاڵ و دور لە واقیع بە شێوازی هەقایەتەکانی بەختیار عەلی ؛ عەزفی فلوت و چیرۆکی هەزار و یەکشەوە بابەتی هونەریی نین. بەڵام دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە ئەو ناوچەیە و  ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی حوکمی دەکات لە توانیادا نییە هونەرێکی ڕەسەن بەرهەم بهێنێت ؛ ئەو تابلۆیانە تەواو ئاوێنەی ئەو سیستەمەن.
ئەگەر لەم تابلۆیەدا نازەخان شتێک دەگێرێتەوە، ئەوا لە کارەکانی تریدا لەسەر تێمی شاماران هیچ پێشنیارێک ناکات بۆ شکڵ و بابەت، جگە لە پیشاندانی شاماران نەبێت وەک بوکەڵەیەک، وەک ئەوەی دواجار هونەرمەند گەشتبێت بە هەقیقەتی شامارانێک کە پڕبەپێستی خۆیەتی ( بە حاڵی خۆی ڕازییە بە سەبەتەیەک سێو لە باوەشییا بە بێ ئەوەی گاز لە هیچیان بگرێت). مەبەستمان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی بوکەڵە ئەوەیە کە شکڵێکی ژیرانە نییە و بە ڕوکەشی ڕازاندنەوە بوونی خۆی دەسەپێنێت نەک بە ژیریی. وەک چۆن سەرنج دەدەین لە تابلۆیەکی تردا (وێنەی ١٠)، جگە لە بوکەڵەیەک هیچ شتێکی تر نابینین، ڕازاوە بە بە سێو و پەپولە و گوڵ و گوڵزارەوە، خۆ ئەگەر سێو و پەپولەشە لە هەقیقەتی خۆیان ڕزگاریان ببوایە ئەوا هەر شتێکمان دەکرد بە شتێک، چونکا ئێمە کاتێک شکڵێک دەکەین، مەبەستمان دەربڕینی بیرۆکەیەکە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت شکڵەکە تێکبشکێنین، چونکا ئەو شکڵەی دیبینین ڕەنگدانەوەی واقیعیکی ترە لە نەستا. هەرچەندە سێو هێمای سەردەمێکی دێرینە، بەڵام ئەگەر بە شیوەیەکی مرۆدێرن گۆڕانکاری لە شکڵەکەدا بکەین ئەوا دەشێت بگونجێت لەگەڵ سەردەمدا. 
تەنها خاڵی ئەرێنی جگە لە شێوازی هونەری وەک لەسەرەوە باسمکرد، شکڵی دارەکانن کە شکڵی ڕیالیسمی خۆیان تێپەڕاندووە و لە هەمان کاتا لۆژیکی فیزیایی و  پانتاییان تێکشکاندووە ؛ نازەخان پانتایی تابلۆکە وەک جیهانێکی تایبەت بە نەخش دەناسێنیت، واتە شکڵەکان بۆیان هەیە سەربەرەوخوار ببنەوە و لە باری جێگیریی سروشتی خۆیان چونەتە دەرەوە، ئەمش خاڵێکی گرنگ و هەنگاوێکی ئێجگار گرنگە لە ڕەوتی هونەرییدا.
(وێنەی 10) تابلۆیەکی تری شاماران. ناز ئەوڵا
دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی هونەری شکڵ و تەخت گونجێندراون، واتە لۆژیکی هونەریی شێوەکاری ڕامکردووە، بە زۆرەملێ شکڵەکان بە تەنیشت یەکەوە نەوەستاون، بەڵام شاماران لە هەموو تابلۆکانیدا هەمان ڕووکەشی هەیە، بە وێنای بوکەڵەیەکی فوتێکراوە، بۆ هەتایە شکڵێکی جێگیری بۆ خۆی داتاشیوە و ئەم شکڵە دەخاتە ناو دارستانێکی پڕ لە سێو یان زستانێکی پڕ لە بەفر  و دیمەی تر، بەڵام شامارانی بوکەڵە وەک خۆیەتی و هیچ ناگۆڕێت و هیچمان بۆ پێشنیار ناکات. لە توانایدا نییە بیخاتە جیهانێکی مۆدێرنەوە. بە وێنای ئەو سیستەمە ؛ چەقبەستوو، بێ پێشنیارە، جیهانێکی داخراوە بەسەر خۆیدا. ڕاستە هەموو هونەرمەندێک کێشەی بونگەرایی هەیە وەک مرۆڤ و هونەریش ئەو کەلێنە پڕدەکاتەوە ؛ دەمەویت خۆم ببینمەوە، بۆ خۆمی بسەلمێنم کێم و لە کوێدام، کاتێکیش دەتوانین دیمەنی خۆمان بەرامبەر بە خۆمان ببینینەوە بە مانای ئەوە دێت کە ئێمە ئاگییمان بە جیهانی خۆمان هەیە و پێی ڕازین، بەڵام ئەو جیهانە ناتوانێت ببێتە نمونە، پێویستمان بە دەرگایە بە ڕوی جیهانێک بۆ تێڕوانین و هەناسەدان، خۆ ئەو دەرگایەش بە تەنیشتەوەیە، وەک لەسەرەوە باسم کرد ؛ کاتێک بە دەستێکت نان دروست دەکەیت و بەدەستێکت شیر دەدەیت بە زارۆکەکەت و بەدەستێکت ڕەسم دەکەیت. ئەمە وەک بابەت و شکڵیش دەبێت وەڵامدانەوەی بابەت بێت ؛ بەلاوەکی شکلێک ناکەین.
خۆ ئەگەر هیوایەک بەدی دەکەین لای خاتوو ناز، پێ دەچێت ڕۆژێک بگات بە ئامانج و شتێک بدات بەدەستەوە لە شێوازی گوزارشت و زۆریش هیوادراین، ئەوا لای هونەرمەندەکانی تری کوردستانی باشور هیچ هیوایەک بەدی ناکرێت، ئەو هونەرمەندانەی میراتی ئیسماعیل خەیاتیان بۆ ماوەتەوە. لێرەدا نمونەی کارێکی بەڕیز ڕۆستەم ئاغالە دەهێنمەوە.
 ئەو تەختەی بۆیەکاری لەسەر دەکەین، کە بە زمانی ئەکادیمی پێی دەوترێت ئێسپاس پیکتورال (Espace pictural)، دەبوا ناوبنرایە پانتایی یان هۆڵی دادگایی، چونکا تیایدا هەموو شکڵێک دەبێت بوونی خۆی بسەلمێنێت بە لۆژیکی زمانی هونەریی، بە پەیوەندی دیالکتیک لە نێوان شکڵ و شکڵێکی تردا لەسەر تەختێک، بەرگری لە خۆیان، لە بونیان بکەن. ئەمەیە کە دەڵێین ئەو کارە بە ئاگاییدا تێ پەڕێوە، بەرهەمی ئاگاییە، بە واتای ئەوە دێت کە روبەروی پرسیار بۆتەوە بۆ سەلماندنی بوونی لەویادا؛ بەو شیوەیە لەسەر ئەو تەختە. چونکا هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە هەقیقەتێک ئەگەر بە ئاگاییدا تێ نەپەڕیبێت، نەدرێتە بەر پرسیار. خۆ ئەگەر بەرهەمی ئاگایی نییە و لە هەمان کاتا دەتوانێت ڕامی هەست و سۆزی کەسانێک بکات، ئەوا ئەو کەسانە ئازاد نین لە بڕیارداندا، بەواتای ئەوەی کە ئەوانیش دوای مۆدێلێکی جوانی کەوتوون لە شارستانییەتدا بە بێ ئاگایی. بیگومان ئێمە مرۆڤی شارستانین و بەرهەماکانمان ئاوێنەی ئەو دۆخەن دەنا ئەم وێنانە لای مرۆڤێی ساپیانی ڕاوچی میوەچن، هیچ مانایەکیان نییە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە شارستانییەتا هزری مرۆڤ بە لاڕێدا براوە، وەرچەرخاوە، هەڵخەڵەتێنراوە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو ؛ بۆ شاردنەوەی هەقیقەت. لە شارستانییەتا ئێمە ئەو ھەستەمان بە لادا بردووە، دەنا مرۆڤ بە سروشتیی، بە غەریزە دەتوانێت گوزارشتێکی دروست لە ناخی بکات بە شکل ، بێ شک پێش ھەموو شتێک پێویستمان بە رۆح و کارامەیی ھونەرمەندێکە. کاری هونەرمەند و مێژووی هونەر لە ڕێنیسانەسەوە، ئازادکردنی هونەرمەندە لەو کێشەیە، ئازادکردنیەتی بە گەڕانەوە بۆ گوزارشتی ڕەسەن. هەنوکە هونەری شێوەکاری خاوەنی  شێوازێکی فراوانی گوزارشتە و ئازادییەکی بێشوماری بەدەستهێناوە بە خەباتی هونەرمەندان، بەڵام هونەرمەندانی کوردستان ئەو ئازادییانە بۆ خۆیان ناقۆزنەوە لە شکڵ و لە بابەتا، کە کاکی ئاغالەش لێی بێ ئاگایە. 
(وێنەی 11) تابلۆی شاماران (ڕۆستەم ئاغالە)
وەک دەبینین لە وێنەی (١١ )دا، لە پێشەوەی تابلۆکەدا کچێک پاڵ کەوتووە لەناو گژو گیادا، مەمکی قوت، سمتی خڕ و بە دوو چاوی ئێجگار گەورەوە، بە ناسکی سەیری بینەر دەکات، پڵکەتووە بەرامبەر بە بینەر بۆ ڕەسم گرتن. جەستەی کچەکە بە نەخش ڕازاوەتەوە، باڵندەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لەسەر سەری بەشە مارەکە نیشتۆتەوە و ، کونەپەپویەک لەسەر پشتی نیشتۆتەوە، گوڵێکی ڕازوە لەسەر سەریەتی و دوو قۆچی بەرانیی بەملاولای سەرییەوە هاتونەتە خوارێ، پاوانەیەک لە پێیدا (لە ملی مارەکە) دا. لە پێشتییەوە موروی شین بە ڕیز وەک تەناف هەڵواسراون بە دارێکدا، مورویەکی سەر درەختەکە بۆتە چاوی باڵندەکە. لە پشتی ئەمانەوە دیوارێک دەبینن و لەگەڵ دەرەوازەیەک بە ڕەنگێکی تۆخ کە بەشێک لە شکڵی شاماران (شكلە مرۆڤەکەی) دەخاتە چوارچێوەوە. لە دواهەمین بەشدا ئاسمانێک و مانگە شەوێک.
 وەک سەرنج دەدەین ئەم شکڵانە لە ناو پێرسپێکتیڤێکدان بە چەند جینێک یەک لە دوای یەک ؛ چیمەن، شاماران، دار و تەناف، خانو، ئاسمان و مانگ. ئەمەش لۆژیکی پانتایی فیزیاییە بۆ بابەتێک و شکڵێکی ئەفسانەیی کە ڕیی تێ ناچێت. شکڵەکان بە پێچەوانەی بۆیەکارییەکانی خاتوو نازەوە، لە باری سروشتیدان ؛ واتە، شکڵەکان لە هەقیقەتی پانتاییدان بە یاسای فیزیایی ؛ گیا لە خوارەوە، مانگ لە سەرەوە، موورو بە دارا هەڵواسراون...تاد.
 واتە ئەم تابلۆیە بریتییە لە دوو جیهان و بە زۆرە ملە لکاون بەیەکەوە. ئەمەش هەڵەیەکی زەقە، نا لۆژیکە. هەمان هەڵە دوبارە بۆتەوە لە سەر جەستەی کچەکە ؛ بە شێوەیەکی ڕیالیسمی ( سێ ڕەهەند) نەخش کراوە بەڵام نەخشێکی وەک زەخرەفە لەسەر ئەم شکڵە کراوە کە زیاتر دەوری تاتوو دەبینێت بۆ ڕازاندنەوەی جەستە، واتە نەخشکە (زەخرەفەی سەر جەستەی) بەشداری ناکات لە تابلۆکەدا و دەوری دیکۆرێک، ڕازاندنەوەیەکی هەیە کە لە پەیوەندیدا نیە لەگەڵ بەشکانی تری تابلۆکەدا، وەک مورووەکانی پشتی ؛ ئەگەر مورووەکان هەڵواسراون لە پشتییەوە بە ریزبەندی وەک لە دوکانێکی ئاڵوواڵا بۆ فرۆشتنی موروو، ئەوا کچەکەش وەک بوکەڵەیەکی بێ گیان لەو جامخانەیدا دانراوە .
ئەمەش گەورەتیرن هەڵەیە لە هونەری شێوەکاریدا. بۆ شکڵێکی وەک شاماران کە خۆی شکڵێکی ئەفسانەیی و بابەتێکی ئەفسانەییە ؛ ئەگەر هونەرمەندێک لەوە تێ نەگەشتبێت کە دەتوانین چەندەها موروی شین لە ناو تابلۆیەکدا دابنێت بە بێ ئەوەی بیان بەستنیەوە بە پەتێکەوە، بە دارێکدا و نەکەونە خوارەوە، تێنەگشتبێت کە مانگ دەتوانێت بە ئاسمانەوە نەبێت بە بێ ئەوەی خەسڵەتی خۆی گووم بکات، ئەگەر لەوە تێ نەگەشتبێت کە پانتایی ( تەخت) ی تابلۆ جێگایەکە کە شکڵەکان دەتوانن تێیدا ئازاد بن، ئەوا مانای ئەوەیە کە نازانین هونەری بۆیەکاری چییە. چونکە ئەو خالەی ئەرێنییە لای خاتو ناز ئەوەیە کە هەموو ئەو لۆژیاکانەی تێپەڕاندووە، ئەمەش کەم نییە و پێویستی بە بوێرییە ؛ هەرکاتێک ئێمە دژی یاسایەک دەوەستینەوە، بە تێڕامان، پێوسیتمان بە بوێرییە بۆ بازدان، بۆ تێپەڕاند. بە مەش دەڵێن شۆڕشی ناوەوەی مرۆڤ بۆ دەربازکردنی نەست. واتە خاتوو ناز هەنگاوێکی گەورە لە پێشەوەیە لەو بوارەدا. 
دەوری ئەو چیمەنە لە ژێر ئەو کچەدا ئەوەیە کە ئەو کچە لەسەری پاڵ کەوتووە، دەنا نەکەوتۆتە پەیوەندییەوە لەگەڵ شکڵەکانی تردا، واتە بوونی بە لۆژیکی دیمەنێکی سروشتییە بۆ شکڵێکی ئەفسانەیی. لە هەمان کاتا دەوری ڕازاندنەوەیەکی بی مانای هەیە. دەیتوانی لەسەر نەخشێک پاڵ بکەوتایە و بیخستایەتە پەیوەندییەوە لەگەڵ شکڵەکانی تردا، بەڵام ئەو بوێرییەی نییە چونکا وەک وتمان تێکشکاندنی لۆژیک پێوسیتی بە شۆڕشی ناوەوەی مرۆڤە.

جەستەی شاماران:

 جەستەی شامارن بە شێوەیەکی نیمچە ڕیالیسمی نەخشکراوە، کوتوپڕ قاچەکانی بونەتە مار (بە شیوەیەکی ریالیسمی) و سەریشی بە دوو قۆچی بەرانییەوە. بەڵام وەک سەرنج دەدەین بوێری ئەوەی نەبووە هەمان تێکشکاندنی لۆژیک دووبارە بکاتەوە لە جەستەی شاماران و بەشەکانی تری تابلۆکەدا. خۆ ئەگەر کاک ڕۆستەم ڕێگای بە خۆی داوە کوتوپڕ قاچی کچەکە بکات بە مارێک، لەبەر ئەوەی پێش خۆی کەسانێک ئەو دەرگایەیان بۆ کردۆتەوە بە ئەفسانە و بە هونەری شیوەکاری ئەو ئازادییەیان داوە بەو شکڵە، دەنا هەرگیز ئەو بوێریەی نەدەبوو. سەلماندن بۆ ئەمەش ئەوەیە کە بوێری ئەوەی نەبووە باقی جەستەی شاماران و کونەپەووەکە و باڵنەکەی تر وەرچەرخێنێت بۆ بونەوەری ئەفسانەیی ؛ لە شکڵە ڕیایسمەکانی خۆیان بچنە دەرەوە. لە هەمان کاتا نەخشی سەر جەستەی بە دوو رەهەند کراون وەک زەخرەفەیەک، وەک نەخشی فەرشێک بۆ ڕازاندنەوەیەکی بێ پاساو، بێ پەیوەندی، ئەمەش هەڵەیەکی زەقی ترە.
 نازانینن ئەو باڵندەیە چی دەکات کە لەسەر سەری مارەکە نیشتۆتەوە ؟ ئەگەر دەوری تەنها ڕازندنەوە و پڕکردنەوە نەبێت ! بە چ لۆژیکێک لەوایدایە ؟ دەوری چییە ؟ قردێڵەی قژە ؟  وەک کونەپەپووەکە لە هیچ پەیوەندییەکدا نییە لە ڕوی شکڵ و بابەتەوە لەگەڵ بەشەکانی تری تابلۆکەدا، جگە لە لۆژیکی دیمەنێکی سروشتیی نەبێت لە کاتێکدا شکڵەکە شکڵێکی ئەفسانەییە و لە واقیع چۆتە دەرەوە. نە ئەو قاچانە هی ئەو جەستەیەن نە ئەو شاخانە هی ئەون؛ هەدوکیان بە زۆرە ملێ بەو جەستەیەوە نوساون.
 ئەگەر هێمای کونەپەپوو ترس و مردنە لە هەمان کات هێمای زانین و داناییە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە ڕۆژهەڵات هێمای شوومە، هێمای شەوە زەنگە. ئێستا نازانین ئەو   کونە پەپووە چی دەکات لەسەر پشتی شاماران ؟ بە چ لۆژیکێک لەسەر پشتی نیشتۆتەوە بە بێ پەیوەندی لەگەڵ شکڵەکانی تردا ؟ خۆ ئەگەر باڵندە و کونەپەپووەکەشی وەربچەرخاندایە بۆ بونەوەری ئەفسانەیی ئەوا هەر ڕیی تێ دەچوو. موروو و دەرخت و مانگیش شکڵی ڕیالیسمی خۆیان تێ پەڕاندایە ! بەلام بە هۆکاری ئەوەی کە هەموو ئەم شکڵانە لە هزرێکی وونەوە، لە جیهانێکی پەڕش و بڵاو، لە جیهانێکی بێ ئاگاوە هەڵقەڵاون ، لۆژیکیان تێدا نییە ؛ هەر شکڵە و لە جیهانێکدایە و بە زۆرە ملێ بە تەنیشت یەوەکەوە دانراون.
بێ شک کاتێک بینەر ئەم دیمەنە دەبینێت، شاماران دەناسێتەوە، باڵندەکەی سەر سەری مارەکەش بە دڵگیر دێتە پیش چاوی، کونەپەپووەکەش راستەو خۆ وەک باڵندەیەکی شووم، بەشەکانی تری تابلۆکە وەک دیکۆرۆێکی ڕەنەگا و رەنگ و دڵگیر دێنە پیش چاوی و چیرۆکێک دروست دەکات لەم نەخشە بێ سەروبەرەدا لە هزری خۆیدا بە زۆرەملێ، وەک چۆن شکڵەکان بە زۆرەملێ بە تەنیشت یەکەوەن. چیرۆکێکی ىی مانا و بۆش لە ژیریی، چونکا هیچ ژیرییەک نا ورووژێنێت، هانی بینەر نادات بە بیرکردنەوە. هەقیقەتێک پێشنیار ناکات جگە لە تێکەڵ و پێکەڵێک نەبێت لە شکڵی بێ سەوروبەرە، جگە لەوەی هیچ هەیقەتێکی سەردەمەکەمان ناخاتە ڕوو لە رووی سکڵ و بابەتەوە.
شاماران لێرەدا وەک پەتیارەیەک دانراوە بۆ حەز و هەوەسی سێکسی یان بۆ جوانییەکی گشتی، ناسراو، بە دوو مەکی قوتەوە بە سمتێکی خڕەوە، بە خەسڵەتێکی ناسک و باری کەسێکی مێینەی زیاتر ملکەچ بۆ تێرکردنی هەوەسێکی سێکسوێل. خۆ بۆمان هەیە و ئازادین ئەو خەسڵەتە بخەینە ڕوو وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی. هونەری سنوری نییە، دەتوانین شاماران وەک پەتیارەیەک نیشانبدەین، یان بیچوێنین بە کچانی هاوچەرخمان بە لێوی هەلتۆقی و سمتی پڕ لە سلیکۆن، بەڵام دەبێت بابەتەکەمان ئەوە بێت، لێرەدا باسی شاماران کراوە وەک ڕۆحێکی شکۆمەند، بەڵام بە پێچەوانەوە جگە لەوەی لە هەموو شکۆمەندییەک بێ بەشکراوە، تابلۆیەکی ىی بابەتە. هونەرمەند ئاگایی بەوە نییە چی لەنەستیدا خۆی حەشارداوە. بێ گومان دەزانین بۆ ڕامکردنی هەستی بینەرە، بە جوانییەکی ناسراو. کۆی گشت تابلۆکە بە ئاگاییدا تێنەپەڕیوە، کۆی شکڵەکان نەدراونەتە بەرپرسیار. ڕاستە چیرۆک ناگێرێتەوە، واتە حاڵەتێکە، بەڵام هیچ لۆژیک و هیچ ژیرییەک و زمانی هونەریی تێدا نییە. 
با نمونەیەکی زەق بھێنمەوە بۆ خوێندەر؛ ئەگەر سەمایەک بکەم، بە دانسێکی بالێی ئەوروپی، بە دانسێکی کلاسیک دەست پێ بکەم و کوتوپر بیکەم بە دانسێکی کوردی« ھەلپەرکێ»، ئنجا دانسێکی ئەفریقی، هەموو ئەم سەماکردنانە جیهانی جیاواز و گوزارشتی جیاوازن، ناتونن خۆیان ببیننەوە لە یەک شانۆدا، لەبەر ئەوەی جیهانی جیوازی گوزارشتن، بەڵام دەتوانین باسی ئەم کولتوورە جیاوازنەش بکەین لە یەک ئاهەنگدا وەک بابەت کە لێرەدا بابەتەکە ئەوە نییە.  تابلۆکەی کاک ڕۆستەمیش بە هەمان شێوە جیهانی گوزارشتی جیاوازن بە زۆرە ملێ پێکەوە دانراون بە بێ گونجاندنیان. بۆچی ئەو توانایەی نەبووە ئەو جیهانە چوونیەک بکات ؟ وەک لە سەرەوە باسمان کرد نەخشکردن ڕەنگدانەوەی هزری هونەرمەندە ؛ هەموو ئەو لۆژیک و شکڵانە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە هزرەوە، ناتوانین شتێکی تر بەرهەم بهێنین لەوەی کە هەین، کە ئاگاییمان لە ئاستیدا نییە. ئەگەر ئەو شکڵانە بێ سەروبەرن، جیهانی جیاوازن، بێ لۆژیکن، ناتوانن هەقیقەتێکیمان بۆ پێشنیار بکەن، لەبەر ئەوەی هونەرمەند خۆی بێ ئاگایە، بۆیەکا تابلۆکەی بێ ئاراستەیە. هونەر بریتییە نییە تەنها لە دەسترەنگینی بەڵکو کۆنسێپتێکە، بیرۆکەیەکی گشتتییە بۆ جیهانی دەوروبەرمان. هونەر خاوەنی زمانێکی گوزارشتە و هەموو کەسێک دەتوانێت فێری بێت، وەک پیکاسۆ دەڵێت :

<هونەر وەک زمانی چینیی وەهایە، فێری دەبیت>

لێرەدا بێگومان کاتم بەخۆم دا ڕونکردنەوەیک بدەم لەسەر ئەو تابلۆیە لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ناهینێت شیکاری بۆ بکەین ؛ تابلۆکە بەڕاستی ئاوێنەی ئەو کۆمەڵەگەیە، ئەو سیستەمەیە، بێ ئاگا لە زانین، بێ ئاگایە لە زمانی هونەر و هونەری گوزارشت، هیچ بابەتێکمان بۆ پێشنیار ناکات، نەبەستراوەتەوە بە ژیانی هەنوکەمانەوە، جگە لەوەی پێشنیاری جیهانێکی ترمان بۆ ناکات. دورە، بێ ئاگایە لە هزری هاوچەرخ، هیچ دەرگایەک ناکەتەوە بە رووی ئاگاییدا و ىێ هیوامان دەکات وەک ئەو سیستەمەی حوکمڕانیمان دەکات. لەهەمان کاتا لۆژیکی تابلۆ و زمانی هونەرییان تێدا نییە. هونەری شێوەکاری خاوەنی زامانێکە بە خۆی، ئەو زمانەش لەلایەن قانونێک یان کەسێکەوە ئاماژەی پێ نەکراوە، ئەو یاساو ڕێسایانە پەیوەستن بە هەستێکی سروشتیی مرۆڤەوە، لۆژیکیان تێدایە چونکا ئەم جیهانە لەسەر لۆژیک وەستاوە و ئێمەش بەرهەمی ئەو لۆژیکەین بە سروشتیی. وەک چۆن هۆنراوە ڕێکخستنی وشەو قافییە نییە، هونەری بۆیەکاریش ڕەنگ و شکڵ نین بەتەنیشت یەکەوە. 
کاتێک باسی شکڵ و تەخت دەکەین کە دەبێت بە لۆژیک بگونجێندرێن، لە هەمان جیهاندا بن، ئەوا بە خۆڕسکانە ئەوە دێتە کایەوە و شکڵەکان دەگونجێن لەگەڵ یەکتریدا ئەگەر هونەرمەند بە لۆژیکانە بیر بکاتەوە، بۆ نمونە کاتێک سەرنج دەدەینە سەر وێنەی (١٢)کاری (میلاد قادر بەنا) ی هونەرمەندە، هەرچەندە کارە هونەرییەکە هیچ بابەتێک پێشنیار ناکات، بەڵام دەبینین کە شکڵی شاماران لە هەمان جیهاندایە لەگەڵ شکڵی زەخرەفەکانی پشتییەوەیە. ناتوانین شامارانێکی ڕیالیست بکەین لەسەر تەختێک جیاواز لەو شکڵەکە (شاماران). چونکا دوو جیهانی جیاوازن، دوو زمانی جیاوازن. بەڵام هەموو ئەم شتانەش دەکرێن ئەگەر ببنە بابەت.
(وێنەی 12) تابلۆی شاماران.میلاد قادر بەنا
لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر وتەکەی کامەران مەنتیک کە لەسەرەوە باسمان کرد، گوایە ئەو سیستەمە لە ئێمە نییە ( سیستەم تەختە و ئێمە شکڵ)، بەڵام بەداخەوە ئەمە مەحاڵە کە ئێمە لە جیهانێکی تردا بین و بەرهەمی ئەو سیستەمە نەبین، یان ئەو سیستەمە بەرهەمی هزری ئێمە نەبێت. ئەم تابلۆیانەش ئەوە دەسەلمێنینن.
کاک ڕۆستەم وەک خاتوو ناز چەندەها کاری تری لەسەر شاماران کردووە، ئەمیش وەک خاتوو ناز شکڵێکی جێگیری بۆ شاماران داتاشیوە و ئیدی هەر جارێک ئەم شکڵە دەخاتە دیکۆرێکەوە کە هیچ پەیوەندی بە ژیانی کۆنەڵایەتی مۆدێرنی ئێمەوە نییە ؛ جارێک لە بەردەم ڕیزێک خانوی گڵی هەورامان و جارێکی تر لە بەردەم ڕیزێک مورووی شین یان درەختێک بە موری شین، لە ناو چیمەن و گوڵ و گوڵزاردا یان لە نێوان قەدی دوو درەختا. وەک چۆن ئێمە کاتێک منداڵ بوین جەژنان دەچووین لە بەردەم ئەسپێکی کارتۆن و دێهاتێک لە پشتییەوە بۆ ڕەسم گرتن، ئێمەی منداڵ تەواو تەنێکی غەریب بووین بەو ئەسپە و بەو دیمەنەی پشتمانەوە ( شکڵ و تەخت)، شامارانیش بە هەمان شێوە ئێجگار غەریبە بە جەستەی خۆیی و بەو تەختە کارتۆنیانەی لە پشتییەوەن. تابلۆکانی کاک ڕۆستەم بە شیوەیەکی گشتی هەر هەمویان لە یەک ئاستدان، بۆ نمونە سەیری وێنەی (١٣) دەکەین.
(وێنەی 13) تابلۆی شاماران. هونەرمەند ڕۆستەم ئاغالە
وەک دەبینین چیمەنێک لە بەشی پێشەوەی تابلۆکەدایە بۆ ڕازاندنەوە. دارێک لە ناوەڕاستا بە گوڵی شین دەورەدراوە بەشکو بەو بۆنەیەوە بیگونجێنێت لەگەڵ ڕەنگی شینی شاماراندا، شامارانێک لەسەر دارەکە پاڵکەوتووە و سەیری بینەری دەکات وەک ئەوەی بۆ ڕەسمگرتن وەستا بێت، خۆشبەختانە مارەکە پای ئاڵاندووە لە درەختەکەوە دەنا دەکەوتە خوارە ! دار ئەرخەوانەکە مورووی شینی بە تەناف پیادا هەڵواسراوە و لە پشتەوە خانوی کوردەواری بە گڵ وەک خانوەکانی هەورامان یەک لەسەر یەک و هەندیک لە دەروازەی خانووەکان شێوەی کونەماریان وەرگرتووە. ئەم دیمەنە هیچ لۆژیکی هونەری شێوەکاری تێدا نییە وەک لەسەرەوە ڕونم کردەوە، بە زمانی تابلۆ نەکراون، هیج شتێکمان بۆ پێشنیار ناکات جگە لەوەی کە پێمان دەڵێت شاماران لە کونی ئەو خانوانەوە هاتونەتە دەرەوە.
 بێ شک کاکە ئاغالە لە قوتابخانەی ئیسماعیل خەیاتە و میراتی ئەوی بۆ ماوەتەوە. کاتێک ئسماعیل خەیات تابلۆیەکمان بۆ دەکات کە بریتییە لە ئەسپێکی بۆراق لە ناوەڕاستی تابلۆکەدا و و دوو پەیکەری چونیەکی کچێکی سۆمەری لەدەستە چەپ و ڕاستی ئەسپەکەوە (وێنەی ١٤)، بۆ ڕازندنەوەی ئەسپە بۆراقەکە داناوە، بە چواردەوریدا چەند هێڵکارییەک بۆ ڕازاندنەوەی تابلۆکە بە گشتی و لە چوارچێوەگرتنی. ئەم تابلۆیە چیمان پێ دەڵێت ؟ چیمان بۆ پێشنیار دەکات ؟ هیچ ! بۆشە لە هەموو تێڕامانێک، لە هەموو بابەتێک ؛ ئەسپێکی بۆراق وەک بوکەڵەیەکی بێ گیان لە هەموو شکۆمەندییەک بێ بەش کراوە و هیچ ژیرییەکی شکڵیکی هونەری تێدا نییە، ڕازاوە بە ڕەنگ و شکڵی بێ مانا. تەنها بە مەبەستی فرۆشتن و هەڵواسینی لە ساڵۆنی مرۆڤی بێ ئاگا. ڕاستە شێوازە هونەرییەکەی گونجاوە، واتە یەک زمانی بەکارهێناوە و نەکەوتۆتە هەمان هەڵەی کاک ڕۆستەمەوە. 
(وێنەی 14) تابلۆی ئیسماعیل خەیات
ئەگەر هونەر دەورێکی گرنگی بینیوە لە وەرچەخاندنی مرۆڤی ساپیاندا، لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر، ئەمڕۆش لە شارستانیدا بە تایبەتی لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە دەورێکی کارای بینیوە لە گۆڕانکارییەکاندا، ئەوا هونەرمەندانی کوردستان بە کارە هونەرییەکانیان هیچ  گۆڕانکارییەک ناڕەخسێنن، بە پێچەوانەوە ئەو کۆمەڵگەیە وەک سەلەفییەکان بەرەو دواوە دەبەن و بارو دۆخی کۆمەگەکەمان نادەنە بەرپرسیار و نایخەنە روو، چونکا خۆیان بە دوردەگرن لە هەموو ئەو کیشانەی کە ڕوبەرویان دەبنەوە ؛ کێشەی دەرەکی و کێشەی دەروونی. کێشەی ئابوری، ژینگە، سیاسی، کۆمەڵایەتی کە هونەر دەتوانێت دەورێکی بالای تێدا ببینێت؛ هیچ گۆڕانکارییەک ڕونادات ئەگەر ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییە خۆی نەبینێتەوە لە شێوازێکی هونەرییدا.
چەندەها کاری بۆیەکاری تر دەبینین لە کوردستان کە ڕاستەوخۆ شامارانیان کردووە بە بابەتی سەرەکی کارەکانیان بە بێ ئەوەی گوێ بدەن بە لایەنی ئەفسانەیی و شکڵێکی ژیری نوێ و سەردەمیی بۆ شاماران، تەنها بە سەری ئافرەتێک و کلکێکی مار کە زۆر جار ئەم ئەلیمەنتانە بە زۆرە ملێ نوساون بە یەکەوە بۆ نیشاندانی شاماران، بێ گومان ئێمەش ڕاستەوخۆ دەیناسینەوە. 
بەڵام كچە هونەرمەندێکی باکوری کوردستان، کە لە بەندیخانەی دیاربەکر بە مەبەسی لەبیربردنەوەی ئەشکەنەجەی بەندیخانە و تەنیایی، خۆی خەریک کردووە بە نەخش و هونەری شێوەکارییەوە، لەوێوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، بەو کەلوپەلانەی کە چنگی دەکەوتن لە بەندیخانەدا ؛ قژ، پەڕۆ، قاوە، کارتۆن...تاد، وەک ئافرەتێکی فەمینیست، زۆر لە کارەکانی و پێرفۆرمەنسەکانی وەک کارێکی هونەری بەرز خۆیان دیبینننەوە، ئەو هونەرمەندەش خاتو زەهرە دۆغانە. خاتوو دۆغان شامارانمان بە شێوەیەکی ئێجگار مۆدێرن بۆ دەکاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر بەڕەیەکی کۆن. بڕوانە وێنەی ١٥.
(وێنەی 15) شامارانی زەهرە دۆغان
خاتوو دۆغان لەم کارە هونەرییەیدا بە شێوەیەکی ساکار و ژیرانە بابەتێکی فەمینیستیمان  بۆ دەورووژێنێت بە زمانێکی ئێجگار مۆدێرنی هونەریی. خاتوون، تەختێکی کلاسیکی بەکار نەهێناوە بۆ نەخشکردن، بەڕەیەکی کۆنی بەکارهێناوە. پێ دەچیت کە خاتوونی هونەرمەند ئاگاداری دواهەمین بزوتنەوەی هونەریی نەبێت، کە لە وتارێکمدا باسم کردووە و دەتوانیت لەم لینکەی خواەوە بیخوێنیتەوە :

سەپۆرت و سورفاس دواهەمین بزووتنەوەی هونەری لە مێژووی مۆدێرنی فەڕەنسادا

بەڵام ئەزمون و ژیریی، یان سەرنجدان، یارمەتی داوە بگاتە هەمان دەرئەنجام، وەک پێویستییەک بە بەکارهێنانی ماتریاڵێکی تر وەک تەختێک بۆ بۆیە کاری؛ ئەو تەختەی هونەرمەندان نەخشی لەسەر دەکەن کە بریتییە لە چوارچێوەیەکی تەختە ( هەڵگر) و قوماشێک بە سەر چوارچێوەکەدا ( تەخت)، مۆدێلی سەدەکانی ناوەڕاستە بۆ هەڵواسینی تابلۆ بە دیواردا. دوای ئەوەی بزوتنەوە هونەرییەکان، هەموو ( بابەت و شکڵ) یان دایە بەر پرسسیار لە هونەری شێوەکاریدا، ئەم ئەزمونەش لە ڕێنیسانسەوە دەستی پێکرد هەتا بزوتنەوەی سوریالیست و کوبیست و ئەبستراکت، دواهەمین ئەلیمەنتی تابلۆ کە نەدرابووە بەر پرسیار، بریتی بوو لە هەڵگر ( چوارچێوەی تەختە) و تەخت ( قوماش) ەکە. ساڵانی حەفتا لە فەرەنسا هونەرمەندان ئەم بەشەیان دایە بەر پرسیار بە بزوتنەوەیەکی هونەریی بە ناوی ؛ سەپۆرت و سورفاس، بەو بۆنەیەوە گۆڕانکاریمان کرد لە تەختی تابلۆدا بە مەبەسی ئازادکردنی هونەرمەند و فراوانکردنی زمانی گوزرارشتکردن، وەک سەرنج دەدەین لەم کارە هونەرییەی خاتوو دۆغان بەڕەیەکی بەکار هێناوە وەک تەختێک بۆ وێنەکێشان لە بری تابلۆیەکی کلاسیک.
شاماران لەسەر بەڕەیەکی کۆن نەخشکراوە، هەندێک بەشی بەڕەکە بە ویست سوتێنراوە و بەشێک لە جەستەی شامارانیشی سوتاندووە. خۆ ئەگەر بەڕەیەکی سوتاویشی هەڵبژاردبێت ئەوا هەر بۆ هەمان مەبەس هەڵبژێردراوە. 
 بەڕەکە باباتەکەی دەوڵەمەند کردووە بە یەکگرتنەوەی لەگەڵ شاماراندا؛  شاماران لێرەدا وەک مۆتیڤێکی ئەو بەڕەیە نیشاندراوە لەگەڵ تەخت (ىەڕە) ە کەدا. بەڕە، هێمای دێرینیی و جوانییە، هێمای نیشتەجێبوونە، هێزی کاری دەستکردی ژنانە، هەرچۆنێک بێت بەڕە، مێژووە، ژنە، کارە، ژیانە، نەخشە، بە سەریا دێین و دەرۆین. بەڕە و ئافرەت دوو بابەتی لێکدانەبڕوان. بەڕە و ئافرەت پێکەوە دەبنە بابەت، بەڵام ئەم بابەتە ( بەڕە)ی سوتاو، هەروا لاوەکییانە دانەنراوە بەىێ گونجاندنی لەگەڵ جەستەی ئەشکەنجەدراوی شاماراندا، شاماران لەگەڵیا  وەک مۆتیڤێکی دانەبڕاو بۆ بەرجەستەکردنی یەک جیهان، نەک تەنها بە سوتاندنی بەڕەکە، بەڵکو بە نەخش و مۆتیڤی بەڕەکەش توانیویەتی جەستەی ئەشکەنجەدراوی مێێنە ببەستێتەوە بە مێژویەکی دێرینەوە بە زمانێکی سەردەمیی. 
جەستەی شاماران پانتایی بەڕەکەی پڕکردۆتەوە وەک نەخشێکی سەرەکی ئەو بەڕەیە، غەریب نییە بەو جیهانە، لەگەڵ ئەوەشذا شاماران وەک شکڵێکی زەخرەفی نییە بە وێنای مۆتیڤی بەڕەکە بەڵام بە شێوازێکی هونەری ئێجگار نایاب گونجاوە و بون بەیەک جەستە، بە یەک جیهان؛ دوو پرچەکەی بونەتە نەخشی بەڕەکە ؛ وەک مۆتیڤی بەڕەکەیان لێهاتووە لە سێگۆشەیەکی بەڕەکەدا بە نیوە بازنەیی، سەری مارەکە بە هەمان شێوە بە بازنەیی وەڵامدانەوەی پرچەکانییەتی. بەشێکی تر لە قژی شاماران، دەورەی جاستەی داوە و هاتۆتە خوارەوە و وردە وردە لە ئاستی کەمەریدا وەردەچەرخێت و وەک پشتێنەیەک کۆتاییان دێت بە سەری مارێک ( قژی ئافرەت بە وێنای ڕەشمارێک)  یارمەتی  گرەدانی هەردوو شکڵە مرۆڤ و شکڵە ئاژەڵەکەی داوە. 
تاجێک لە سەر سەری مارەکە نەخشکراوە وەک نەخشێکی زەخرەفیی بە شێوازی نەخشی بەڕەکە. تاجێکی تر بە شێوازی بەڕەکە، وەک نەخشێکی تری بەڕەکە لەسەر سەری شامارانە بە ڕەنگی جەستەی شاماران نەخشکراوە. شاماران لە کردەدا نییە، سەیری بینەریش ناکات، نیگای وەک نەخشە دێرینەکەی شامارانە و بۆ ڕەسمگرتن نەوەستاوە بەرامبەر بە بینەر، لە جیهانی خۆیدایە. لێرەدا خاتوونی هونەرمەند چیرۆکمان بۆ ناگێڕیتەوە، هونەرمەند کۆمەڵێک مۆتیڤمان بۆ دەخاتە ڕوو کە بەشێوەیەکی ئێجگار نایاب گونجێنبدراون، چیرۆکێکمان بۆ ناگێڕێتەوە، دۆخێکمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە تێیدا جەستەی ئافرەت و ئەشکەنجە بە شیوەیەکی هونەرییانە گرەدراون.
بابەتی سەرەکی بۆیەکارییەکە، بەرەکەیە لەگەڵ ئەوەشدا کە بەڕە کەرەسەیەکی کۆنە بەڵام لێرەدا خەسڵەتێکی مۆدێرنی وەرگرتووە، دۆخێکی هەنوکەیی دەدات بە شاماران. سەرنج دەدەین لەم نەخشەدا بە شێوەیەکی ژیرانە و هونەرمەندانە، هەردوو ئەلیمەنتە سەرەکییەکە ( بەڕە و شاماران) وەک یەک بونیان هەیە ؛ ئەمیان بە سەر ئەوی تریاندا زاڵ نەبووە ؛ ئەمیان ئەوی تری نەشاردۆتەوە، هەریەکەیان گرنگی بەوی تر داوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو بەڕەیە بە ڕێکەوت بەکار نەهاتووە، بەڵکو بە ئاگاییەوە لەلایەن هونەرمەندەوە هەڵبژێراوە و بە مەبستی گوزارشتکردن لە بابەتی ژن و بەڕە بۆ پیشاندای دۆخی ئەشکەنجەی جەستە و دەرونی ژن ( شاماران)ی ئەشکەنجەدراو؛ لەهەمان کاتا مەمکۆڵەکانی ئازادن بە جەستەیەکی پڕ لە ئەشکەنجەوە لەگەڵ ئەو بەڕەیەدا پێکەوە سوتاون.  ئێمە لە دێر زەمانەوە بەسەریا دەرۆین، دەی سوتێنین، ئازاری ئەو جەستەیە دەدەین.
ئەمەیە زمانی هونەر؛ دەربڕینی بیرۆکە پێوسیتی بە چیرۆکگێڕانەوە نییە لە هونەری شیوەکاریدا، شکڵەکان بە زۆرە ملێ پێکەوە گرەنەدراون، کاتێک شکڵ و تەخت پێکەوە دەگونجێن و لەهەمان جیهاندان، ئەوە خاڵی دەستپێکی هونەرە. کاتێک باسی کارێکی هونەریی دەکەین، مەبەستمان ئەوە نییە شاکارێکی وەک مۆنالیزا بئافرێنین، مەبەستمان لە کارێکی هونەرییە کە تیایدا شکڵ و تەخت گونجێدرابن ؛ لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکدا بن بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکەیەک. بۆ نمونە تەنها بەش بەشکردنی شاماران بۆ سێ پڕاچە وەک لە چیرۆکە ئەفسانەییەکەدا، بەس نییە بۆ گوزارشت کردن لە ئەشکەنجەی مێێنە، دەبێت بە زمانێکی هونەری گونجاو ئەوە پیشان بدرێت ئەوجا دەبێتە کارێکی هونەریی، تەنها بیرۆکە گرنگ نییە، بیرۆکە پێویستی بە زمانێکی هونەرییە بۆ خۆبینینەوە لە پانتایی تابلۆیەکدا.

دەرئەنجام :

دەرئەنجام، لەم کارە هونەرییانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ئاستی هونەرمەندانی باشور ئێجگار نزمە، ئەلف و بێی هونەری شێوەکاری پەیڕەوی ناکەن لە کارەکانیاندا، بە وێنای ئەو سیستەمە بێ سەروبەرن و هیچ پێشنیارێکی ژیارانەیان نییە بۆ ژیان و دەوروبەرمان.
 بەڵام کارێکی گرنگ دەبێت ئەگەر لە کوردستان هەموو ساڵێک پێشانگایەک بکرێتەوە تایبەت بە تێمی شاماران و هەموو کەسێک بتوانێت بەشداری بکات بە تابلۆیەک بۆ نیشاندانی شاماران بە شێوازی هونەری خۆیان، بەڵکو بەو بۆنەیەوە بەشکو بتوانین بە جەستەی شاماراندا زمانێکی هونەریی وەدەست خەین.

تێبینی :

زانیاری لەسەر شاماران لە دۆکیومەنتەریی، بەڕێز ڕیبوار جەمال سەگریمە (Rebwar Jamal Sagirma) وەرگیراوە لەسەر یوتووب، لەم لینکەی خوارەوە. 
شاماران خواوەندی ئەفسانەیی کوردی - YouTube

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە