شاسواریش لە تارانە!

Tuesday, 16/05/2023, 16:05

2695 بینراوە


سەدەی رابوردوو بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەدەیەکە پڕبوو لە خەم و خەفەت. مرۆڤ ئەگەرچاو بە مێژووی ئەو سەردەمەدا دەخشێنێتەوە، جگە لە بێبەختی هیچی دیکەی لێ هەڵناوەرێ. پاش دەسەڵاتدارە لاوازەکەی سەردەمی دوای قاجارەکان وهاتنە سەرکاری رەزاشای پەهلەوی رووپەڕێکی خەمباری بەرانبەر بە سەرهەڵدانی کورد هەڵدرایەوە، ئەویش شکستی سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک بووە بەرانبەر بە رەزاشا.
سمکۆ زۆرساویلکانە باوەڕی بە قەولەکانی رەزاشآکرد و هاسان هاتە بەردەستی، ئەویش زۆر ناجوامێرانە دەستوری سەربڕینی سمکۆی دا.
پاش رەزاشای پەهلەوی، کوڕەکەی هاتە سەر کار، ئەویش بە شێوەیەکی دیکە بەرەنگاریی کۆماری مەهاباد وشەخسی قازی محەممەد بوویەوە. دیتمان قازیش زۆر خۆش باوەڕانە ٤٥ کیلۆمیتر بەرەو پیلی سەرهەنگ هومایونی چووو مەڕی لە بەر لاقی کوشتەوە و ناڕاستەوخۆ پێی راگەیاند ببوورە من کۆمارم راگەیاند.
دوای سێ دەیە لە دەسەڵاتداریەتی موحەممەد رەزاشآی ئێڕان، کۆماری ئیسلامی هاتە سەرکار و جڵەوی دەسەڵاتی بە شێوەیەکی تووندتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتە دەست. لەو ماوەیەدا بینیمان چۆن بە بیانووی دانوساندن توانیان بە هاوکاری جەلال تاڵەبانی قاسملوو بێننە سەر مێزیی وتووێژ و تیرۆری بکەن. پاشان بینیمان چۆن حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێڕان و کۆمەڵە بە پیلانی قیادە مووقەت و کۆماری ئیسلامی راخوشی کەمپەکان کران.
چەند رۆژ لەوەی پێش مەسعود بارزانی لە سەر حیسابی خەڵكی بەشمەینەتی کورد مۆزەخانەیەکی بۆ مەلای باوکی کردوە و خەڵكی بانگهێشتن کرد تا بەشداریی رێوڕەسمی کردنەوەی ئەو مۆزەخانەیە بن. ئەوکارەش تەنیا بۆ مەزن نیشاندانی بنەماڵەی بارزانییە.
دوو چین وتوێژ کە جێگای مشتوومڕن لەو رۆژەدا بانگ کرابوون، یەکیان چەند کەسێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وئەوی دیکەش مستەفای هیجری وچەند هاوڕێی ئەو بون. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە دیتنی بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی ئێران زۆر پەرۆش بون بۆیە ساڵۆنی مراسیمەکەیان جێ هێشت و ڕۆیشتنە دەرێ.
دوای ئەو رووداوە یەکەم کارێک کە کۆماری ئیسلامی کردوویەتی بانگهێشتنی شاسوارعەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ بووە. ئەو بانگهێشتنە فڕی بە ڕیکاری سیاسیەوە نییە، تەنیا هەڕەشەیەکە لە مەسعود بارزانی، کە پێی رابگەیەنن جێگرەوەی تۆمان هەیە.
لەوەتی شاسوار و نەوەی نوێ هەیە من هیچکات نەمبیستووە، کە رەخنە لە تورکیا یان ئێران بگرن لە مەڕ سیاسەتەکانیان لە ئاست رۆژهەڵاتی کوردستان و باکوری کوردستان. دەڵێن: فارسەکان داییم بە لباد کوێچکەی کوردیان بڕیوە. مێژوو ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێ، کە بەداخەوە ساویلکەیی حیزب وسەرکردەی کورد وای لە سیاسەت کردوە کە زۆر زوو فریوی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی پێشووی ئێڕان و ئێستێی ئێران بخۆن.
شاسواریش بۆ ئەوجۆرە سەفەرانە وەک مێو وایە لە داخی دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانیش بێ دەست بۆ هەر شوێنێک درێژ دەکا و لەسەرناوی سیاسەت وجیرانەتی دوولایەنە هەم رابوردوو، هەمیش داهاتووو فەرامۆش دەکا. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوێ نوێ هەر چەند خۆی پێ زیرەک بێ، لە قاسملوو زیرەکتر نابێ، دیتمان چۆن گرفتاربوو.
سەفەری شاسوار بۆ تاران، بەشێوەی کاتی هیندێک دەسکەوتی دەبێ، بەڵام لە درێژخایەندا وەک مەسعود بارزانی لێدەکەن و فڕێی دەدەن. پیلانی ئەو جارەی کۆماری ئیسلامی خۆخۆشکردنە بۆ هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان لە چەند مانگی داهاتوودا، بۆئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیەکان لە سیاسەت هەڵبدرێتەوە.
هیچ بەرپرسێکی باڵای سیاسی لەو سەفەرەی شاسواردا پێشوازیی لێنەکردوە، تەنیا بەرپرسانی ئەمنیی ونیزامی وئیتلاعاتی بۆ ئەوەی دەستەمۆی بکەن بانگهێشتنی تارانیان کردوە. هیچ سیاسەتێک دژی دانوسانوساندن دەگەڵ دراوسێیەکانی کورد نییە، بەڵام بەو مەرجەی تای تەرازووی ئەو پەیوەندیە لاسەنگ نەبێ، خۆزگە کورد توانیبایە جوغڕآفیای کوردستان راگوێزێتە نێوان دوودەوڵەتی سۆئێد و فەنلاند. تا بە بێ ئازاری مێژوویی ژیان تێپەڕێنێ. بەڵام لە نێوان خۆزگە و راستیەکدا جیاوازیی لە نێوان عەرز و ئاسمانە. شاسوار، کە کەسێکی وشیار و سیاسیی و عاقڵ نییە، دەبێت چاوەڕوان بێت، کە ئێڕانیەکان بە لباد گوێچکەی دەبڕن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە