شەق وەشێنێک نابینم

Wednesday, 24/05/2023, 12:55

3994 بینراوە


لە دێرزمانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان جار جارە لە ماڵی هیندێک کەسایەتی ناودار چەند کەسێک لە دەوری یەکتر کۆدەبوونەوە وشەوانە قوماریان دەکرد و ئارەقیشیان دەخواردەوە. زۆر جاریش قومارەکە گەورە دەبوویەوە. جار ناجار ئەگەر لایەنێکی قوماربازەکە پارەیەکی زۆری ببردبایەوە نەیدەوێرا مەجلیسی قومارە جێ هێلێ وئەوپارەیەی کە بردوویەتیەوە دەگیرفانی بنێ ولەو ماڵە دەرکەوێ.
لە کاتی خۆیدا حەسەزیرەک لە شاری بۆکان لە ماڵی، خاوەن ماڵێک بە ناوی(م، ر، ک( دەگەڵ چەند کەسی دیکە بە شەو لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە وخەریکی قومار دەبن. دوای درەنگانێک لەو شەوە حەسەن زیرەک هەست دەکا پارەیەکی زۆری بردۆتەوە. هەرچی فکردەکاتەوە نازانێ چۆن ئەو قومارە جێ هێڵێ و پارەکەش دەتەنگەی گیرفانی بنێ و لەو ماڵە و لەو قومارە دەربازی ببێ. حەسەن زیرەک باش دەیزانێ لایەنە دۆڕاوەکانی کەسانی شەڕانین و لەوانەن بیانووی پێ بگرن و پارەکەی لێ بستێننەوە. لە پڕبە بیانوویەک بە نەهێنی خۆی دەگەیەنێتە خاوەن ماڵ و پێی دەڵێ: کاک فڵان لێدەکەی؟
ئەویش لە وەڵامدا دەپرسێت: بۆچی بووە کاک حەسەن؟
حەسەن زیرەکیش لە جوابی خاوەن ماڵدا دەڵێ: پارەیەکی زۆرم بردۆتەوە، بەڵام ناوێرم لەسەر قومارهەستم و پارەکان دەگیرفانم بنێم و بڕۆمەوە ماڵێ.
خاوەن ماڵ دەڵێت: دەی دەخوازی من چی بکەم؟
حەسەن زیرەکیش دەڵێ: دەتوانی دوای ماوەیەکی دیکە دوو شەقی چاکم تێ هەڵدەی ودوو شەپەڵاغەشم لێ ڕاکێشی و وەدەرم بنێی؟
... باشە بڕۆ دانیشە سەر قومارەکەت.
دوای چەند خولەکێک خاوەن ماڵ حەسەن زیرەک دەداتە بەرشەق ودەڵێ؛ بۆ مەگەر من قومارخانەم داناوە بۆ تەواوی ناکەن، هەستن وەدەر کەون، تۆش کاک حەسەن، بڕۆ نەتبینمەوە!
دەسەڵات شەق وەشێنی دەوێ:
ئەوەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ئاست کورد لە باشووری کوردستان کردویانە، چی وا لەوەی سەددام کەمتر نییە. خەڵكی فیداکار و دڵسۆزی باشوری بەوپەڕی توانای خۆیانەوە ئەوەی کە لە دەستیان هاتووە کردوویانە. بۆ رێفڕآندۆمە شوومەکەی بارزانی و بۆ هەڵبژاردنەکانیش هەولیانداوە تا ژیانێکی ئارامیان بۆ بخوڵقێ.بەڵام بەداخەوە ئەو دەسەڵاتە نۆکەرایەتیی داگیرکاری پێ باشترە لە خزمەت بە کورد. تەنانەت بوونەتە مڵۆزم بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش.
قەرارە لە رۆژی ١٨ی مانگی یازدەی ئەوساڵ لە سای شەقی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵبژاردنێک لە باشووری کوردستان بەرێوە بچێ. بەشێکی بەرچاو کورد لەو بەشە لە وڵات هەم بایکۆت وهەمیش بەشداری کردنی تاقی کردۆتەوە. کەچی فێلوگزەی سیاسیی ئەو دوو بنەماڵەیە ئەوانی لەسەر دەسەڵات هێشتۆتەوە. ئەدی رێکارچییە؟
باشترین رێچارە بۆ رزگار بون لەو دەسەڵاتە لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەوساڵدا داستانی شەق وێکەوتنی حەسەن زیرەکە. بەڵام ئەو شەقە دەبێ شەقێکی سیاسی بێ. بەو واتایە زۆر ڕاشکاوانە بە جیهان بڵێن: ئێمە ئیتر لەو دەسەڵاتە بێزار بوین و دەبێ ئەو چەتانە کورسی و دەسەڵات چۆل بکەن. ئەو رۆژانە خەریکی پینەوپەڕۆکردنی قیرەتاوی شەقامەکانن! بەو جۆرە دەخوازن دەنگ بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە. ئەو شێوە ئاوەدانکردنەوەی وڵات کاتی بەسەر چووە، کەس فریوی ئەو ریاکاریانە ناخوا.
ئەو پارە و سامانەی چەتەکانی دەسەڵات لە قوماری سیاسیداکۆیان کردۆتەوە و دزیویانە دەبێ رادەستی خەڵک بکرێتەوە و بدرێتە خاوەنی خۆی. رۆژی ١٨ی مانگی ١١ی ئەوساڵ ڕۆژێکی چارەنووسسازە. دەرفەتێکە بۆ رزگار بون لە مافیای ئەو دوو بنەماڵەیە. تکایە لە کیسی خۆتانی مەدەن.هیچ دیکتاتۆڕێک بە خۆشیی خۆی دەست لە دەسەڵات ناکێشێتەوە، باشترین بژاردە شەقی سیاسیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە