هاتم چاوەکانت بنووسمەوە

Monday, 07/08/2023, 22:02

3296 بینراوە


(  هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوبیرانی هێژام سڵاوێکی کوردستانی، 
ئەم جارە، وتاری درێژی کوردستانیم بۆتان نییە، جار و بار لە نێوان سیاسەت و ژیانی ڕۆژانەدا، قۆناغ گەلێک هەیە، وەک ئاوڕدانەوەیە، لەو گوڵە گێلاسانەی ڕۆح، کە دیار نامێنن بەڵام هەرگیز ناسڕێنەوە، لە خۆیانەوە بێ داوەت کردنیان دێنە ژووری دڵتەوە و شۆڕشێک بەرپا دەکەن و قڵپت دەکەنەوە، ئەگەر تاقەتتان بوو بیان خوێننەوە، دەنا وەک سڵاوێکی کوردستانی و خۆشەویستیم بۆ نیشتمان و خەڵکی نیشتمان و داروبەردی نیشتمانەکەم، لێم قبوڵ بکەن، ئيوە تەندروست و بەرخۆدان بەردەوام بێت.)

-ئەوە چیتە دێیت و دەچییت؟!
-هەر ئێستاکە خۆشەویستی تۆم پێ بوو
لێرە دامنا
ویستم بچم قەڵەم بێنم
چاوەکانت بنووسمەوە
تا هاتمەوە 
ون بوو نەما
-خۆت ئاڵۆز مەکە خۆم هەڵم گرت
-ئێ بۆچی بۆ؟!
ڕاستە خۆشویستنی تۆیە، وایە
بەڵام هی منە بۆ تۆ
-تازە بەتەمای خۆشەویستیم بنووسیەوە
دەبوو ئێستا لەبەرت بوایە.
-----------
ڕێگەم لێ دەگرن
هەر دەمەوێ
بێمەوە بۆلات و
لە چوار لاوە
ڕێگەم لێدەگرن
قەرەوڵ
- تۆ داوتە بەمن، بە هەموو ماناوە
  دڵ؟! 
-----
من ئەو پێچەم خۆشدەوێ
لە ناو هەموو ڕەنگەکاندا
ئەو ڕەنگەم خۆشدەوێ
کە لە ڕەنگی چاوت دەچێ
لە ناو قژی هەموو
شۆڕەبییەکاندا
قژی ئەو شۆڕەبییەم خۆشدەوێ
کە یاخی بوونی لە ئاو
لە یاخی بوونی ناو بای 
قژت دەچێ
لە هەموو ئەو پێچانەی
ڕێ مەریواندا بۆ سنە 
ئەو پێچەیانم
خۆشدەوێ
کە لە لوول بوونی 
سەر کوڵمی
قژت دەچێ.
-------
ڕاونان
کچە گەریلایەک
سوار پشتی شاخێک
بووە و
جەندرمەکان ڕاو دەنێت
درەختێکی کوردی قەندیلی
بزەگرتی و
چرپاندی بە گوێمدا
-باوکیشیان 
هەروا
حیزەڵە بوو.
-----
دڵنیام ئەو بوو
بەیانی بوو
بەیانییەکی زووی سوێد
بارانێکی ورد دەباری
من دەچووم بۆ قوتابخانە، شوێنی کارەکەم
لەبەردەم پێی ڕاستمدا
چۆلەکەیەک
بە قوونەیەک
چووە ژێر گەڵای 
بنچکێکی
قەراغ شۆستەکەوە
وەستام
لە ژێر چەتری گەڵاکەوە
بۆی دەڕوانیم
خەیاڵ کەوتە دواندنی
دادەگیان!
تۆ هەر ئەو کەسە نیت
ئەو نیوەڕۆگەرمەی هاوینەکە
لە حەوشەی ماڵەکەمان لە سلێمانی لە بەختیاری
من ژێرپیاڵە ئاوێکم
بۆ بەچکە پشیلەکە دانا
تۆش هاتی و دەنووکت تێ ژەنی؟!
چۆلەکەکە خەیاڵ خوێن بوو
دوو جار جووکاندی
دڵنیا بووم کە هەر خۆی بوو.
-----
ئەو ڕۆژە سلێمانی چەندە جوان بوو
بیرتە ئەو ڕۆژەی
نزیک باخی گشتی سلێمانی
لە سەر هێڵی پەڕینەوە بۆ ئەو بەر
کزە باکە ئەڵقیەک لە قژتی هەڵگرت و 
خستییە سەر شانی ڕاستی من
تەماشام کرد و
پێم وت: توخوا مەڕۆ
شانی ڕاستم جێ مەهێڵە
تۆ تەماشای
وێنە گەورەکەی قازیت دەکرد
بەسەر دەرگای شەقامی مەولەوییەوە
بۆ منت ڕوانی: ئەوە لەگەڵ کێدا قسە ئەکەی؟!
-لەگەڵ قژی درەختێکی (ئاویەر)ی
 لە ناو ئاپۆڕەی خەلکەکەوە
 پیاوێک هاتە بەردەممان، ڕووی لە تۆ کرد و
 وتی: حەوت برام هەیە هەر حەوتیان بە قوربانت بن
 منیش وتم: سپاس کاکە
 تۆ پێکەنیت و وتت: تۆ چەند هێمنی
 وتم ئەی کاشکی وشەیەک دەبووم 
 لە ناو شیعرێکی (هێمن)دا
 تۆ، دەمتخوێندەوە
 وتت: تۆش کەمێ شێتی
 -ئەمڕۆ هەموو پیاوەکانی شارت شێت کردووە و
  منیش سەرۆکی هەموویان.
  بۆ ئێوارە بۆت نووسی بووم
  ئەگەر تۆ بتەوێ
  بۆ هەمیشە هاوڕێت دەبم
  ئەو ڕۆژە سلێمانی چەندە جوان بوو، بیرتە تەمەڵ گیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە