فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن (بەشی دووەم)

Sunday, 03/09/2023, 22:16

3984 بینراوە


لە بەشی یەکەمدا باسم لە بەڕێوەبردن کرد لە کۆمەڵگایەکدا کە ( پارت/حیزب) هیچ ڕۆڵێکی نابێت، واتە دەستەیەک سوار سەری کۆمەڵگا نابن بۆ ماوەی دەیان ساڵ. ئەم جۆرە نەخۆشییە (نەخۆشی فەرمانڕانیی درێژخایەن) لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تووشی زۆر لە سەرکردە و تەنانەت پلە نزمەکانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات بوون و کۆمەڵگایان ئیفلیج کردووە و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تووشی قەیرانی گەورە بوون کە سەرچاوەکەی گەندەڵبوونی سەرکردەیەتی ئەو دەستەو تاقمانەیە کە لە هەڵبژاردنە ڕووکەشە لەپێش بڕیار بۆ دراوەکاندا دەستیان گەیشتۆتە دەسەڵات و لەگەڵیشیدا هەموو سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو نیشتمانە. بۆیە پێوانەکە بۆ ژیانی خەڵکەکەی ئەوەیە کە تۆ تا چ ڕادەیەک ئیرادەی ئینسانی خۆت تەسلیم بەم هێزانە کردووە و کەرامەت و شەرافەتمەندیت بەوان سپاردووە، ئەمەش ئاکام و بەرهەمەکانی لە هەموو ئەو وڵاتانەدا دەبینین، بەتایبەت کە من باس لە باشووری نیشتمانی کوردان دەکەم.
شێوەی کۆمەڵگای بێ پارت چۆنە؟
ئەو کۆمەڵگە بێ ( پارت) ە بەوە دەناسرێتەوە کە بەرێوەبەرێتییەکەی هەمەگیرە، واتە هەرکەس لە ئاست خۆیدا، بە پێی لێزانین و توانای خۆی خەریکی بەرێوەبردن و رێکخستنی بەشێک لە دەزگا بەرێوەبەریەتییە گەورەکەیە کە هی هەموومانە.
چۆن ڕێبەری خەڵک لە ناو خەڵکدا دروست بکەین؟!
هێندە هاوبەشییان پێدەکەین و لە بڕیاردان نزیکیان دەکەینەوە (بەپێی لێزانینیان) کە بە ڕۆح هەست و وشیاریی بە بەرپرسیاریی و لێپرسراوییان لە لا دروست بکات، واتە دۆزینەوەی مانایەک بۆ بوونە ئینسانییەکەیان و گەشەکردنی توانا و ڕوانینیان بۆ کوردستانی بوونی کوردێک، کە دەگاتە ئەوەی تامی ئەوە بکات کە لێپرسراو بوون بەرانبەر بە خۆ و ئەوی تر و لە کۆتایشدا هەموو کۆمەڵگا چ مانایەکی ئینسانی زۆر گەورەتری هەیە لەوەی کە مرۆڤ بە خۆیە بنووسێت و جگە لە خۆیی و بنەماڵەکەی خۆی کەسی دی نەبینێت، واتە بوونە گوڵێک لە گولستانێکدا، ئەوکاتە بۆ پاراستن و گەشاوەبوونی زیاتر و بە زیندووی ڕاگرتنی کۆمەڵگە ئەو جوداوازییەی بۆ ڕووندەبێتەوە کە ئەو ڕەنجەی دەیدات بەرهەمەکەی بۆ هەمووانە، لە ناویاندا ئەو و منداڵەکانی ئەویش. کاتێک کەسێک لە پەراوێزی کۆمەڵگەیەکی حیزبییەوە کە ڕۆژانە تێیدا وردبوونی خۆی دەئەزمواند و بۆ پەیدا کردنی نانی ڕۆژانەی دەبوو مل بدات بە زۆر زەبوونی و سڕینەوەی ئینسانیی خۆیی، دەگاتە پلەیەک کە پرس پێکراو و ڕاوەرگیراو و بڕیار دەرە، توانا ئینسانییەکانی دەگەشێنەوە و خێر بەسەر شەڕدا سەردەکەوێ و لەم جەنگە دەروونییەدا، ئاسمانی بیرکردنەوە و وتن و ڕەفتارەکانی دەبنە ساماڵ و مانگ و ئەستێرە و جوانییە شاراوەکانی ئەوانی تریش دەبینێ و ئارامییەکی دەروونی کە سەرچاوەکەی زیندووبوونەوەی ویژدانە، سەرتاپا ژیانی داگیر دەکات و ئێدی سەد ئەوەندەی تر بۆ پاراستن و گەشەی ئەو کۆمەڵگایە بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات.  
لێرەدا ئێمە مرۆڤە کوردە تێکشکاوە بەزیوو و ناچار و دەستەوسان و نەفرەتکەر و سست و توڕە و شەڕەنگێزکراو و ڕق و قین بەسەردا زاڵبووەکە دەگێڕینەوە بۆ ئەسڵە جوانە دەورەدراوەکە بە هەموو خراپییە هاندراوەکانی کۆمەڵگەی حیزبییەوە کە  گەوهەرەکەی ناخی دەدرەوشێنینەوە و خۆی بەر لە هەر کەس بەرهەمی بەرخۆدان و تێکۆشانە ئینسانییەکەی دەبینێ و هێندەش زیاد دەکات کە بەدڵ پێی خۆشە لەگەڵ هاوڕێ و هاوسێ و هاوژین و هاوزمان و هاونیشتمانی و لە کۆتایشدا هاومرۆییەکەی تردا دابەشی بکات. مرۆڤ ئەو منداڵەیە کە بەرهەمی هەموو کۆمەڵگایە، بە پلەی یەکەم ئەوەی بەرێوەی دەبات، دەی ئەم منداڵە پاکە پڕ لە ژیانە، چۆن بووە ئەو مرۆڤە گەورە دڵ پیسە، خۆ ویست و شەرەنگێز و دەسەڵاتخوازەی کە ڕقی لە ژیان بێت؟!
بێبەری کردنی منداڵ لە پراکتیزەکردنی منداڵیی خۆیی و دوورخستنەوە و لە دوورەوە ڕوانین بۆی وەک ئەوەی جانەوەرێکی ترسناک تەماشا بکرێت و هەوڵدانی بۆ هاوبەشی و دۆزینەوەی خۆیی و هاتنە سەرڕێگای بەربەستی نائینسانی فرە مەترسیدار لە سەر ڕێگای هەوڵدانەکانیدا، ناچاری دەکەن کە چەوتە ڕێگا بگرێتە بەر بۆ گەیشتن بە مەرامە ئینسانییەکانی کە خواستی سروشتی هەموو مرۆڤێکە و ئێمە ئەرکی یەکەمینی مرۆڤ بوونمان ئەوەیە کە لە رێگای ڕەوا و بەشێوەی ڕەوا، هەم فێریی بەدەستهێنانی خواستە ڕەواکانی بکەین و هەم خواستە رەوا ئینسانییەکانی بۆ ئامادە بکەین.
ئەرک و ماف!
گومانی تێدا نییە کە ماف پێش ئەرکە و من لە ناونیشانەکەدا ( ئەرک ) م پێش ( ماف) خستووە، چوونکە باس لە کۆمەڵگەی ئێستا دەکەم و بەراوردی دەکەم بە کۆمەڵگایەکی حیزبی، بە ئەنقسەت ومەبەست ئەو کارە دەکەم تا لەگەڵ خوێنەرمدا بەرەو ئەوێ بڕۆین کە گەرەکمە. دەمەوێ لە ناو واقعێکی زیندوودا گەشتی فێربوون لە ئێوەوە بکەم، بە هاوڕێیەتی ئێوە.
بەڵی تا زەمانێکی زۆری هەڵکشانی تەمەن، ماف پێش ئەرک دەکەوێ و لە ناو کۆمەڵگادا بۆ هەندێ کەسانی خاوەن پێویستی تایبەت، هەتا دوا هەناسەی ژیانی دەبێت مافەکانی پێش ئەرکەکانی بخەین.
منداڵ تا دەگاتە سەرو هەژدەساڵیش خاوەن مافە و نابێت بەجێهێنانی ئەرکی گەورەیەکیان لێ چاوەڕوان بکرێت، بەڵکو هێدی و بەزمان و تێگەیشتنی منداڵانە و گەنجێتی و باڵق بوون، ڕاهێنانی بەجێهێنانی ئەرکی گەورەبوونیان لەگەڵدا گەورە بکەین، بۆ ئامادەکردنیان تا ڕۆڵی مرۆڤ بوونی خۆیان لە کۆمەڵگەدا ڕاهێنان و پراکتیک بکەن.
لێرەدا ئاماژەیەکی کورت دەکەم: هەمان مێتۆدم بۆ دەستەی بەڕێوە بەرێتی کۆمەڵگە ڕەچاو کردووە و تا ڕادەی دڵنیا بوون پێموایە تێیدا سەرکەوتووم، لە دوو توێی لێکۆڵینەوە و لەسەر نووسینەکانمدا دێمەوە سەری. دێمە سەر ئەو فەرمانڕانییەی کە بەر لە شەش مانگی بەسەرچوونی دەستەی فەرمانڕانی پێشوودا، ئامادەن بۆ بەدەستەوەگرتنی دەستەی نوێی فەرمانڕانی، واتە دەستەی فەرمانڕانی ئەوە شەش مانگە خەریکی ڕاهێنانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگان و لە کاتی گۆڕینی دەستەکاندا، هیچ ناقەومێ و کۆمەڵگا درێژە بە داهێنان و ژیانێکی ئینسانی شایان بە مرۆڤی کورد دەکات.
بناغەی ئەم کۆمەڵگەیە کە باسم کرد بۆتان، یەک بنەمای پان و پۆڕ و جوانە کە ناوی ( ئازادی) ییە.
سیستەمی کۆمەڵگاکانی ئێستا تا ڕادەیەکی دیار بوونەتە دوو دەستە و نیو:
١-ئەو کۆمەڵگا پیشەسازیانەی کە بەو ڕادەیە گەیشتن کە دەبێت بنەمای بەڕێوەبردنەکە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی تاک خۆی بێت و تاک بڕیاردەرە لە ژیانی خۆیی لەو کاتەوە کە ئێدی خۆی دەناسێ و تا ڕادەیەکی زۆریش کۆمەڵگا ناس دەکات، دەنا منداڵێکە بەو خەسڵەتانەوە کە لەسەرەوە باسم کردن و کۆمەڵگاو سیستەمەکە ئەرکدارە کە بیپارێزێ و هەموو پێویستییەکانی مرۆڤێکی بۆ دەستەبەر بکات، هەمووتان کەم تا کورتێ، بەپێی حەزتان بۆ زانیاری و وردبوونەوە، بای ئەوەندەی لێدەزانن کە پێویستان بە من و نموونەی وەک من نییە کە بۆتانی ڕاڤەبکات، بەتایبەت لەم زەمانی دیجیتاڵییەی کە بەرۆکی هەمووانی گرتووە. بەڵام وەک کەسێک کە ئەزموونێکی درێژی ژیانم هەیە لەناو ئەو سیستەمەدا دەتوانم بڵێم بۆ من ئاوا دێتە بەرچاوم: کە ئەم سیستەمە، قازانجی زۆر و دەسکەوتی زیاتری گەرەکە لە مرۆڤەکان، لە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاواشدا بەڕێوەبردنەکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازیان هەیە، بەڵام لە یاساکاندا وەک یەکن، هەر چەندە لێکدانەویان بۆ یاساکان جودایە، بەڵام ئەم جوداییانە نابنە هۆی ونبوون و ستەمکردن لە مافە سەرەتاییەکانی تاک. وڵاتێکی وەک سوێد هەوڵ دەدەن کە یاسا بنچینەییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان!! بکەنە بنەمای ئەو یاسا لۆکاڵیانەی کە بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگاکەیان دەریدەکەن، واتە هەمیشە یاسا لۆکاڵییەکان بە جۆرێک ڕیکدەخرێن کە دژایەتیان نەبێت لەگەڵ یاساکانی رێخراوی نەتەوەکاندا. لەم کۆمەڵگا پیشەسازیانەدا جەستە و تەندروستی بایەخی پێدەرێت کە هەندێ جار گیان پشتگوێ دەخرێت، یان دەتوانم بڵێم کە مرۆڤ دەبێتە مرۆڤێکی ڕۆبۆتی، هەستە مرۆییەکان تێیدا کز دەبنەوە و هەموو شتێک ئەسپەردەی سیستەمی بەرێوە بردن دەکرێت، کە لایەنی ئایەتی و نایەتی هەیە و لە درێژەی باسەکانمدا بۆ ئەو بەڕیوەبردنە نوێیە باسیان لێوە دەکەم.
بێگومان لەم وڵاتە پیشەسازییانەدا، هەوڵدراوە کە گرێبەستی کارکردن وا رێک بخرێت کە خاوەنکار نەتوانێ ستەم لە کرێکار بکات، بەوەی کە گەشەیەکی زۆریان داوە بە سەندیکای کرێکاران و ڕۆڵی تایبەتیان هەیە و دەبێت گرێبەستەکانی نێوان کرێکار و خاوەنکار بەئاگاداری ئەوان ئەنجام بدرێت، کە کۆپییەک لە خاوەنکارەوە دەنێردرێت بۆ نوێنەری سەندیکای کرێکاران و پاش ڕا لێ بوونی نوێنەری سەندیکا، ئەو گرێبەستە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کرێکار دەست بە کارەکەی دەکات، هەڵبەتە ئەم گرێبەستانە هەر دەبێ بەو پرۆسەیەدا بڕوات و تەنیا خاوەن کار و کرێکار ناگرێتەوە، هەموو دامەزراندنێکی فەرمی ( فەرمانبەری دەزگا فەرمییەکانی حوکوومەت) یا کۆمپانیا تایبەتەکان دەگرێتەوە. بۆ نموونە لە سوێد هەموو فەرمانبەر و کرێکارێک لە کۆمپانیا تایبەتەکاندا، مافی پێنج هەفتە مۆڵەتی هاوینەی هەیە بە وەرگرتنی مووچەی ئەو پێنج هەفتەیەشەوە، خۆی دیاری دەکات چۆن مۆڵەتەکەی وەردەگرێت و دابەشی دەکات بەسەر هەفتەکانی ساڵدا کە ٥٢ هەفتەیە، بە رێکەوتن لەگەڵ خاوەن کارەکەی. 
٢-دووەم کۆمەڵگا ئەو دەوڵەت نەتەوانەن کە هەر دەسکردی ڕۆژئاواییەکانن و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا هێڵراونەتەوە و بە هەزاران داوی وابەستەیی بەم بەری ئاوەکانەوە بەستراونەتەوە و هەموو جوڵانەوەیەکیان لەناو بەرژەوەندی ستراتیجی سیاسەتی ڕۆژئاوادا دێت و دەچێت، هەر بۆیە بە درێژبوونەوەی ئەم ستراتیجیانە، گۆڕانکاریی زۆر و زەوەند لە دەسەڵاتەکاندا کراوە و کەچی نەتەوەکانی ناو ئەو سنوورە دڕێژراوە هەر لە جێگای خۆیاندا یا چەقیوون یان بۆ دواوە گەڕێنراونەتەوە.
با تەماشایەکی وێنە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بکەین بۆ باشتر تێگەیشتن لە سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا:
- خێڵ و هۆز کراوەتە بنەمای ژیانی تاک، نەک تاک ببێتە بنەمای ژیانی کۆمەڵگە، لەم حاڵەتەدا تاک خۆی لە ناو بەرژەوەندی خێڵدا دەبینێتەوە، نەک بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگادا، بەرژەوەندی خێڵ کە بەزۆری شیخێک و ریشسپییەک نوێنەرایەتی دەکات، ژیانی تاک ئاڕاستە دەکات نەک تاک ببێتە چالاکێکی بەرێوەبەری بەشێک لە کۆمەڵگا، واتە هێشتنەوە و بەهێزکردنی چەندین بەرژەوەندی لەناو کۆمەڵگادا کە مەحاڵە لە شوێنێک و دەیان شوێن و سەدان کاتدا لەگەڵ بەرژەوەندی خێڵێکی تر و هۆزێکی دیدا یەک دەبڕن و ناکۆکی و ناتەبایی درێژخایەن دروست دەکەن، کە بێگومان ژیانی گشت دەخەنە مەترسییەوە و ئاسایشی گشتی نا سەقامگیر دەکەن.
- عەسکەر و دەزگای سەربازی دەوڵەت لە پلەیەکی گرنگی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا هێڵراونەوە و هەرگیز ئەو سپا دەوڵەتییە نەیتوانی و نەیان هێشت کە ببێت بە سپای گەل و خەڵک و نەتەوەکان، بەڵکو بوونە سیمبۆلی هێز و درێژەدان بە ترسێکی بەردەوام، کەی ویستبێتیان ئەو هێزانەیان جوڵاندووە، چ بۆ پەلاماری دەوڵەتنەتەوەکانی دی یا سڕینەوەی نەتەوەکانی ناو سنوورەکانی خۆیان. ئێمە لە ناو چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەکانی عێراق، ئێران، سوریا و تورکیادا تا سەر ئێسقان ئەم ستەمەمان هەست پێکرد و گوێمان لە وردبوونی ئێسکەکانی بوونی خۆمان بوو بەدەست ئەم سپایانەی سەر بە دەوڵەت نەتەوەکانەوە و بە بەر چاوی ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە، چوونکە ئەم دەوڵەت نەتەوانەی دەسکردی کلتووری خۆرئاوا خۆیان کرانەوە بە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەکان، کە وەک پشتیوانەیەکی یاسایی نێو دەوڵەتی ڕەفتار و کرداری خوێناوی دژ بە مرۆڤایەتی ئەو سپایانە، پەسەند دەکات و ئەگەر زۆریش لە خۆی بکات، لەلایەن وتەبێژەکانییەوە، چەند ڕستەی ناڕەزایی بڵاودەکاتەوە، وەک دەڵین بۆ خاڵی نەبوونی ئەرزوحاڵەکە(عەرزی حاڵەکە).

 بۆ بەشی سێیەمی لێکۆڵینەوەکەم.....کە ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ و من ئامادەم کردووە و لە خولیا و زەینمدا هێڵە گشتی و وردەکارییەکانی ڕۆژانە دێن و دەچن و دەیان چنم و لەکاتی پێگەیشتنیاندا بە وشە دیان نووسمەوە و بۆتای دەگێڕمەوە.. گرنگە ئێوە ڕەخنەگرێک بن، قەڵەمێکی تیژتان بەدەستەوە بێت، بۆ ڕەخنە و داوای ڕوونکردنەوە و سفت و سازکردنی هەوڵەکانی ئەم هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوبیرەی خۆتان....چاک بیربکەنەوە و چاک بڵین و چاک ڕەفتار بکەن، بۆ تەکاندان بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان، لە بەشی سێیەمدا دێمەوە خزمەتتان... سپاس بۆ سەکۆی هاواری دەنگە ئازادەکانی کورد...کوردستان پۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە