پاسدارو سەلاواتی جەنگ

Thursday, 07/09/2023, 22:53

2365 بینراوە


لە کتێبی  چیرۆکەکانی چیا 

ئێران دەیویست بەسەڵاواتی جەنگەکە بەرێتەوە . 

 ئێمە شەڕمان لەدژی دوژمنێک دەکردوو  پاڵمان دابوو بەدوژمنێکی ترەوە، ڕاستگۆبم نەمان دەتوانی هەردوو شەڕەکە پێکەوە بکەین ، بۆیە  هەرچۆنێک بێت  دەبوو شەڕی ئەولابکەین و لەم لاش خۆمان تەیاربکەین . پێدەچێت  سروشتی شەڕوابێت دەبێ پشتەوەی خۆت بپارێزی بۆ ئەوەی  شەڕی پێشەوە ببەیتەوە . ئێمە شەڕی پێشيمان بردەوە بەڵام جەنگەکەمان دۆڕاند ، هەربۆیە   کەدەستمان بەرز دەکەینەوە بۆ نزاکردن مانایی ئەوە نییە کە دەستمان دەگاتە ئاسمان . 
 ناوچەی بادینان  ناوچەیەک بوو لەمێژوو بوو سوپای پاسداران  هەواریان هەڵدابوو لێ و بەهەر جێگەیەکدا دەڕۆشتی  کۆمەڵی پاسدار ماڵۆچکەیان تێدا ئاوەدانکردبۆووە و ناویان نابوو "سەڵاواتی "  نازانم ئەم سەڵاواتیە  لەچ یاسایەکی ئاینی ئیسلامدا هاتبوو ؟ بەلام لەم جێگەیەدا  ڕێبواران و میوانان  دەیان توانی  نان بخۆن  و هەرچیەکیان بوێت بە سەڵاواتیەک  بەدەستی بێنن . 
ئێمە بەبێ سەڵاواتی  دەچووین و دەبوینە میوانی سفرەکانیان .  هاوینان  چەند تەشتێکی گەورەی خەنەیان دەگرتەوە و ڕێبوارەکان  قاچەکانیان لەخەنەدەگرت تا تڵۆق نەکات و پتەوبێت و گەر بریناریش بووبێت وەک مەرهەمێک دەوایەکی چارەسەری برین بوو. 
من لەمنداڵیمەوە قینی دنیام لە خەنەو بۆنی خەنەبوو، بەڵام بیرمە کرێکاریم دەکرد  بەیانیەک هەستام لەخەو کەبچم بۆکار دایکم هەردوودەستی پڕکردبووم لەخەنە و بەخامێکی چڵکن بۆی بەستبووم هێندە کەنەفت بووم ئاگاداری ئەوچالاکییەی دایکم نەبووم بەرامبەرم کە کردبووی ، چونکە هەردە پەنجەکەم سوتابۆوە بەچیمەنتۆ . سەرەتا زۆر دەهریی بووم بەڵام کە دەستەکانم  چاک بوو بەخەنەکە توڕيبوونەکەم دامرکایەوە  ، بەڵام هەر ڕقم لەخەنەدەبۆوەو بێزم لێدەکردەوە . 
ڕاستی منیش  لەبەر ئەوەی چەند جارێک بەچەمەکاندا دەڕۆشتین و قاچم تلۆقی کردبوو زۆر دەیەشا و زامار ببوو ، لە گەلی ڕەش مابەینی رووباری ڕۆشین و خواکورکدا  هەردوو قاچم خستە تەشتێکی گەورەی خەنەوەو  لەبەر خۆرەکەدا خەوم لێکەوت . کەبەئاگایان هێنام خەنەکە وشک ببۆوە پاشان  قاچەکانم شت و ئیتر بۆ هەتا هەتایە  قاچەکانم تلۆقیان نەکرد و چاک بۆوە  ، هەر ئەوڕۆژە جەند  هێسترێکیان بەستبۆوە بە گردێکەوە  ، من یەکێک لە هێسترەکانم هێنا  لەسەڵاواتێکە، ڕەشمەکەیم گرتوو  وەک هیخۆم بێت هێنام ، هەمووپاسدارەکان سەیریان دەکردم  من خۆم تیك نەداو وام دانابوو وەک خەنەو خۆراکەکان  ئەمیش بەسەڵاواتی  دەبرێت ، ئەوان پاسدارەکان  هیچیان نەووت  منیش    لەگەڵ خۆم بردم ، چونکە باری زۆرمان پێبوو دەمان برد بۆ مەڵبەندی بادینان .  لەلایەن بەرپرسەکەمانەوە بەپێکەنینەوەستایش کرام و ئیتر  ناوی نام "ئەبو بەلاوی "  دوایی زانیم مانای باوکی ئاژاوە دەێت . 
ئەم وانەی  خەنەو سودە کەی لەدوژمنێکی تری نیشتمانەوە فێربووم . جارێکیشیان زستان بوو لەیەکێک لەسەڵاواتێکان لەبن نوالەکاندا ماینەوە باران و بەفر پێکەوە دەباری لە نزیکی خواکورک بوو  ئەوڕۆژە ١٠ بەتەنی تەنکی سەربازیم لێوەرگرتن هەشت بەتانیم داخست و دووانیشم دابەخۆمدا ،چونکە لەجێگەیەک خوێندبوومەوە کە مرۆڤ بۆئەوەی لەسەرماخۆی بپارێزێت دەبێت ڕاخەکەی گەرم تربێت . هاوڕێکانم  بەپێچەوانەوە  بەتانیە تەنکەکانیان بەخۆیاندا دابوو  دانەیەکیان ڕاخستبوو تابەیانی  هەڵلەزیبوون . هەر ئەو ئێوارەیەلەو سەڵاواتیە بەبێ سەڵاواتی  حەڵوایەکی گەرمان خوارد کە شەکرو ئاردو ڕۆنێکی قرچاوبوو ئێستا کە بیری لێدەکەمەوە دەڵێم ئەو دینامێتەم چۆن بەئیشتهاوە دەخوارد لەوکاتەدا  ؟  
ڕۆژی دوایی کە بەفردۆڵ وشاخەکەی داگیر کردبوو، پاسدارەکانم بینی زیاتر لە ٣٠ پازدار  پاڵیان بە زیلێکەوە دەنا کە لەبەفرەکەدا چەقیبوو   پێکەوە  سەڵاواتیان لێ دەدا . بەڵام سەڵاوات  نەی توانی  ئینجێک لە زیلەکە  بجوڵێنێ ، بۆیە  لەو سەردەمەدا هەمووشتێک لەئێران بەسەڵاواتی  بەڕێوە دەچوو،وەک  خوێ کردن بوو بە  چێشتەوە  سەڵاواتی . جارێک هاوڕیەک کە برایەکی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو لەشاری سنە  داوام لێکرد کە  بچینە "زۆرخانە"  و سەیری یاری کردنی پاڵەوانەکان بکەین . 
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو لام سەڵاواتی لێرەش  ڕۆڵی هەبوو کە لە بڵندگۆکەوە دوایی مەناجاتە عیرفانێکە سەلاواتی لێدەداو پاڵەوانەکانیش  دەیان ووتەوە ، ئیتر زانیم بۆچی پازدارەکان بڕوایان وابوو  دەرئاسایەک دەبێت و زیلەکە لەناو بەفرە چەقیوەکەدا  دەردەهێنن ؟  
من ئەوڕۆژە بۆم دەرکەوت ئێران  نایباتەوە لەو جەنگەدا  چونکە جەنگ  بەنزاکردن بەڕێوەناچێت ، سەڵاواتیش ناتوانێ هەموو پێداویستێکانی جەنگ دابین کات . ئەو کاتەی کە ئەنفالیش کراین ئیتر بەتەواوەتی گومان لە خوا کرد و زانیم ئەویش بێدەسەڵاتە . تەنها ڕێگەیەک بۆ بەردەوام بوون شەڕکردنە  ، بۆم دەرکەوت کە ژیان وەک ئامێرێکی گرامافۆن وایە تەنها بەیەک ئاراستەدا دەسوڕێتەوە ،گەر بتەوێت بەپێچەوانەوە بیسوڕێنیتەوە ئەوە دەشکێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە