دوو بروسکەی بە پەلە بۆ بیر لێ کردنەوە

Friday, 15/09/2023, 21:45

1962 بینراوە


١- دۆڵی بەرپرسان

- ئەوە بۆچی کە بوومەلەرزەیەک ڕوودەدا، تەنیا ماڵی خەڵکە هەژارەکە، فەرمانبەرەکە، شووتی فرۆشەکە، دەستگێڕەکە ... هتد وێران دەبێت و خاوەن پلە باڵاکان ساغ و زیندوو، خۆیان و منداڵەکانیان دەردەچن و کار لەوان ناکات؟ نە پاشایەک ، نە سەرۆکی حکوومەتێک، نە وەزیرێک و...هتد، نامرن؟!.
- ئەوە بۆچی کە لافاوێک دێت، تەنیا ماڵی خەڵکە هەژارەکە، فەرمانبەرەکە، شووتی فرۆشەکە، دەستگێڕەکە ... هتد لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێ، خاوەن پلە باڵاکان ساغ و زیندوو، خۆیان و منداڵەکانیان دەردەچن و کار لەوان ناکات؟ نە پاشایەک، نە سەرۆکی حکوومەتێک، نە وەزیرێک و...هتد، نامرن؟!.
- ئەو بۆچی کە پەتایەک دێت، تەنیا خەڵکە هەژارەکە، فەرمانبەرەکە، شووتی فرۆشەکە، دەستگێڕەکە ... هتد دەکوژێ و دەمرن
  خاوەن پلە باڵاکان ساغ و زیندوو، خۆیان و منداڵەکانیان دەردەچن و کار لەوان ناکات؟ نە پاشایەک، نە سەرۆکی حکوومەتێک، نە وەزیرێک و...هتد، نامرن؟!. 
- ئەوە بۆچی؟ کە گرانی دێت، تەنیا یەخەی خەڵکە هەژارەکە، فەرمانبەرەکە، شووتی فرۆشەکە، دەستگێڕەکە ... هتد، دەگرێت و زۆریان لە برساندا دەمرن؟ خاوەن پلە باڵاکان ساغ و زیندوو، خۆیان و منداڵەکانیان دەردەچن و کار لەوان ناکات و یەخەی ئەوان ناگرێت؟ نە پاشایەک، نە سەرۆکی حکوومەتێک، نە وەزیرێک و...هتد، لە برساندا نامرن؟!.
ئایا؟ بوومەلەرزەکە و لافاوەکە و پەتاکە و گرانییەکە، ئەوە ناسەلمێنن؟! 
کە: پاشاکە و سەرۆکی حوکوومەتەکە و وەزیرەکە و ماڵ و منداڵەکانیان و...هتد لە دۆڵێکی بەرزا دەژین و
هەژارەکە و فەرمانبەرەکە و شووتی فرۆشەکە و دەستگێڕەکە و ماڵ و منداڵەکانیان و..هتد، لە دۆڵێکی زۆر نزمدا؟!
- ئەوە بۆچی دوای بوومەلەرزەکە و
- لافاوەکە و
- پەتاکە و
- گرانییەکە
ڕۆشنبیرانی ئەو شار و دێیەی هەژارەکە و فەرمانبەرەکە و شووتی فرۆشەکە و دەسگێڕەکە و ...هتد
هەموو گسکەکانی شار و دێکە کۆناکەنەوە و گسێکی گەورەی لێ دروست ناکەن و بەهەموویان دەست بە گسکدانی:
پاشاکە و
سەرۆکی حوکوومەتەکە و
وەزیرەکان و 
ماڵ و منداڵیان ناکەن .....بۆ ناو زبڵدانی شار و دێیەکەیان؟
تاکو شار و دێی هەژارەکە و فەرمانبەرەکە و شووتی فرۆشەکە و دەسگێڕەکە و ...هتد
پاک بکەنەوە لە:
پاشای گەندەڵ و
سەرۆکی حوکوومەتی گەندەڵ و
وەزیری گەندەڵ و
حیزبی گەندەڵ و 
ماڵ و منداڵی گەندەڵ!!!. 

٢- برووسکەی دووەم 

کێشمەکێشی مووچە
سەرەتا دەبێت ئەوە بۆ هەموو کەسێک لەو بەشەی باشووری نیشتمان، ڕوون بێت کە ئەو دەڤەرە کە بە باشووری کوردستان ناو دەبرێت و لە ڕاستیشدا هەر باشووری نیشتمانی کوردە، موڵکی تاک بە تاکی ئەو کوردە شەرافەتمەندانەی کوردە کە لەوێ نیشتەجێن و ئەو کوردانەش کە باری سیاسی دەڤەرەکانی خۆیان ناچاری کردوون، کە شوێنی ژیانیان بگوێزنەوە بۆ دەڤەری باشوور.
ئەو قەوارە فەرمییە کە ناوی ( هەرێمی کوردستان) ە و لە یاسا بنەڕەتییەکانی عێراقدا بە ( اقلیم کوردستان) تۆمارکراوە، هیچ پەیوەندییەکی نییە بەوەوە کە کۆمەڵێک دەستە و تاقم فەرمانڕانی تێدادەکەن، بەڵکو ئەو قەوارەیە بۆ لایەنی کەم پێنج ملێۆن دروستکراوە، کە دەوڵەتانی زلهێز ناچاربوون لەبەر زۆری قوربانییەکانی ئێوە دەبوو کارێک بکەن بۆ پاراستنی هەژموون و ئابرووی ئەو شتەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن و ناوی مافی مرۆڤە.
کەواتە کەی و چۆن دەبێت، پێنج ملێۆن کەس چارەنووسی خۆیان بۆ ماوەی سی و سێ ساڵ بدەنە دەست ژمارەیەک کە کەمینەن و شکستی خۆیان دەیان جار سەلماندووە، نەک هەر تێکشکاون، بەڵکو بەئاشکرا خۆیان داوەتە دەست دوژمنان و لە باشترین حاڵەتیشدا خۆیان کەوای سووری چاوساغییان لەبەرکردووە و دوژمنانی نەتەوەکەیان هێناوەتە سەر دڵی نەتەوەکە.
ئەی چییە کە واتان لێدەکات، چارەنووسی مەسەلەیەکیی، فەرمی تۆمارکراوی دانپێدانراو ببەستنەوە بە بوون و نەبوونی بەتایبەت دووحیزبی بۆ دەیانجار تاقیکراوە؟
وای دابنێن کە جەلالی و مەلایی دوو سەرکردەیەتی ئازادیخوازی، شۆڕشڤانی پیوریتان بوون پاک و بێگەرد، قبووڵمە و لەگەڵ ئێوە دەڵێم وا بوون، بەڵێ بوون....بەڵام ئایا ئێستا هەن، دوای بەدەسەڵات گەیشتن پاک و بێ گەرد مانەوە؟ ئێوەش و منیش دەڵێین نەخێر، کەواتە ئەم نەخێرە ڕینمایمان دەکات بۆ بیرکردنەوەی نوێ، چوونکە ئەم ( نەخێرە) بەرهەمی چەندین قۆناغی نەتەوەکەیە بەتایبەت لەگەڵ سەرکردەیەتی مەلای و جەلالی، لەبەر ئەوەی باسی باشوور دەکەین.
من ئاوا بیری لێ دەکەمەوە و وەک چارەسەرێک بۆ ئەم قۆناغە ئاڵۆزەی ئەو سەرکردەیەتییانە دروستیان کردووە.
ئەوان لە پێش و لە پاش ئەوەی بە دەسەڵات گەیشتن چەندین فیتنەیان بۆ ئەم بەشە لە نەتەوەکە دروست کرد لەوانە:
- فیتنەی ئاشبەتاڵ.
- فیتنەی قیادەموەقەتە
- فیتنەی شەڕی کورد بەکورد لە شاخ. 
- فیتنەی شەڕی کورد بە کورد لە شار.
- فیتنەی ٣١ی ئاب.
- فیتنەی ئابووری سەربەخۆ.
- فیتنەی پاشەکەوتی مووچە.
- فیتنەی ڕیفراندەم.
- فیتنەی کەرکووک دووجار لەسەر یەک و ....هتد.
ئێدی دەبێت دوای ئەم هەموو فیتنانەی دەڤەری باشوور چاوەڕێی چییان لێ بکرێت و تەمای چیتان پێیان بێت؟ لە کاتێکدا ئەوە بە فەرمی بۆ چەند مانگ دەچێت، حکوومەتەکەیان هەڵوەشاوەتەوە و هیچ بڕیارێکیان لەدەستدا نییە.
لەم حاڵەتەدایە کە دەبێت گەل لەسەر مافەکانی خۆی بێتە دەنگ و خۆی لە خۆی ببێتە خاوەن، ئەمەش مافێکی فەرمی سەلمێنراوی تۆمارکراوە لە یاسای بنەڕەتی عێراقی دوای سەددام دا.
ئێستاش لە باشوور بە هەزاران مرۆڤی ژیر، کوردستانی، شۆڕشڤان و دڵسۆزی کوردستان و کورد، لە باشووردا هەن و دەتوانن و لە بیریاندا هەیە کە ڕێگەیەک و پرۆژەیەکی گونجاو بۆ دەربازبوون لە کلتووری سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی بدۆزنەوە.
پڕۆژەیەک هەمە لایەنە، وەک گەل، داوای گەل، بڕیاری گەل بنووسنەوە و کۆمیتەیەکی هەڵبژێردراوی سەرپەرشتیکار ئەم داخوازییەتان بەرێتە بەردەم دادگای فیدراڵی عیراق و لە هەمانکاتدا، کۆپی ئەم داخوازییەتان بنێرن بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان، باڵوێزخانەکان، دادگای یەکێتی ئەورووپا ( یەخەی ئەکادیمیستە کوردەکان بگرن لە زانکۆکانی ئەوروپا و ناچاریان بکەن کە هاوکارتان بن، چوونکە کوردن) بینێرن بۆ مێدیا بەناوبانگەکانی جیهان، ئەگەر دەرفەت بوو کۆمیتەی سەرپەرشتیکارەکەتان خۆیان ئامادەی پێشکەش کردنی ئەو داخوازیی و پرۆژەیەتان بن بەو لایەنە جیهانیانە، دەنگی ئێوە نابێت هاتووچۆی درۆینەی نێوان هەولێر و بەغدای سەرکردەیەتی داڕزاوی چەند حیزبدا بخنکێنرێت، بچووک بکرێتەوە و ببێتە مەسەلەیەک( مەزەی پەیجە شەلاتییەکانی سەر بە دەزگای سەرکردەیەتی حیزبەکان) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمە مەسەلەی چارەنووسی ئێوە و خاکی ئێوە و ژیانی ئێوەیە.
هەموو خوارییەک، ناڕەواییەک، گرفت و نەهامەتی و پاشکەوتەیی ئابووری و کلتووریی گەلێک، کۆمەڵگەیەک، ڕەنگدانەوەی خواریی سیاسەت و دەرهاویشتەی سیاسەتی خواری سەرکردەیی فەرمانڕانە لەو دەڤەر و لە ناو ئەو گەل و کۆمەڵگەیەدا.
ئەمە لە باشووردا بە زەقی لە ژیانی تاک بەتاکی دەڤەری باشووردا خۆی دەنوێنێ و مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرەی ماندوو کردووە.
ئەم چارەسەرەی من چارەسەرێکی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، ژیر، ئازادیخواز و دڵسۆزی مەسەلەی کەرامەتی ئینسان بوونی خۆیەتی، لەگەڵ هەموو یاسا جیهانییەکان و یاسا بنەڕەتییەکانی عێراقی فیدراڵدا دێتەوە و خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەکانێک بە ڕەووتی فیدرالیزم دەدات لە عێراقدا، کە لایەنی زۆری ناو کۆمەڵگەی عێراق(و تورکیا و ئێرانیش) بەوەی کە گاڵتە و جەفەنگی پێبکەن لە مێدیاکانیانەوە، ( هۆی سەرەکی بۆ ئێمە کە ئەم بنەما گرنگەی سووک و ڕسوا کرد، سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی بوو) دەیانەوێت ئەم مەسەلە تۆمارکراوانە لە یاسا بنەرەتییەکانی عێراقی فیدراڵدا، هێدی هێدی بسڕنەوە و بێ بایەخی بکەن، چوونکە تا ئێستا بە فەرمی عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و دەستوورێکی فیدرالی بەڕێوەی دەبات، هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک ناتوانێ ئەمە پشتگوێ بخات، بەمەرجێک هەرچی زووتر، ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشوور، بەوجۆرەی کە باسم کرد، لە مەسەلەکەی خۆی ببێتە خاوەن، ببێتە خاوەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە