لینین و بەلشەفیەت شۆڕش و تیرۆری سوور

Tuesday, 19/09/2023, 20:19

2683 بینراوە


چەپگەرای رەوتێکی هزری سیاسییە کە داوای یەکسانی ئەندامەکانی نێو کۆمەڵگا دەکات سەرچاوەکەی بۆ شۆڕشی فەرنسا ساڵانی  “ ١٧٨٩ - ١٧٩٩”  دژ بە شانشینی ئەو وڵاتە دەگەریتەوە ، دەستەواژەکە فرەچەشنە و  بە تێپەربوونی کات گۆڕانکاری لە ڕەوتە چیاوازەکانی چەپڕەویدا هاتووە ، بەڵام هێڵەگشتیەکانی چەپ یەکسانی کۆمەڵگاو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و حوکمڕانیەتی عەلمانیە ، دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕوسیا بە زۆرینەی جیهاندا بڵاوبونەوە ، لە هەرێمی کوردستان ساڵی١٩٣٤ حیزبی شیوعی دامەزراو ئەمیندای حیزبەکە بەهادین نوری بوو ، دواترو لە ساڵی ١٩٧٠ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دامەزرا کە ( پێشتر ناوی کۆمەڵەت مارکسی - لینینی کوردستان ) بوو، ساڵی ١٩٧٦ یش حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دامەزرا و لە ژێر هزری چەپدا کاری دەکرد . 
سەردەمی خۆی زەمان زەمانی بیری چەپ بوو ، هاوتەریب لەگەڵ چاوچنۆکی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم دا ، چەپەکان لینین وەک شۆڕەسوارێکی مەیدانی پێناسە دەکەن ،  هەتا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە مۆسکۆوە کتێب بەناوی (لینین و سۆسیالیزمەوە) چاپ دەکراو دەگوازرایەوە بۆ وڵاتانی تر ، زۆرینەی کتێبەکان وەهمی حیزبی بوون و جیهانیان دابەش دەکرد بۆ دوو ئۆردوگا بە ناوی ( سۆسیالیستی و سەرمایەداری )،لینین   کاریزمای سەردەمی خۆی بوو لە هەموو بۆنەو یادەکانی پرۆلیتاریا ناوی دەهێنرا، لەم سەردەمەدا ئەگەر دوو مرۆڤ ببوایە بە شەریان ئەیانگوت( خەتای ئیمپریالیزم)ە ! 
جەنگ و شۆڕش دوو پرسی گرنگی ناو بەلشەفییەکان بوو لە ڕوسیا ، لینین پێی وابوو “ دۆخی جەنگ دۆخێکی دابڕاو نیە لە دۆخی پێش جەنگ و هەر جۆرە کورتکردنەوەیەکی مێژوو بۆ ساتی جەنگ ، تینەگەیشتنە لە مێژوو”.ستراتیژی لینین بریتی بوو لە گۆڕینی هەڵوێستی کرێکاران و جوتیاران و خەڵکی شۆڕشگێر بە گشتی و ئومێدێکی زۆری بە شۆڕش هەبوو، هەڵبەت جەنگ بوعدێکی نێوخۆی هەبوو کە حکومەتی تزاری تێوەگلابوو بە جەنگەکەوە و کۆمەڵگای ڕوسی بووبوە قوربانی هەژمونی دەرەکیی ، وە بوعدێکی نێودەوڵەتیشی هەبوو لە نێوان وڵاتانی زلهێزی ئابوریدا بەتایبەت ئەڵمانیا کە وڵاتێکی ئابوری تازە پێگەیشتوی دڕندە بوو لە بەرامبەر بەریتانیادا ، بۆیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی زلهیزی ئابوریدا بوو کە جارێکیتر بۆ داڕشتنەوەی نەخشـەی ئابوری و سیاسی جیهان بە پێی داڕشتنەوەی بەرژەوەندیەکانیان جەنگ هەلبگیرسێنن .  
فەرەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ دا شۆڕشێکی مەزنی بەرپاکرد و سیستەمی پاشایەتی گۆڕی بە کۆماری ، ئەڵمانیا وەک هێزێکی نوێ لەبەرامبەر بەریتانیا و فەرەنسا قووت بوویەوە و دەیگوت “ چیتر نەخشەی جیبان نابێت وەکو خۆی بمێنێتەوە و دەبێ جارێکیتر نەخشەکە دابڕێژینەوە!” لینین لە ناو ئەم کێشمە کێشمەدا جەنگێکی بە دوای خۆیدا هێنابوو دژ بە حکومەتی تزار لە ڕوسیا کە دواجار سەرکەوتن و حکومەتی کرێکاریان دامەزراند ، سەرکەوتنی لینین ڕوسیای کرد بە قوتبێکی جیهانی لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا کە حکومەتی وڵسن دژی وەستانەوە، شۆڕشی ئۆکتۆبەر پرسێکی چینایەتی بوو بۆیەکەمین جار چینی کرێکاری سەربەخۆ دەبێت و نابێتە پاشکۆی بورژوازی ،بەڵام ئەمە سەرەتای جەنگێکی دریژخایەن بوو لەناو وڵاتەکەدا چونکە بورژوازەکان هاوکاری سیاسی و سەربازی دەکران لە لایەن ( ئینگلتەراو ئەمریکاو فەرەنساو ژاپۆن ) لە بەرامبەریشدا بەلشەفیەکان پەنایان برد بۆ سیاسەتی سەرکوتکردن و ڕویان کردە تیرۆری سوور  . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە